فڕینه‌ كوژراوه‌كانی ژن – شێركۆ بێكه‌س

"شێرکۆ بێکەس" "شیرکو بیکس" "Sherko bekes"له‌ شه‌وی داگیركراوی جه‌سته‌تا
دیرۆكێك به‌ شێوه‌ی‌ ئه‌ڵقه‌ ئه‌ڵقه‌ی زریكه‌یه‌كی درێژا له‌ دووكه‌ڵی بێ ئاگرته‌وه‌ ئاڵاوه‌
دیرۆكێك له‌ هه‌ڵمی زێڕین
له‌ كۆچی بێ واده ‌و له‌ سووتانی بێده‌نگ
له‌م شه‌وه‌ مه‌ییوه‌ی تۆدا
هه‌زاران ساڵه‌ رۆژ نه‌بۆته‌وه‌
له‌م جه‌سته‌ داگیركراوه‌ی تۆدا
زه‌مانێكی درێژه‌
تیریژێ هه‌تاوێ له‌ نسه‌ی ده‌نگی تۆی نه‌داوه‌

كات به‌ستوویه‌تی و هاوار زوقمه‌ و شه‌خته‌یش ته‌نیایی

له‌م ئاسمانه‌ بێ ره‌نگه‌ی تۆدا

نه‌ باڵه‌نده‌یه‌كی پێكه‌نین فڕی ‌و نه‌ بارانی خۆزگه‌یه‌ك باری و

نه‌ شه‌فه‌قی بێ ئاوییه‌ك سووراوی لێوه‌ كانی كردی و

نه‌ بایه‌كی ئازادیش هات و شانه‌ی پرچه‌ی غه‌مباره‌كانانت بكات

تو هه‌رگیز هی خۆت نه‌بوویت

نه‌ سه‌ر هی خۆت و نه‌ باڵه‌كانت هی خۆت و نه‌ چرای مه‌مكه‌كانیشت بۆ خۆت

لێژی تارمایی له‌ خه‌ریته‌ی شه‌هوه‌ته‌كانی نێرا

له‌ چاوه‌روانی ئه‌و قه‌ده‌رانه‌دا كه‌ به‌ شیر و شمشێری رووته‌وه‌ له‌ ژوور سه‌رت راوه‌ستاون و

تۆش به‌ پێڵوویه‌كی هه‌میشه‌ ته‌ڕه‌وه‌ له‌ كرنۆشێكیَ ئه‌به‌دی دا بووی

تۆ هه‌رگیز مه‌تنی هیچ په‌یامێك نه‌بووی

نه‌ په‌یامی خودایی و نه‌ ئاده‌می و نه‌ هاوسه‌ری

تۆ هه‌میشه‌ په‌ڕاوێزێكی بچووك و توڕدراوی ئه‌و مێژووه‌ بووی

كه‌ له‌سه‌ر ده‌می په‌یامبه‌رانه‌وه‌ له‌ رێی ئاسمانه‌وه‌ كراویت به‌ كاره‌كه‌ری ریش و سمێڵی ئه‌وان

به‌ پاك كه‌ره‌وه‌ی ته‌ویله‌ی ئه‌سپی ئاره‌زووه‌كانی ئه‌وان

تۆ هه‌میشه‌ ئه‌و پرسیاره‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ی بووی

كه‌ به‌رده‌وام به‌ مێخی فه‌رمانه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ شه‌كه‌ت درابووی

گه‌رد و گوڕی به‌یان بوویت و كردیانی به‌ ته‌متومانی ئێواره‌

سه‌ما بوویت و ره‌جمیان كردی

ستران بوویت و باڵیان كردی

پڕیان كردی له‌ ملكه‌چی، پڕیان كردی له‌ بێده‌نگی و له‌ ورده‌ ره‌ژووی تاریكی

و پڕیان كردی له‌ كه‌ڕو لاڵی په‌یكه‌ری بته‌كان و كردیانی به‌ دره‌ختی ز‌ڕ

خورافات

له‌ شێوه‌ی وه‌همێكی سرمه‌دیدا درێژ بۆته‌وه‌

تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئێتر نه‌ عه‌قل دیار ما و نه‌ بینین و نه‌ فه‌زای فڕین

خورافات خورافات

سڕ بوونی وه‌رزی بیركردنه‌وه‌

مت بوونی ره‌نگ و ده‌نگ

چوونه‌ ناو قاوغی زستانێكه‌وه‌ كه‌ كاژی تیا روێن ئه‌درا

تو یه‌كه‌م قوربانی به‌سته‌ زمانی هه‌موو جێژنه‌ پیرۆزه‌كانی نێر بووی

تۆ یه‌كه‌م جۆگه‌له‌ خوێنی له‌به‌ر رۆشتی راستی بوویت

تۆ یه‌كه‌م قیژه‌ی جیهان بوویت و یه‌كه‌م ره‌ش پۆشی ژیانی

خۆیشت له‌ دوای غوربه‌تی تۆه‌وه‌ سروشت جوانتر له‌ غوربه‌تی خۆی گه‌شت و

خودایش زۆرتر له‌ نهێنی ئازاره‌كان

هه‌ر تۆیش یه‌كه‌م په‌ڵه‌ت به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دا

هه‌ر تۆیش یه‌كه‌مین په‌رچه‌می ئه‌و نامانه‌ بووی كه‌ ته‌نیایی ده‌یناردن بو مه‌رگ و عه‌ده‌م

تا چاوی تیژی هه‌ڵقرچان بڕ ئه‌كات

تو هه‌ر گۆشت و ئێسقانه‌كه‌ی جه‌سته‌ی خۆت و

ئه‌وانیش داری حه‌د و قامچی و كۆڵه‌ وژی جه‌هنه‌م بوون

هه‌تا ده‌نگی خوێن بڕ ئه‌كات

تۆ هه‌ر بێده‌نگییه‌كی كوژراو و

هه‌ر خڵتانی شه‌وه‌زه‌نگ بووی

نه‌ جارێك بووی به‌ په‌یامبه‌ر و

نه‌ رۆژێك بووی به‌ بڵنگۆی ئاسمان و

نه‌ بۆ سه‌عا‌تێك بووی به‌ كورسی شیعر و

نه‌ بۆ ده‌قیقه‌یتك بووی به‌ سووره‌تی ده‌سه‌ڵات و

نه‌ بۆ چركه‌یه‌كیش بوو به‌ نووسه‌ری فه‌رمان و قانوون

ئاخر تۆ ژن بووی ژن

عه‌قڵێكی نوقسان

سێ یه‌كی ژیان

ئاخر تۆ ژن بووی ژن

بۆیه‌ جۆگه‌یه‌ك به‌ ته‌نها بۆ ئه‌وی لێت خۆنه‌وه‌

دۆشه‌كێك بۆ ئه‌وه‌ به‌ ته‌نها له‌سه‌رت پاڵ بكه‌ون

په‌ڕۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها پاك بكه‌یته‌وه‌

كولانه‌یك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تێی بخه‌وی

جه‌سته‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌خت و ناوه‌ختا ببیته‌ سفره‌یه‌كی هه‌میشه‌ راخراو بۆ ئه‌وان

تو ئاوازێكی به‌ گرمۆڵه‌یی له‌ سووچێكی ته‌ریكی ژیانا

قه‌سیده‌یه‌كی به‌ كه‌سیره‌یی له‌ قه‌فه‌زی ده‌فته‌رێكا

چیرۆكێك به‌ قه‌د كراوی له‌ باخه‌ڵی شێدرای میژوودا

تابلۆیه‌ك به‌ هه‌ڵه‌وگێڕاوی به‌ دیواری بیرچوونه‌وه‌وه‌

تۆ شانۆیه‌كی به‌ ده‌م به‌سراوی له‌ به‌رده‌م ریزه‌ كورسی سانسۆره‌كانا

په‌خشانێك به‌ هه‌ڵوه‌ریوی له‌ كۆشی خۆتا

وه‌ره،‌ به‌ڵام وه‌ك چه‌خماخه‌یه‌كی مێ وه‌ره‌

وه‌ك گوڵێكی جه‌ربه‌زه‌ وه‌ره‌

وه‌ك شه‌ماڵێكی زه‌عیفه‌ مه‌یه‌

چون په‌یڤێكی شه‌رمن مه‌یه‌

چون مردنێكی ناسك و به‌سته‌زمان مه‌یه‌

وه‌ك سنه‌وبه‌رێكی تووڕه‌ و یاخی وه‌ره‌

وه‌ك باهۆزێكی نوێ وه‌ره‌

وه‌ره‌ ئه‌م ده‌مامكانه‌ی سه‌ر ده‌م و چاوه‌كانت راماڵه‌ و

ئه‌م مێژووه‌م‌ سه‌ره‌ونخون بكه‌ره‌وه‌

ئه‌م چارۆكه‌ گوێرانه‌م به‌ره‌ و بیانده‌ره‌‌ ده‌ست زه‌ریای مێینه‌ت

با ئاو و ئاسمان و وشكایی و ته‌واوی فرت‌ و فێله‌كانم چون ئازاره‌كانت به‌ رووتی ببینن وه‌ره‌

ئه‌م گۆزه مه‌غرووره‌ی سه‌ر و مله‌م تێك به‌ره‌وه‌

با سه‌ر له‌ نوێ له‌ قورێكی نوێ ئه‌م سه‌ر و مله‌ دروست بێته‌وه‌

بۆ ئه‌وه‌ مه‌یه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵما جووت بیته‌وه‌

هه‌رگیز

با واز له‌ خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ده‌سته‌مۆ واوی بێنین

نه‌وه‌ی سروه‌ شه‌رمنه‌كان

نه‌وه‌ی مه‌مكه‌ زه‌لیله‌كان

كوڕ و كچی قه‌ناعه‌ته‌ هه‌زه‌لیه‌كان

وا وه‌ره‌ كه‌ ئیتر‌ جارێكی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆناو ناو قاوغه كیسه‌ڵیه‌كه‌ت

نه‌چیته‌وه‌ سه‌ر به‌ری ده‌ستی به‌زه‌یی و پاڕانه‌وه‌

نه‌بیته‌وه‌ به‌ سێبه‌ری توك و نزای چاو نووقاو

خۆت به‌ پرچی عایشێ و فاتمه‌دا هه‌ڵنه‌واسیته‌وه‌

خۆت نه‌كه‌یته‌وه‌ به‌ ته‌نافی پیاوان

وا وه‌ره‌ كه‌ ئیتر مێیینه‌ی خۆت بیت

جه‌سته‌ی خۆت بیت رۆحی خۆت بیت

ئه‌وه‌ته‌ی وشه‌ هه‌یه‌ ده‌نكه‌ تۆو بوون بۆ تۆ

ئه‌وه‌ته‌ی رسته‌ هه‌یه‌ر هه‌زار به‌ هه‌زار و له‌ شه‌وی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ هه‌ڵدێرانی زریكه‌ی تۆدا

سه‌ره‌تا درۆكان هه‌ر له‌ ناو زمانا زای و زێیان كرد و

له‌ نیوه‌یان زیاتریش هه‌ر بۆ له‌ناوبردنی ده‌نگی تۆ بوو

درۆ جوانه‌كان هه‌ر هه‌موو به‌ ده‌م خواوه‌ كران و خوداش لێیان بێ به‌ری

ناویان ترور كردی

بایان ته‌م كردی

دره‌ختیان شێت كردی و

ره‌نگتیان قڵپ كرده‌وه‌ و دواجاریش وتیان

عه‌قڵ نوقسانه‌

تا پرچت یه‌كسان نه‌بێت به‌ تووكه‌ سه‌ری خواوه‌نده‌ نێره‌كان

تا په‌نجه‌كانت یه‌كسان نه‌بن به‌ په‌نجه‌ی خواوه‌نده‌ نێره‌كان و

تا فڕینت یه‌كسان نه‌بێت به‌ فڕینیان و

په‌یڤت به‌ په‌یڤیان و جووڵه‌ت به‌ جووڵه‌یان و ئاسمانت به‌ ئاسمانیان

تۆ هه‌ر ته‌شته‌ماڵێكی مێینه‌ی

تۆ هه‌ر تابووتێكی مێینیه‌ی

هه‌موو رۆژێك جه‌ژنی بێده‌نگ كردنێكی تۆیه‌

هه‌موو رۆژێك كه‌ڕنه‌واڵی له‌ یادكردنی تۆیه‌

هه‌موو رۆژێك زه‌ماوه‌نی قانوونی هه‌وێیه‌كی تۆیه‌

هه‌موو رۆژێك سمیڵ بادانی شه‌رق و قاقای جه‌ڵده‌یه‌كی تۆیه‌ له‌سه‌ر رێگا

ته‌نیا یه‌ك رۆژ تۆیان داوه‌ به‌ تۆ

له‌ ساڵێكا ته‌نیا رۆژێكیان داوه‌ به‌ تۆ

له‌و رۆژه‌شا خواوه‌نده‌ نێره‌كان تووڕه‌ن

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ په‌نجه‌ی خۆت له‌ سه‌ر رۆخساری ئاوێنه‌ نێره‌كان وێنه‌ی ته‌وارێك نه‌كێشی و لێشی نه‌نووسی

هه‌شتی مارس!

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی شێعرێكی شێركۆ بێ كه‌سه‌ كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ژن نوسراوه‌

Advertisements

تاگەکان: , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: