پەیەدە: خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەژیمی بەعسین بەڵام نەک بە هێرشی تورکیا


وتووێژی NNS ROJ لەگەڵ «نەواف خەلیل», بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک [PYD] لە ئەورووپا
ئاماژە: «نەواف خەلیل»، بەرپرسی ڕاگەیاندنی «پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک» لە ئەورووپا، لە وتووێژێک دا لەگەڵ «ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ» باس لە پەسەندکرانی یەکەم بەڵگەنامەی مێژووی سووریا لە لایەن «کۆمیتەی هاوئاهەنگی نیشتمانی» دەکات کە تێیدا ددان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک لە سووریا دانراوە و بەڵێن دراوە کە هەموو پرسەکانی کورد چارەسەر بکرێن. ناوبراو دەڵێ کە لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی سووریا دا 630 هەڤاڵی ئێمە لە زیندانەکانی ڕەژیمی بەعس دابوون و ساڵەهایە خەبات بۆ «خۆسەری دێمۆکراتیک» دەکەین و لە هەوڵی دامەزراندنی دام و دەزگا کۆمەڵایەتی، سیاسی، جڤاکی و کولتووری خۆمان داین.

ئەو بەرپرسەی پەیەدە باس لەوەش دەکات کە «دوایی دەسپێکی شۆڕش، دەوڵەتی بەعس، بە کردەوە لە کوردستان، جێگەیەکی نەماوە و ئێمە یەکێک لە دەستپێشخەرانی باس لە یەکڕیزی کورد لە باشووری ڕۆژئاوا بووین و داوامان کرد لەو دەرفەتە کەڵک وەربگیرێ و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە نوێنەرانی گەل بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی دیاری بکرێن بەڵام لایەنەکانی تری ڕەزامەندیان لەسەر ئەو یەکە نیشان نەدا. ناوبراو دەڵێ کە مێنتالیتەی بەعس دژ بە ڕێفۆرم و دژ بە هەموو مافەکانی گەلی کوردە و ئێمە بە ئاشکرا هەڵوەشانی ڕەژیمی بەعسمان دەوێ، بەڵام ئەو پڕۆسە دەبێ بە هێز و ئیرادەی گەل ئەنجام بدرێ نەک هێزی دەرەکی و دەستێوەردانی سەربازی. ئێمە بە ئاشکرا دەڵەین کە دژ بە هاتنی ئەرتەشی تورکیاین و ناتوانین بە عەکسەری تورک بێژین «بەخێرهاتی بۆ کوردستان»!

نەواف خەلیل، سەبارەت بە دەنگۆکانی کە ئەو حیزبە بە پێڕەوکردنی توندوتیژی و تێکەڵی بە کوژرانی هەندێک کەس لە باشووری ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن دەڵێ کە هەمووی ئەو ئیدعائانە درۆن، چەواشەکارین و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دان کە بۆ ڕەشکردنی ئێمە لە ئارادایە، دەنا ئەگەر بەڵگەیەک هەیە با بڵاوی بکەنەوە و ئیدعاکان بسەلمێنن.

NNS ROJ: «کۆمیتەی هاوئاهەنگی نیشتمانی» کە پەیەدە ئەندامیەتی، چۆن دەڕوانێتە کێشەی کورد و مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان؟

ڕۆژی چاردەی مانگ من لە پاریس بووم. کۆبوونەوەی ئاوارتەی «کۆمیتەی هاوئاهەنگی نیشتمانی» بوو. لەو کۆبوونەوە دا، بۆ یەکەم جار، بەڵگەنامەیەکی گرینگ، سەبارەت مافەکانی گەلی کورد پەسەند کرا. بەڵگەنامەیەک کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بە بنەما دەگرێت و «مافی چارەی خۆنووسین»ی تێدا گونجێندراوە و هەروەها ڕۆڵی گەلی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا، ڕاوەستەی تایبەتی لەسەر کراوە. بە پێی ئەو خاڵە، دەگووترێ کە کورد، بە داخوازی خۆیی، هەرێمی خۆیان تێکەڵ بە سووریا بووە و ئەوەش بۆ یەکەم جارە، کە لە مێژوویی سووریا و لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا، بابەتێکی ئاوا، لە بەڵگەیەکی فەرمی دا ڕەنگ دەداتەوە.

لە چەند بڕگەی بەڵگەنامەکە باس لە خەبات بۆ «چەسباندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد» لە یاسایی بنەڕەتی سووریا، تێکۆشین بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی دێمۆکراتیک و دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد بە گوێرەی پەیمانە نێونەتەوەییەکان، لە چوارچێوەی یەکیەتی نیشتمانی کراوە. لە بەڵگەنامەکە دا هەروەها جەخت لە سەر ئەوەش کراوە کە هەموو ئەو ڕەفتار و کردەوە نەژادپەرستیانەی کە لەسەر کورد پێڕەوکراوە، دەبێ کۆتایی پێبێت، هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و خەساردیتوان قەرەبوو بکرێنەوە. ئەو بڕیارنامە لە کۆنگرەی ئاوارتەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی نیشتمانی لە 14ی مانگی ئاپریل لە پاریس پەسەند کراوە کە ددانی بە مافی کوردەکان داناوە.

پەیەدە چ بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەخوازێ؟ گەلۆ بە کردەوە، چ هەنگاوێکی بۆ گەیشتنی کوردی ئەو پارچە بە مافەکانی هەڵێناوە؟

لە سەرەتای دامەزراندنی «پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک» و لە ماوەی نیزێک بە دە ساڵی ڕابردوو دا، کاتێک کەس باسی مافی کوردی نەدەکرد، بزووتنەوەی ئێمە سەرقاڵی ئامادەکردنی گەل بوو بۆ ئەوەی کە بتوانێ خۆی بەڕێوەببات. لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی گەلانی سووریا دا، 635 هەڤاڵی کادر و وڵاتپارێزی ئێمە لە زیندانی ڕەژیمی بەعس دابوون. کاتێک ئەو پێڤاژۆیە دەستیپێکرد، هەر کەس [ تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا وەک نموونە]، دەیزانێ کە ئێمە، حیزبی هەرە خورت و بەهێزی ئەو پارچەین، بەڵام زۆر کەس، حەز ناکەن ئەو ڕاستیە قەبووڵ بکەن.

پڕۆژەی ئێمە «خۆسەری دێمۆکراتیک» بۆ ڕۆژئاوای کوردستانە، بەو مانایە کە کورد دەزگا و دامەزراوەی خۆیان بۆ خۆیان پێکهێنن، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی، جڤاکی، سیاسی خۆ سازبکەن و خۆ بە شێوەیەک ئامادەبکەن تا خۆسەریەک دەستەبەر بکەن. کار و خەباتی ئێمە لەو چوارچێوە دایە. بە شێوەیەک کە کورد بتوانن لە بواری بەڕێوەبەری، ئابووری، ئاسایشی و سیاسی خۆبەڕێوەببەن، کورد بتوانن چاند و هونەری خۆ پێشبخەن و بۆ ئەوەش لازمە کە کورد خۆسەر بێت. ئێمە ناوی «خۆسەری دێمۆکراتیک» لەو سیستمە دەنێین.

ئەو ساڵەی کە ڕابرواردیش، بۆ پەیەدە ساڵێکی پڕ دەستکەوت بوو. بەو مانایە کە ئێمە بە گوێرەی ئەو دەرفەت و ئیمکانەی کە هەمانبووە هەوڵمان داوە خۆمان سیستەمێک دابمەزرێنین و چاوەڕوان نەبین کە ڕەژیم بڕووخێ و ئەوجار دەستبەکار بین.

بۆچی پەیەدە نەبوو بە ئەندامی «ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا»؟ ئایا کێشەیەکی تایبەت لە ئارادایە؟ لە باری فکری جیاوازیەک هەیە یا چی؟

ئێمە وەکو پەیمانێک کە داومانە، حەز ناکەین لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان زۆر باسی ئەو پرسانە بکەین، بەڵام مخابن زۆر جار هەندێک باسی نادرووست دێتە ئاراوە کە ناچارین ڕوونکردەوەی لەسەر بدەین. هەر لە سەرەتای هەوڵەکانی دەسپێکی دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ کورد لە قامیشلوو، چەند دیدار و کۆبوونەوە بەڕێوەچوو کە پەیەدە چالاکانە بەشداری تێداکرد بەڵام بەداخەوە هەندێک پارتی هەن، کە دیارن کێن و گرێدراوی کوێن. بۆ وێنە پارتی ئازادی کە «مستەفا جەماڵ» سەرۆکایەتی دەکات، بۆ هەموو کەس ناسراوە و [نامهەوێ زیاتر لەمبارەوە بدوێم] تەنیا با ئەوەتان پێ بڵێم کە دەوڵەت[ی بەشار ئەسەد] بە کردەوە، لە لای ئێمە ڕووخاوە، دەتوانین بڵەین کە تا ڕادەیەکی زۆر، دەوڵەت لێرە [باشووری ڕۆژئاوای کوردستان] نەماوە. تۆ دەتوانی بە ئازادی دەربکەوی، خۆپێشاندان بکەی. هاوڵاتیان دەچێنە سەر شەقام و هاوار دەکەن «گەل ڕووخانی نیزامی دەوێ»، ئێمە پێشنیارمان کرد، مادام دەرفەت هەیە، با هەڵبژاردنێک بەڕێوەببەین و لە ڕێگەی ئەو هەڵبژاردنەوە نوێنەرانی حیزب و لایەنەکان و تەنانەت کەسانی سەربەخۆ و ڕۆشنبیریش بەشدار بن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد پێکبهێنن، بەڵام دوو سێ پارتی هەبوون کە نەیاندەویست بەو شێوە ئەنجوومەنەکە سازببێ.

ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە حەزمان کردووە کە یەکڕیزییەک لە ناو حیزبەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان پێکبێ و یەکدەنگیمان بە باش و پۆزەتیڤ زانیوە. گەرچی ئێمە دەمانەویست بە شێوەیەکی سیتسماتیک تر و ئۆرگانیک تر ئەو کۆدەنگیە ساز بێت، بەڵام نەبوو. بەو هۆکارانە نەبووینە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە. ئێستاش کە لەگەڵ کۆمیتەی تەنسیقین، هەموو پەیمانانەی ئێمە مۆری دەکەین و هەموو ئەو پەیمانانەی کە ئەوانیش مۆری دەکەن، شوێندانەری لە سەر هەموو کوردی ڕۆژئاوا دەبێت.

حیزبەکەتان دژ بە دەستێوەردانی دەرەکی لە سووریایە. بە تایبەت دژ بە هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی تورکیا و تەنانەت ناتۆش، هۆشداریتان داوە و هەڵوێستتان هەیە. بۆچی دژ بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕەژیمی بەشار ئەسەدن؟ گەلۆ ئێوە بەو شێوە ڕەژیمی بەعسی بەشار ئەسەد دەپارێزن؟

هەفتەی پێش، سەرۆکی پەیەدە لە مۆسکۆ بە ئاشکرا وتی کە کێشەی ئێمە چارەسەر نابێ، تا ڕەژیمی بەعس نەڕووخێ. دەمهەوێ سەرنجتان بۆ سەر خاڵێک ڕابکێشم! تا ماوەیەک لەمەوبەر، حیزبەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی، باسیان لە گۆڕانکاری ناوخۆیی لە سووریا دەکرد. خەڵک لە سەر شەقامەکان هاوار دەکات دەڵێ هەڵوەشاندنی ڕەژیم دەخوازین. بەرنامەی سیاسی ئێستای ئێمە ئەوەیە کە دەڵەین «ئێمە ناتوانین بە عەسکەری تورک بڵەین کە بەخێرهاتی بۆ کوردستان». ئێمە خاوەندارێتی لە بڕیاری خەڵکی خۆمان دەکەین. ئێمە ناتوانین ئەو داواکاریەمان هەبێ کە خەڵکی حومس و حەما هەیەتی. هەرچەشنە دەستێوەردانێکی عەسکەری، ڕەوشی سووریا ئاڵۆزتر و خەراپتر دەکات.

تورکیا کاتێک مافی کوردەکانی خۆی قەبووڵ ناکات، چۆن دەتوانێ دێمۆکراسی بۆ سووریا بێنێ؟ چۆن هەبوونی کوردی ڕۆژئاوا قەبووڵ دەکات؟ نامهەوێ زیاتر باس لە وردەکاری ڕوانینی تورکیا لە کێشەی کورد بکەم بەڵام، ئەوە بە ئاشکرا لە دوایین کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە تورکیا بینرا، کوردەکانی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریاش لە کۆبوونەوەکە کشانەوە. تەنانەت دەگووترێ کە بڕیاری کۆتایی کۆبوونەوەکەش بە تورکی و [لە لایەن تورکیاوە] نووسرابوو! چۆن دەتوانین قەبووڵ بکەین کە ئەو هەمۆ هەوڵانەی تورکیا بۆ نەدیتنی مافی کوردان و چاوپۆشی لە ئاستەنگ‌خستنەکانی تورکیا لە بەردەم کوردان بکەین؟ چۆن دەتوانین بە ئەرتەشی تورک بڵەین بەخێرهاتی بۆ خاکی وڵاتی ئێمە؟

ئەگەر بڕیار بێت دەستێوەردانێکی سەربازی بکرێتە سەر سووریا، ناتۆ دەیکا، نزیکترین وڵاتی ناتۆ لە هەرێمەکەش، تورکیایە و هەرکەسیش دەزانێ کە ئەو وڵاتە چەندە دووژمنایەتی کوردان دەکات.

مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە کە وەختێک ئێمە و لایەنەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن، «پلانی کووفی عەننان»یان قەبووڵ کرد و لە کاتێک دا کە هەموو [بە پێکەنینەوە] لایەنەکان دەڵێن خوازیاری چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانن، نازانم چۆن دەبێ باسی شەڕیش بکرێ!

لەو ڕۆژانەی دواییدا، «بووڕهان غەلیون»، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، بە ڕۆژنامەی ڕووداوی وتووە کە نە تەنیا فێدراڵی بە کورد ڕەوا نابینێ بەڵکوو هەر بوونی کوردیشی ئینکار کردووە. لە ڕەوشێکی ئاوادا ئێمە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کوردستان قەبووڵ ناکەین.

لەم دواییانە دا هەندێک ڕاپۆرت و نووچە بڵاوبوونەوە سەبارەت بەوە کە پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک تیرۆری کەسێک بە ناوی «عەبدوڵڵا بەدرۆ»ی قەبووڵ کردووە و ئیدعا دەکرێ کە پەیەدە لە ڕێگەی تۆقاندن و هەڕەشە و گووشارەوە دیهەوێ هێژمۆنی خۆی بەسەر باشووری ڕۆژئاوا دا بسەپێنێ. ئەو ئیدعایانە چەندە ڕاستن؟

ئەو چەشنە ڕاپۆرت و نووچانە ڕۆڵێکی دوژمنکارانە لە بەرانبەر بزووتنەوەی ئێمە و هەموو گەلی کورد لەو پارچە دەگێڕن. ئەگەر ئەو کەسەی کە ئیدعا دەکات کە پەیەدە بەرپرسیارێتی ڕووداوەی پێوەندیدار بە «بەدرۆ»وەی وەستۆخۆ گرتووە با بەڵگەکان بڵاوبکاتەوە. مەسەلەی عەبدووڵڵا بەدرۆ، کێشەیەکی ماڵیە کە لە 20 ساڵ لەمەوبەری دا سەرچاوە گرتووە و هیچ پێوەندی بە پەیەدەوە نیە. پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیک، نە ئەو کردەوەی قەبووڵ کردووە و نە لەو بارەوە لێدوانی داوە.

ئەو ئیدعایەی کە دەگووترێ کە پەیەدە هەڕەشە لە خەڵک دەکاش بە هەمان شێوە. لەو نووسراوە دا[ئاماژە بە نووسراوەکەی بی‌بی‌سی فارسیە]، نە تەنیا دووژمنایەتی تاکەکەسی لەگەڵ بزووتنەوەکەمان کراوە بەڵکوو لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی جیهانی بۆ ڕەشکردنی ئێمە کەڵکی لێوەرگیراوە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا کێ لەو سیاسەتە سوود دەبینێ؟ ئەوە ماڵپەڕی ئێمە [پەیەدەڕۆژئاوا.کۆم] لە بەر دەست دایە و لە سەر یوتیوب بە دەیان ڤیدیۆ هەیە کە بە بانگەوازی ئێمە بە قامیشلوو، لە کۆبانی، حەڵەب، لە عەفرین، عاموودە و لە … بە دەیان هەزار کەس دەڕژێنە شەقامەکان و درووشم دەدەن. ئەگەر ئەو ئیدعایانە ڕاستن، بۆچی یازدە حیزبی کوردی [ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا] هەڵوێستیان لەمبارەوە نەبووە؟

هەر کەس بە گوێرەی خۆی هەندێک مەسەلەی لەو چەشنە بەکاردێنێ. بەداخەوە هەڵمەتێکی ڕەشکردنی بەرفراوان لە ئارادایە. لە لایەکەوە، زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژئاوا دەبێژن کە لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەکین، لە لایەک پەیمانی ئەدەنە ئیمزا دەکەن، لە لایەک پەیمان ئیمزا دەکەن کە تێیدا کورد بە بەشێک لە ئۆمەتی عەرەبی زانراوە و زۆر بابەتی لەو چەشنە، کەس وەدەنگ نایە، بەڵام کاتێک ئێمە هەڵوێستێکی مێژووی و نەتەوەیی لەخۆمان نیشان دەدەین و دەڵەین دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانین، بەم شێوەیە چەواشەکاری دەکرێ. ئێمە بۆ وێنە پێوەندیمان لە بی‌بی‌سیەوە گرت و پێمان گووتن کە با لێکۆڵین بکەن، با خۆپێشاندانی گەل لە شارەکان ببینن، با لەگەڵ خەڵک پێوەندی بکەن.

هەڵوێستی لەو چەشنە گوومان لە لای ئێمە درووست دەکات. ئەو کەسانەی کە پڕۆپاگەندەی نیگەتیڤ و ناڕاست دژ بە بزووتنەوەی کورد بڵاودەکەنەوە با دەست دابنێنە سەر ویژدانی خۆ و شەرم لەو دەیان و سەدان هەزار کەسە بکەن کە دێنە سەر شەقامەکان. شەرم لەو کەسانە بکەن، کە تا ئەو ساتەی کە لەگەڵ ئێوە قسەدەکەم لە ناو گرتووخانەکانی ڕەژیمی بەعس دان. تازە لەم دواییانە دابوو کە هەواڵێکی ئێمەیان شەهید کرد و …

دەربارەی چۆنیەتی شەهیدکرانی «مەشعەل تەمۆ»ش هەندێک دەنگۆ بڵاوبوونەوە. ئەو کات ئێمە لە NNS ROJ وتووێژێکمان لەگەڵ «فارس» کوڕی مەشعەل تەمۆ ئەنجامدا و ناوبراو وتی کە «ڕەژیمی سووریا بەرپرسە لە کوشتنی باوکم».  هەروەک باسکرا، لەم ڕۆژانەیی دواییدا، ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی گۆیا لە زاری کوڕی «مەشعەل تەمۆ» باسی لەوە کردووە کە «مەشعەل تەمۆ بە دەستووری ئەسەد بەڵام بە دەستی کەسانی نیزێک لە پەکەکە شەهید کراوە»، کەچی ناوبراو، بۆ جارێکی تر، لە وتووێژی دوو ڕۆژ لەمەوبەری لەگەڵ ئێن‌ئێن‌ئێس ڕۆژ دا، ڕەتیدەکاتەوە کە لێدوانی ئاوایی دابێ. پێم خۆشە بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارەم بدەنەوە کە ئێوە، وەک پەیەدە، هەڵوێستتان سەبارەت بەو تیرۆرە چیە و ئایا هیچ تێکەڵیەتان بەو کێشەوە هەبوو یان نا؟

ئێمە بە ڕوون و ئاشکرا، هەر ئەوکات، تیرۆری «مەشعەل تەمۆ»مان وەک کەسایەتیەکی کورد شەرمەزار کرد، بەشداری ڕێووڕەسمی بەخاکسپاردنەکەشی بووین، خەڵکیشمان هاندا بەشداری بکات. مومکینە «فارس»، لە کاتی شەهادەتی باوکی دا، لەبەر ئەو ئێش و ژانەی کە بەسەری دا دەرباز دەبوو، هەڵوێستی ئێمەی نەدیتبێ. پێم باشە کە بۆ کاک فارس و هەموو کەس ببێژم کە هەڵوێستی ئێمە گەلێک ڕوون و ئاشکرا بوو لەمبارەوە.

دەمهەوێ سەرنجتان بۆ ئەو مەسەلە ڕابکێشم کە تەنیا کەسێکی زۆر هەوڵی دا لە سەر ئەو بنەمایە پڕۆپاگەندە بکا ناوی «هەرڤین ئۆسە» بوو کە «فارس تەمۆ» خۆی لەبارەی ناوبراوەوە گووتوویەتی کە «ئەو ژنە هەژمارێکی زۆری بەڵگە و دۆکیومێنتی باوکی، پاش تیرۆرەکەی دزیوە» و کەڵکی سیاسی لەو مەسەلەیە وەرگرت. ئەو کەسە، پاش بە قسە لە نزیکانی شەهید مەشعەل بوو. پاش تیرۆری ناوبراو کۆمەڵێک بەڵگەی گرینگی دزی و ئێستاش دیار نیە کە ئەو کەسە چ دەکات و چ ناکا و چی بە سەر ئەو بەڵگانە هێنا کە لە لای بوون. ئێمە وەک شەهیدێکی بەڕێزی کورد لە «مەشعەل تەمۆ» دەڕوانین، بەرنامەی تایبەتمان بۆ پێکهێنا و لە گەلێک کۆبوونەوە و دیدار باسمان لێکرد، بەڵام بەداخەوە درۆیەکی مەزنیان سازکرد و ویستیان ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ ئێمە.

ئێمە خۆمان پێوەندیمان بە کوڕی شەهید تەمۆوە هەیە. ناوبراو ڕەتیدەکاتەوە لێدوانی ئاوایی دابێ و تۆمەتی ئاوایی خستبێتە پاڵ پەیەدە. کەسانێک هەن کە هەوڵ دەدەن، نێوانی ئێمە و «تەڤگەری پاشەڕۆژی کورد» و پارتەکانی تری ڕۆژئاوا تێکبدەن. خۆشیان ئەوە باس دەکەن. ئێمە وەک دوو لایەنی کوردی ڕۆژئاوا لە پێوەندی داین و نەتەنیا کێشەیەکمان نیە بەڵکوو لە هەوڵی پتەوترکردنی پێوەندیەکان داین.

سەبارەت بە هەڕەشە و ئەم باسانە، کاتێک کە ئێمە بە دەیان و سەدان هەزار لایەنگرمان هەیە، چ پێویست دەکات کە هەڕەشە بکەین؟ تەنانەت کەسانێک کە سەرەتا ئیدعای لەو چەشنەیان خستە ڕۆژەڤ، پاشان هاتن و خۆیان وتیان درۆیە. مخابن پڕۆپاگەندەی گەلێک ناڕاست بڵاودەبێتەوە سەبارەت بەو مەسەلانە. سەرنج بدەن، هەندێک کەس ئامادەن، ڕەژیمی سووریا لە تۆمەتی کووشتنی شەهیدێکی کورد بشۆنەوە، ڕەژیم بێ تاوان نیشان بدەن، بەڵام پەیەدە تۆمەتبار بکەن!

دەزانین کە ئێستا پلانی «کووفی عەننان» لە ڕۆژەڤ دایە. زۆر کەس لە سەر ئەو باوەڕەیە کە بەشار ئەسەد ناتوانێ بەڵێنیەکانی بباتە سەر و چاکسازی بکات. چاودێرانی سیاسی کوردیش بڕوایان بەوە نیە کە ئەسەد ماف و داخوازی کوردان پەسەند بکات. بە پێی ئەو پێشمەرجانەی کە باسکران، ئێوە چ پێشبینیەکتان هەیە بۆ بارودۆخی داهاتووی نزیکی سووریا و کوردستان؟

ئێمە وەکوو بزووتنەوە، بەردەوام باسمان لە پێویستی ئەنجامی ڕێفۆڕم لە سووریا کردووە بەڵام لە ئەساس دا، سرووشتی سیستەمی سیاسی بەعس، نامۆیە لەگەڵ چاکسازی و گۆڕان. یانی پێکهاتەی نیزام دەرفەتی ڕێفۆرمی نادا. سیستەم خۆی دژ بە ڕێفۆرم دامەزراوە. بۆ وێنە دەبینین کە دەستووری نوێ ئامادەکرا، بەڵام هیچ گۆڕانکاریەکی سەبارەت بە کورد تێدا نەبوو. تەنانەت یەک وشەش! مەگەر لە یەک خاڵ دا کە باس لە «ڕێزگرتن لە جیاوازیە کولتووری و کۆمەڵایەتیەکان» دەکات! مێنتالیتەی بەعس دژی ڕێفۆرم و دژی بوونی کوردانە، دژی ڕەنگ و دەنگی جودایە. بەعس، ئوولیگارشیەکه کە ئیمکانی گۆڕانی نیە.

کاتێک لە دەرعا، مناڵان درووشمیان نووسی و گیران، بنەماڵەکانیان داوایان لە ڕەژیمی بەعس کرد کە ڕۆڵەکانیان بەربدەن، ڕەژیم تەنانەت ئەوەشی قەبووڵ نەکرد چ بگا بەوەی کە ڕێفۆرم و داخوازی ئۆپۆزیسیۆن و مافی کوردان قەبووڵ بکا! تا ئەو کاتەی ئەو چوارچێوە و ئەو مێنتالیتە نەگۆڕێ و هەڵنەوەشێ، ئیمکانی گۆڕانی تێدا بەدی ناکەین. ئێمە تا ئەو کات خەبات و کاری خۆمان درێژە پێدەدەین. خۆمان دام و دەزگای سڤیل و کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەمەزرێنین.

پلانی کووفی عەننان دەرفەتێکی باش بۆ گەلی سووریایە بۆ ئەوەی کە بتوانن بێ دەستێوەردان ئەو ڕەژیمە لەناو ببەن. ئێمە وەک پەیەدە، کۆمیتەی هاوئاهەنگی نیشتمانی، تەنانەت ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریاش دەڵێین کە با کوشتن و بڕین لە سووریا کۆتایی پێبێ. ئەو کات بە میلیۆنان خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان، ئەو سا گەلی سووریا دەتوانێ ڕەژیم هەڵوەشێنێ. بەڵام هەندێک دەوڵەتی هەرێمی حەز ناکەن کە ئەو پلانە سەربکەوێ.

یانی ئێوە خەبات دەکەن بۆ هەڵوەشاندنی ڕەژیمی سووریا؟ بەڵام نەک بە ڕێگەی شەڕ، بەڵکوو بە دەستی گەلانی سووریا و لە ناوخۆی وڵات؟

ڕاستە. هەر کەس ئەوەی دەڵێ. هەر ئێمە واناڵەین! باڵکێشە کە تەنانەت ئەنجوومەنی نیشتمانیش هەر لە سەر ئەو باوەڕەیە، کۆمیتەی هاوئاهەنگی هەر وا دەڵێ، پارتیەکانی کوردیش هەر ئەوە دەڵێن. بە گشتی هەموو لایەنەکان هەر دەڵێن کە دەبێ پرسەکە بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ. بێ گوومان ئێمە دەخوازین کە ئەو ڕەژیمی لەناو بچێ بەڵام نەک بە دەستێوەردانی لایەنگەلێک کە نیەتی خێریان نیە. هەر کەس بەرژەوەندی خۆی هەیە و ئێمە بە پێی بڕوای خۆمان و بەرژەوەندی گەلی خۆمان، حەز ناکەین کە سووریا بکەوێتە ژێر باندۆڕی وڵاتێکی جیران کە لە جوگرافیایی خۆی دا بوونی میللەتی کورد قەبووڵ ناکات. ئێمە ناتوانین تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان ببینین! ئێمە بە دوایی مافەکانی خۆمانین و ناتوانین سەیر بکەین کە تورکیا بێت و دەربازی خاکی کوردستان ببێت. ئێمە لەو ساڵانە دا ئەردۆغانمان بە باشی ناسیوە و شەڕی ناوبراومان دژ بە گەلی کورد دیتووە.


پێوەندیەکانتان لەگەڵ «ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا» چۆنە؟

ئێمە تەنیا لەبەر ئەنجامی هەبوونی تورکیا لە هاوکێشەکە دا، ڕەخنە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا دەگرین. ئەگەر بێت و ئەنجوومەنی نیشتمانی مافەکانی گەلی کورد قەبووڵ بکات و بێژێ نیزامی داهاتووی سووریا فدراڵی و پارلەمانی و ئازاد دەبێت و ڕێز لە مافی کوردان دەنێ، چۆن دەتوانین کێشەمان لەگەڵیان هەبێت؟ بەڵام لە وەزعی ئێستا دا، کاتێک دەبینین «بورهان غەلیوون»، ئینکاری کورد و ناسنامەی دەکات و ئینکاری کوردستان دەکات، ناتوانین ئەوە قەبووڵ بکەین. هەڵوێستی ئێمە تەنیا هەڵوێستێکی ڕەخنەییە بەرانبەر بەو تێڕوانینە. بۆ وێنە فۆرمۆڵی ئێمە بۆ کوردستان خۆسەریە. با هی ئەوان شتێکی تر بێت، بەڵام ناتوانم قەبووڵ بکەم کە بوونی کورد و مافەکانی قەبووڵ نەکرێ و کورد ڕۆژێک بە کۆچبەر و ڕۆژێک بە نەبوو حیساب بکەن.

ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەیە کە بۆخۆمان بۆ گەلی خۆ و لە بەرژەوەندی خەڵکی خۆ دا کاربکەین. ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریاش بە هەمان شێوە. ئێمە یەکڕیزی کوردەکان بە باش و بە پێویست دەزانین کە مافەکانی کورد لە پێشەڕۆژی سووریا دا مسۆگەر بکەین. بۆ ئەوەش پێویستە هەر دوو لایەن، ڕێز لە خەباتی یەکتر بگرن و هەر کەس سەربەست بێ لەو خەباتەی کە دەیکا.

پێوەندی ئێوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان چۆنە؟

هەموو کەس دەزانێ کە پارتی ئێمە، فکری ئۆجالان وەک «ژێدەرێکی هووشمەندی» قەبووڵ دەکات بەڵام وەکی تر، ئێمە وەک PYD، سەرۆک و دامەزراوەی خۆمان هەیە. پەکەکەش، هەر وەک ڕێزدار «قەرەییلان» باسی کرد، پشتگیری لە هەموو حیزبەکان و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات. ئێمە هەوڵ دەدەین کە پێوەندیەکانمان لەگەڵ پەکەکە و هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پەرە پێبدەین.

زۆرێک لە هەواڵانی ئێمە، بە ساڵان هاوخەبات بوونە لەگەڵ پەکەکە. بەڵام ئێمە حیزبێکی جووداین و نەک بەو شێوە کە تورکیا و هەندێک لایەن دەبێژن، شاخەیەک لە پەکەکە نین. ناوی ئێمە «پارتی یەکیەتی دێمۆکراتیکە» و هاوکات ئێمە سوودێکی مەزن لە فکر و ڕامانی ئۆجالان و تێڕوانینی ناوبراو بۆ دیرۆکی جیهان و ناوچە و کوردستان وەردەگرین و لەو چوارچێوە دا خەبات و تێکۆشان دەکەین و هەوڵیش دەدەین کە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو پارتیەکانی کوردستان پەرەپێبدەین.

ئەگەر شتێکی تر ماوە بۆ گووتن فەرموون:

هەڵوێستی پارتی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە بە هیچ شێوە حەز ناکەین کە زەرەر بە هاوڵاتیانی کورد و بەرژەوەندیەکانی کورد بگەیەنین. ئەگەر ناکۆکیەک لە ناو رێکخستنی پارتییە کوردیەکان دا هەبێ، خۆیان دەستیان ئاوەڵەیە بۆ چارەسەرکردنی. هیچ کێشەش نیە کە دەربارەی لەگەڵ چاپەمەنی جیهانیش قسە بکەن، ئێمەش گەلێک لێدوان دەدەین بەڵام دڵی هیچ کوردێکمان بریندار نەکردووە. ئێمە هەموو مناڵی ئەو وڵاتەین و بۆ ئەو خەڵکە تێدەکۆشین. هیوادارم کەس، لەو قۆناخە هەستیارە دا، بە خاتری بەرژەوەندی سیاسی و یا بەرژەوەندی شەخسی و پارە، بەو شێوە چەواشەکاری نەکات. هەڵوێستی ئێمە گەلێک ڕوون و ئاشکران، دەتوانن ئەگەر بابەتێک هەبوو پرسیارمان لێبکەن.

پێوەندیدار:

 سیاسه‌تمه‌دارێکی رۆژئاوا؛ مام جه‌لال به‌ڵێنی بێده‌نگ کردنی کوردانی به‌ ئه‌سه‌د داوه‌
پێنج هەزار کوژراو، 25 هەزار گیراو/ نوێترین ئاماری قوربانیانی شۆڕشی سووریا
کۆبوونەوەی بارزانی لە گەڵ پارتیەکانی ڕۆژئاوی کوردستان
«له‌ نێوان سلێمانی و شامدا په‌یوه‌ندی نهێنی هه‌ن»
دیداری سیاسەتمەدارانی کوردی باشووری ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرپرسانی بریتانیا
کوردەکانی سووریا نوێنەری هاوبەش دەنێرن بۆ قاهیرە

یه‌که‌مین کۆنگره‌ی نیشتیمانی کورد له‌ سووریا
سووریا مووشەکەکانی سام و سکادی لە تورکیا نیشانە گرتووە
تورکیا و کوردەکانی سووریا
ئایا لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات؟
وتوێژ له‌گه‌ڵ ساڵح محه‌مه‌د سه‌رۆکی پارتی یه‌کێتی دیموکراتیک
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لێبوردنی گشتی ئەسەد بە گاڵتەجاری وەسفدەکات
سووریا: چەخماخەی شەڕی ناوخۆ لێدرا
عێراق نیگەرانی سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ لە عێراقە
گەشەکردنی کورد لە سووریا بەشی یەکبەشی دووبەشێ سێ و کۆتایی
کورد، کلیلی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا
کوردەکانی سووریا، یەکگرتوو لە سەروبەندی هێرش
یەکەم کەناڵی تایبەت بە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بە وەشان کرد
لە سەر سنووری تورکیا و سووریا شەڕ هاتۆتە ئاراوە
 بەشار ئەسەد: لە پێناو پاراستنی خەڵک‌دا هەموو کارێکم کرد
ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر پێیە/ فێدراڵیسم داوای سەرەکیە
هەژماری کوژراوانی شۆڕشی سووریا گەیشتە 5000 کەس
 کورد لە ڕێککەوتنی یەکیەتی عەرەب و ڕەژیمی بەعس ناڕازیە
کوردەکانی سووریا لایەنگری سەربەخۆیی و نەیاری ئەسەد
دوو لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ڕێککه‌وتن/ کورد پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی وڵاته‌
 یازدە هاوڵاتی ئێران لە سووریا ڕفێندران
بارزانی داوا لە کوردەکانی سووریا دەکات یەکگرتووبن
سەرۆکی پەیەدە: حکوومەتی هەریم ڕاست نابێژێ
یەکیەتی عەرەب بڕیارە سزا بە سووریا دا بسەپێنێ
چاودێرانی کۆمکاری عەرەبی لە قامیشلوو/ ناتۆ لە ئامادەکاری دایە بۆ هێرشکردنە سەر سووریا
حەڵەب: عەشیرەتێکی لایەنگری ئەسەد هێرشیان کردە سەر کوردان
کوردەکانی سووریا، کارتی سەرکەوتنی شۆڕشی ئەم وڵاتە/ بەشی یەکەم
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و پەیەدە لە هەولێر کۆدەبنەوە
هێرش کرایە سەر خۆپێشاندەرانی کورد/ گەنجێک کوژرا
سبەی خۆپێشاندانە/ هاوکات لەگەڵ سەردانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ مۆسکۆ

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: