بیره‌وه‌ریی دووی ڕێبه‌ندان
ده‌مخاته سه‌ر به‌سته و به‌ندان
ڕێبه‌ندانی ڕێنوێنه
له داگیركه‌ر سه‌رشێوێنه
هه‌ڵات هه‌ڵات له هه‌موو دیاران
پێ پلیکه‌ی دێ‌و، ته‌ختی تاران
دوژمنی كورد جێ پێی لێژه
با بگێڕین گه‌ڕه‌لاوێژه
* * *
هۆ هۆ شوانه به نه‌غمه‌ی ته‌ڕ و پاراووت
به بلـوێری له خه‌م و ده‌ردا سووتاوت
بارووژێنه گیانی خه‌وتووی گه‌زیزه‌ی هه‌رد
به (سوارۆ)ێک، به (حه‌یران)ێک، دامركێنه بڵێسه‌ی ده‌رد
* * *
هۆ هۆ جووتێر چه‌وساوه‌ی خه‌مان
خاڵه! ڕێبواری خه‌یاڵت نیشته‌جێ بوو
خه‌مان نه‌مان
به ئاره‌قی نێو چاوانی به‌رز و ته‌رزی كرێكارانت
چناری هیوا باشین بێ
له كۆزی ڕووی ده‌رده‌دارانت
ئه‌ی كچی جوان!
ئه‌ی یه‌زدانی داوێن پاكی!
دیلانی بگێڕه
به‌سه‌ر چوو
دیلـی و زه‌لیلـی و خه‌مناكی
ئه‌و هه‌وری یه‌ی له ده‌وری دار‌ت پێچاوه
له ده‌وری ده‌ستت هاڵێنه
به ده‌م سووڕانی سه‌ماوه
شایی ده‌گه‌ڕێ له هه‌موو دێیان
گیان هاتوه‌ته ئاسۆی گوێیان
دیلان ده‌گه‌ڕێ له هه‌موو ماڵان
پیرۆزبایی له هاواڵان
* * *
. . . ڕێبه‌ندان!
به‌و زستانه‌م دڵ به‌هاره
له هه‌موو سنووران هاواره
له دوژمنان ڕێبه‌ندانه
بۆ كورده‌واری گۆوه‌ندانه
شایی نه‌دار و هه‌ژاره
ئه‌وجار هه‌ژار خۆی سه‌رداره
* * *
مه‌ڵبه‌ند به‌هاری تێزاوه
«قازی» مه‌زن هه‌روه‌ک كاوه
هێزی كۆمه‌ڵی له‌پشته
هه‌ودای خاوی هیوا گشته
قورینگ چلـه‌ی زستان ده‌بڕن
چاویان له كوردستان ده‌بڕن
به پۆل گوڵی له شه‌تاوان
ده‌خه‌مڵێنن ده‌م چۆماوان
بیستوومه له كۆنه‌پیاوان
سه‌رگوریشته‌ی خاوه‌ن ناوان:
«له سه‌خڵه‌تا خۆشیی دیارن
هه‌ر زۆره كوژه‌ی زۆردارن»
نه‌زیلـه‌ی باپیران وایه
«شه‌و بۆ مێردان وه‌ک قه‌ڵایه»
* * *
شه‌وه‌ی شه‌و له‌شی گوشیبووین
ڕێبه‌ندان ڕێگای ته‌نیبووین
گیانمان خارا به ده‌رد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرته‌پێش
پاش چه‌ند ساڵ له نوور دووریمان
هه‌ڵبوو چرای جه‌مهووریمان
* * *
با بگێڕین زه‌ماوه‌ندێ
با بۆتان بڵێم سه‌ربه‌ندێ
ئه‌وجار چینی فه‌لا و كرێكار
قه‌ت ناڵێن خۆزگه‌مان به‌پار
ده‌ری هاویت تۆوی دژی
ڕه‌نجبه‌ر بژی
بژی
بژی
سواره‌ی ئیلخانیزاده
تاران، ڕێبه‌ندانی 1968
له (گۆڤاری ڕووناکی، ژماره 290، 3/10/1969، لاپه‌ڕه 20)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه و جووتیار تۆفیق هه‌ورامی له رووی نووسیوه‌ته‌وه و له سایتی “بۆکان”دا بڵاوی کردۆته‌وه