چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد، داوای پشتیوانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات

NNS ROJ: “فەرزاد حەقشناس”، چالاکی ژینگەپارێزی کورد، لە نامەیەکی سەرئاوەڵا دا، داوای لە ڕێکخراوەکانی پارێزڤانی مافی مرۆڤ کردووە پشتیوانی بکەن و لەو ڕەوشە ناگونجاوەی کە تێیکەوتووە ڕزگاری بکەن.

“فەرزاد حەقشناس”، کە زیاتر لە 5 ساڵە ئەندامی ڕێکخراوی ژینگە پارێزی سەوزی چیا لە مەریوانە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا، باس لە 4 مانگ گووشار و ئەشکەنجەی خۆی لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێ کە پاشا ئازادبوونی کاتی دانانی بارمتەی ماڵی 50 میلیۆن تمەنی، بەناچار ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە.

ناوبراو لەو نامە دا کە وێنەیەکی بۆ NNS ROJی ڕەوانە کردووە، نووسیویەتی کە پاش جێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری وڵات نیشتەجێ بووە بەڵام ئاسایشی گیانی نیە و هەربۆیە داوا لە ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات لەو ڕەوشە ڕزگاری بکەن.

22ی ژووئەنی 2011ی زایینی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەک دا، وێڕای شەرمەزارکردنی ئێران لەمەڕ گرتنی ئەو چالاکە ژینگەپارێزە، داوای کردبوو کە کۆماری ئیسلامی هەرچی زووتر و بەە بێ هیچ مەرجێک، ئەو گیراوە ئازاد بکات و دەرفەت بڕەخسێنێ بۆ مەحکەمەیەکی دادپەروەرانە بۆ ناوبراو.

لەژێرەوە دەتوانن نامەی ئەو چالاکە ژینگە پارێزە بخوێننەوە:

من فەرزاد حەقشناس کوڕی محەممەد لەدایک بووی 1355ی شاری مەریوانم. لە ساڵی 1385ەوە بە فەرمی بوومە بە ئەندامی “ڕێکخراوی سەوزی چیا ” لە شاری مەریوانم. ئەو رێکخراوە ماوی زیاتر لە 12 ساڵە بە شێوەیەکی یاسایی لە بواری پاراستنی ژینگە وەک ئەرکێکی مرۆڤی و پێوەرێکی ئەخلاقی چالاکە بەڵام بە داخەوە سەڕەڕای ئەوەی کە ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی فەرمی ئیجازەی چالاکی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پێدراوە، هەردەم ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە ژێر گووشار دابوون و بەەشێکی بەرچاو لەو ژینگەپارێزانە بە تاوانگەلی بێبنەما دەستبەسەر کراون و بە حکوومگەلی قورسی زیندان مەحکووم کراون.

بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا کە ژینگەی کوردستان بەرەوڕووی ڕەوشێکی مەترسیدار بۆتەوە و هەموو ساڵێک چەندین هەزار دۆنم لە دارستانەکانی کوردستان دەسووتان و دەسەڵات لەو پێوەندیە دا خۆی بە خەمخۆر نەدەزانی، هەر بۆیە ئێمە، وەک ئەندامانی چیا لە هەوڵی بەردەوامدا بووین بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکان و بە مەبەستی بە کولتوور کردنی ژینگەپارێزی، دەستمان بە کاری ڕێکخستن کردووە بەڵام بە داخەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە بەردەوام لە ژێر گووشار و هەڕەشەدابووین و ئەمکارەی ئێمە لە لایەن ئەو هێزە ئەمنیەتیانەوە، بە هەڕەشە بۆ سەر ڕەژیم دا دەنرا.

لەو پێوەندیە دا منیش وەک یەکێک لە ئەندامانی چیا، لە ڕێکەوتی 28-02-1390 لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە گیرام و ماوەی پتر لە چوار مانگ، واتە هەتا ڕێکەوتی 09-07-1390 لە ئینفرادی دا بە توندی لە ژێر زەخت و گووشاری ڕووحی و جسمیدابووم و دەیان جۆر ئەشکەنجە دراون و بەردەوام داوایان لێکردووم کە دەبێ بڵێم کە من پێوەندیم بە حیزبە سیاسیەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیەوە هەیە. ئەمەش لە ڕاستیدا تاوانێکی بێبنەما زیاتر نەبوو.

لەو ماوەیە دا، سەڕەڕای ئەوەی کە بواری تەندرووستیشم بە هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە نالەبار بوو، بەڵام ئیجازەی ئەوەیان بە بنەماڵەکەشم نەداوە کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ بکەن و خۆشیان بە مەبەستی چارەسەرکردن بۆ دوکتووریان نەبردووم.

جێی ئاماژەیە کە من مافی گرتنی پارێزەریشم نەبووە و لە ڕەوشێکی ئەوها دا بە تاوانی دژایەتی و پڕۆپاگەندە بە دژی ڕەژیم تاوانبار کراوم و بە دانانی بارمتەیەکی 50 میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا هاتنەوەی بڕیاری کۆتایی دادگا ئازاد کراوم.

هەربۆیە ماوەیەک پاش ئازادبوونی کاتیم، بەو هۆیەی کە حوکمێکی قورس چاوەڕوانی دەکردم، وڵاتی ئێرانم بەجێهێشت و لە ڕێکەوتی 10-011-1390 هاتوومەتە کوردستانی عێراق. بەڵام لێرە تەنانەت ئەمنیەتی گیانیشم نیە و لە ڕەوشێکی مەترسیداردام و هەر بۆیە داوام لە هەموو ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانە کە خۆیان بە خاوەنی پرسی من وەک پرسێکی مرۆڤی بزانن و مافی پەنابەری وڵاتێکم بدرێتێ کە بتوانم، بە مەبەستی درێژە بە ژیان، وەک سەرەتاییترین مافی خۆم بدەم.

Advertisements

تاگەکان: , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: