ئاڵای کوردستان وه‌ک هێمای چاره‌سه‌ری/ سیاوەش گوودەرزی

پرسی که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان دوای 8 ساڵ هه‌روه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌‌. ئه‌گه‌ر تۆزێک خۆشبین نه‌بین ئه‌م پرسه‌ ژیانییه‌ نه‌ک ته‌نیا هیچ پێشوه‌چوونێکی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیووه‌ به‌ڵکوو به‌ره‌ودواش، زۆر به‌ زیانی کورد وه‌رگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. جه‌له‌ولا نموونه‌یه‌کی هه‌ره‌ زیندووی پاشه‌کشه‌ی کورده‌، لانیکه‌م له‌ ڕووی یاسا و ته‌وافوق و ڕێکه‌وتنه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌ و سونه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوێنێ ته‌وافوق و ڕێکه‌وتن بوو و کورد دڵی پێخۆش کردبوو که‌ هه‌موو پرسه‌ کۆنه‌کانی له‌ گه‌ڵ عێراقی نوێی “فیدرالی”  پێ چاره‌سه‌ر بکا‌، ئیمڕۆ هه‌مان ته‌وافوق بووه‌ته‌ ته‌وقێک و که‌وتۆته‌ ملی کورد و هیچ نه‌بێ کوردی دووجار ژێرکه‌وتوو و مافخواروی له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کاندا له‌ جوڵه‌ خستووه‌.

له‌ کاتێکدا ماده‌ی 140 ئیتر خه‌ریکه‌ وه‌ک چۆن واده‌که‌ی له‌ یاسای بنچینه‌یی عێراق تێپه‌ڕی،‌ له‌ بیر و زه‌ینی ئه‌ندازیارانیشی له‌ بیر بچێته‌وه، وه‌ک چۆن به‌ کاڵ و کرچی و نه‌زۆکی له‌دایکبوو و ئێستاش له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه و هاکا کۆتایی ته‌مه‌نیشی به‌ ته‌واوه‌تی ڕاگه‌یاندرا‌. له‌ کاتێکدا ‌داوای ده‌رکردنی کورده‌کان و دانه‌وه‌ی غه‌رامه‌ی 8 ساڵ به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ جه‌له‌ولا ده‌کرێ. له‌ کاتێکدا ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئۆتۆمبیله‌کانی کوردستانیش له‌ به‌غدا به‌ کوردی نانووسرێن و ژماره‌ی عه‌ره‌بی ده‌نێردرێن بۆ هه‌ولێر. له‌ کاتێکدا گۆنگه‌ڵ هه‌ڵخراندن به‌ ئاڵای کوردستان له‌ خانه‌قینی سه‌د له‌ سه‌دا کوردا له‌ لایه‌ن مالکییه‌وه‌ هه‌روا به‌رده‌وامه‌. له‌ کاتی ئه‌م هه‌موو کاتانه‌دا، تازه‌ تازه‌ کورد جارێکی دیکه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حیکمه‌ت و که‌رامه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی و لوتف و مه‌ره‌حه‌مه‌تی ته‌وافوق. جارێکی دیکه‌ کورد خه‌ریکه‌ له‌ باتی خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری وه‌ک چۆن شه‌پۆله‌کانی ئه‌م شێوازه‌ خه‌باته‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه‌ خۆی به‌ پرۆژه‌ی تاڵه‌بانی سه‌رقاڵ کردووه‌ که‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌‌ که‌وتۆته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی خودی کوردیش هه‌تا بگا به‌ لایه‌نی دیکه‌ش.  هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی مانۆڕی سیاسی و باوه‌ڕکردن به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا بتوانن پرسی که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ته‌نانه‌ت چوونی بارزانیش بۆ مه‌خموور ته‌نیا لێدانی سیگاناڵێکی لاوازه‌ بۆ پێداگری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له‌ سه‌ر ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کانی.

ئێمه‌ چارمان نییه‌ و ناچارین جارێکی دیکه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هێز و توانای گه‌ل، بۆ ویست و داخوازی کوردی ناوچه‌ دابرێندراوه‌کان. ئه‌مه‌ش ده‌بێ هه‌ر ئێستا پێکبێ و چی دیکه‌ خه‌ڵکی وه‌ ته‌مای پاداش و خێر و سه‌ده‌قه‌ی ڕۆژی قیامه‌تی جێبجێکردنی “ته‌وافوق”ه‌کان و “ماده‌ سه‌دوچل”ه‌کان سه‌رگه‌رم نه‌کرێن. ئه‌گه‌ر وه‌خۆ نه‌که‌وین و له‌ حه‌ره‌که‌تێکی مه‌ده‌نی و جه‌ماورییدا چاره‌نووسی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان دیاری نه‌که‌ین ڕه‌نگه‌ سبه‌ی دره‌نگ بێ یان وه‌ک رێزدار دوکتۆر مه‌حموود عوسمان ده‌بێژێ ئه‌گه‌ر وابڕوا ساڵانێکی دوورمان له‌ پێش نه‌ماوه‌ که‌ جارێکی دیکه‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ دابڕێنداروه‌کان پڕ بکرێنه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بی هاورده‌. ئه‌وده‌م ئێمه‌ هه‌ین و که‌مایه‌تییه‌کی کوردی لاواز و بێده‌سه‌ڵات که‌ ئیتر نه‌ک ته‌نیا به‌ زۆر ده‌کرێ ملکه‌چی هه‌موو قه‌زا و قه‌درێک بکرێ به‌ڵکوو له‌ رێگه‌ی ڕاپرسی و هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ واته‌ له‌ ڕێگه‌ی دیمۆکراتی “هه‌موو که‌س په‌سه‌ند”یشه‌وه‌ مافی کوردستانی بوون و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانیان لێ زه‌وت بکرێ. ئیتر ئه‌و ده‌م ده‌ست له‌ چۆکدان و ئه‌م و ئه‌و تاوانبار کردن پاره‌یه‌کی قه‌ڵب ناکات.

به‌هاری ئه‌مساڵ به‌ خۆشییه‌وه‌ ڕۆژێک ڕێگه‌م که‌وته‌ خانه‌قین و ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شتێک زیاتر سه‌رنجی ڕاکێشام، کوردییه‌تی و بوونی ناوی کوردی به‌ سه‌ر دووکان و بازاڕ و هه‌ڵکرانی ئاڵای کوردستان له‌م شاره‌ له‌ چاو شاره‌کانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستان بوو. ڕامان و تێفکرینی من له‌ سه‌ر ئه‌م کوردێتییه‌ له‌ خانه‌قین ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌مه‌ له‌ خۆیدا نیشانه‌و هێمای مانه‌وه‌یه‌کی زۆره‌ملی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌کرد و خانه‌قینییه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یانهه‌وێ کوردستانی بوونی شاره‌که‌یان بسه‌لمێنن.

ئاڵای کوردستان و سیمبۆله‌ کوردییه‌کانی دیکه‌، ئیمڕۆ تاقه‌ ناسنامه‌ و کوردییه‌تی خه‌ڵک و خاکی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کانه و هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه‌ ڕێگای چاره‌سه‌ری واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، هه‌مان جۆش و خرۆشدان به‌ به‌و سیمبۆلانه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی ئاڵای کوردستان که‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقی دژایه‌تی ده‌کا‌‌. ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی نه‌چوونه‌ ژێر باری ته‌وافوق و چاره‌سه‌ری پرسی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کانی کوردستان پێکێشی له‌ سه‌ر لابردن و هه‌ڵنه‌کردنی ئالای کوردستان ده‌کا به‌ هه‌مان شێوه‌ش کورده‌کان ده‌بێ له‌ ئاڵای کوردستان وه‌ک‌ سیبۆلی بوونی کورد و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و جه‌ختکردن له‌ سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان زیاتر به‌خاوه‌ن ده‌ربکه‌ون.

که‌واته‌ با له‌ سه‌ر هه‌موو سه‌ربان و دووکان و ماڵ و باڵه‌خانه‌یه‌ک و رێگا و مزگه‌وتێک له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان ئاڵای کوردستان به‌رز بکرێته‌وه‌‌. با بزانین خه‌ڵکی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان له‌ خه‌باتێکی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریدا ئه‌وه‌ی “ته‌وافوق” و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد و عه‌ره‌ب له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ خۆشی و پێکه‌نین و قسه‌ی زل و هێندێک جاریش به‌ تاڵی و چاو له‌ یه‌ک سوورکردنه‌وه‌و ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌  وه‌ده‌ستیان نه‌هێناوه‌، خه‌ڵکی ته‌نیا به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان که‌ هێمای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان وه‌ده‌ستی ناهێنن؟ با ده‌ستپێشخه‌ری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ باتی پرۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و “ته‌وافوق”.

تێبینی:

ئه‌م وتاره‌ ئه‌م به‌یانییه‌ له‌ حه‌وتوونامه‌ی ڕووداو له‌ هه‌ولێر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.‌

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: