ڕاپۆرتی سەنتەری مێترۆ سەبارەت بە پێشێلکاری مافی ڕۆژنامەوانان لە 4 مانگی سەرەتایی 2012

سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان به‌ هاوکاری‌ ڕێکخراوی‌ پاڵپشتی‌ میدیای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (IMS) پێشیلکارییه‌کانی‌ به‌رامبه‌ر به‌رۆژنامه‌نووسان له ‌چوار مانگی‌ سه‌ره‌تای 2012 دا.
22ی‌ نیسانی‌ 2012: سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان له ‌هه‌رێمی‌ کوردستان، ئه‌مڕۆ 22ی‌ نیسانی‌ 2012 یه‌که‌م راپۆرتی‌ وه‌رزی‌ چوار مانگی‌ یه‌که‌می‌ ئه‌مساڵ بڵاو ده‌کاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و پێشێلکاری‌‌و سه‌رپێچییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ئه‌نجامدراون. ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ و له‌ لایه‌ن تیمه‌کانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ وه‌ تۆمارکراون تا رۆژی‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی‌، له‌م راپۆرته‌ (17) که‌یسی‌ جیاوازه‌ له ‌پێشێلکاری ‌‌و سه‌رپێچی ‌‌و هه‌ڕه‌شه‌، که ‌تیایاندا (16) رۆژنامه‌نووس پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر کراوه‌و به‌ نایاسایی ده‌ستگیرکراون، هه‌روه‌ها (6) حاڵه‌تی‌ لێدان له‌ رۆژنامه‌نووس ‌و (20) حاڵه‌تی‌ رێگری‌ له‌ رووماڵکردن ‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ که‌ره‌سته‌ی‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانی‌، له‌گه‌ڵ (1) حاڵه‌تی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووس و (1) حاڵه‌تی‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر بینای‌ که‌ناڵی‌ راگه‌یاندن و (1) حاڵه‌تی‌ سوکایه‌تی‌ به‌ڕۆژنامه‌نووس و (1) هه‌وڵی‌ دیپۆرتکردنه‌وه‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووس. به ‌به‌راووردی‌ ئاماری‌ پێشێلکاری ‌‌و سه‌رپێچییه‌کانی‌ ئه‌مساڵ به‌ئاماری‌ ڕاپۆرتی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ ساڵی‌ 2011 و له‌هه‌مان ماوه‌دا، سه‌رپێچی‌ و پێشێلکارییه‌کان به‌ ڕێژه‌ی‌ (89%) که‌میکردووه‌. له‌ساڵی‌ 2011 دا و له‌هه‌مان ماوه‌دا (156) که‌یس له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری‌ میترۆ وه‌ تۆمارکراون که‌ تیایاندا سه‌دان پێشێلکاری‌ و سه‌رپێچی‌ به‌رامبه‌ر به ‌سه‌دان ڕۆژنامه‌نووس ئه‌نجامدراون.

که‌م بوونه‌وه‌ی‌ ئاماری‌ سه‌رپێچی‌ و پێشێلکارییه‌کان به‌رامبه‌ر به ‌رۆژنامه‌نووسان له‌مساڵدا، مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ زامنی‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان کراوه ‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هۆشیاری‌ ئه‌وه‌یان په‌یدا کردووه‌ که‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی‌ ته‌ندروست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا ده‌که‌ن له‌ کاتی‌ رووداوه‌کاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌مساڵدا که‌م جار هه‌بووه‌ رۆژنامه‌نووس توانیبێتی‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانێک بکات ‌و پێشێلکاری ‌‌و سه‌رپێچی‌ به‌رامبه‌ر نه‌کرابێت، دیارترین نموونه‌ش 17ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵه‌ که‌ به‌ر ده‌رکی‌ سه‌رای‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌ رۆژنامه‌نووسان قه‌ده‌غه‌کرابوو. به‌شێک له‌ هۆکاری‌ که‌مبونه‌وه‌ی‌ ئاماره‌کانیش به‌ به‌راووردی‌ ساڵی‌ پار ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌مساڵدا رووداو و خۆپیشاندانی‌ که‌متر روویداوه‌ به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ 2011 ململانێ سیاسییه‌کان که‌متربونه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای‌ سه‌رجه‌م ئه‌و داواکارییانه‌ی‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌نووسان و رێکخراوه‌کانی‌ کۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌کرێت له‌ پێناو فراوانکردنی‌ سنووره‌کانی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین و مامه‌ڵکردنی‌ ته‌ندروست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان، به‌ڵام تا ئێستا به‌پێی‌ پێویست حکومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی‌ کاریان له‌سه‌ر نه‌کردووه ‌و هه‌موو کاتێک رۆژنامه‌نووسان له‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌دان پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر بکرێت و رێگرریان لێبکرێت له ‌ڕووماڵکردنی‌ رووداوه‌کان.
هه‌ر وه‌ک له ‌ساڵی‌ پاردا سه‌نته‌ری‌ میترۆ (359) پێشێلکاری‌ تۆمارکرد و یه‌ک به‌رپرسی حکوومی‌ و حزبیش له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلکارییانه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کرا، ئه‌مساڵیش هه‌مان شێوه‌ی‌ ساڵی‌ پار لیژنه‌ی‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلکاریی و سه‌رپێچییه‌کان پێکهێنرا به‌ڵام هه‌ر وه‌ک پێشبینی‌ ده‌کرا بێ‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌هیچ که‌سێک لیژنه‌که‌ ده‌نگی‌ نه‌ما‌و هیچ ئه‌نجامێکیشی‌ رانه‌گه‌یاند له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی‌ له ‌ڕۆژی‌ 17ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدرا.
سه‌نته‌ری‌ میترۆ له ‌چوارچێوه‌ی‌ کاره‌کانی‌ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌مساڵدا هه‌نگاوێکی‌ تری‌ نا به‌ره‌و زیاتر داکۆکی له‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین و مافی‌ رۆژنامه‌نووسان، ئه‌ویش به‌ راگه‌یاندنی‌ پرۆژه‌ی‌ “سه‌نته‌ری‌ داکۆکی یاسایی‌ له‌ رۆژنامه‌نووسان” که‌ پرۆژه‌یه‌کی‌ هاوبه‌شی‌ نێوان سه‌نته‌ری‌ میترۆ و رێکخراوی‌ په‌ره‌پێدانی‌ دیموکراسی‌ و مافه‌کانی‌ مرۆڤ (DHRD)ه‌ و به‌ سپۆنسه‌ری‌ رێکخراوی‌ پاڵپشتی‌ میدیای‌ جیهانی‌ (IMS)ی‌ دانیمارکی. ئه‌م سه‌نته‌ره‌ هێڵێکی‌ گه‌رمی‌ به‌ ژماره‌ (3344) له‌ لایه‌ن کۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵه‌وه‌ بۆ دابینکراوه ‌و رۆژنامه‌نووسان ده‌توانن بێ‌ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندیبکه‌ن به‌و هێڵه‌وه‌.
ئه‌م سه‌نته‌ری‌ پارێزه‌ری‌ تایبه‌تی‌ له ‌سه‌رجه‌م شاره‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان هه‌یه‌و راوێژی یاسایی بۆ رۆژنامه‌نوسان پێشکه‌ش ده‌کات، هه‌روه‌ها دابینکردنی‌ پارێزه‌ری‌ خۆبه‌خش له‌و کاتانه‌ی‌ رۆژنامه‌نوس داوای‌ یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌کرێت یان رۆژنامه‌نوس داوایی یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ تۆمار ده‌کات که‌ سه‌رپێچی‌ و پێشێلکاری‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌ده‌ن.
ئه‌مه‌ش له‌پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی‌ پێشێلکاری‌ به‌رامبه‌ر به‌رۆژنامه‌نووسان و به‌ یاسا گه‌یاندنی‌ ئه‌و که‌سانه‌ی‌ پێشێلکاری‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
– ئه‌و سه‌رپێچی‌ و پێشێلکارییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراون:
1- رۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی کانونی دوهه‌م په‌یامنێری رادیۆی ده‌نگ له ‌قه‌زای که‌لار (سه‌ر به‌ئیداره‌ی گه‌رمیان) له‌ کاتی په‌یوه‌ندیکردنی به ‌به‌رپرسێکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به ‌جوێن ‌و قسه‌ی ناشرینی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌. محمد ره‌حیم که‌ریم به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت”په‌یوه‌ندیم به‌و به‌رپرسه‌وه‌ کرد بۆ لێدوان جوێنی پێدام ‌و به‌ رسته‌ی ناشرینی په‌یوه‌ندییکه‌ی پچڕان.”
2. رۆژی هه‌ینی 21ی‌ کانونی دووه‌م2012، سیپان ئامێدی په‌یامنێری که‌ناڵی NRT، به ‌سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند، له ‌به‌رده‌م مزگه‌وتی صلاح الدین الایوبی له‌ گه‌ڕه‌کی دیاری له ‌شاری‌ دهۆک له ‌کاتی روماڵکردنی هه‌واڵ بووم کاتێک که ‌ئه‌فسه‌رێکی ئاسایش هێرشی بۆ هێنام. سیپان ئامێدی وتی “لێیدام‌و کامێراکه‌ی لێسه‌ندم”. هه‌روه‌ها سه‌باح ئه‌تروشی به‌رپرسی ئۆفیسی NRT له‌ دهۆک به‌ میترۆی وت “تا خۆم نه‌چووم کامێراکه‌یان بۆ په‌یامنێره‌که‌مان نه‌گه‌ڕانده‌وه‌” ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا “هه‌ڕه‌شه‌یه‌کم له ‌رێگه‌ی فه‌یسبوکه‌وه‌ پێگه‌یشتوه‌ تۆمه‌تبارم ده‌که‌ن به‌وه‌ی سه‌ر به‌ یه‌کگرتوی ئیسلامیم” ئه‌مه‌ش ده‌قی ئه‌و نامه‌یه‌ که‌ بۆ سه‌باح ئه‌تروشی نێرداوه‌، ”هین وه‌کNRT بتایبه‌ت تو وه‌ک صباحی‌ خو فروش هه‌ر روز دکه‌ل لایه‌نه‌کی‌ کار دکه‌ت و بویه‌ دارده‌ست و که‌سه‌کی‌ زور هشیار بو تیکدانا ره‌وشا کوردستانی‌ و خزمه‌ت کرن بو دوزمنین کوردستان بتایبه‌ت نه‌عله‌تیان (………) که‌توش بیش وه‌خت دکه‌ل لایه‌نکه‌رین به‌نایی‌ بوی‌ ج مفا ته‌ زفان گورانکاریین خو دیته‌ ته‌نها هه‌که‌ ته‌ سمعه‌تا خو کیم نه‌کرێت و هنده‌ک ساقگ وه‌ک (….) و جه‌ند که‌سین دیتر و یا کرنک ئه‌وه‌ من دفیت بیزم ئه‌ف ره‌و ره‌وا هه‌وه‌ ج مفا تیدایه‌ ته‌ها هه‌که‌ تیکدان نه‌بیت و به‌یداکرنا ره‌وشه‌کا نه‌ئارام و نه‌عله‌ت لهه‌وه‌ بیت هه‌ی‌ که‌لی‌ خو فروش و دارده‌ستین (……..)”
3- رۆژی سێشه‌ممه‌ 31ی‌ کانونی‌ دووه‌می‌ 2012، رۆژنامه‌نوس سه‌روه‌ر ره‌حمان عه‌لی، ناسراو به‌ (سه‌روه‌ر پێنجوێنی)، به‌ سه‌نته‌ری میترۆی وت “له‌چه‌ندین لاوه‌ ده‌یان هه‌ڕه‌شم لێده‌کرێت هه‌ندێکیان هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنن له‌ که‌سانی ناسراوه‌وه‌.”(سه‌روه‌ر پێنجوێنی)، رۆژنامه‌نووس و نوسه‌ره‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ئایینیه‌کان ده‌نووسێت وه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ و وتار و کتێب. له‌ڕۆژنامه‌ی (چاودێر) نووسینه‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه‌، پێشتریش له‌ رۆژنامه‌ی (ئاسۆ) و (هاوڵاتی) ستوونی هه‌بووه‌.
4- فه‌رمان محه‌مه‌د په‌یامنێری‌NRT و وێنه‌گری‌ که‌ناڵه‌که‌ ئیبراهیم عه‌دنان، رۆژی‌ 10/1/2012 له‌کاتی‌ رووماڵکردنی‌ گردبوونه‌وه‌یه‌کی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌پێش کونسوڵخانه‌ی‌ تورکیا له ‌شاری‌ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سێک به‌ جل و به‌رگی‌ مه‌ده‌نی‌ و عه‌سکه‌رییه‌وه‌ رێگرییان لێده‌کرێت. فه‌رمان محه‌مه‌د به‌ میترۆی‌ وت “سه‌ره‌تا چه‌ند که‌سێک که‌ جلی‌ مه‌ده‌نییان پۆشیبوو هه‌وڵیاندا رێگریمان لێبکه‌ن و لێدوان له‌ هیچ که‌سێک وه‌رنه‌گرین و وێنه‌ش نه‌گرین، به‌ڵام دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ چه‌ند خوله‌کێک ئه‌وان رۆیشتن و نزیکه‌ی‌ 8 که‌سی‌ تر هاتن که‌ جلی‌ عه‌سکه‌رییان پۆشیبوو”. په‌یامنێره‌که‌ی‌ NRT وتی‌ “ئه‌و 8 که‌سه‌ سووکایه‌تییان پێکردین و دواتر له‌و شوێنه‌ ده‌یانکردین”.
5. رۆژی‌ 7ی‌ شوباتی‌ 2012 په‌یامنێری‌ که‌ناڵی‌ KNN ئه‌میر گۆران له‌گه‌ڵ وێنه‌گری‌ که‌ناڵه‌که‌ی‌ موفید فه‌یسه‌ڵ، له‌ کاتی‌ رووماڵکردنی‌ گردبوونه‌وه‌یه‌کی‌ ناڕه‌زایی‌ خێزانی‌ ئه‌و کورده‌ی‌ (هاوکار ره‌ئوف) له‌زیندانه‌کانی‌ وڵاتی‌ فه‌ره‌نسا مرد، له‌ پێش کونسوڵخانه‌ی‌ وڵاتی‌ فه‌ره‌نسا له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی‌ پۆلیس بۆ ماوه‌ی‌ کاتژمێرێک خۆیان و که‌ره‌سته‌ رۆژنامه‌وانییه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ر کران. ئه‌میر گۆران به‌میترۆی‌ وت “هێزه‌کانی‌ پۆلیس رێگرییان له‌من و وێنه‌گره‌که‌م کرد و نه‌یانهێشت به‌رده‌وام بین له ‌کاره‌کانی‌ خۆمان، به‌تایبه‌ت له‌و کاته‌ی‌ وێنه‌ی‌ هێزه‌کانی‌ پۆلیسمان گرت که‌ ده‌ستدرێژییان کرده‌ سه‌ر دایکی‌ هاوکار ره‌ئوف و خستیانه‌ نێو ئۆتۆمبێلی‌ پۆلیس و بردیان. نزیکه‌ی‌ 20 پۆلیس بۆ ماوه‌ی‌ کاتژمێرێک له‌ پێش کونسوڵخانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ گه‌مارۆیان داین و کامێرا و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانیین لێبردین و ده‌ستبه‌سه‌ر کراین”. په‌یامنێره‌که‌ی‌ که‌ناڵی‌ KNN وتی‌ “به‌هۆی‌ فشاری‌ که‌ناڵه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناوخۆییه‌کان ئێمه‌ ئازاد کراین و که‌ره‌سته‌کانییان پێداینه‌وه‌”.
6- کاتژمێر 11ی به‌یانی رۆژی 14ی شوبات له‌به‌رده‌م لقی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ قه‌زای سۆرانی سه‌ر به‌پارێزگای هه‌ولێر، هێرشکرایه‌ سه‌ر تیمی که‌ناڵی NRT و KNN. هیمداد قادر ئه‌حمه‌د په‌یامنێریKNN به‌ سه‌نته‌ری میترۆی ووت” ئێمه‌ چوین بۆ روماڵکردنی خۆپیشاندانی به‌رده‌م لقی پارتی به‌ڵام پاسه‌وانه‌کان رێگریان لێکردین هه‌ره‌شه‌یان لێکردین نابێت وێنه‌ بگرین چه‌کدارێک میلی تفه‌نگی لێهێناینه‌وه‌” عه‌بدو حسین په‌یامنێری NRT به‌ میترۆی ووت”چه‌کداره‌کان پێیان وتین نابێت وێنه‌بگرن‌و دور بکه‌ونه‌وه‌ لێره‌”
7. په‌یامنێری‌ سۆمه‌رییه‌ نیوز و رێکخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ ره‌حمان غه‌ریب رۆژی‌ 17ی‌ شوبات کاتژمێر 11:30 له‌ شاری‌ سلێمانی‌، له‌ کاتی‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ لایه‌ن نزیکه‌ی‌ 20 که‌س له ‌هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌ دار و شه‌ق لێی‌ ده‌درێت و سوکایه‌تی‌ پێده‌کرێت. ره‌حمان غه‌ریب به‌ میترۆی‌ وت “له‌و کاته‌ی‌ خه‌ریکی‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانیی‌ بووم له‌ به‌رده‌رکی‌ سه‌را، له ‌لایه‌ن نزیکه‌ی‌ 20 که‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌ به‌کارهێنانی‌ دار و شه‌ق هێرشیان کرده‌ سه‌رم ، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا جل و به‌رگی‌ ره‌نگ زه‌ردی‌ پرێسم بۆشی‌ بوو”. ره‌حمان غه‌ریب وتی‌ “دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لێیاندام کامێرا و مۆبایله‌که‌میان برد و دواتر منیان برد بۆ حه‌وشه‌ی‌ سه‌را و دوای‌ نیو کاتژمێر مانه‌وه‌ له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند رۆژنامه‌نووسێک به‌ کۆسته‌رێکی‌ هێزی‌ تایبه‌ت بردیانین بۆ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌کێتی‌ و دوای‌ مانه‌وه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ی‌ چه‌ندین بیانوو بردیانین بۆ بنکه‌ی‌ هێزی‌ ته‌واری‌ و له‌وێشه‌وه‌ بردیانین بۆ لای‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌”. په‌یامنێری‌ سۆمه‌رییه‌ نیوز وتی‌ “دوای‌ چوار کاتژمێر له‌ هێرش و ده‌ستگیرکردن ئازاد کرام، به‌ڵام ته‌نیا کامێراکه‌یان پێدامه‌وه‌ و تا ئێستا مۆبایله‌که‌م له‌لای‌ ئه‌وان ده‌ستبه‌سه‌ره‌”.
8- رۆژی‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2012 کاتژمێر 11:20ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر تیمێکی‌ رۆژنامه‌وانی‌ که‌ناڵی‌ KNN له‌به‌ر ده‌رکی‌ سه‌رای‌ شای‌ سلێمانی‌ و دوای‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کردن و سوکایه‌تی‌ پێکردنیان ئازاد ده‌کرێن. رێبین جه‌لال وێنه‌گری‌ که‌ناڵی‌ KNN به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ راگه‌یاند “کاتژمێر 11:20 له‌به‌ر ده‌رکی‌ سه‌را به‌رله‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌که‌مان ده‌ست به‌ وێنه‌گرتن و ئه‌نجامدانی‌ کاره‌کانمان بکه‌ین پێنج که‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بۆ من و په‌یامنێرمان عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بووبه‌کر و وێنه‌گر ره‌نجده‌ر، هاتن و پێیان وتین به‌ پیاوانه‌ له‌گه‌ڵمان وه‌رن با که‌رامه‌تتان نه‌شکێنین”. له‌وکاته‌ی‌ تیمی‌ که‌ناڵه‌که‌ بۆ ناو حه‌وشه‌ی‌ سه‌را ده‌به‌ن مۆبایل و کامێرا و مایک و لۆگۆی‌ که‌ناڵه‌که‌یان به‌ زۆر لێده‌ستێنن. رێبین جه‌لال وتی‌ “که‌ بردیانین بۆ سه‌را پڕ له ‌هێزی‌ ئه‌منی‌ بوو و چه‌ند ژوورێکی‌ تاریکیان بۆ ئه‌شکه‌نجه‌دان دانابوو، بۆیه‌ سه‌رجه‌م که‌ره‌سته‌کانی‌ رۆژنامه‌وانییان لێسه‌ندین و دوای‌ سێ‌ کاتژمێر کاسێتی‌ هه‌ردوو کامێراکانیان بردین و که‌ره‌سته‌کانی‌ تریان پێداینه‌وه‌”. ئه‌و وێنه‌گره‌ی‌ KNN وتی‌ “به‌ر له‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئازاد بکرێین پاسێک که‌ به‌په‌رده‌ جامه‌کانیان پۆشی‌ بوو، هه‌ر یه‌ک له‌ ره‌حمان غه‌ریب و کامه‌ران نه‌جم و سه‌بستیان مایه‌ر و په‌ژار محه‌مه‌د یان برد بۆ فه‌رمانده‌یی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌.”
9- رۆژی‌ 17ی‌ شوبات له‌ کاتی‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانی‌، سێ‌ فۆتۆگرافه‌ری‌ ماڵپه‌ری‌ میترۆگرافی‌ له ‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیرده‌کرێن و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێده‌سه‌ندرێت و دواتر هه‌وڵی‌ دیپۆرتکردنه‌وه‌ی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ ده‌درێت. کامه‌ران نه‌جم فۆتۆگرافه‌ر له‌ ماڵپه‌ڕی‌ میترۆگرافی‌ به‌ میترۆی‌ راگه‌یاند “له‌و کاته‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووس ره‌حمان غه‌ریب له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ لێی‌ ده‌درا، سه‌بستیان مایه‌ر سه‌رنووسه‌ری‌ ماڵپه‌ڕی‌ میترۆگرافی‌ و فۆتۆگرافه‌ر له ‌میترۆگرافی‌ په‌ژار محه‌مه‌د چوون وێنه‌ی‌ ره‌حمان بگرن و هاوکاری‌ بکه‌ن، به‌ڵام له ‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌میان جلی‌ سه‌ربازییان پۆشیبوو هه‌ر یه‌ک له ‌سه‌بستیان و په‌ژار ده‌ستگیرکران و بردران بۆ پۆلیسی‌ سه‌را”. له‌و کاته‌ی‌ کامه‌ران بۆ سۆراخ و ئازادکردنی‌ دوو وێنه‌گره‌که‌ی‌ تر ده‌چێت ئه‌ویش له‌ پۆلیسی‌ سه‌را ده‌ستگیر ده‌کرێت، و وه‌ک خۆی‌ وتی‌ “یه‌کێک له‌ئه‌فسه‌ره‌کان داوای‌ کامێرا و مۆبایله‌که‌ی‌ کرد و که‌ وتم بۆچیته‌ یه‌کسه‌ر زلله‌یه‌کی‌ لێدام و هاند و کامێراکه‌شی‌ لێوه‌رگرتم، پێشتریش کامێرا و مۆبایلی‌ دوو وێنه‌گره‌که‌ی‌ تریان وه‌رگرتبوو”. دوای‌ ئه‌وه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌به‌ن بۆ هێزی‌ فه‌رمانده‌یی‌ و له‌وێش ده‌زانن که‌سێکی‌ ده‌ستگیرکراوی‌ بیانییان له‌گه‌ڵدایه‌ پێیان راده‌گه‌یه‌نن که‌ ده‌عوه‌تی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ شێخ جه‌عفه‌رن بۆ نانخواردنی‌ نیوه‌ڕۆ، به‌ڵام ئه‌وان داوه‌ته‌که‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ و داوای‌ ئازادبوونیان ده‌که‌ن. کامه‌ران وتی‌ “دوای‌ ئه‌وه‌ سه‌بستیان که‌ هاوڵاتیه‌کی‌ ئه‌مریکییه‌ بردرایه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئیقامه‌ی‌ سلێمانی‌ و ئێمه‌شیان نارده‌ بنکه‌ی‌ هێزی‌ ته‌واری‌ و له‌وێ‌ داوایان کرد پاسه‌پۆرتی‌ سه‌بستیانیان پێ‌ بده‌م تاوه‌کو دیپۆرتی‌ بکه‌نه‌وه‌ له‌ کوردستان ده‌ری‌ بکه‌ن”. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ کامێراکه‌یان پێده‌ده‌نه‌وه‌ ئازادیان ده‌که‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن تکت بۆ سبه‌ستیان بکڕن تاوه‌کو بینێرنه‌ وڵاتی‌ تورکیا، به‌ڵام له‌ هه‌وڵه‌که‌یان سه‌رکه‌وتوو نابن.
10- په‌یامنێری‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ دانا ره‌زگه‌یی‌، رۆژی‌ 17ی‌ شوبات له‌ کاتژمێر 2:30 ی‌ نیوه‌ڕۆ له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ شاری‌ رانییه‌ له‌ لایه‌ن نزیکه‌ی‌ 12 پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌لاماردرا و به‌ قۆنداغه‌ تفه‌نگ لێی‌ درا. دانا ره‌زگه‌یی‌ به‌ میترۆی‌ وت “ویستم به‌ کامێراکه‌م وێنه‌ بگرم، به‌ڵام نزیکه‌ی‌ 12 که‌س که‌ جلی‌ سه‌ربازی‌ و پێشمه‌رگه‌یان پۆشیبوو له‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ لیوای‌ 6ی‌ پیاده‌ بوون، په‌لاماریاندام و به‌ دار و شه‌ق و قۆنداغه‌ تفه‌نگ که‌وتنه‌ گیانم و ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 10 خوله‌ک لێیاندام و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێبردم”. ئه‌و په‌یامنێره‌ی‌ هاوڵاتی‌ وتی‌ “ له‌و کاته‌ی‌ که‌ ناسنامه‌ی‌ رۆژنامه‌وانیم پیشاندانی‌ هێزه‌که‌دا، ناسنامه‌که‌یان دڕاند و به‌هۆی‌ په‌لاماره‌که‌یانه‌وه‌ ئازارێکی‌ زۆریان پێگه‌یاندم تا ئه‌و راده‌یه‌یی‌ پێویستی‌ کرد چاره‌سه‌ر وه‌ربگرم. بۆیه‌ سکاڵای‌ یاساییم له ‌دادگای‌ به‌رایی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ تۆمارکرد، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند به‌رپرسێک هه‌وڵیاندا رووداوه‌که‌ به‌ سوڵحی‌ عه‌شایه‌ری‌ چاره‌سه‌ر بکرێت”.
11. رۆژی‌ 18ی‌ شوبات له‌ شاری‌ سلێمانی‌ کاروان ره‌حمان په‌یامنێری‌ NRT له‌گه‌ڵ وێنه‌گری‌ که‌ناڵه‌که‌ رێکه‌وت موشیر، له‌لایه‌ن هێزێکی‌ ئه‌منییه‌وه‌ که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانیان لێده‌سه‌ندرێت و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێن و سوکایه‌تییان پێده‌کرێت. په‌یامنێره‌که‌ی‌ NRT به‌ میترۆی‌ وت “به‌ئۆتۆمبیلی‌ که‌ناڵه‌که‌مان به‌ره‌و بازاڕی‌ زێرنگره‌کان ده‌ڕۆیشتین و له‌وێ‌ نزیکه‌ی‌ 10 که‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان کێشایان به ‌جامی‌ ئۆتۆمبیله‌که‌ تاوه‌کو رایبگرین، کامێرا و مۆبایل و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێبردین و کامێراکه‌مان که‌ بایی‌ 30 هه‌زار دۆلار بوو له‌ پێش بارانه‌که‌ دایاننا و ئێمه‌یان برده‌ به‌رده‌رکی‌ سه‌را و له‌نێو پاسێکی‌ تاریک دایانناین”.
وه‌ک کاروان وتی‌ “به‌ هه‌مان ئۆتۆمبێلی‌ خۆمان 3 پۆلیسییان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاتن و ئۆتۆمبێلێکی‌ تری‌ پۆلیسیش به‌دوامانه‌وه‌ بوو و براین بۆ ئاسایشی‌ سلێمانی‌.
له‌وێ‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ک تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کردین تابراینه‌ ژووری‌ مولازمێک و ئه‌ویش وه‌ک تیرۆریستێک مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ کردین و دواتر خراینه‌ ژووری‌ پۆستاڵی‌ سه‌ربازه‌کان و له‌وێ‌ ماوه‌ی‌ 40 خوله‌ک ده‌ستبه‌سه‌ر کراین و پێیان وتین ئێوه‌ ئاشوب ئه‌نێنه‌وه‌”. په‌یامنێری‌ که‌ناڵه‌که‌ وتیشی‌ “دواتر له‌ ژووری‌ پۆستاڵه‌کان هێنایانینه‌ ده‌ره‌وه‌ و مۆبایل و کامێراکه‌یان داینه‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ‌ هارد و میمۆرییه‌که‌ی‌ و کامێراکه‌مان زیانی‌ به‌رکه‌وتووه‌. ماوه‌ی‌ ده‌ستگیرکردنه‌که‌مان زیاتر له‌ کاتژمێر و نیوێکی‌ خایاند”.
12- په‌یامنێری‌ که‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ هه‌ولێر راز نه‌ورۆز محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ وێنه‌گری‌ که‌ناڵه‌که‌ عزه‌دین قادر، کاتژمێر 11ی‌ سه‌ر له‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 19ی‌ شوبات له‌ شاری‌ سلێمانی‌ رێگرییان لێده‌کرێت و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێده‌بردرێت و ده‌ستگیرده‌کرێن. عزه‌دین قادر به‌ میترۆی‌ وت “له ‌ناو دووکانه‌کانی‌ بازاڕی‌ عه‌سری‌ لێدوانمان له‌ دووکانداره‌کان وه‌رده‌گرت سه‌باره‌ت به‌ئاهه‌نگی‌ شه‌کراوخواردنه‌وه‌، 6 سه‌رباز هاتن پێیان وتین بۆمان نییه‌ لێره‌ کاربکه‌ین به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئاسایش. بۆیه‌ رۆیشتین بۆ ئاسایش و نووسراوی‌ رێگه‌پێدراوی‌ ئه‌وانمان هێنا تاوه‌کو به‌رده‌وام بین له‌کاره‌که‌مان”. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ ته‌واوکردنی‌ کاره‌که‌یان دووباره‌ هه‌مان ئه‌و سه‌ربازانه‌ی‌ پێشوو ده‌ستگیریان ده‌که‌ن. وێنه‌گری‌ که‌ناڵی‌ هه‌ولێر وتی‌ “سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تی‌ ئاسایشمان پیشاندان، به‌ڵام ده‌ستگیریانکردین و که‌ره‌سته‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانیان بردو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌یان ئه‌کرد ئه‌گه‌ر به‌ئارامی‌ نه‌رۆین کامێراکه‌مان ئه‌شکێنن.
مامه‌ڵه‌کردنی‌ ئه‌و هێزه‌ به‌جۆرێک بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ دوو تیرۆریستیان گرتبێت.
بردیانین بۆ نێو پاسێک که‌ له‌شێوه‌ی‌ زینداندا بوو و له‌وێش رێگایان نه‌دا په‌یوه‌ندی‌ به‌هیچ که‌سێک بکه‌ین و دوای‌ هێشتنه‌وه‌مان بۆ ماوه‌یه‌ک که‌ره‌سته‌کانمان پێدرایه‌وه‌ و ئازاد کراین.”وێنه‌گره‌که‌ وتیشی‌ “هێزه‌ ئه‌منییه‌که‌ وتیان ئێوه‌ ئاژاوه‌چی‌ نین و پۆلیسێکتان له‌گه‌ڵ ئه‌نێرین بۆئه‌وه‌ی‌ له‌کاتی‌ کاره‌کانتان له‌گه‌ڵتان بێت، ئێمه‌ ره‌تمانکرده‌وه‌و رۆیشتین”.
13- رۆژی‌ 19ی‌ شوبات له‌شاری‌ سلێمانی‌ بڕیار نامق په‌یامنێری‌ KNN و وێنه‌گری‌ که‌ناڵه‌که‌ ته‌لان کۆسره‌ت، له‌ رۆژێکدا دووجار ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێن و که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێ ده‌سه‌ندرێت. بڕیار نامق به‌ میترۆی‌ وت “چووین کار له‌سه‌ر بڕینی‌ دووکانی‌ زێڕنگره‌کانی‌ بازاڕی‌ عه‌سری‌ بکه‌ین 7 پێشمه‌رگه‌ که‌ داریان پێبوو پێیان وتین ئه‌بێت بوه‌ستن و بێن بۆلای‌ گه‌وره‌مان و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌یان کرد ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیان نه‌چین ئه‌وا ئه‌زێتمان ده‌ده‌ن”. بڕیار وتیشی‌ “ئێمه‌یان برد بۆ حه‌وشی‌ سه‌را، گه‌وره‌که‌ی‌ ئه‌وان به‌رپرسێکی‌ فه‌رمانده‌یی‌ بوو و پێی‌ وتین هه‌وڵبده‌ن ئه‌م ماوه‌یه‌ مه‌یه‌نه‌ ناوبازاڕ و دوای‌ ئه‌وه‌ ئه‌بێت مۆڵه‌ت وه‌ربگرن بۆئه‌وه‌ی‌ بێنه‌ ناوبازاڕ”. دوای‌ ماوه‌ی‌ کاتژمێرَک له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردن ئازاد ده‌کرێن، به‌ڵام دوای‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان دووباره‌ له‌به‌رده‌رکی‌ سه‌را له‌ لایه‌ن 7 که‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان که‌ره‌سته‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان لێده‌سه‌نرێت و له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێنه‌وه‌. بڕیار وتی‌ “یه‌کێک له‌ 7 که‌سه‌که‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ ئاسایش کرد و ئه‌ویش پێی‌ وتن له‌ لای‌ خۆتان ده‌سته‌به‌سه‌ریان بکه‌ن، دوای‌ نزیکه‌ی‌ کاتژمێرێک له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردنمان ئازاد کراین و که‌ره‌سته‌کانمان درایه‌وه‌”.
ستافه‌که‌ له ‌هه‌وڵه‌که‌یان به‌رده‌وام ده‌بن بۆئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ بازاڕی‌ عه‌سری‌ بگرن، بۆیه‌ دووباره‌ ده‌چنه‌وه‌ ئه‌وێ‌ و له‌وێش له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێک به‌ جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ ڕێگریان لێده‌کرێت، “بۆیه‌ داوای‌ عه‌لاگه‌مان له‌ دووکانداره‌کان کرد تاوه‌کو کامێرا و لۆگۆی‌ که‌ناڵه‌که‌مانی‌ تێبکه‌ین و به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌وێمان جێهێشت”.
14- کاتژمێر 11ی به‌یانی رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ (3/3/2012) له‌ کاتی رووماڵکردنی ناڕه‌زاییه‌تی ‌و خۆپیشاندانی کۆمه‌ڵێک له‌ سه‌ربازه‌کانی لیوای 8ی سوپای عێراق له ‌به‌رده‌م فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی دهۆکی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هێرشکرایه‌ سه‌ر هه‌ردوو تیمی که‌ناڵی KNN و تیمی که‌ناڵی NRT. لێیانده‌ده‌ن‌و کامێراکه‌شیان ده‌شکێنن‌و ده‌ستی به‌سه‌را ده‌گرن. په‌یامنێری که‌ناڵی KNN له‌شاری دهۆک، له‌ تیف دۆسکی به ‌سه‌نته‌ری میترۆی وت “دوو که‌س په‌لاماری خۆمیانداو به ‌شه‌ق ‌و بۆکس، دوکه‌سیش کامێراکه‌یان به‌ زۆر لێسه‌ندم” جه‌ختیکرده‌وه‌ “پاش ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌رۆژنامه‌نوسان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆیان گه‌ڕاندمه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستیان به‌سه‌ر کاسێته‌که‌دا گرتووه‌.” ئه‌و هێزه‌ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به ‌قۆناغه‌ تفه‌نگ هێرشیانکردۆته‌ سه‌ر وێنه‌گری که‌ناڵی NRT و ده‌ستیانگرتووه‌ به‌ سه‌ر که‌ره‌سته‌ی رۆژنامه‌نوسی تیمی که‌ناڵه‌که‌. په‌یامنێری NRT له ‌دهۆک سه‌باح ئه‌تروشی، به ‌میترۆی وت “هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی وێنه‌گرتن هێزیکی 50 که‌سی په‌لاماری داین به‌هێز کامێراکه‌یان له‌ وێنه‌گره‌که‌مان سه‌ند” ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا “ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی بووین که‌چی ده‌یانووت وێنه‌مه‌گرن نا یاساییه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کردین.” هه‌روه‌ها وێنه‌گری که‌ناڵی NRT، شۆڕش دۆسکی به‌ میترۆی وت “ ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ له ‌ده‌ستیاندام تا کامێراکه‌یان لێسه‌ندم‌و بردیان، پاشان کامێراکه‌مان له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی داکۆکیکردن له ‌رۆژنامه‌نوسان به‌ شکاوی وه‌رگرتۆته‌وه‌.”
15- کاتژمێر 9:30 شه‌وی هه‌ینی 23ی ئازار 2012 رادیۆی ده‌نگی یه‌کگرتوو که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامی مه‌لیک مه‌حمود له‌ شاری سلێمانی ته‌قه‌ له‌ بیانی‌ رادیۆکه‌ کراو چه‌ند فیشه‌کێکی به‌رکه‌وت. ئه‌مه‌ دووه‌مین جاره‌ رادیۆی ناوبراو رووبه‌ڕووی هێرشی چه‌کداری ببێته‌وه‌. پێشتریش له‌ شه‌وی 21ی نیسانی ساڵی 2011 به‌ هه‌مان شێوه‌ هێرشکرایه‌ سه‌ر رادیۆی ناوبراو چوار فیشه‌ک نرا به‌بینای رادیۆکه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سلێمانی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشه‌ ده‌ستگیربکه‌ن. به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی یه‌کگرتوو به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت، ” فیشه‌که‌کان به‌ر پرسگه‌ که‌وتووه‌ که‌ چوار فیشه‌که‌ هیچ زیانێکی گیانی نه‌بووه‌” جه‌ختیکرده‌وه‌ “هێزه‌ ئه‌منییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌یان ده‌ست پێکردوه‌.”
16- سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 8ی نیسان له‌کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانی کۆمه‌ڵێک هاوڵاتی له‌به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان. هێزه‌کانی ئاسایشی ناوخۆ رێگریان کرد له‌ ڕۆژنامه‌نووس زمناکۆ ئیسماعیل په‌یامنێری‌ سایتی سبه‌ی و جوانرۆ محه‌مه‌د له‌رادیۆی گۆڕان و جه‌لال له‌ که‌ناڵی‌ په‌یام و ئازاد تۆفیق له‌ڕادیۆی خه‌ڵک. زمناکۆ ئیسماعیل به‌ سه‌نته‌ری میترۆی ووت” چه‌ند که‌سێک به ‌به‌رگی مه‌ده‌نی هه‌ره‌شه‌یان لێکردین‌ و نه‌یانهیێشت وێنه‌ بگرین” جه‌ختیکیرده‌وه‌ ” رێگریان له‌ من‌و په‌یامنێری رادیۆی گۆڕان جوانرۆ محمد ‌و تیمی که‌ناڵی په‌یام کرد.”
17. دوا نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ 20/4/2012 شێروان شێروانی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ باشوور، به‌ به‌رچاوی‌ خێزانه‌که‌ی‌ له‌ سه‌یرانگای‌ (باکرمان) له‌ ئاکرێ‌ ده‌ستگیر ده‌کرێت. جێگری‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ باشوور سیروان ره‌مه‌زان به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆی‌ وت “به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێش وه‌خت شێروان شیروانی‌ و من وه‌ک جێگری‌ سه‌رنووسه‌ر یان گۆڤاره‌که‌مان له‌ هه‌بوونی‌ سکاڵایه‌ک و بڕیاری‌ پێڕاگه‌یاندنی‌ دادوه‌ر ئاگادار بکرێینه‌وه‌، شێروان یان له‌کاتی‌ بوونی‌ له‌ سه‌یران به‌ به‌رچاوی‌ خێزان و ماڵه‌وه‌یان له ‌لایه‌ن پۆلیسی‌ فریاکه‌وتن و پۆلیسی‌ بنکه‌ی‌ گوڵان که‌ به‌ دوو ئۆتۆمبێل هاتبوون ده‌ستگیریان کرد و بردیان”. جێگری‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ باشوور وتی‌ “له‌ بنکه‌ی‌ پۆلیسی‌ گوڵان پێیان راگه‌یاندین پێشتر بڕیاری‌ پێڕاگه‌یاندنی‌ دادوه‌ریان ناردووه‌ بۆ لقی‌ دهۆکی‌ سه‌ندیکای‌ رۆژنامه‌نووسان، به‌ڵام ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ کردن و وتیان ئێمه‌ وه‌ک لقی‌ دهۆک هیچ بڕیارێکی‌ پێڕاگه‌یاندنمان بۆ نه‌هاتووه‌” جه‌ختیکرده‌وه‌ و وتی‌ “ته‌نیا له‌کاتی‌ ده‌ستگیرکردنی‌ زانیمان به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر له‌سه‌ر تۆمارکردنی‌ سکاڵایه‌ک پێویست بووه‌ له‌ به‌رده‌م دادوه‌ر ئاماده‌بێت”.وه‌ک سیروان ره‌مه‌زان به‌ میترۆی‌ وت “به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شێروان له‌ رۆژی‌ هه‌ینیدا ده‌ستگیرکراوه‌و تا رۆژی‌ یه‌ک شه‌ممه‌ دادگا نییه‌، له‌وماوه‌یه‌ به‌ده‌ستگیرکراوی‌ له‌بنکه‌ی‌ ته‌سفیراتی‌ ئاکرێ‌ ده‌مێنێته‌وه‌”.
راسپارده‌کان:
له ‌ژێر دروشمی‌ ((پێکه‌وه‌ به‌ره‌و پاراستنی‌ مافه‌کانی‌ رۆژنامه‌نوسان )) له ‌رۆژانی‌ 18- 19\3\2012 له‌هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، کۆنفرانسی‌ نیشتمانی‌ ((گه‌شه‌پێدانی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌کوردستان)) له‌لایه‌ن ((ئه‌نستتیوتی‌ کوردستان بۆ مافه‌کانی‌ مرۆڤ)) و به‌هاوکاری ‌((رێکخراوی‌ ئایرێکسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌)) به‌به‌شداری‌ 100 لایه‌ن ئه‌نجامدرا, که‌ پێکهاتبوون له‌ نوێنه‌رانی‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت و دادگا و ده‌زگا ئه‌منیه‌کان و دادوه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و رێکخراوه‌کانی‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و ئازادی‌ راده‌ربرین ، جگه‌ له‌ نوێنه‌ری‌ چه‌ندین ده‌زگای‌ نیشتمانی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ تر. دوای‌ پێشکه‌شکردنی‌ چه‌ندین راپۆرت و توێژینه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ پێشێلکاریه‌کان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و کێشه‌کانی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ له‌ کوردستان و واقع و ئیشکالیه‌ته‌ یاسایی و سیاسیه‌کان و چاره‌سه‌ریان. دواتریش دوای‌ دوو ڕۆژ له‌ گفتوگۆی‌ چڕوپڕ و کراوه‌ و بابه‌تی‌ له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ به‌شداربوانی‌ کۆنفرانسه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌کانی‌ کۆنفرانس به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌گه‌شه‌پێدانی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ کوردستان و نه‌هێشتنی‌ پێشێلکاریه‌کان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و سزادانی‌ یاسایی ئه‌وانه‌ی‌ به‌م تاوانانه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌هاوکاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌یه‌که‌وه‌.
به‌شداربوانی‌ کۆنفرانس گه‌یشتن به‌ چه‌ند راسپارده‌یه‌ک له‌ سه‌ر چوار ئاست به ‌ئامانجی‌ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ک بۆ کاری‌ داهاتوویان به‌ئاراسته‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له ‌هه‌رێمی‌ کوردستان. سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داکۆکی له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان که‌ به‌شداربوویه‌کی‌ چالاکی‌ ئه‌و کۆنفرانسه‌ بوو، بڕیاریدا هه‌مان ئه‌و راسپاردانه‌ی‌ ئه‌و کۆنفرانسه‌ که‌ پێشکه‌شی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان کرا بکاته‌ راسپارده‌ی‌ ئه‌م راپۆرته ‌و پشتگیریی ته‌واوه‌تی‌ لێده‌کات بۆ ئه‌م قۆناغه‌.
ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ش ده‌قی‌ راسپارده‌کانه‌:
یه‌که‌م \\ له‌سه‌ر ئاستی‌ چالاککردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و دادگاکان بۆ نه‌هێشتنی‌ پێشێلکارییه‌کان:1 . چه‌سپاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ دادگاکان، و دانانی‌ دادوه‌ره‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ توانست و شاره‌زایی .
2. سه‌روه‌ری‌ یاسا، سه‌روه‌رکردنی‌ یاسا به‌شێوه‌یه‌ک له‌ هه‌موو دادگاکان یاساکان به‌ هه‌مان شێوه‌ په‌یڕه‌و بکرێت و له‌که‌یسه‌کانی‌ رۆژنامه‌نوساندا ته‌نها کار به‌یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له ‌هه‌رێمی‌ کوردستان بکرێت له‌ سه‌رجه‌م دادگاکاندا 3. کردنه‌وه‌ی‌ هۆبه‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ شاره‌کاندا 4. دادوه‌ری‌ تایبه‌تمه‌ند بۆ بینینی‌ که‌یسی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ دادگاکاندا دابندرێت5 . دروست کردنی‌ بۆردێکی‌ هاوبه‌ش له‌ شێوه‌ی‌ ژوورێکی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێکردن و که‌ناڵه‌کانی‌ راگه‌یاندن و رێکخراوه‌کانی‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و ئازادی‌ ده‌ربرین بۆ به‌دواداچوون و نه‌هێشتنی‌ ئه‌و کێشانه‌ی‌ دێنه‌ به‌رده‌م رۆژنامه‌نوسان به ‌هه‌ماهه‌نگی‌ و هاوکاری‌ هه‌موو لایه‌ک .
دووه‌م\\ له‌سه‌ر ئاستی‌ چالاککردنی‌ په‌رله‌مان بۆ نه‌هێشتنی‌ پێشێلکارییه‌کان:1. په‌رله‌مانی‌ کوردستان به‌ مامه‌ڵه‌ی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ میدیا و میدیا کاراندا 2. په‌رله‌مانی‌ کوردستان له‌رێگه‌ی‌ لیژنه‌کانییه‌وه‌ به‌دواداچوون بکات بۆ حاڵه‌ته‌کانی‌ کارنه‌کردن به‌ یاسای‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانی‌3. په‌رله‌مانی‌ کوردستان پرۆژه‌ یاسای‌ ده‌ستخستنی‌ مافی‌ زانیاری‌ ده‌ربچوێنێت به‌شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی‌ ئازادی‌ زانیاریه‌کان و شه‌فافیه‌ت کۆک بێت 4. په‌رله‌مانی‌ کوردستان یاسای‌ فریکوێنسی‌ سپه‌یس بۆ رێکخستنی‌ په‌خشی‌ که‌ناڵه‌کان ده‌ربچوێنێت.
5. له ‌ناو په‌رله‌مانی‌ کوردستان لیژنه‌ یاخود ده‌سته‌یه‌ک پێکبهێندرێت به‌ میکانیزمێکی‌ گونجاو به‌دواداچوون بۆ پێشێلکارییه‌کان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان بکات.6. راپۆرتی‌ رێکخراوه‌کانی‌ مافی‌ مرۆڤ و دامه‌زراوه‌کانی‌ تایبه‌ت به‌ داکۆکیکردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان، که‌ تایبه‌تن به‌ پێشێلکاری‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت و بخرێته‌ ئه‌جێندای‌ کۆبوونه‌وه‌کانی‌ په‌رله‌مان.
7. په‌رله‌مانی‌ کوردستان چاودێر بێت به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌کانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ رێنماییه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسای‌ کاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌رنه‌چوێنن.8. جیاکردنه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ داواکاری‌ گشتی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ داد و به‌ستنه‌وه‌ی‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ و گۆڕینی‌ ناوی‌ داواکاری‌ گشتی‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ گشتی‌.
سێهه‌م\\ له‌سه‌ر ئاستی‌ چالاککردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ راپه‌راندن بۆ نه‌هێشتنی‌ پێشێلکارییه‌کان (سه‌رۆکایه‌تی‌ هه‌رێم، سه‌رۆکایه‌تی‌ حکومه‌ت، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و پۆلیس و ئاسایش)1. ده‌رکردنی‌ په‌یامێک له‌ سه‌رۆکایتی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ حکوومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و یه‌که‌ ئیدارییه‌کان و پۆلیس و ئاسایش، که‌ به‌ رێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بکه‌ن 2. جگه‌ له‌ پۆلیس هیچ ده‌زگایه‌کی‌ ئه‌منی‌ بۆی‌ نه‌بێت رۆژنامه‌نووس بانگ بکات ئه‌ویش ته‌نیا به‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ر ده‌بێت 3. بوونی‌ باجێکی‌ تایبه‌ت که‌ رۆژنامه‌نووسی‌ پێ بناسرێته‌وه ‌4. له‌کاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵسووکه‌وتێکی‌ نه‌شیاو و نایاسایی‌ له ‌لایه‌ن کارمه‌ندانی‌ پۆلیس و یه‌که‌ ئیدارییه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووس، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت و به‌پێی‌ هه‌ڵسووکه‌وته‌که‌ سزا بدرێن.
5. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌زگای‌ حزبی‌ بۆی‌ نه‌بێت ده‌ست وه‌ربدات له‌ که‌یسی‌ رۆژنامه‌نووسان و له‌ پۆلیس و دادگاکان 6. کاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت نه‌کرێت و ده‌بێت حکومه‌ت به‌ یه‌ک چاو لێیان بڕوانێت و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا بکات به‌ شێوه‌یه‌کی‌ یه‌کسانانه‌ 7. رووماڵکردنی‌ چالاکی‌ و وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ بۆ هه‌موو رۆژنامه‌نووسان و که‌ناڵه‌کانی‌ راگه‌یاندن وه‌ک یه‌ک بێت و جیاوازی‌ نه‌کرێت 8. په‌له‌کردن له‌ ئاماده‌کردنی‌ یاسایه‌ک بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ کاری‌ راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا، به‌ جۆرێک ده‌سته‌که‌ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستان بێت.
چواره‌م\\ له‌سه‌ر ئاستی‌ چالاککردنی‌ کۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و میدیاکان بۆ نه‌هێشتنی‌ پێشێلکارییه‌کان: 1. ئه‌نجامدانی‌ خولی‌ تایبه‌ت به‌ (رۆژنامه‌نووسان و پۆلیس، هوشیاری‌ یاسایی‌، خولی‌ پیشه‌یی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان، مافه‌کانی‌ مرۆڤ) پێویسته‌ به‌به‌رده‌وامی‌ و به‌چری‌ هه‌بن .
2. بۆ رێگرتن له‌ به‌رده‌وامبوونی‌ پێشلکارییه‌کان، نابێت ته‌نیا به‌ به‌یاننامه‌ واز بهێندرێت به‌ڵکوو له‌ کاتی‌ پێویستدا ناڕه‌زایی‌ و که‌مپین و خۆپیشاندان رێکبخرێت و راسته‌وخۆ به‌دواداچوون بۆ که‌یسی‌ پێشێلکاری‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامبدرێت.
3. ده‌رکردنی‌ په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی‌ رۆژنامه‌نووسان وپابه‌ندبوون پێیه‌وه‌ 4. وردبینی‌ کردن له‌ که‌یسی‌ پێشێلکارییه‌کان به‌ر له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی‌ له‌ راپۆرته‌کاندا 5. له‌ناو که‌ناڵه‌کانی‌ راگه‌یاندندا جیاوازی‌ ره‌گه‌زی‌ نه‌هێڵدرێت.
6. رێکخراوه‌کانی‌ کۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ پشتیوانی‌ له‌و به‌ها مرۆییانه‌ بکه‌ن که‌ ده‌زگاکانی‌ راگه‌یاندن په‌ره‌ی‌ پێده‌ده‌ن، له‌وانه‌ش: به‌های‌ ئازادی‌ و مافه‌کانی‌ مرۆڤ و مافی‌ بڵاوکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕین.
7. ده‌زگاکانی‌ راگه‌یاندن گه‌شه‌ به‌ بنه‌مای‌ به ‌ده‌زگایی بوون بده‌ن له ‌پێکهاته‌ و په‌یکه‌ر و چالاکییه‌کانی‌ خۆیاندا .8. له‌ کۆتاییدا هه‌مومان له‌گه‌ڵ ئیدانه‌کردنی‌ توندی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی‌ که‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان کراوه‌ و ده‌کرێت , جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ رێزگرتن له‌ مافه‌کانی‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌که‌ینه‌وه‌ وه‌ک مه‌رجی‌ پێشوه‌ختی‌ ئازادی‌ ده‌ربرین و بنه‌مای‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ کوردستان.
لێره‌شه‌وه‌ داواکارین هه‌مومان به‌یه‌که‌وه‌ و هه‌رکه‌س به‌پێی‌ بوار و پسپۆری‌ خۆی‌ به‌رپرسیارێتی‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ له‌و باره‌یه‌وه‌, و کار بکات بۆ نه‌هێشتنی‌ ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌کرێت. به‌ڵکوو به‌ هاوکاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ کاری‌ چر و زانستیانه‌ بکه‌ین بۆ چه‌سپاندنی‌ ته‌واوی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ کوردستان به‌پێی‌ ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌کانیان. ئه‌م رێکخراوه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌کان ده‌کات که‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌کی له‌ به‌غدایه‌.
بۆ زانیاری زیاتر، په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌: ره‌حمان غه‌ریب، رێکخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ: 07701523300rahmangarib@yahoo.com
نیاز عه‌بدوڵڵا، به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێر: 07504617014
niyazabdulla@yahoo.com
ئاوات عه‌لی‌، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ 07701435822
awatali@journalist.com
Advertisements

تاگەکان: ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: