جاڕنامەی جیهانیی مافی زمانی

وەرگێڕان: حەسەن قازی
سەرەتاکان / ئەو دامەزراو و ڕێکخراوە ناحوکوومییانەی کە لە ٦ تا ٩ی مانگی جوونیی ساڵی ١٩٩٦ لە بارثێلۆنا کۆبوونەوە واژۆکارانی ئەم جاڕنامەیەی ئێستای مافی زمانین.

* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی ١٩٤٨ـدا پەسند کراوە و لە سەرەتاکەیدا دەڵێ “باوەڕی بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بە کەرامەت و بایەخی کەسایەتیی ئینسان و مافی یەکسانی پیاوان و ژنان” و، لە ماددەی دووەمیدا دەڵێ “هەموو کەس هەموو ماف و ئازادی لێ دەوەشێتەوە” بێ لەبەرچاوگرتنی “ڕەگەز، ڕەنگ، زایه‌ند، زمان، دین، باوەڕی سیاسی یان باوەڕی دی، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، مڵک، شوێنی لەدایکبوون و یان پلەی دیکە”. * بە لەبەرچاوگرتنی پەیماننامەی جیهانیی مافی مەدەنی و سیاسی کە لە ١٦ـی دیسامبری ١٩٦٦ـدا پەسند کراوە(مادەی ٢٧) هەروەها پەیماننامەی جیهانیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییه‌کان کە لە هەمان ڕۆژدا پەسند کراون و لە سەرەتاکانیاندا ڕادەگەیێنن ئینسانەکان ناکرێ ئازاد بن هەتاوەکوو هەلومەرج پێک نەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە مافی مەدەنی و سیاسیی خۆیان و مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان کەڵک وەربگرن.

*بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارنامەی ١٣٥/ ٤٧ـی ١٨ـی دیسامبری ١٩٩٢ـی ئەنجومەنی گشتیی ڕێکخراوکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە جاڕنامەی جیهانیی مافی کەسانی سەر بە که‌مینه‌ نەتەوەیی، ئێتنیکی، دینی و زمانییەکانی پەسند کرد.

*بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامە و پەیماننامەکانی شووڕای ئه‌ورووپا، وەکوو پەیماننامەی ئه‌ورووپایی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، کە لە ٤ـی نۆڤامبری١٩٥٠ پەسند کرا (مادەی ١٤)، پەیماننامەی شووڕای وەزیرانی شووڕای ئه‌ورووپا، لە ٢٩ـی جوونیی ١٩٩٢، پەسندکردنی مەنشووری ئه‌ورووپایی سەبارەت بە زمانە هەرێمییه‌کان یان زمانی که‌مینه‌کان؛ جاڕنامە سەبارەت بە که‌مینه‌ نەتەوەییەکان لەلایەن کۆبوونەوەی لووتکەی شووڕای ئه‌ورووپا لە ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣ و، پێوانەی پەیماننامەی پاراستنی که‌مینه‌ نەتەوەییەکان پەسندکراوی نۆڤامبری ١٩٩٤

* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی کلووبی پێن لە سانتیاگۆ دوێ کۆمپۆستێلا و جاڕنامەی ١٥ی دیسامبری کۆمیتەی وەرگێڕان و مافی زمانی کلووبی پێنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پێشنیازی بەستنی کۆنفڕانسێکی جیهانی لەسەر مافە زمانییەکان.

* بە سەرنجدانی جاڕنامەی ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٨٧ لە ڕێسایف، لە برازیل، کە ١٢ـەمین سێمیناری کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بەرەوپێشبردنی پێوەندیی نێوکولتووری داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافە زمانییەکان

* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی ١٦٩ی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار پەسندکراوی ٢٦ی جوونیی ١٩٨٩ سەبارەت بە خەڵکی ڕەسەن و هۆزه‌کانی وڵاته‌ سەربەخۆکان

* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی جیهانیی مافی بەکۆمەڵی گەلان، لە بارثێلۆنا، لە مانگی مایی ١٩٩٠، کە ڕایگەیاند هەموو گەلان مافی دەربڕین و بەرەوپێشبردنی کولتوور، زمان و شێوەی ڕێکخستنیان هەیە و، بەو مەبەستە دەبێ پێوانەی سیاسی، پەروەردەیی، پێوەندی و ستروکتووری حوکوومەتی خویان وەخۆ بکرێ لە چوارچێوەی قەوارەی سیاسیی جیاوازدا.

* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتیی فێدراسیۆنی جیهانیی فێرکارانی زمانه‌ مۆدێڕنه‌کان کە لە ١٦ی ئووتی ١٩٩١، لە شاری پێکس (لە مەجه‌رستان) پێک هات و داوای کرد مافە زمانییەکان وەک مافە بنەڕەتییەکانی تاک لە بەر چاو بگیرێن

*بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی شووڕای ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠ی ئاپریلی ١٩٩٤، سەبارەت بە ڕەشنووسی جاڕنامەی مافی گەلانی ڕەسەنی خۆجێ کە مافی تاک لەبەر ڕووناکایی مافی بەکۆمەڵدا هەڵدەسەنگێنێ

* بە لەبەرچاوگرتنی ڕەشنووسی جاڕنامەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ناوکۆیی ئەمریکایی سەبارەت بە مافی گەلانی ڕەسەنی خۆجێ کە لە دانیشتنی ١٢٧٨ لە ١٨ی سێپتامبری ١٩٩٥ـدا پەسند کرا

* بە سەرنجدانی ئەو ڕاستییەی زۆربەی زمانه‌ به‌رمەترسییه‌کانی دنیا ئی گەلانی ناسەروەرن و ئەوەی کە هۆکارگەلی سەرەکی بۆ بەربەستکردنی بەرەوپێشجوونی ئەو زمانانە و خێراترکردنی پێواژۆی جێگرتنەوەی زمانێک بە یەکی دی بریتییە لە نەبوونی مافی هەبوونی حوکوومەتی خۆیی و سیاسەتی دەوڵەتان کە بەسەر قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانی خۆیان و زمانەکانیاندا دەسەپێنن

*به‌ سه‌رنجدانی هێرش، کۆلۆنیکردن، داگیرکاری و نموونه‌کانی دیکه‌ی ژێرده‌ستکردنی سیاسی، ئابووری یان کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ زۆرجار داسه‌پاندنی ڕاسته‌وڕاستی زمانێکی بێگانه‌ یان به‌ لای هه‌ره‌ که‌مه‌وه‌، تێکدانی واتای نرخی زمانانیشی له‌گه‌ڵدایه‌ و ڕێگا له‌ به‌رده‌م هێندێک بۆچوونی زمانی پله‌به‌ندانه‌دا‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ پێبه‌ندی و وه‌فاداریی زمانی ئاخێوان پێشێل ده‌کا و به ‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ جێگۆڕکێی زمانێک به‌ یه‌کی دیکه‌ له‌ ئاکامی سیاسه‌تێکدا که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی زمانێکی پێشووی کۆلونیال یان ده‌سته‌ڵاتێکی ئیمپێریالدا هه‌ڵده‌سووڕێ

*به‌ سه‌رنجدانی ئه‌وه‌ی که‌ جیهانگیری ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای بیری جۆراوجۆری کولتووری و زمانی دابنرێ که‌ باڵاده‌ستتره‌ له‌و ڕه‌وتانه‌ی به‌ره‌و یه‌کده‌ستکردن و تاکخستنه‌وه‌ی دە پەراوێزخستن ده‌چن

* به‌ سه‌رنجدانی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی هاوژینیی هێمنانه‌ له‌نێوان کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌کاندا، ده‌بێ زنجیره‌ پرێنسیپێکی گشتی ببینرێنه‌وه‌ بۆ مسۆگه‌رکردنی پێشخستن و ڕێزگرتنی هه‌موو زمانان و به‌کارهێنانیان له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئاستی گشتی و تایبه‌تیدا

* به‌ سه‌رنجدانی هۆکارگه‌لی جۆربه‌جۆری ده‌ره‌وه‌ی زمان(وه‌ک هۆکارگه‌لی مێژوویی، سیاسی، خاکی، دێمۆگڕافی، ئابووری، کولتووریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و هۆکارگه‌له‌ی که‌ پێوه‌ندییان‌ به ‌بۆچوونی به‌کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌) که‌ گیروگرفتی ئاوا ده‌خوڵقێنن که‌ ده‌گاته‌ خامۆشبوون، ده‌په‌راوێزکه‌وتن و گنخانی زمانانی بێه‌ژمار و ئه‌وه‌ی که‌ دواجار مافه‌ زمانییه‌کان ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌یه‌کی گشتییه‌وه‌ سه‌رنج بدرێن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌ی له‌باری سه‌ره‌کی بۆ هه‌ر نموونه‌یه‌کی تایبه‌تی ببینرێته‌وه‌

* به‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ی که‌ جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی زمانی پێویستییه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناڕێکییه‌ زمانییه‌کان ڕاست بکرێنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی ڕێز و پێشوه‌چوونی ته‌واوی هه‌موو زمانه‌کان و دامه‌زراندنی پرێنسیپ بۆ ئاشتییه‌کی عادڵانه‌ و یه‌کسانی زمانی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا وه‌ک هۆکارێکی سەرەکیی پاراستن و ڕاگرتنی پێوه‌ندییه‌کی به‌ئاهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی

به‌م چه‌شنه‌ ڕاده‌گه‌یێنین که
سه‌ره‌تا
* بارودۆخی هەر زمانێک بەپێی ئەو سەرنجانەی باسیان لێوە کرا، ئاکامی که‌ڵه‌که‌بوون و مامه‌ڵه‌ی کۆمەڵێکی بەربڵاوی هۆکاری سیاسی و قانوونی، ئیدیۆلۆژی و مێژوویی، دێموگرافی و خاکی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، زمانی و کۆمەڵناسیی زمانییە و سروشتێکی ناوکۆیی زمانی و زەینیی هەیە.

*زۆر وردتر و تایبەتیتر لە حاڵی حازردا، ئەم هۆکارگەلە ئاوا دیاری دەکرێن:

• ڕەوتی لە مێژینەی زۆربەی دەوڵەتەکان بۆ یەکخستنەوە و کەمکردنەوەی فره‌جۆری و چاندنی تۆوی بیروڕای دژە فرەکولتووری و پلورالیزمی زمانی.

• ڕەوت بەرەو ئابوورییەکی سەرتاسەری جیهانی و لە ئاکامدا بەرەو بازاڕێکی سەرتاسەری جیهانی زانیاری، پێوەندی و کولتوور، کە پەک لە پانتایی پێوەندییە دوولایەنەکان و شێوەکانی مامه‌ڵه‌کردن دەخا کە دەستەبەری یەکپارچه‌یی نێوکۆیی کۆمەڵگە زمانییەکانن.

• مۆدێلی هەڵدانی ئابووری کە دەستە ئابوورییە سنووربەزێنه‌کان پێشی دەخه‌ن و کە حەول دەدن لاچوونی بەربەست لەسەر ڕێگای ئابووریی ئازاد و پێشکەوتن و تاکایەتیی ڕقەبەرانە و ئازادی بە یەک دابنێن و ئەوەش دەبێتە هۆی نایەکسانیی جیددی هەڵدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و زمانی.

* کۆمەڵگە زمانییەکان ئێستا لەژێر گوشاری مەترسیدان لەبەر نەبوونی حوکوومەتی خۆیی، ژمارەی بەرتەنگی دانیشتووان یان لەبەر ئەوەی بەشێکیان یان بە تەواوی پەڕاگەندە بوونه‌، لەبەر ئابوورییەکی چرووک، لەبەر زمانێکی کۆدنه‌کراو، یان مودێلێکی کولتووری کە دژی مۆدێلی باڵادەستە، کە ده‌رفه‌تی زۆر زمانان نادا بمێننەوە و پێش بکەون مەگەر ئەوەی کە ئەم ئامانجە سەرەتاییانەی خوارەوە لە بەر چاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن:

• لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە، ئامانج دەبێ دانانی ڕێگایەک بێ بۆ ڕێکخستنی جۆراوجۆری زمانی بۆ ئەوەی بهێڵێ کۆمەڵگە زمانییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە مۆدێلی نوێی گەشەکردنی خۆیاندا پێش بکەون.

• لە ڕوانگەیەکی کولتوورییەوە، پێوەندییە سەرتاسەرییه‌کانی جیهان بە شێوەیەکی ئەوتۆ هەموار بکرێن کە بۆ بەشداریی یەکسانی هەموو گەلان، گشت کۆمەڵگە زمانییەکان و تاکان لە پێواژۆی پێشوەچوونیاندا بگونجێن.

• لە ڕوانگەیەکی ئابوورییەوە، ئامانج دەبێ پێگەیاندنێکی خۆگری بەرەوپێشچوون بێ لەسەر بنەمای بەشداریی هەمووان و ڕێزگرتن لە بارتەقای ژینگەیی کۆمەڵەکان و لەپێناو پێوەندیی یەکسان لە نێوان گشت زمانان و کولتووراندا.

* لەبەر هەموو ئەو هۆیانە، ئەم جاڕنامەیە لە کۆمەڵگە زمانییەکانەوە دەست پێ دەکا، نەک لە دەوڵەتەکانەوە و دەبێ لە چوارچێوەی ڕاهێزاندنی دامودەزگا نێونەتەوەییەکاندا لێی بڕواندرێ کە بتوانن دەستەبەری بەرەوپێشچوونێکی خۆڕاگر و یەکسانی هەموو مرۆڤایەتی بن. هەر لەبەر ئەو هۆیانەش ئەم جاڕنامەیە ئامانجی ئەوەیە پشتی سازکردن و دامەزراندنی نەزمێکی ئه‌وتۆی سیاسی بگرێ بۆ جۆراوجۆریی زمانی لەسەر بنەمای ڕێز، هاوژینیی بەئاهەنگ و بەرژەوەندیی هاوبەش

سەرباسی سەرەتایی

چەمکەکان
مادەی ١
١. ئەم جاڕنامەیە کۆمەڵگەیەکی زمانی بە هەر کۆمەڵێکی مرۆیی دادەنێ کە لە ڕووی مێژووییەوە لە شوێنێکی تایبەتی خاکیدا دامەزرابێ، چ ئەو شوێنە بە ڕەسمی ناسرابێ یان نەناسرابێ، کە خۆی بە گەلێک دادەنێ و زمانێکی هاوبەشی پێش خستووە وەکوو ئامرازێکی خۆڕسکی پێوەندی و یەکپارچەیی کولتووری لە نێوان ئەندامەکانیدا، زاراوەی زمانی بە تایبەتی لەمەڕ خاکێکی تایبەت ئاماژەیە بە زمانی کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە لە شوێنێکی ئەوتۆ دامەزرابێ

٢. ئەم جاڕنامەیە لەم پنکتەوە دەست پێ دەکا کە پرێنسیپی مافی زمانیی هەم مافی تاک و هەم مافی به‌کۆمەڵن لە یه‌ک و هه‌مان کاتدا، بۆ دیاریکردنی گشت لایەنەکانی مافی زمانی، وەک مەرجەع نموونەی کۆمەڵگەیەکی زمانی مێژوویی لە بەرچاو دەگرێ لە چوارچێوەی شوێنە خاکییەکەیدا، تێگەیشتنی سەبارەت بەو شوێنە نەک هەر ناوچەیەکی جوگرافیاییە کە کۆمەڵگەکەی تێدا دەژی، بەڵکوو ئەو شوێنە کۆمەڵایەتی و کردەییەش کە بۆ بەرەوپێشچوونی تەواوی زمانەکە گرینگه‌. تەنێ لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێ مافی زمانی ئەو دەستانەی لە پنکتی(٥) ـی ئەم ماددەیەدا باسیان لێوە کراوە دیاری بکرێ و ئی ئەو تاکانەش کە لە دەرەوەی خاکی کۆمەڵگەکەیاندا دەژین، لە ڕووی پله‌بەندی یان دڕێژبوونەوە و بەردەوامییەوە

٣. بۆ ئەوەی ئەم جاڕنامەیە بیانگرێتەوە، دەستە (زمانییەکان) دەبێ لەسەر خاکی خۆیان بن و سەر بە کۆمەڵگەیەکی زمانی بن لەم هەلومەرجانه‌ی خوارەوەدا:

i: کاتێک ئەوان بە سنووری سیاسی یان ئیداری لە بەدەنەی سەرەکی کۆمەڵگەکەیان جوێ کراونەتەوە

ii: کاتێک ئەوان لە ڕووی مێژووییەوە لە ناوچەیەکی پچووک دامەزرابن کە ئەندامانی کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە دەورەیان دابن، یان

Iii: کاتێک ئەوان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە لە هەرێمێک دامەزرابن و پێشینەی مێژووییان به‌ یەکتر بچن.

٤. ئەم جاڕنامەیە بارودۆخی گەلانی کۆچەریش لە بەرچاو دەگرێ لە چوارچێوەی ناوچە مێژووییەکانی ئاران و هەواریاندا و ئەو گەلانەش کە لە ڕووی مێژووییەوە لە شوێنی لێکدابڕاوی جوگرافیایی وەک کۆمەڵگەی زمانی لەسەر خاکی خۆیان دەژین.

٥. ئەم جاڕنامەیە دەستەیەکی زمانی بە هەر دەستەیەک لە کەسان دەزانێ کە لە عەینی زماندا هاوبەش بن، کە لە شوێنی خاکی کۆمەڵگەیەکی زمانی دیکەدا دامەزراوە، بەڵام خاوەنی پێشینە مێژووییەکانی وەک ئەو کۆمەڵگەیە نییە. نموونەی ئەو جۆرە دەستانە بریتین لە کۆچبه‌ران، پەنابەران، خەڵکی دەرکراو و ئەندامانی دیاسپۆراکان.

*مادەی ٢
١. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە هەر کاتێک کۆمەڵگەی زمانی جۆربەجۆر و دەستەکان لە عەینی خاکدا هاوبەش بن، ئەو مافانەی لەم چارنامەیەدا گەڵاڵە کراون دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بە شێوەیەکی ئەوتۆ جێبەجێ بکرێن کە بتوانرێ دێمۆکراسی لە ئاستی هەرە بەربڵاوی خۆیدا دەستەبەر بکرێ.
٢. بۆ دامەزراندنی زەمینەی گونجاوی دەربڕینی مافە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە زمانییەکان و ئەو دەستە و کەسانەی سەر بە ئەوانن بە شێوەی لەبار، ویستی هەبوونی لەنگەرێکی شیاوی زمانناسیی کۆمەڵایەتی دەبێ هۆکارگەلی جۆربەجۆر لە بەرچاو بگرێ، لەگەڵ پێشینە مێژووییەکانی هەرکامێکیان لەسەر خاکی خۆی و ئەو ئیرادەیەی کە بە شێوەی دێمۆکڕاتیک دەریانبڕیوە. لە نێو ئەو هۆکارگەلانەدا کە دەکرێ بە مەبەستی ڕاگرتن و ڕاستکردنەوەی ئەو لەنگەرە پێویست بن، دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکرێ: تەبیعەتی زۆرەملی کۆچکردن کە گەیشتبێتە هاوژینیی کۆمەڵگە و دەستەی جیاواز و دەرەجەی سەدەمە وێکەوتنی سیاسی، کۆمەڵایەتیی ئابووری و کولتووری ئەوان.

*مادەی ٣
ئەم جاڕنامەیە ئەم مافانەی خوارەوە بە مافی جیانەکراوەی تاکەکەسان دەزانێ کە دەکرێ لە هەموو بارودۆخێکدا جێبەجێ بکرێن.
• مافی ناسران وەک ئەندامی کۆمەڵگەیەکی زمانی؛
• مافی بەکارهێنانی زمانی خۆ چ لە چوارچێوەی خۆیی و چ لە بواری گشتیدا؛
• مافی بەکارهێنانی نێوی خۆ؛
• مافی پێوەندی و هەستان و دانیشتن لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی ماکی زمانی؛
• مافی پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتووری خۆ؛
و گشت مافەکانی دیکەی بە زمان بەستراونەتەوە و لە پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پەسندکراوی ١٦ی دیسامبری ١٩٦٦ و پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە لە هەمان ڕۆژدا پەسند کراوە، بە ڕەسمی ناسراون.
٢. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە کە مافە بەکۆمەڵەکانی دەستە زمانییەکان، دەکرێ ئەمانەی خوارەوە بگرێتەوە، لەگەڵ ئەو مافانە کە لە بڕگەی پێشوودا بۆ ئەندامانی دەستە زمانییەکان لە بەرچاو گیرابوون و بەپێی ئەو هەلومەرجانەی کە لە مادەی ٢.٢: ـدا دانراون.
* مافی فێربوونی زمان و کولتووری خۆیان’
* مافی دەستوێڕاگەیشتن بە خزمەتە کولتوورییەکان ؛
*مافی ئامادەیی یەکسانی زمان و کولتوورەکەیان لە مێدیای پێوەندیدا؛
*مافی ئەوەی کە زمانەکەی خۆیان لەلایەن دامودەزگا حوکوومەتییەکان و لە پێوەندییه‌ کۆمەڵایەتیی ئابوورییه‌کاندا سەرنجی بدرێتێ.
ئەو مافانەی کەسان و دەستە زمانییەکان کە لە سەرەوەدا ئاماژەیان پێ کرا نابێ بەهیچ جۆر بەربەسەتێک بن لە ڕێی تێکەڵاوی و پێوەندیی کەسان یان دەستەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێی زمانی یان یەکانگیربوونیان لە کۆمەڵگەکەدا، هەروەها نابێ مافی کۆمەڵگەی خانەخوێ یان ئەندامەکانی بەرتەنگ بکا لە بەکارهێنانی تەواوی زمانی کۆمەڵگەی خۆی لە سەرتاسەری شوێنی خاکی خۆیدا.

*مادەی ٤
١. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە ئەو کەسانەی کە دەچن و لە خاکی کۆمەڵگەیەکی دیکه‌ی زمانیدا دەژین و دادەمەزرێن هەم مافیانە و هەم ئەرکیانە بۆچوونی یەکانگیری لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە بپارێزن و ڕەچاو بکەن. ئەو زاراوەیە دەبێ وەک سوسیالیزەبوونێکی زیاتری ئەو کەسانە لێک بدرێتەوە بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە ئەوان بکرێ خەسڵەتە کولتوورییه‌کانی ماکی خۆیان بپارێزن لە کاتێکدا خۆیان بە هاوبەشی بنەماکان، بایەخەکان و شێوەی هەڵسوکەوتی ئەو کۆمەڵەیە دەزانن کە تێیدا دامەزراون بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەڵسووڕێن بێ دژوارییەکی گەورەتر لەو دژوارییانەی کە ئەندامانی کۆمەڵگەی خانەخوێ لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبن.
٢. ئەم جاڕنامەیە لەلایەکی دیکەوە، پێی وایە تووانەوە، زاراوەیەک کە دەبێ بە مانای کولتوور گۆڕان لە کۆمەڵەی خانەخوێدا لێک بدرێتەوە، بە شێوەیەکی ئاوا بنەماکان،نبایەخەکان و شێوەی هەڵسوکەوتی کۆمەڵەی خانەخوێ جێگای خەسەڵەتە کولتوورییه‌کانی ماک بگرنەوە، نابێ بە هێچ کلوەجێ بە زۆری داسەپێندرێن یان فەرز بکرێن و تەنێ دەکرێ ئاکامی بڕیارێکی تەواو ئازاد بن.

*مادەی ٥
ئەم جاڕنامەیە لەسەر ئەو پرێنسیپە دانراوە کە مافی گشت کۆمەڵگە زمانییەکان وەک یەک وایە و بە پلەی قانوونیی ئەوان وەک زمانانی ڕەسمی، هەرێمی یان که‌مینه‌یەوە نەبەستراوەتەوە. زاراوەی وەک زمانانی هەرێمی یان زمانانی که‌مینه‌ لەم جاڕنامەیەدا دەکار نەکراون چونکە ئەگەرچی لە هێندێک نموونەدا بەڕەسمیناسینی زمانانی هەرێمی یان که‌مینه‌ دەتوانن ڕێگا بۆ جێبەجێکرانی هێندێک مافان خۆش بکەن، بەڵام ئەو جۆرە پێناسەکردنانە و ئی دیکە زۆرجار بۆ ئەوە بە کار دەهێندرێن کە مافی کۆمەڵگە زمانییەکان بەرتەنگ بکەن.

*مادەی ٦
ئەم جاڕنامەیە پێی وایە زمانێک ناکرێ بە تایبەتی بە ئی خاكێک دابندرێ هەر لەبەر ئەوەی کە ئەوە زمانی ڕەسمیی دەوڵەتە یان لە ڕووی نەریتییەوە لە چوارچێوەی خاکەکەدا بە کار هێندراوە بۆ کاروباری ئیداری یان بۆ هێندێک چالاکیی کولتووری.

سەرباسی یەک
پرێنسیپە گشتییەکان
*مادەی ٧
١. هەموو زمانان دەربڕینی ناسێنەیەکی بەکۆمەڵ و ڕێگایەکی جوێن بۆ تێگەیشتن و باسکردنی ڕاستی و بۆیە دەبێ بتوانن لەو هەلومەرجانە کەڵک وەربگرن که‌ بۆ بەرەوپێشچوونیان لە هەموو ئەرک و بوارێکدا پێویستن
٢. هەموو زمانەکان بەکۆمەڵ دامەزراون و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکدا لە بەردەستدان بۆ بەکارهێنانی تاکەکەسی وەک ئامرازێکی یەکپارچەیی، خۆناساندن، پێوەندی و دەربڕینی خولقێنەرانە.

*مادەی ٨
١. گشت کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی خۆیان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی بەکارهاتنی زمانەکەیان لە هەموو ئەرک و بوارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵدا.
٢. گشت کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەر جۆرە ئامرازێکیان لە بەردەستدا بێ کە پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوە و بەردەوامیی زمانەکەیان.

*مادەی ٩
گشت کۆمەڵگە زماییەکان مافی ئەوەیان هەیە کۆد بۆ سیستمی زمانیی خۆیان دابنێن، ستانداردی بکەن، بیپارێزن، بەرەوپێشی بەرن و پێشی بخەن، بێ دەستێوەردانی زۆرەملێیانە یان تۆبزییانە.

*مادەی ١٠
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی یەکسانیان هەیە.
٢. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە فەرق و جیاوازیدانان لەگەڵ کۆمەڵگە زمانییەکان شیاوی قەبووڵکردن نییە، جا ئەوە چ لەبەر ئاستی پلەی سەروەریی سیاسییان بێ یان لەبەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری یان هۆ و سۆنگەی دیکە، یان لەبەر چەندایەتیی کۆد بۆ دانانی زمانەکانیان، چەندایەتیی سەردەمیبوون و نوێباوبوونیان یان لەبەر هەر پێوەرێکی دیکە.

*مادەی ١١
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەر ئامرازێکی پێویست دەکا لە بەردەستیاندا بێ بۆ وەرگێڕانی زمانەکەیان بە زمانانی دیکە یان وەرگێڕان لەو زمانانەوە بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکرانی ئەو مافانەی لەم جاڕنامەیەدا هەن.

*مادەی١٢
١. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە هەموو چالاکییەکان لە بواری گشتیدا بە زمانی خۆی ئەنجام بدا، بێت و ئەو زمانە تایبەتی بێ بەو خاکەی کە ئەوی تێدا دەژی.
٢. هەموو کەس مافی بەکارهێنانی زمانی خۆی هەیە لە بواری ژیانی کەسی و لە خێزاندا.

*مادەی ١٣
١. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانەی کە تایبەتییە بەو خاکەی لەسەر دەژی بزانێ.
٢. هەموو کەس مافی هەیە فرەزمانە بێ و ئەو زمانە بزانێ و بە کاری بهێنێ کە هەرە لەبارە بۆ پێشوەچوونی شەخسیی خۆی یان بۆ وەگەڕکەوتنی کۆمەڵایەتی، بێ هیچ جۆرە پێشداوەرییەک لە ئاست ئەو دەستەبەرییانەی لەم جاڕنامەیەدا دامەزراون سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو زمانەی کە تایبەتییە بە خاکی جێی باس.

*مادەی ١٤
مادەکانی ناو ئەم جاڕنامەیە ناکرێ به‌و شێوەیە لێک بدرێنەوە یان بە کار بهێندرێن کە بە زەرەری هەرە جۆرە نۆڕم یان کردەوەی زمانێک بن لەبەر پلەی نەتەوەیی یان نێونەتەوەیی ئەو زمانە کە زۆر پەسندترە بۆ بەکارهێنانی لە چواچێوەی ئەو خاکەدا کە زمانەکە تایبەتییە بەو.

سەرباسی دووهەم
ڕێژێمی گشتیی زمانی
بەشی 1
ئێدارەی گشتی و دامودەستگا ڕەسمییەکان
*مادەی ١٥
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە زمانەکانی خۆیان بە ڕەسمی بە کار بهێنن لە چوارچێوەی خاکی خۆیاندا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە سەنەد و بەڵگەی قانوونی و ئیداری، گشتی و خسووسییان لە بەڵگەخانەی گشتیدا ئاستە بکرێ کە بە زمانی خاکی لەبەرچاوگیراو گەڵاڵە کراون و دەبێ ئەوانە بڕ بکەن و بڕۆن و کەس بۆی نییە و ناتوانێ چاو لەو زمانە هەڵبوێرێ.

*مادەی ١٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی خۆیان لەگەڵ دامودەستگای دەستەڵاتدارێتیی گشتیی نێوەندی، خاکی، ناوچەیی یان دەرەوەی خاکی پێوەندی بگرن و لەگەڵ ئەو بەشانەی کەرتی بەڕێوەبەری کە ئەو خاکە دەگرێتەوە کە زمانەکە تایبەتییە بە ئەوێ.

*مادەی ١٧
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە گشت سەنەد و بەڵگەی ڕەسمییان بە زمانی خۆیان لە بەردەستدا بێ و بە دەستیان بهێنن سەبارەت بەو پێوەندییانەی ئەو خاکە دەگرێتەوە کە زمانەکە تایبەتییە بە ئەوێ، جا ئەو جۆرە بەڵگانە چ بە چاپکراوی بن یان بە ئامرازێک بخوێندرێنەوە یان لە هەر شێوەیەکی دیکەدا بن.
٢. داخوازینامە و سەنه‌د و بەڵگەی ئیداریی ستاندارد، چ بە چاپکراوی، یان خوێندنەوەی بە ڕێگای ئامرازێکدا یان بە هەر شێوەیەکی دیکە دەبێ بە هەموو زمانانی خاکەکە لە لایەن کاربەدەستانی گشتییەوە لە بەردەست خەڵکدا بن بە ڕێگای ئەو خزمەتانەدا کە ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە هەر زمانەی تایبەتی بە یەكێک لەوانن.

*مادەی ١٨
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە قانوونەکان و مادەکانی دیکەی حقووقی کە پای ئەوان دەگرێتەوە بەو زمانە بڵاو ببنەوە کە تایبەتین بە خاكەکەیان.

*مادەی ١٩
١. مەجلیسی نوێنەران دەبێ زمان(زمانانی) ڕەسمییان ئەو زمان(زمانانە) بن کە لە ڕووی مێژووییەوە لەو خاکەدا کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن بە کار هێندرابێ(بن).
٢. ئەو مافە هەروەها زمانانی ئەو کۆمەڵگەیانەش دەگرێتەوە کە لە شوێنی پەڕاگەندەی جوگرافیاییدا دەژێن کە لە مادەی ١، تێبینی ٤ دا هێمای پێ کرا.

*مادی ٢٠
١. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانە بە کار بهێنێ کە لە ڕووی مێژووییەوە لە خاکێکی لە بەرچاوگیراودا بە کار هاتووە، چ بە قسەکردن و چ بە نووسین، لە دادگایەکانی نێو خاکەکەدا. دادوەران لە داوەری و کارەکانی خۆیاندا دەبێ ئەو زمانە بە کار بهێنن کە تایبەتە بە خاکەکە و، ئەگەر لەبەر ئەو سیستمە قانوونییەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەدا بە ڕێوە دەچێ، پێڕاگەیشتنەکانی دادگا دەبێ لە شوێنێکی دیکە بەردەوام بن، بەکارهێنانی زمانی ماک هەر دەبێ ڕەچاو بکرێ و بپارێزرێ.

*مادەی ٢١
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە سەنەد و بەڵگەکانیان لە بەڵگەخانەی گشتیدا بەو زمانە گەڵاڵە بکرێن کە تایبەتین بە خاکەکە.
*مادەی ٢٢
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو سەنەد و بەڵگانەی لەلایەن دەفتەری بەڵگەی ڕەسمییەوە یان لەلایەن کاربەدەستانی دیکەی گشتییەوە ڕەسەنایەتییان سه‌لمێندراوه‌ بەو زمانە گەڵاڵە کرابن کە تایبەتییە بەو خاکەی کە دەفتەری بەڵگەی ڕەسمی یان دەستەڵاتدارییەکی دیکەی ڕەسمی کاریان تێدا دەکەن.

بەشی II
پەروەردە
*مادەی ٢٣
١. پەروەردە دەبێ یارمەتی بکا بە پەروەراندنی توانایی خۆدەربڕینی زمانی و کولتووری کۆمەڵگەی زمانی لەو خاکەدا کە دابین دەکرێ.
٢. پەروەردە دەبێ یارمەتی بکا بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو زمانەی کۆمەڵگەی زمانی قسەی پێ دەکا لەو خاکەدا کە دابین دەکرێ.
٣. پەروەردە دەبێ هەمیشە لە خزمەت جۆراجۆریی زمانی و کولتووریدا بێ و هەروەها لە خزمەت پێوەندیی بەئاهەنگ لە نێوان کۆمەڵگە زمانییە جیاوازەکان لە سەرتاسەری دنیادا.

*مادەی ٢٤
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن کە زمانەکەیان تا چ ڕادەیەک ئامادەیی هەبێ، وەک زمانێکی ڕاگۆێزەر و وەک بابەتێکی لێکۆڵینەوە لە هەموو ئاستەکانی پەروەردە لە چوارچێوەی خاکەکەیاندا: لە قۆناخی پۆلی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی، تێکنێکی و کارئەزموونی، زانکۆ و خوێندنی گەورەساڵاندا.

*مادەی ٢٥
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی مرۆیی و مادییان لە بەردەستدا بێ کە بۆ دەستەبەرکردنی ئامادەیی زمانەکەیان پێویستن، بەو ڕادەیەی کە ئەوان خۆیان پێیان خۆشە لە گشت ئاستەکانی پەروەردە لە چواچێوەی خاکەکەدا: مامۆستای باش پەروەردەکراو، مێتۆدی لەباری دەرسدادان، کەرەستە و کتێبی خوێندن، دەرفەتی دارایی، خانووبەرە و کەلوپەل، تێکنۆلۆژیی نەریتی و تازەباو.

*مادەی ٢٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەردەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بدا بە ئەندامەکانیان بەتەواوی زمانی خۆیان فێر بن و لێی ڕابێن، لەوانە توانایی جۆربەجۆر لە هەموو بوارە ئاساییەکاندا، هەروەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گونجاو بۆ فێربوونی هەر زمانێکی دیکە که‌ ئەوان پێیان خۆش بێ فێری بن.

*مادەی ٢٧
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی هەبوونی پەروەردەیەکیان هەیە کە دەرفەت بۆ ئەندامەکانیان بڕەخسێنێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری سەبارەت بە هەر زمانێک کە پێوەندی بە نەریتی کولتووریی ئەوانەوە هەبێ، وەک زمانە ئەدەبی و پیرۆزەکان کە پێشتر زمانانی عادەتیی کۆمەڵگەکە بوون.

*مادەی ٢٨
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەرەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بۆ ئەندامەکانیان بڕەخسێنێ زانیارییەکی تەواو سەبارەت بە میراتی کولتووریی خۆیان(مێژوو، جوگرافیا، ئەدەبییات و، هێماکانی دیکەی کولتووری خۆیان) به‌ دەست بهێنن، هەروەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گونجاو بۆ ئاگاداربوون لە هەر کولتوورێکی دیکە کە پێیان خۆش بێ.

*مادەی ٢٩
١.هەموو کەس مافی هەیە بەو زمانە پەروەردە ببێنێ کە تایبەتییە بەو خاکەی تێیدا دەژی.
٢. ئەم مافە مافی فێربوونی زمانێکی دیکە چ بە قسەکردن و چ بە نووسین بەرپەرچ ناداتەوە کە دەکرێ وەک ئامرازی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە بە کار بهێندرێ.

*مادەی ٣٠
زمان و فەرهەنگی هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ ببێ بە بابەتی لێکۆڵێنەوە و تۆێژینەوە لە ئاستی زانکۆدا.

iii بەشی
ناوی تایبەتی
*مادەی ٣١
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە سیستمی ناوی تایبەتی خۆیان بپارێزن و لە گشت بوارەکان و لە هەموو بۆنەیەکدا بە کاریان بهێنن.

*مادەی ٣٢
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناوی شوێنان بەو زمانە بە کار بهێنن کە تایبەت به‌ خاکەکەیانە، هەم لەقسەکردن و هەم لە نووسیندا و لە بواری خسووسی، گشتی و ڕەسمیدا
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناو لە شوێنان بنێن، ناویان بپارێزن یان ناوە ڕەسەنەکانیان بگۆڕن. ئەو جۆرە ناوانەی شوێنان ناکرێ بەزۆرملێ بگۆڕدرێن، تێک بدرێن یان دابنرێن و لەبەر گۆڕانی بارودۆخی سیاسی، یان هەر جۆرە گۆڕانێکی دیکە نابێ ناویان بگۆڕدرێ.

*مادەی ٣٣
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بەو جۆرە بانگی خۆیان بکەن کە لە زمانی خۆیاندا بە کار دەهێندرێ. هەموو جۆرە وەرگێڕانێک بە زمانەکانی دیکە دەبێ خۆی لە بەکارهێنانی ناولێنانی لێڵ یان ناشایست بپارێزێ.

*مادەی ٣٤
هەموو کەس بۆی هەیە ناوی خۆی بە زمانی خۆی لە هەموو بوارەکاندا بە کار بهێنێ، هەروەها ئەو مافەشی هەیە که‌ تەنێ ئەگەر پێویست بکا، ناوەکەی بە سیستمی رێنووسێکی دیکە بە شێوەیەکی هەرە دروستی گونجاوی فۆنێتیک بنووسرێ.

بەشی IV
میدیای پێوەندی و تێکنۆلۆژیی نوێ
*مادەی ٣٥
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافیان هەیە بڕیار بدەن زمانەکەیان تا چ ڕادەیەک ئامادەیی هەبێ لە گشت میدیاکانی پێوەندی لە خاکەکەیاندا، چ میدیای ناوچەیی بێ چ سەرتاسەری، ئەو میدیایانەی بەربڵاوتر بڕ دەکەن، یان ئەوانەی کە تێکنۆلۆژیی زۆر پێشکەوتووتر بە کار دەهێنن، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو مێتۆدەی بۆ ئاگاداریدان یان بڵاوکردنەوە بە کاری دەهێنن.

*مادەی ٣٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی مرۆیی و مادییان لە بەردەستدا بێ کە پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی ئاستێکی دڵخواز لە ئامادەیی زمانەکەیان و ئاستێکی دڵخواز لە خۆدەربڕینی کولتووری لە میدیای پێوەندی لە خاکەکەیاندا:

*مادەی ٣٧
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە ڕێگای میدیای پێوەندیدا، زانیاریی تەواو سەبارەت بە میراتی کولتووریی خۆیان وەربگرن( مێژوو، جوگرافیا، ئەدەبییات و هێماکانی دیکەی کولتووری خۆیان) هەروەها زانیاریی هەرە زۆری گونجاوی دیکە سەبارەت بە هەر کولتوورێکی دیکە کە ئەندامەکانیان پێیان خۆشە لێیان بزانن.

*مادەی ٣٨
زمان و کولتووری هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ لەلایەن میدیا پێوەندییەکانی سەرتاسەری جیهاندا وەکوو یەک و بێ هیچ جۆرە فەرق و جیاوازییه‌ک لەگەڵ دانانێک چاو لێ بکرین.

*مادەی ٣٩
ئەو کۆمەڵگەیانەی لە مادەی ١، تێبینی ٣ و ٤ی ئەم چاڕنامەیەدا باسیان کراوە و ئەو دەستانەی لە تێبینی(٥)ی هەمان مادەدا ئاماژەیان پێ کراوە، لێیان دەوەشێتەوە لە میدیای پێوەندی ئەو خاکەی کە تێیدا دامەزراون یان کۆچیان کردووە زمانەکەیان بە یەکسانی نوێنەرایەتی بکرێ. ئەو مافە دەکرێ بە هەموارکردن لەگەڵ مافی دەستە زمانییەکان یان کۆمەڵگەکانی دیکەی کە لە خاکەکەدا دەژین جێبەجێ بکرێ.

*مادەی ٤٠
لە مەیدانی تێکنۆلۆژیی زانیاریدا، هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە ئەو ئامراز و کەرەستەیانەیان لە بەردەستدا بێ کە بۆ سیستمی زمانی ئەوان و ئامراز و بەرهەم بە زمانەکەیان، وەخۆ کراون، بۆ ئەوەی بکرێ کەڵکی تەواو لەو جۆرە تواناییانە وەربگرن کە تێکنۆلۆژییەکی ئەوتۆ دەیڕەخسێنێ بۆ بڵاوکردنەوە، وەرگێڕان، پێوەچارانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی کولتوور بە گشتی.

بەشی V
کولتوور
*مادەی ٤١
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی بەکارهێنان، پاراستن و پەروەراندنی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو شێوەکانی دەربڕینی کولتووریدا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ بتوانن ئەو مافە بە تەواوی بە کار بهێنن بێ ئەوەی شوێنی کۆمەڵگەکە بکەوێتە بەر داگیرکاریی باڵادەستانەی کولتوورێکی بێگانە.

*مادەی ٤٢
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی پێشوەچوونی تەواویان هەیە لە چوارچێوەی بواری کولتووریی خۆیاندا.

*مادەی ٤٣
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە دەستیان بەو کارانە ڕابگا کە بە زمانی خۆیان بەرهەم هاتوون.

*مادەی ٤٤
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە دەستیان وە بەرنامەی نێوکولتووری ڕابگا بە ڕێگای بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕاست و بۆ پشتیوانی لە چالاکی وەک فێرکردنی زمان بە بێگانان، وەرگێڕان، دووبلاژ، وێگراخوێندنەوە و ژێرنووسی.

*مادەی ٤٥
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ئەو زمانەی کە تایبەتییە بە خاكێک جێگایەکی شیاوی هەبێ لە بۆنە و خزمەتە کولتوورییەکاندا(کتێبخانە، پێشانگەی ڤیدیۆ، سینەما، شانۆ، مووزەخانە، ئاڕشیڤ، فۆلکلۆر، پیشه‌ی کولتووری و هەموو هێماکانی دیکەی ژیانی کولتووری).

*مادەی ٤٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی پاراستنی میراتی زمانی و کولتووریی خۆیان هەیە، بە هێما مادییەکانیشیەوە، وەکوو کۆلێکسیۆنی بەڵگان، کۆتەڵی مێژوویی و بەردنووس بە زمانی خۆیان

بەشی VI
بواری کۆمەڵایەتیی ئابووری
*مادەی ٤٧
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی دامەزرانی بەکارهێنانی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتیی ئابوورییەکان لە چوارچێوەی خاکەکەیاندا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە بە زمانی خۆیان هەموو جۆرە ئامرازێکی پێویستیان لە بەردەستدا بێ بۆ ئەنجامدانی چالاکییە پیشەییەکانی خۆیان، وەکوو بەڵگە و سەنەد و سەرچاوە، ڕێنوێنی، شێوە و کەلوپەلی کامپیوتێری، ئامراز و بەرهەم.
٣. بەکارهێنانی زمانانی دیکە لەو بوارەدا تەنێ ئەو کاتە پێویستی پێی هەیە کە تەبیعەتی چالاکییە پیشەییەکە پاساوی بدا. لە هیچ کەیسیدا زمانێک کە زۆر تازەتر گەیشتووتە، بۆی نییە بەکارهێنانی زمانێک کە تایبەتییە بە خاکەکە کەم بکاتەوە یان جێی بگرێتەوە.

*مادەی ٤٨
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی بەکارهێنانی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو جۆرە سەودایەکی ئابووریدا بە بایەخی تەواوی حقووقییەوە، وەک فرۆشتن و کڕینی کاڵا و خزمەتان، بانک، بیمە، کۆنتراکتی پێشە و شتی دیکە.
٢. هیچ تێبینی یان بڕگەیەک لە پەیمانێکی ئاوا تایبەتیدا بۆی نییە بەکارهێنانی زمانێک کە تایبەتییە بە خاکەکە دەربهاوێژێ یان بەرتەنگی کا.
٣. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە ئەو بەڵگە و سەنەدانەیان بە زمانی خۆیان لە بەردەستدا بێ کە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە پێویستن کە لە سەرەوە باس کران. ئەو بەڵگانە بریتین لە فۆڕم، چەک، کۆنتڕات، سووڕەت حیساب، ڕەسید، یادداشتی وەرگرتن، فۆڕمی داواکردن، و ئی دیکە.

*مادەی ٤٩
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافیان هەیە زمانی خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئابووریی وەک ڕێکخراوەی کار و سێندیکاکان، کۆمەڵەکانی خاوەنکاران، پیشەکاران، بازرگانی و پیشه‌ دەستییه‌کاندا بە کار بهێنن.

*مادەی ٥٠
١. هەموو کۆمەڵەگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە زمانەکەیان جێیەکی شیاوی هەبێ لە ڕێکلام، لەسەر تابڵۆیان، تابڵوی ڕێنوێنیی جادەکان و، گشت تۆوی دیکەی کە سیمای وڵات پێک دەهێنن.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە زانیاریی تەواوی زارەکی و نووسراو بە زمانی خۆیان وەربگرن سەبارەت بەو بەرهەم و خزمەتانەی کە دامەزراوە بازرگانییەکانی خاکەکە پێشکێشیان دەکات، وەک ڕێنوێنیی چلۆنایەتیی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە، بەرچەسپ، لیستی نێوەرۆکیان، ڕێکلام، گارانتیکردن و شتی دیکە.
٣. هەموو نیشانە و ئاگادارییە گشتییەکان کە کارلێکەرییان هەیە لەسەر ساغوسڵامەتیی گشتی دەبێ بە لای کەمەوە بە زمانی تایبەتی لەمەڕ خاکەکە بێ، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی دەپەراوێزخستنی ئەوانەی کە بە زمانێکی دیکەن.

*مادەی ٥١
١. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانە بە کار بێنێ کە تایبەتی خاکەکەیە لە پێوەندییەکانیدا لەگەڵ شیرکەتان، دامەزراوە بازرگانییەکان و دامودەزگاکانی کەرتی تایبەتی و هەر بەو زمانە وڵام بدرێتەوە و خزمەتی پێ بکرێ کە پرسیاری پێ کردووە.
٢. هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە وەک موشتەری، کڕیار، مەسرەفکار یان بەکارهێنەر، زانیاریی زارەکی و نووسراو وەربگرێ بەو زمانەی کە تایبەتییە بە خاکەکە لەلایەن ئەو دامودەزگا و دامەزراوانەی کە دەرگایان بەرەوڕووی خەڵک کراوەیە.

*مادەی ٥٢
هەموو کەس بۆی هەیە چالاکییە پیشەییەکانی خۆی بە زمانی تایبەت بە خاکەکە ئەنجام بدا مەگەر ئەوەی ئەو ئەرکانەی کە کارەکە پێی دەوێ پێویستی بە بەکارهێنانی زمانێکی دیکە بێ، وەک لە مەڕ مامۆستایانی زمان، وەرگێڕان و ڕێنوێنیی تووریستان.

ڕێککەوتنی لێزیادکراو
یەکەم
دەستەڵاتدارێتیی گشتی دەبێ هەموو هەنگاوێکی بەجێ هەڵبهێننەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافانەی لەم جاڕنامەیەدا ڕاگەیێندراون لە چوارچێوەی ناوچەی دەستەڵاتی قانوونیی خۆیاندا. زۆر ئاشکراتر، دەبێ لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە هەرەوەزیی دراو دیاری بکرێ بۆ جێبەجێکردنی مافە زمانییەکان لەو کۆمەڵگەیانەدا کە بە ڕاشکاوی دەستتەنگن. دەستەڵاتدارێتیی گشتی دەبێ پشتیوانیی پێویست بڕەخسێنن بۆ ئەوەی زمانانی کۆمەڵگە جۆربەجۆرەکان بکرێ کۆدیان بۆ دابندرێ، بنووسرێنەوە، بە دەرس بگوترێنەوە و لە کاروباری ئیداریدا بە کار بهێنرێن.
دووهەم
دەستەڵاتدارێتیی گشتی دەبێ دەستەبەر بن کە کاربەدەستان، ڕێکخراوەکان و کەسانی پێوەندیدار ئاگادار بکرێن لەو ماف و ئەرکە پێوەگرێدراوانەی کە ئەم جاڕنامەیە بەرزی کردووەنەتەوە.
سێهەم
دەستەڵایدارێتیی گشتی لەبەر ڕووناکایی ئەو قانوونانەی کە کاریان پێ دەکرێ، دەبێ سزا دابمەزرێنێن بۆ پێشێلکردنی ئەو مافە زمانیانەی کە لەم جاڕنامەیەدا گونجێندراون.

ڕێککەوتنەکانی کۆتایی
*یەکەم
ئەم جاڕنامەیە پێشنیازی دامەزراندنی شووڕایەکی زمانان دەکا لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیاری سازکردنی شووڕایەکی ئەوتۆیە، ئەرکەکان و ئەندامەکانی دیاری دەکا و لە قانوونی نێونەتەوەییشدا دەزگایەکی حقووقی پێک دەهێنێ بۆ پشتیوانی کۆمەڵگە زمانییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو مافانەی کە ئەم جاڕنامەیە بە ڕەسمی ناسیوین.

*دووهەم
ئەم جاڕنامەیە ڕاسپاردەی ئەوەیە و ئەو پێشنیازە پێش دەخا کە کۆمیسیۆنێکی جیهانیی مافە زمانییەکان دابمەزرێندرێ. دەزگایەکی ناحوکوومی، ڕاوێژکار و لە نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحوکوومییەکان و ئەو ڕێکخراوانە پێک بێ کە لە بواری قانوونی زمانیدا کار دەکەن.
بارثێلۆنا، ژووەنی ١٩٩٦
_____________________
ماڵپەڕی ڕێکخراوەی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی (http://www.linguistic-declaration.org/index-gb.htm)
ئەم بەڵگەیە سەرەوە بەم شێوەیە شی دەکاتەوە:
“جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی بەڵگەیەکی درێژ و ئاڵۆزە. بە لەبەچاوگرتنی ئاڵۆزی و پێچەڵپێچی بابەتەکە خۆی و ئەو حەولانەی کە دران بۆ هێنانەناوی بیر و بۆچوونی تاکەکەسان و ڕێکخراوەکان تا ئەو جێگای دەکرا بە شێوەی هەرە دێمۆکڕاتیک، هەر دەشبوو وا بێ.
ئەم کورتەیەی خوارەوە حەولێکە بۆ وڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی سەرەتایی وەکوو:

• جاڕنامەکە چۆن گەڵاڵە کرا ؟
• کێ لە پێواژۆی داڕشتنی ڕەشنووسەکەیدا بەشداری کرد
• ئەو جاڕنامەیە ڕێژەی نوێنەرایەتیکردنی چەندە؟
• زەمینە سەرەتاییەکانی کامانەن؟
• لە خزمەت چ ئامانجێکدایە؟
• گەلۆ پێشنیازی چارەسەری سەقامگرتووی ئەوتۆ دەکا کە بکرێ لە هەموو هەلومەرجێکدا جێبەجێ بکرێن ؟
لە ئێستاوە چی لێ بەسەر دێ ؟

بەروبووی پێڤاژۆیەکی درێژی بیرلێکردنەوە و بیروڕا گۆڕینەوە
جاڕنامەی جیهانیی مافی زمانی بەروبووی پێواژۆیەکی درێژی بیروڕاگۆڕینەوەیە کە لە سێپتامبری ١٩٩٤دەستی پێ کرد کاتێک ئەو دامودەستگایانەی دەیانەویست ئامادەی بکەن (واتە کۆمیتەی وەرگێڕان و مافی زمانی کلووبی نێونەتەوەیی پێن و ئێسکارێ ناوەندی نێونەتەوەیی مافی که‌مینه‌ ئێتنیکییەکان و نەتەوەکان) کۆمیتەیەکیان لە پسپۆڕان بە پاشخانی جیاواز و لە بواری جیاوازی چالاکیدا پێک هێنا و ئەرکی گەڵاڵەکردنی ئەم جاڕنامەیەیان پێ ئەسپارد. نزیکەی ٥٠ پسپۆڕ لە زۆر وڵاتانی جیاوازەوە لە ئامادەکردنی ١٢ دەقی یەکبەیەکی گەڵاڵەی ئەم جاڕنامەیەدا بەشدارییان کردووە.

گەنگەشەیەکی جیهانی لە دنیای مەجازیدا
کەڵک لە تێکنۆلۆژیی نوێی پێوەندیی وەرگیراوە بۆ ئەوەی نێوەرۆکی جاڕنامەکە لەلایەن تاکەکەسان و ڕێکخراوانی هەر پێنج کیشوه‌ری جیهاندا مشتومڕ و گەنگەشەی لەسەر بکرێ بێ خەرجیی گران و نەپێویستی سەفەر و هاتوچوو. بەو شێوەیە دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە لە دەقی کۆتاییدا پێشنیازی ٣٢ ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی و ٦٤ ڕێکخراوە لە سەرتاسەری جیهانەوە جێیان بکرێتەوە. ئەو ڕێکخراوانەی کە بە کاری حقووقی، زمانناسی یان لێکۆڵینەوەی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە خەریکن بۆ پشتیوانی لە مافی گەلان.

کۆبوونەوەی بەشداران لە ئاستێکی بەرفرەوانی نوێنەرایەتیکردندا
٢٢٠ کەس لە نزیکەی ٩٠ دەوڵەتی جیاوازی کە سەر بە هەر پێنج کیشوه‌ره‌کان بوون ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کۆمفڕانسەکەدا ڕاگەیاند. نوێنەرەکان بریتی بوون لە نزیکەی ١٠٠ ڕێکخراوەی ناحوکوومەتی و ناوەندەکانی کلووبی پێن. هەر جۆرە بەلاداشکاندنەوەیەکی ئه‌ورووپایی یان ڕۆژئاوایی بەسەرکەوتووییەوە پێشی گیرا لەبەر تەبیعەتی کۆبوونەوەکە، هاسانیی پێوەندی کە بە ڕێگای مشتومڕ لە دنیای مەجازیدا بە ڕێوە چوو و پشتیوانییەکی هەراوی کە لە کیشوه‌ره‌کانی دیکەوە لەو کۆبوونەوەیەوە کرا.

حەولدانێک بۆ وەدەستخستنی کراوەیی و هاوسه‌نگی
لە سایەی یارمەتیدان و هاوکارییەکی بەربڵاو و ئەو هەڵکەوتە زمانناسییە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەوان دەریان دەبڕی و، ئەو تێکۆشانانەی کران بۆ ئەوەی لە نێوان بیروڕای جیاوازدا هاوسه‌نگییه‌ک پێک بهێنرێ. جاڕنامەکە سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی تایبەتی فکری نییە بەڵام کراوەیە بۆ هەموو ڕێبازان و شیاوی دەکارهێنانە لە هەموو هەلومەرجێکدا.

یەکسانیی هەموو زمانان لە سەرەوە پۆلێنکردنی زۆرەملێیانە
ناساندنی مافی وەکوویەکی زمانی ناکرێ بە ستاتوسی سیاسی یان ئیداریی زمانانەوە ببەسترێتەوە یان لەسەر پێوەری ناله‌بار و ناکافیی عەینی دابنرێ وەکوو ئاستی کۆداندنی زمانەکان یان ژمارەی ئاخێوانیان. لە سۆنگەی ئەمە جارنامە یەکسانیی مافی زمانی ڕادەگەیێنێ بێ ئەوەی جیاوازیی زێدە بخاتە نێو زمانان وەک زمانی ڕەسمی/ ناڕەسمی، زمانی نەتەوەیی/ هه‌رێمی/ناوچه‌یی، زمانی زۆرینە/که‌مینه‌، یان مۆدێڕن/دێرین.

تەبیعەتی دوولایەنەی مافی زمانی: مافی بەکۆمەڵ و تاکەکەس
جاڕنامە پێی وایە کە ڕەهەندە بەکۆمەڵەکان و تاکەکەسی مافی زمانی لە یەکتری جوێ ناکرێنەوە و بە یه‌کترییەوە گرێ دراون چونکە زمانان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکدا پێک هاتوون و هەروەها لە نێو کۆمەڵگەکەشدان کە کەسەکان بە شێوەی تاک بە کاریان دەهێنن. جا بۆیە جێبەجێبوونی مافی زمانی تاکەکەسی تەنێ کاتێک دەتوانێ کاریگەر بێ کە ڕێزی یەکسان لە مافی بەکۆمەڵی هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان و دەستەکان بگیرێ و ئەو مافەیان بدرێتێ.

بنەمایەک بۆ پێوەندیی کۆمەڵایەتی بەئاهەنگ
وەدەستهێنانی باڵانسێکی سەرکەوتوو لە نێوان مافی زمانیی کۆمەڵگەکان، دەستەکان و تاکەکەسەکان کە لە شوێنێکی هاوبەشدا دەژین بۆ پێوەندیی بەئاهەنگی کۆمەڵایەتی پێویستە، بەڵام ئەوە بابەتێکی ئەوپەڕی ئاڵۆز و پێچەڵپێجێشە. لە ئاکامدا جاڕنامە لەسەر مافی ئەو کۆمەڵگە زمانییانە جەخت دەکاتەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر خاکی خۆیان دامەزراون بە ڕەچاوکردنی دەرەجەبەندی کە بکرێ بۆ هەر کەیسێک بە کار بهێندرێ، لەمەڕ مافی دەستە زمانییەکان بە دەرەجەی جیاوازی مێژووییانەوە و خۆناساندن و ئەو تاکەکەسانەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەی ماکی خۆیاندا دەژین.

زنجیرەیەک پێشنیازی بەرزەفڕانە کە هاوپێوەندی وەدییان دەهێنێ
ئەگەرچی لە بەردەستدابوونی سەرچاوە دەکرێ شەرتێک بێ بۆ جێبەجێکردنی مافی زمانی، ئەوە ناعادڵانەیە کە گرینگیی مافی ئەوتۆ لەبەر نەبوونی سەرچاوەی کافی نکووڵی لێ بکرێ. دەبێ وەبیر بهێنینەوە کە جێبەجێکردنی هێندێک ماف کە لە ئاستی جیهانیدا بە ڕەسمی ناسراون وەکوو مافی ژیان، لەشساخی، کار یان پەروەردەش پێداویستییان بە پاڵپشتیکی دارایی بەرچاو هەیە. جاڕنامە حەول دەدا بەرعۆدەییەکی جیهانی بۆ هاوپێوەندی لە بواری مافی زمانیدا بپەروەرێنێ بۆ ئەوەی کەمینه‌کان تێ هەڵبهێنێتەوە و مافی هەرە پێشێککراوەکان وەدی بهێنێ.

گەڕان بە دووی چارەسەری لەبار لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دێمۆکڕاتیک
ژمارەیەکی بەربڵاوی هۆکارگەلی کە کار لەسەر بارودۆخی زمانان دەکەن، دژواریی بەدەستهێنانی لێکنزیککردنەوەی بەرژەوەندیی نێوان کۆمەڵگە، دەستە و تاکەکەسان، و هاودەوریی پێویست لە نێوان مافی زمانی و مافە بنەڕەتییەکانی دیکه‌دا دەیکاتە شتێکی نامومکین کە زنجیرەیەکی سادەی تەگبیر و هەنگاوان دابنرێن کە لە هەموو شوێنێک شیاوی جێبەجێکردن بن. لەسۆنگەی ئەمه‌دا جاڕنامە لە کاتێکدا بەرپرسیارەتیی خۆلێنەبوێریی دەستەڵاتدارێتییە گشتییەکان دادەگرێتەوە، جەخت لەسەر مافان دەکاتەوە نەک لەسەر ئەرک یان قەدەغەکارییەکان و بانگی چارەسەری لەبار بۆ هەر کەیسێک دەدا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دێمۆکڕاتیک.

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: