هێشتا له‌ گرینگی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر نه‌گه‌یشتووین/ سیاوەش گودەرزی

ئیمڕۆ له‌ ڕووداو له‌ هه‌ولێر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

حه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر فرێدریک ماڵم ئه‌ندامی پارلمانی سوید و دۆستی کورد پێی گوتم: ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر به‌هێزترین به‌ڵگه‌ی گه‌ره‌نتی سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ ئێستا و داهاتووی سوریادایه‌.
دوای که‌متر له‌ مانگێک ڕه‌نگی واژۆی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر هێشتا وشک نه‌بۆته‌وه‌، که‌ ئێستا که‌وتۆته‌ به‌ر مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌‌. تێکچوونی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر ته‌نیا لێکترازان و پرش و بڵاوی هێزی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی په‌ندی مه‌نشووری “گه‌وره‌ترین دوژمنی کورد، کورد بۆ خۆیه‌تی” نییه‌. دیسان له‌ نێوچوونی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر ته‌نیا به‌ مانای زه‌رده‌خه‌نه‌ی داودئوغڵو و ده‌ستکه‌وت و سه‌وقاتی ئه‌و له‌ ڕێگای نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌ لاره‌ملی و ده‌وسته‌وه‌ستانی کورد و دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژووی خۆخۆری و ناکۆکی نییه‌. ئێمه‌ هێشتا گرینگی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێرمان به‌و شێوه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ بۆ ده‌رنه‌که‌وتووه‌. لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌کانی کاریگه‌ری لێکهه‌ڵوه‌شانی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ سه‌ر سایکۆلۆژی مرۆڤی کورد له‌ ڕاستیدا زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ئه‌گه‌ر بێتوو ئێمه‌ که‌مێک زیاتر له‌ گرینگی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر تێفکرین. جیا له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌دزی چه‌ند لایه‌نێکی زۆر بچووکی کوردی که‌ به‌ هۆی بچووک بوونی خۆیان ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌یی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر نه‌بینن، له‌باربردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر، تێکدانی خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی یه‌کیه‌تی کوردان و دڕانی به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ره‌ گرینگی مێژووی هاوچه‌رخی کوردستانه‌.
ڕۆژی 11ی ته‌مووزی 2012 له‌ هه‌ولێر ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ک واژۆ کرا که‌‌ ده‌کرێ وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ره‌ گرینگ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی کوردستاندا تۆمار بکرێ. ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ چه‌ند ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ دامه‌زرانی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ کورد گرینگتر و پڕبایه‌ختر بوو: ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر ته‌نیا ڕێکه‌وتنی چه‌ند پارتییه‌ک له‌ ڕۆژئاوای کوردستان نه‌بوو به‌ڵکوو وه‌ک ڕێکه‌وتنێکی کوردستانی، پارته‌ گه‌وره‌کانی سێ پارچه‌ له‌ کوردستان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ تێدا به‌شدار بوون. ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ته‌نیا ڕێکه‌وتنێکی کوردستانی نه‌بوو به‌ڵکوو ڕێکه‌وتنێک بوو له‌ ژێر چاوه‌دێری سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانیدا واژۆ کرا که‌ ئێستا هه‌رێمی کوردستان نه‌ک وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی سیاسی له‌ به‌شێک له‌ کوردستان به‌ڵکه‌ وه‌ک هه‌رێمێکی گرینگی سیاسی و ئابووری‌ له‌ هه‌ڕێمی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ ئاستی پێوه‌ندی بازرگانی و مامه‌ڵه‌ی نه‌فتی له‌ گه‌ڵ زلهێزه‌کانی جیهانیشدا ده‌ژمێردرێ. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرینگتر ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ باری سیاسییه‌وه‌ شه‌قڵی خه‌تێکی کوردستانی پێوه‌دیار بوو که‌ له‌ودا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان ڕه‌چاو کرابوو له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ژمارێک خه‌تی سیاسی دیاری وه‌ک تورکیا، قه‌ته‌ر و عه‌ره‌بستان (ئیسلامی نه‌رمی ئه‌خوان) و هه‌روه‌ها خه‌تی سوریا، ڕووسیا و ئێران (ئیسلامی توندئاژۆی شیعه‌ و حیزبوڵا).
ئێستا به‌ هه‌موو ئه‌م گرینگییانه‌ که‌ ئاماژه‌یان پێکرا ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ مه‌ترسیدایه‌. به‌ مه‌ترسی که‌وتنی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ لێکترازان و ئاڵۆزی له‌ نێو ڕیزه‌کانی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان زۆرتر ده‌بێ و له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ مه‌یدانی مانۆڕدانی ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا، سوریا و دژبه‌رانی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان زۆرتر ده‌بێ. به‌ مه‌ترسی که‌وتنی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ ته‌بایی و دیالۆگی نێوان پارتی دیمۆکرات و یه‌کیه‌تی نیشتمانی و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ په‌که‌که‌ تووشی ساردوسڕی ده‌بێ و دیسان له‌م سۆنه‌گه‌یه‌وه‌ ده‌وڵه‌تانی عێراق، تورکیا و ئێران که‌ڵکی خه‌راپ له‌و ساردی و ناکۆکییانه‌ وه‌رده‌گرن. به‌ مه‌ترسی که‌وتنی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر هاوکات زه‌برێکیشه‌ له‌ په‌رستیژی بارزانی و پارتی دیمۆکرات وه‌ک ده‌ستپێشخه‌ر و چاوه‌دێر و میوانداری ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ کاتێکدا هه‌ر ئێستا ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران له‌ لایه‌ک و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ له‌ هه‌ل و ده‌رفه‌ت له‌ دژی بارزانی ده‌گه‌ڕێن. به‌ مه‌ترسی که‌وتنی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ وه‌ک یه‌که‌م به‌ڵگه‌ی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی که‌ دلخۆشکه‌ر و جێگه‌په‌سه‌ندی هه‌موو بیروڕای گشتی کورده، زه‌برێکی قورس له‌ بڕواو متمانه‌ی کوردی ده‌دا و تواناو وزه‌ی یه‌کگرتن و یه‌کیه‌تی کوردان هه‌تا داهاتوویه‌کی نادیار ده‌ڕووشێنێ.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا کورد ده‌توانێ ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر تورکیادا بپارێزێ؟
هه‌تا ئێستا به‌ فه‌رمی ته‌نیا ده‌وڵه‌تی تورکیا دژایه‌تی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ ده‌کا! که‌واته‌ ئایا حکوومه‌تی هه‌رێم و پارته‌کانی ڕۆژئاوای کوردستان ده‌توانن له‌ به‌رانبه‌ر تورکیادا ڕاوه‌ستن؟ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هۆی باڵاده‌ستی په‌یه‌ده‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی ڕۆژئاوای کوردستاندا و لاره‌سه‌نگی له‌ باڵانسی هێزدا ئه‌گه‌ری دنه‌دان و ناکۆکی نانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌یه‌. که‌ ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان که‌ چۆن له‌ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیادا ده‌توانن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی دابشکێنن. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم نابێ هیچ دڵه‌ڕاوکه‌یه‌ک له‌ شوێن و هه‌ڵکه‌وته‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمدا هه‌بێت. ئێستا زۆر چاوه‌دێری سیاسی باسی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ به‌ خۆڕایی نییه‌. حکوومه‌تی هه‌رێم ئێستا ده‌سه‌ڵاتێکی گرینگی دانپێدانراوی هه‌رێمی و جیهانییه‌. به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی و زلهێزه‌کان له‌ پاراستنی حکوومه‌تی هه‌رێمدایه‌. ئه‌وه‌نده‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ تورکیا هه‌یه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی تورکیا گرێدراوی هه‌رێمی کوردستانه‌. نزێک به‌ 20 میلیارد دۆڵار مامه‌ڵه‌ی ساڵانه‌ی تورکیا له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵکه‌وته‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌رده‌خا.
که‌یسی په‌که‌که‌ له‌ باشوور و داخوازی په‌یتاپه‌یتا و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ هۆی لاساری و گوێپێنه‌دانی هه‌رێم نموونه‌یه‌کی باشی ڕاوه‌ستان له‌ به‌رانبه‌ر داخوازه‌کانی تورکیا به‌ هه‌موو نرخێکه‌. که‌واته‌ له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ڕۆژئاوای کوردستانیشدا هه‌مان لاساری حکوومه‌تی هه‌رێم و گوێنه‌دان به‌ تورکیا ده‌توانێ ته‌واو ئه‌ردۆغان ڕازی نا به‌ڵکوو ناچار به‌ بێده‌نگه‌ی بکا.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ وه‌ک ئاشکرایه‌ دوو ڕوانگه‌ی جیاواز بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له‌ لایه‌ن تورکیا و حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌. تورکیا پێیوایه‌ وه‌ک هه‌تا ئێستا لاساری ده‌کا له‌ چوارچێوه‌ی تورکیای گه‌وره‌دا کوردیش هه‌یه‌ به‌ڵام بوون و مافیان ته‌نیا وه‌ک هاووڵاتی تورکیایی مانا ده‌دا. به‌ پێچه‌وانه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم مافی کورد وه‌ک مافی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینێ و ده‌یهه‌وێ کوردیش به‌ ناسانامه‌ی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا بژین. ئێستا ئه‌مه‌ خاڵی هه‌ره‌ ناکۆکی نێوان تورکیا و ئوپۆزیسیۆنی سوریا به‌ عه‌بدولباسێت سه‌یدای کوردیشه‌وه‌ بگره‌ و کورده‌. لاساری حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ چاره‌سه‌ری پرسی کوردا وه‌ک پرسی ناسنامه‌ی کوردی له‌ به‌رانبه‌ر جۆری چاره‌سه‌ری تورکی و سوریایی، ‌پشتگیری جیهانی هه‌یه‌ و مۆدێلی هه‌ره‌شیاوی چاره‌سه‌ری پرسی ئێتنیکییشه‌ له‌ جیهان.
که‌وابوو پاراستنی ڕێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر له‌ هه‌وڵه‌کانی تورکیا به‌ مانای ملدانی شێنه‌یی تورکیا دێت به‌ رێکه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر. ملدانێکی وای ده‌وڵه‌تی تورکیاش به‌ چاره‌سه‌ری پرسی ڕۆژئاوای کوردستان سبه‌ینێ ده‌رکه‌ له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری پرسی کوردیش له‌ باکووری کوردستان ده‌کاته‌وه‌. له‌و سۆنه‌گه‌یه‌وه‌ پاراستنی ڕێکه‌وتتنامه‌ی هه‌ولێر نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان به‌ڵکوو بۆ هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌و به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێم گرینگی ژیانی هه‌یه‌.

Advertisements

تاگەکان: , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: