میتی‌ تورک له‌ كوردستان/ لڤین و‌رده‌كاريی‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی‌ توركیا له‌ كوردستاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌

 له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ندین تیمی‌ جیاواز كاری‌ سیخوڕی‌ بۆ توركیا ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌: میت، واته‌ ده‌زگای‌ ئیستیخباراتی‌ توركی‌ MIT، ئۆزه‌ڵ‌ تیم (واته‌ تیمی‌ تایبه‌ت) Ozel tim، ژیته‌م (ئیستیخباراتی‌ عه‌سكه‌ریی‌) jit tem، ئۆیاك (ئه‌مانه‌ ده‌زگای‌ هاوكاری‌‌و پشتگیریی‌ سوپایه‌) Oyak، مانگی‌ سووری‌ توركی‌، ئاژانسه‌كانی‌ ده‌نگوباس، كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ كورد له‌ سایته‌كان بۆ هاككردنی‌ سایته‌ كوردییه‌كان.

ئه‌مانه‌ به‌گشتی‌ وه‌كو ده‌زگا كارده‌كه‌ن‌و كاره‌كانیان له‌ یه‌كتری‌ جیاوازه‌و زانیاری‌ ناده‌نه‌ یه‌كتری‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك كاری‌ گشتیدا زانیاری‌ ده‌گۆڕنه‌وه‌. بۆ نموونه‌؛ ئۆیاك ئه‌مانه‌ ده‌زگای‌ هاوكاری‌‌و ســوپایه‌‌و ته‌واوی‌ كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م گروپه‌دا كارده‌كه‌ن‌و زانیاری‌ ده‌ده‌ن به‌م ئۆیاكه‌، ئه‌مانه‌ له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ هاوكاری‌ ده‌ده‌ن به‌ سوپاو له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌كو كۆمه‌ڵێكی‌ هه‌ره‌وه‌زی‌ دروستكراون بۆ هاوكاریكردنی‌ ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌كان. هه‌رچی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیی‌ سووك‌و گران هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت به‌ پاره‌ی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌كڕدرێت!

هه‌موو كاره‌ ئیستیخباراتییه‌كانی‌ ژیته‌م به‌م باڵه‌ ده‌كرێت‌و 90%ی‌ كۆمپانیاكان كه‌ له‌ باشووری‌ كوردستانن سه‌ر به‌م باڵه‌ن‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ هه‌موو كۆمپانیاكانیش سه‌ر به‌ سوپای‌ توركن، له‌ژێر په‌رده‌ی‌ كۆمپانیاكاندا زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌و سیخوڕیكردن كاری‌ ئه‌مانه‌. ئه‌مه‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ سوپان‌و هه‌ر كاتێك پاره‌ی‌ كۆمپانیاكان زیاد ببێت، سوپا ئۆپه‌راسیۆن زیادده‌كات‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

ده‌زگایه‌كی‌ تر هه‌یه‌ به‌ناوی‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌-یه‌وه‌، ئه‌مانه‌ زیاتر له‌ ئه‌نقه‌ره‌ن‌و له‌ باشووری‌ كوردستان زانیاری‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌‌و له‌ڕووی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌‌و بازرگانییه‌وه‌ خه‌ریكی‌ توێژینه‌وه‌ن. ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی‌ له‌ باشووری‌ كوردستاندا په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌و هه‌رچی‌ كتێب‌و وتارو بڵاوكرایه‌وه‌یه‌ك دژ به‌ كوردو په‌كه‌كه‌ هه‌بێت، ئه‌مانه‌ وه‌ریده‌گێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌كانی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و ئه‌م هه‌وڵه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ دۆستایه‌تیی‌ خۆیان بۆ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا نیشانبده‌ن. له‌بری‌ ئه‌م كارانه‌ش، پاره‌یه‌كی‌ زۆرو ئیمتیازاتێكی‌ زۆر وه‌رده‌گرن‌و گوزه‌رانیان چاكده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ توركیاوه‌.

چه‌ندین قوتابخانه‌ی‌ نموونه‌یی‌ سه‌ره‌تایی‌ كراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و راسته‌وخۆ پاره‌ له‌ حكومه‌تی‌ توركیاو ئیستیخبارات (واته‌؛ راسته‌وخۆ له‌ ژیته‌م) وه‌رده‌گرن. هه‌ندێكیان راسته‌وخۆ پاره‌ له‌ حكومه‌تی‌ توركیا وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ له‌ كه‌ركوك، ته‌له‌عفه‌ر، كفری‌، دووزخورماتوو، پردێ‌‌و داقوق هه‌ن. ئه‌مانه‌ هه‌ر یه‌كه‌و له‌ شوێنێك به‌ناوێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، به‌ناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك فێری‌ ئه‌ده‌بیات‌و زمانی‌ توركی ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ بنچینه‌دا خه‌ڵك له‌سه‌ر تۆرانیزم په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له‌وانه‌، كاری‌ سیخوڕیان پێده‌كه‌ن یاخود ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و كاره‌، به‌تایبه‌ت دژی‌ په‌كه‌كه‌و گه‌لی‌ كورد‌و پارته‌ كوردییه‌كان بۆ زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌ كاریان پێده‌كه‌ن. هه‌ندێك له‌و قوتابی‌‌و مامۆستایانه‌ كادیر بۆ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن، وه‌كو كادێری‌ هونه‌ری‌، سیاسی‌، راگه‌یاندن‌و …هتد. له‌ زانكۆی‌ كۆیه‌ش له‌ به‌شی‌ زمانی‌ توركیدا چه‌ند قوتابییه‌ك هه‌ن مامۆستاشیان هه‌یه‌ به‌ ته‌نسیق له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا به‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا به‌ناوی‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ توركیا گه‌شت‌و سه‌فه‌ریان پێده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ دواجار ئاماده‌ده‌كرێن بۆ كاری‌ ئیستیخباراتی‌. ئه‌و كۆلێژو قوتابخانانه‌ی‌ باسیان لێوه‌كران، به‌گشتی‌ ئاسانكارییان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ ده‌كرێت.

له‌سه‌ر سنووری‌ توركیاو خاپوور، رۆژانه‌ ده‌بێت ده‌ كه‌س سه‌فه‌ربكات، پێنج كه‌س بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و پێنج كه‌س بۆ به‌ره‌ی‌ توركمانییه‌. له‌ ئیبراهیم خه‌لیل به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ نووسینگه‌یه‌كیان هه‌یه‌ ئاسانكاری‌ ده‌كه‌ن بۆ دۆست‌و لایه‌نگره‌كانی‌ خۆیان. زۆرێك له‌و كۆمپانیانه‌ی‌ سه‌ر به‌ ئۆیاكن، سه‌ر به‌ ژه‌نه‌راڵ‌‌و سه‌ربازه‌ پله‌داره‌ خانه‌نشینه‌كانن. له‌ 2006دا ژه‌نه‌راڵێك وتبووی‌ پێویست ناكات هێرشبكرێته‌ سه‌ر باشووری‌ كوردستان، چونكه‌ خۆمان له‌وێین، مه‌به‌ستی‌ كۆمپانیاكان بوو له‌ باشووری‌ كوردستان. هه‌ندێك كه‌س هه‌ن به‌ هه‌ر شێوازێك بێت كار له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌دا ده‌كه‌ن‌و كاری‌ تریان پێده‌سپێردرێت بۆ جاسوسیكردن‌و زۆرجار كاری‌ تێكده‌رانه‌شیان پێده‌كه‌ن دژی‌ په‌كه‌كه‌و ئه‌ندامه‌كانی‌‌و دژی‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ تریش، زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌كو قاچاخچیی‌ نه‌فه‌رو شۆفێر‌و مه‌ڕدارو داربڕو …هتد به‌كاریانده‌هێنن.

مانگی‌ سووری‌ توركی‌ (قزل ئای‌)، به‌ ته‌نسیق له‌گه‌ڵ‌ میتی‌ توركی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ كارده‌كه‌ن له‌ ساڵی‌ 1995 تاوه‌كو 2003 كاریان به‌ توركمانكردنی‌ كورد بوو ‌و له‌ هه‌ولێرو ئاواره‌كانی‌ كه‌ركوكدا هه‌وڵیان ده‌دا ئاواره‌ فه‌قیرو هه‌ژاره‌كان به‌هۆی‌ پێدانی‌ ئازووقه‌و خۆراكه‌وه‌ بیانكه‌نه‌ تورك، میتی‌ تورك ده‌یویست رێژه‌ی‌ تورك له‌ 400 هه‌زاره‌وه‌ به‌م پیلانه‌ بكاته‌ سێ‌ ملیۆن، تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون، هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش مانگی‌ سووری‌ توركی‌ (قزل ئای‌) به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵ‌‌و كاره‌كانیان.

ئاژانسه‌كانی‌ ده‌نگوباس وه‌كو ئاژانسی‌ جیهان‌و ئیخلاس‌و هه‌ندێكی‌ تریش سه‌ره‌ڕای‌ كاری‌ راگه‌یاندن وه‌كو ده‌زگایه‌كی‌ هه‌واڵگریی‌ كارده‌كه‌ن بۆ ده‌وڵه‌تی‌ توركیاو بنكه‌كانیان له‌ هه‌ولێرو عه‌ینكاوه‌یه‌و له‌ كۆیه‌ش بنكه‌یان هه‌یه‌.

به‌ره‌ی‌ توركمانی‌، كه‌ بودجه‌یان له‌ توركیاوه‌یه‌‌و مانگانه‌و ساڵانه‌ وه‌ریده‌گرن، كاری‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌یه‌ بۆ میت‌و ده‌وڵه‌تی‌ توركیاو له‌ توركیاش چه‌ندین خولی‌ تایبه‌تیان له‌ڕووی‌ سه‌ربازی‌‌و هه‌واڵگرییه‌وه‌ بۆ ده‌كرێته‌وه‌و به‌ به‌رده‌وام‌و هاتوچۆیان له‌ توركیادا ئازاده‌. چه‌ند باندێكی‌ تر هه‌ن سه‌ر به‌ میتن. ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌زگا ئاسایشه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ به‌هه‌ر شێوازێك بێت، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ‌ پاسه‌وانی‌ سنوورو ئاسایش‌و ئیتڵاعات‌و میتدا هه‌یه‌‌و هه‌ر له‌ باشماخه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌گاته‌ وان‌و ئه‌سته‌نبوڵ‌‌و ورمێ‌‌و یۆنان رێگایان بۆ خۆشده‌كرێت، ئه‌م قاچاخچییانه‌ له‌ كه‌ركوك، سلێمانی‌، هه‌ولێر‌و به‌غدا، بنكه‌و بێرۆو ماڵیان هه‌یه‌. ئه‌م قاچاخچییانه‌ دوو كاری‌ سه‌ره‌كییان هه‌یه‌: یه‌كه‌م: خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌ن به‌ پاره‌. دووه‌م: مه‌وادی‌ بێهۆشكه‌ر ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپاو مافیاو باندی‌ تری‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ تریشیان له‌گه‌ڵدایه‌. ره‌گی‌ سه‌ره‌كیی‌ ئه‌م باندانه‌ تاوه‌كو ئه‌فغانستان‌و پاكستانیش ده‌ڕوات. زۆرێك له‌و قاچاخچییانه‌ ده‌بنه‌ میتی‌ توركی‌، پاشان ده‌توانن به‌ئاسانی‌ ئه‌و كارانه‌ بكه‌ن. له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوكدا یانزه‌ كه‌س هه‌ن سه‌ر به‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ توركیان‌و له‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ردان‌و وه‌كو خزمه‌تكاری‌ ناو فڕۆكه‌ كارده‌كه‌ن له‌ بنكه‌ی‌ ئه‌نجه‌رلیكه‌وه‌ زانیاری‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان‌و جموجوڵه‌كانی‌ ئه‌وانیش تۆمارده‌كه‌ن، ئه‌م خزمه‌تگوزارانه‌ په‌یوه‌ندیی‌ راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ‌ به‌ره‌ی‌ توركمانیدا هه‌یه‌و پێكه‌وه‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر جموجوڵی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان‌و ره‌وتی‌ سیاسی‌‌و عه‌سكه‌ریی‌ له‌ باشووری‌ كوردستان كۆده‌كه‌نه‌وه‌. له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ قه‌ڵاكه‌ی‌ چوارقوڕنه‌داچه‌ندین ئه‌فسه‌ر هه‌ن كار بۆ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ توركیا ده‌كه‌ن‌و زیاتر سه‌ر به‌ میتی‌ توركین. هه‌روه‌ك له‌ مانگی‌ پێنجدا فڕۆكه‌یه‌كیان هێنابوو بۆ فڕاندنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و كاره‌كه‌یان ئاشكرابوو، هه‌روه‌ها له‌ ئامێدییش ئه‌و هێزه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا له‌وێ‌ ماوه‌ته‌وه‌‌و ژماره‌یان له‌ هه‌زاران تێده‌په‌ڕێت، كاری‌ سه‌ره‌كیی ئه‌وانیش كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌ به‌ هه‌موو شێوازه‌كانی‌‌و گه‌یاندنه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌ناو په‌كه‌كه‌دا هه‌ڵهاتوون‌و كار بۆ میتی‌ توركی‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌ سه‌رای‌ سوبحان ئاغان‌و هه‌ندێكی‌ تریان له‌ژێر ناوی‌ پارتی‌ جیاجیادا كارده‌كه‌ن، هه‌ندێك كه‌س له‌وانیش په‌روه‌رده‌كراون‌و بۆ زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌مپی‌ مه‌خمورو جموجوڵی‌ په‌كه‌كه‌و گه‌ریلاو كه‌سوكاری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان. هه‌ندێكی‌ تریشیان له‌ كه‌مپی‌ سمێڵن له‌ سنووری‌ دهۆك، ئه‌مانه‌ش زانیاری‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا‌و سه‌ر به‌ میتن. به‌ڵام له‌ شاری‌ هه‌ولێر باره‌گای‌ میتی‌ توركی‌ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ دۆلاراوایه‌. ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و هه‌ندێك كه‌سی‌ باشوور كارده‌كه‌ن‌و زانیاری‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌رشه‌د زێباری‌ كه‌ له‌م دواییانه‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ دروستكرد له‌ سوریا به‌ ئاماژه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا‌و میت دروستكراوه‌. له‌ ساڵی‌ 2002ه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ به‌هۆی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندییه‌وه‌ پارتێك دروستبكات‌و بیكاته‌ بنكه‌یه‌كی‌ تری‌ زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌. له‌ شاری‌ به‌غداو به‌هۆی‌ سه‌فاره‌تی‌ توركیاو به‌ره‌ی‌ توركمانییه‌وه‌ (مكتب بغداد)ه‌وه‌ زانیاری‌ كۆده‌كرێته‌وه‌، هه‌ندێك كارمه‌ندی‌ ناو سه‌فاره‌ته‌كه‌ دیبلۆماسی‌ نین‌و سه‌ر به‌ میتی‌ توركن‌و له‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ردان‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ‌ هه‌یئه‌ی‌ عوله‌مای‌ موسلیمیندا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ‌ هه‌ندێك گروپی‌ تیرۆریست‌و حیزبی‌ ئیسلامی‌ عێراقییشدا په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ موسڵ‌‌و كه‌ركوكیش چه‌ند كه‌س‌و باندێك ئاشكرا بوون‌و ده‌ستگیركران كه‌ ده‌یانویست مام جه‌لال‌و مه‌سعود بارزانی‌ تیرۆربكه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ شاری‌ به‌غداو له‌ بانكی‌ زه‌راعی‌ توركی‌، چه‌ندین كه‌س هه‌ن كه‌ كار بۆ میت ده‌كه‌ن‌و خۆشیان هه‌ر پله‌دارن له‌ میتی‌ توركیدا، له‌وانه‌: 1(. ئیسور حه‌یفور، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانك 2. ئه‌میرجان، جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ر 3. جه‌نگیز ئۆزجان، فه‌رمانبه‌ر 4. وه‌حید قه‌نبه‌ر، فه‌رمانبه‌ر 5. شه‌یمائـ ئوجی‌، به‌رپرسی‌ ژمێریاری‌ 6. نازم ئوزده‌جیر، فه‌رمانبه‌ر.)؟!

ئه‌م كادره‌ میتییانه‌ش له‌لایه‌ن عه‌میدێكی‌ توركییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ده‌كرێن كه‌ ناوی‌ (ئوزبیكه‌)‌و له‌ میت كارده‌كات. له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت میت‌و ژیته‌م توانیویانه‌ خۆیان بخزێننه‌ ناو ته‌واوی‌ پارته‌كانی‌ باشووری‌ كوردستانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پارته‌ بچووكه‌كانیش. هه‌روه‌ها پارته‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانیش چه‌ندین ئه‌ندامیان هه‌یه‌ به‌ نهێنی‌ له‌گه‌ڵ‌ میتدا كارده‌كه‌ن‌و ئاسانكارییان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ توركیاوه‌ بۆ ده‌كرێت. به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ ساڵانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆدا پارتی‌ هاوكاری‌ سوپاو ئیستیخباراتی‌ توركیای‌ كردووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ نه‌یاره‌كانی‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌كه‌كه‌و یه‌كێتییدا، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ‌ ترس‌و به‌ئاشكرا چه‌ندین ده‌زگای‌ سه‌ربازی‌‌و سیخوڕی‌ یان هه‌ماهه‌نگكار له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی‌ توركیا له‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ولێرو بادینان بڵاوببنه‌وه‌و جێپێی‌ خۆیان قایمبكه‌ن. به‌ڵام دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌، داموده‌زگاكانی‌ یه‌كێتیی‌ نزیكترن له‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا تاوه‌كو پارتی‌‌و له‌م رووه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ هاوكاری‌‌و په‌یوه‌ندیی‌ نێوان هه‌ردوولا ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی‌ هه‌واڵگرییه‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ش میتی‌ تورك له‌ رێگه‌ی‌ حیزبه‌ توركمانییه‌كانه‌وه‌ به‌شێك له‌ چالاكی‌‌و پێگه‌كانیان گواسته‌وه‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌، به‌تایبه‌تی‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌‌و چوارقوڕنه‌. ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی‌ 2004 هێزێكی‌ فره‌ڕه‌گه‌ز هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ باره‌گا توركمانییه‌كان له‌ شاری‌ سلێمانی‌، پێنج كه‌سیان ده‌ستگیركردو توره‌كه‌یان كرده‌ سه‌ریان، كه‌ به‌ وته‌ی‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ئه‌فسه‌ری‌ پله‌به‌رزی‌ ده‌زگای‌ ئیستیخباراتی‌ توركی‌ بوون‌و له‌ پشێوییه‌كانی‌ ناو عێراق ده‌ستیان هه‌بووه‌. له‌ناو یه‌كگرتووی‌ ئیسلامییشدا چه‌ندین كه‌س هه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیادا هه‌یه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێداندایه‌. له‌ڕووی‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه‌، یه‌كگرتوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ توركیاوه‌ كارئاسانییان بۆ ده‌كرێت له‌ روانگه‌ی‌ پاره‌گۆڕینه‌وه‌و بازرگانی‌‌و په‌روه‌رده‌كردنی‌ كادره‌وه‌، له‌ رووی‌ راگه‌یاندن‌و سیاسی‌‌و ئابوورییشه‌وه‌، توركیا یه‌كگرتوو به‌ دۆستێكی‌ باشی‌ خۆی‌ ده‌زانێت‌و هاوكارییه‌كی‌ باش ده‌كرێن له‌لایه‌ن توركیاوه‌. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ ده‌یه‌وێت وه‌كو پارتی‌ داد‌و گه‌شه‌پێدان ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست‌و هه‌ر به‌هۆی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیاوه‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ توانیویه‌تی‌ هاوكارییه‌كی‌ باش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگاته‌ كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان.

لینکی لڤین

Advertisements

تاگەکان: , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: