“تەڵاقەكان” بارام بەگ زیندودەكەنەوە/ پاش 23 ساڵا لەكۆچی دوایی، هێشتا سەرگوزشتەكانی ئەو پیاوە قسە خۆشە لەناو خەڵكیدا ماون

مەعاز فەرحان
“سێ‌ بەسێ‌ تەڵاقم كەوتبێت كورد بخەیتە ناو سندوقی ساردییەوە، یەك ریزیان تێدا نابینیت” رەنگە كاتێك نزیكەی چارەكە سەدەیەك بەر لەئێستا بارام بەگ ئەم سوێندەی خواردبێت، بۆ هەندێ‌ كەس مایەی پێكەنین بوبێت، بەڵام ئێستا خەریكە بەشێكی بەرچاوی خەڵك بڕوا بەو “تەڵاقخواردنانەی” بارەم بەگ دەهێنن‌و جارێكی تریش فەیسبووك رەواج بۆ ئەو تەڵاقانە پەیدا دەكاتەوە.
بارام نەجیب بارام، ناوی تەواوی ئەو پیاوەیە كە بە”بارام بەگ” ناسراوەو تەڵاقەكانیشی بوونەتە لۆگۆی ناسینەوەی، بارام بەگ ساڵی 1913 لەگوندی سۆسەكانی سەر بەشارەدێی تەوێڵە لەدایكبووە، سۆسەكان گوندێك بەتەنیشت تەوێڵەوە‌و بەسەوزایی دارگوێز‌و باخەكان داپۆشراوە.

گوندەكەی بارام بەگ دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی باكووری هەرێمی كوردستان‌و هاوسنورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان، لەڕووی ئیداریەوە سەر بە قەزای (هەڵەبجە)یە سەر بە پارێزگای سلێمانی، دووری ئەم ناوچەیە بۆ پارێزگای سلێمانی (١٠٥)كیلۆمەترە.

بارام بەگ وەك كەسایەتییەكی قسەخۆشی میللی كوردی هەمیشە بەوە دەناسرێتەوە كە بۆ هەر بۆ نەیەك سێ‌ بەسێ‌ تەڵاقی خواردووە، لەگەڵا ئەوەی چەند ساڵێك بەر لەئێستا خەریك بوو ئەو قسانەی بارام بەگ لەیادەوەری خەڵكدا كاڵدەبوونەوە، بەڵام لەسەردەمی فەیسبووكدا جارێكی تر هاتنەوە بەر مەیدان‌و كار گەیشتووەتە ئەوەی كەسێك كە دەیەوێت نوكتەیەكی نوێ‌ بكات، ناوی بارام بەگی پێوە دەكات.

یەكێك لەكەسە نزیكەكانی بارام بەگ كە خەمی كۆكردنەوەی قسەكانی لەكۆڵناوە، دەڵێت بارام بەگ پیاوێكی سادەبووە، كەسێك بووە لەگەڵ ئێش‌و ئازارەكانی خەڵك‌و دەروبەری بووە، هەمیشە ئەو قسانەی كردونی “هەموویان راست بوون‌و روویانداوە لەناو خەڵكدا رەنگدانەوەیان هەبووە”.

فەرهەنگ دارا كە ئامۆزای بارام بەگە بەهاوڵاتی وت “ئەو توانی بەزمانێكی سادە‌و بەشێوازی پێكەنیناوی‌و كۆمیدیانە قسەكانی دەرببرێت، بەڵام بەشێك بوون لەواقیع‌و لەناو خەڵكدا باو بوون”.
تەڵاقەكانی بارام بەگ جارێكی تر زیندودەبنەوە‌و ئەو تەڵاقانەی لەناو مەجلیسی بەگەكان‌و خانەدانەكانی بارام بەگ دەیخستن ئەمرۆ پەیجەكانی فەیسبوك‌و كۆبونەوەكانی گەنجان گەرم دەكەن.

لەئێستادا چەندین ‌و پەیج كراونەتەوە‌و تەڵاقەكانی بارام بەگ دادەنێن هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەڵاقە راستەكانی بارام بەگ هەروا ئاسان نیە، هاوڵاتی هەوڵیدا لەم راپۆرتەدا لەزاری كەسە نزیكەكانی بارام بەگەوە تەڵاقەكانی بگێرێتەوە‌و لەپەیجە راستەقینەكەی خۆشیەوە تەڵاقەكان وەربگرێت.

فەرهەنگ دارا لەگەڵ گێرانەوەی سەرگوزشتەی ژیانی بارام بەگ تەڵاقەكانی بارام بەگی دەكرد بەناو قسەكانیدا، فەرهەنگ وتی: كاتی خۆی لەكەلی چنار دەكەوێتە نێوان سۆسەكان‌و شۆشمێ‌ لەنزیك تەوێلە، بارام بەگ لەوێ‌ تاوڵە دەكات سەیر دەكەن ئاگرێك لەسۆسەكانەوە بەرز دەبێتەوە‌و دەڵێن ئەوە چیە، بارام بەگ لەكاتی تاوڵەكردندا دەبێت تەڵاق دەخوات ئەوە ماڵەكەی ئەوە سوتاوە بەبێ‌ ئەوەی لا بكاتەوە بۆ شوێنی ئاگرەكە، حەمە رەزا بەگ یەكێك بووە لەبەگەكانی هەورامان، پیاوێكی ناردووە بۆ سۆسەكان بۆی دەردەكەوێت كە ماڵەكەی بارام بەگە سوتاوە لەو كاتەدا هەموو پێداویستیەكانی بۆ دابین دەكاتەوە، دوایی كە بارام بەگ دێتەوە خەڵك بۆ سەرخۆشی سەردانی دەكەن ئەویش تەڵاق دەخوات دەڵێت حەزم دەكرد پار بسوتایە، دەڵێن بارام بەگ بۆ ئەو تەڵاقە دەخۆیت ئەویش دەڵێت دەی من تائێستا كەی بەتانی ئەوەندە چاكم داوە بەخۆمدا.

بارام بەگ سێ‌ برای هەبووە بەناوەكانی حەمەمین بەگ، حەمە رەشید بەگ، كەریم بەگ، فەرهەنگ كە لێدوانی بۆ هاوڵاتیدا لەنەوەی حەمەمین بەگە.

بارام بەگ یەكێك بووە لەو كەسانەی بەشداری شۆرشی ئەیلولی كردووە لەساڵی 1961 لەناوچەی هەورامان، پێشمەرگە بوون نەبوەتە رێگر لەبەردەم بارام بەگدا لەبارەی یەكریزی كوردەوە تەڵاق بخوات، بارام بەگ دەڵێت “تەڵاقم كەوتبێت كورد بخەیتە ناو سندوقی ساردییەوە یەك ریزیان تێدا نابینیت”. تا چەند ساڵی رابردوو ساردی شوشە دەخرایە ناو سندوقەوە‌و بۆ ئەوەی بپارێزرێن لەشكان.

هەرچەندە بارام بەگ نازناوی بەگی هەڵگرتوە‌و لەبەگزادەكانی ناوچەی هەورامانە بەڵام هەژاری‌و هەستكردن بەئازارەكانی خەڵك بەشێك بووە لەژیانی بارام بەگ.

بارام بەگ چەندین تەڵاقی لەبارەی هەژارییەوە ریزكردون دەڵێت “سێ‌ بە سێ‌ تەڵام كەوتبێت خوا فەقیری بەس بۆ قەرەباڵغی ناو بازار دروستكردووە”.

یان پێیدەڵێن سەیارە هەرزان بووە و بۆ سەیارەیەك ناكڕێ، ئەویش دەڵێت “تەڵاقم كەوتبێ ئەگەر سەیارەیە ببێتە یەك دینار من ئەوكات تەنیا خاوەنی هەژدە پەنجایی ئەبم”.

فەهەنگ دارا وتی “لەڕووی ئابورییەوە بارام بەگ ژیانێكی هەژارانەی هەبووە چونكە بژێوی ئەو لەسەر باخداری بووە”.

بارام دوو ژنی هەبووە بەناوەكانی عائیشە‌و حەنیفە خان‌و 7 منداڵی هەبووە كە هەریەكە لەمامۆستا تاهیر‌و بەفراو‌و مامۆستا عەفاو لەژیاندا ماون‌و داودو ئامینە‌و شوكریە‌و محەمەد مردون.

فەرهەنگ دارا بەهاوڵاتی وت “خەڵكی زۆر تامەزرۆیی بیستنی قسەكانی بوون لەناوچەكە‌و لەناو مەجلیسەكاندا باس لەقسەكانی كراوە لەئێستاشدا باسی قسەكانی دەكرێت‌و دڵنیاشم لەداهاتوودا جێگەی ئەم پیاوە ون نابێت”.

“بەگزادەكانی شۆشمێ‌و لهۆن خۆشیان لەگەڵ ئەم پیاوە هاتووە بەردەوام گوێیان لەقسەكانی گرتووە‌و بانگیان كردووە بۆ مەجلیسەكانیان، بۆ ئاهەنگ‌و مەراسیم‌و مەجلیسی بەگزادەكانی لهۆن”. فەرهەنگ وای وت.

هەورامان لە چەند بەش پێكهاتووە كە بریتین لە ژاوەرو، گاوەرو، داڵاهو، لهۆن، هەورامانی تەخت.
هەورامانی لهۆن بەشێكی دەكەوێتە ناو باشوری كوردستان‌و بەشێكی تریشی دەكەوێتە رۆژهەلاتی كوردستانەوە، ئەم ناوچەیە لەرابردوودا لەلایەن بەگ‌و سانەكانەوە حكومكراوە‌و كە هەمیشە مەجلیسی بەگەكان لەلایەن بارام بەگەوە زیاتر گەرمكراوە.

تەڵاق چەمكێكی ئاینیە‌و لەدیندا بە حەرامترین حەڵاڵ ناودەبرێت‌و ئەو پیاوانە دەبن بەخاوەنی تەڵاق كە هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، بەكارهێنانی بەباش نازانرێت‌و قەدەغەش وەكو سوێند بەكاربهێنرێت، بەڵام لەكوردەواریدا خەڵك وەكو سوێند‌و بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان بەكاریدەهێنن.

فەرهەنگ دارا هۆكاری بەكارهێنانی تەلاقی لەلایەن بارام بەگەوە بۆ ئەوە گەڕانەوە كە لەناوچەی هەورامان بەتایبەت تەوێڵە خەڵكی بەو شێوەیە راهاتوون ئەگەر تەنانەت ئاویش بخۆنەوە دەڵێن “تەڵاقم كەوتبێت ئاوم خواردەوە”، بەقسەی فەرهەنگ بەكارهێنانی وشەی تەڵاقیش لای بارام بەگ بەزۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، “دڵنیاشم هیچ تەڵاقێكی نەكەوتووە”.

بارام بەگ بە تەڵاقەكانی پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ دەوروبەریدا دروستكردوە‌و تەڵاق چەكی دەستی بووە بۆ بەزمەكانی رۆژگار، رادیۆی قیسارە لەناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن خەڵكەوە زۆر بەكاردەهێنرا، لەبارەی قیسارەوە بارام بەگ دەڵێت “سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت لە سەر شاخی شنروێش بیت ئەگەر بتەوێ تەشویشی نەبێ ئەوە هەر ئەبێ ئەو ڕادیۆ قیسارەیە بەرز بكەیتەوە”، لەسوێندێكی تریشدا وتویەتی “سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت ڕۆژی وا هەیە سەد جار لە باتی خەڵك تەریق ئەبمەوە”.

هەروەها دەڵێت ” تەڵاقم كەوتبێت كەس ناشیرین نییە و هەموو كەس خۆی خۆی ناشیرین دەكات”. لەبارەی پیاوی بێ‌ بەختیشەوە دەڵێت “پیاو كە نەگبەت بوو محەلەبی بخوات دانی دەشكێت”.

بە تەڵاقەكانیدا دیارە بارام بەگ كەیفی بەتاوڵە‌و دۆمینە‌و بووە لەو بارەیەوە سەرگوزشتەی خۆشی لێدەگێڕنەوە، وەكو “تەڵاقم كەوتبێت هیچ لە 100ی دۆمینە باشترە”.

لەبارەی ژنانیشەوە دەڵێت “سێ‌ بەسێ‌ تەڵاقم كەوتبێت ژن غەیبەتی لەكفتە پێ‌ خۆشترە”.
چەندین پەیج لەفەیسبوك بەناوی بارام بەگەوە كراونەتەوە بەڵام پەیجێكیان لەلایەن ئامۆزاكانی بارامە بەگەوە بەرێوەدەبرێت‌و هەوڵ دەدەن تەنها ئەو تەڵاقانە دابنێن كە هی بارام بەگن.

فەرهەنگ دارا وتی “بارام بەگ خاوەنی كۆمەڵێك سەرگوزشتەیە وەكو بنەماڵەكەی لەرێگەی فەیسبوكەوە هەندێكمان بڵاوكردونەتەوە، هەندێك پەیجی تر بەناوی بارام بەگ كراونەتەوە ئێمە خۆشحاڵ دەبین كە هەموویان بێنەوە لای ئێمەیە، چونكە هەندێك تەڵاق هەن دورونزیك هی بارام بەگ نین”.

فەرهەنگ لەگەڵ باسكردنی كاری پەیجەكەشیدا بەباسكردنی تەڵاقەكانی بارام بەگ درێژەی بەقسەكانی دا.

“كاتی خۆی كە ماڵی كڕیوە لەهەڵەبجە خەڵك پێیوتووە بۆچی رۆشتویت بۆ ئەوپەڕی هەڵەبجە خانوت كڕیووە، تەڵاق دەخوات رۆژێك دەبێت ئەكەومە ناوەڕاستی شار دەی ئێستا بەزیادەوە ماڵەكەی كەوتوەتە ناوەڕاستی شار”.

فەرهەنگ وتی “كاتی خۆی كەباسی هاتنی سەیارە كراوە تەڵاقی خواردوە رۆژێك دەبێت لەماڵی خۆتی ترست هەیە سەیارە بێتە ژورەوە”.

فەرهەنگ بارام بەگ بەیەكێك لەحەكیم‌و قسە زانەكانی كورد ناوبرد‌و سوپاسی ئەو كەسانەشی كرد كە هەوڵیانداوە لەرێگەی شانۆ‌و چیرۆكەكەوە قسەكانی بەرجەستەبكەن.

بارام بەگ كە تەڵاقەكانی كردویانەتە پیاوێكی ناسراو‌و رۆحەكەیان زیندو كردوەتەوە لە تەمەنی 76 ساڵیدا‌و لەساڵی 1989 لەهەڵەبجەی تازە كۆچی دوایكردووە‌و بەخاك سپێردراوە.

بەشێك لەتەڵاقەكانی بارام بەگ

جارێكیان لە كاتی تاوڵە كردندا بۆ زارێكی 6 بارام بەگ 14 جار زارەكەی هەڵدابوو بەڵام 6ی بۆ نەهاتبوو، ئەویش تووڕە دەبێت‌و تاوڵەكەی دادەخات‌و زارەكانیشی فڕێ داداتە سەر بانی چایخانەكەو دەڵێت: سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت بڕۆن سەیری كەن ئیستا دوو شەشە!!
تەڵاقم كەوتبێ كەس خاوەنی تەسبیحی دەستی خۆی نییە، یان لە كەسێكی بردووە یان كەسێك لێی ئەبات

بارام بەك سێ‌ بەسێ‌ تە لاقی خواردووە تراكتۆر بە سەر شووشەیا بروات تەقەتەق ئەكات

تەڵاقم كەوتبێ‌ نەگبەتی گەورەی كورد لەو ڕۆژەوە دەستی پێ‌ كرد كە بەدرۆیان وت سیاسەیت

بارام بەگ سێ بەسێ تەڵاقی خواردووە كە یاپراخ قەت سارد نابێتەوە.. كە ساردیش بۆوە قەت گەرم نابێتەوە!

سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت خوێدانێك دەستناكەوێت بە باشی خوێی پێدابێت.

تەڵاقم كەتبێ هەمو چایەك جگەرەی ئەوێ و هەموو جگەرەیەكیش چای ئەویت.

سێ‌ بەسێ‌ تەڵاقم كەوتبێت عەلادین قاچی خۆی گەرم ناكاتەوە، جا چۆن قاچی من گەرم دەكاتەوە.

سێ بە سێ تەڵاقم كەوتبێت ژن‌و مێرد قەت رێك ناكەون هەر نەبێت یە كێكیان سەرمایەتی‌و ئەوی تر گەرمایەتی.

Advertisements

تاگەکان:

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: