ساقی/ هێمن موکریانی

ئه‌گه‌رچی‌ شه‌و دره‌نگه‌ ساقی‌ بۆم تێكه‌ كه‌مێكی‌ تر
كه‌وا ئه‌مشه‌و سه‌ری‌ هه‌ڵدا له‌ ناخمدا خه‌مێكی‌ تر
له‌ باده‌ ئه‌م ژه‌مه‌ تێر كه‌ منی‌ تینوی‌ جگه‌ر سووتاو
به‌چی‌ دیاره‌ كه‌ ده‌بینم شه‌وێكی‌ تر، ژه‌مێكی‌ تر !
ئه‌وه‌نده‌ ده‌رده‌داره‌ بێ په‌رستارم كه‌ پێم وایه‌ :
له‌سه‌ر كێكی‌ ته‌مه‌ن هه‌ڵناگلرێ تازه‌ شه‌مێكی‌ تر
گه‌لێكم ڕۆژگاری‌ تاڵ‌و شیرین ڕابوارد ئاخۆ
مه‌رگ مه‌ودا ده‌دا دیسان ببینم سه‌رده‌مێكی‌ تر!


گه‌یشتمه‌ سه‌ر ترۆپكی‌ ئاره‌زوو ڕۆژێكی‌ كه‌چی‌ ڕوانیم
له‌ پێشمدایه‌ زه‌رده‌و ماه‌و سه‌خت‌و ئه‌سته‌مێكی‌ تر
هه‌تا چارشێو به‌سه‌ر تۆوه‌ ده‌بینم نازه‌نینی‌ كورد
به‌سه‌ر بیلبیله‌كه‌ی‌ چاوی‌ منا ده‌كشێ ته‌مێكی‌ تر
نه‌ما (خانی‌) تا چیرۆكی‌ عه‌شقی‌ ئێمه‌ داڕێژێ
ده‌نا هێَشتا له‌ كوردستان ده‌ژین زین‌و مه‌مێكی‌ تر
په‌پوله‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ من له‌ شوێنێ ناگرێ ئارام
ده‌نیشێ‌و باڵی ده‌بزوێ له‌سه‌ر سینه‌و مه‌مێكی‌ تر
هه‌زار هێنده‌ په‌رێشان‌و سیا چاره‌ بژیم هێشتا
له‌ ناو دڵدا هه‌مه‌ ئاواتی‌ خاڵ‌و په‌رچه‌مێكی‌ تر
هه‌تاكوو دوا پشوو ڕێبواری‌ ڕێگه‌ی‌ عیشق‌و ئازادیم
ئه‌گه‌ر بێجگه‌ له‌ ناكامیش نه‌بینم به‌رهه‌مێكی‌ تر
كه‌ فرمێسكم له‌سه‌ر ڕووخساری‌ كیژی دڵ شكاو بینی‌،
گووتم: یاخوا له‌سه‌ر سوره‌ گوڵ نه‌بینم شه‌ونمێكی‌ تر
شه‌وێكی‌ چاوه‌نواڕت بووم، نه‌هاتی‌ گیانه‌كه‌م، ویستت
منی‌ دڵ ناسكی‌ شاعیر بگێڕم ماته‌مێكی‌ تر
خدر نیم بۆ ته‌مه‌ن شێت بم به‌ كانی‌ ژینێدا نووسێم
ئه‌وه‌نده‌م ژین دوێ‌ تا ده‌م ده‌نێم نێو ده‌مێكی‌ تر
به‌ تۆ چاره‌ی‌ چلۆن ده‌كرێ‌ ده‌روونی‌ پڕ له‌ ناسۆرم
خه‌ساری‌ بۆ ده‌كه‌ی‌ دكتۆری زانا مه‌رهه‌مێكی‌ تر
به‌هارو گوڵ، كچ‌و مانگه‌ شه‌و و شیعری ته‌ڕ‌و باده‌
له‌وه‌ی‌ زیاتر جه‌نابی شێخ گه‌ره‌كته‌ عاله‌مێكی‌ تر

Advertisements

تاگەکان: , , ,

3 Responses to “ساقی/ هێمن موکریانی”

  1. sirwanlatif Says:

    خۆآترین شیعری هیمه‌ن به‌لای منه‌وه‌، یادی به‌خێر هێمنی شاعیر

  2. : ڕۆژپڕێس / Rojpress Says:

    سپاس کاک سیروان
    راستە بە ڕاستی شێعرێکی خۆشە

  3. هونه‌ر Says:

    هه زار ڕه حمه ت له گوڕی

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: