چیرۆکی باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات/ د. سەلاحەدین خەدیو

کۆتایی حەفتاکانی سەدەی زایینی پێشوو ، پاش ئەم نسکۆ کارەساتبارەی کە بە سەر شۆڕشی کورد داهات، دەرفەتێکی لەباریش خوڵقا بۆپێداچوونەوە و شرۆڤەکاری تێزەباوەکانی ئەو سەردەمی بزووتنەوەی کوردستان.نۆشیروان مستەفا لە کتێبی ” لە خڕی ناوزەنگەوە بۆ کەناری دانووب” دا دەنووسێ:ئێمە ئەودەم بیرمان لەوە د

ەکردەوە کە کوردستانی تورکیا وەک میسر بۆ جیهانی عەرەب وایە و تا ئەم پارچە گرینگەی کوردستان هەڵنەستێ و دەوری پێشەنگ نەگێڕێ کێشەی کورد چارەسەر نابێ.
لەم تێزە نۆیەدا باکووری نیشتمان، هاوشانی میسری براگەورەی عەرەبان داندرابوو.کەچی هەم بێدەنگێکی گۆڕستانی باڵی بە سەر باکوور دا کێشا بوو و هەم میسریش بەرە بەرە بەرەو کامپ دەیڤید دەچوو و ریگەی خۆی لە برا چکۆڵە عەرەبەکانی جۆی دەکردەوە.تەریک بوونەوەی میسر لە باری سیاسی هاوکات بوو لە گەڵ گەشانەوەی ئابووری و دەوڵەمەند بوونی وڵاتانی کەنداو و هەڵتۆقینی چەمکی “دەوڵەتی رانتێر” کە دواتر کاریگەری تایبەتی لە سەر رەوتی رووداوەکان و هاوکێشە سیاسێکان دانا و قەت نەیهێشت میسر جێگا و رێگای جارانی پێ بدرێتەوه.١- هاوکات لە گەل ئەم گۆڕانکاریانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، حیزبێکی بچووکی چەپ ئاژۆی ورەبەرز خەریک بوو لە باکوور، گەرای شۆڕشی دەنایەوە.ئەگەر ئەودەم لە هەرکەست پرسیبا، رەنگبوو داهاتوویەکی رووناکتر لە حیزب و تاقم و مەحفیلە بچووکەکانی ئەودەمی – کە هەندێکیان ئێستاش ماون و هەرگیز گەوره نەبوون- بۆ پێش بینی نەکردبا.
١٠ ساڵ کات پێویست بوو کە پ.ک.ک ببێتە حیزب ترین حیزبی کوردستان و کاریگەرێکی قووڵ و بەرین لە سەر هەموو پارچەکان دانێ.
ئەم دەساڵەی کە پ.ک.ک دارەدارەی تێدا دەکرد، لە راستیدا مێژوو بە کوردی رۆژهەڵاتی بەخشیبوو تا قۆناغی لاوەتی و پێگەیشتوویی سیاسی خۆیانی تێدا بە تاقی کەنەوە.
بە زۆر هۆکار کە لێرەدا مەجالی باس کردنیان نییە، شۆڕشی رۆژهەڵات نە تەنیا نەبووە پێشەنگی پارچەکانی دیکە بەڵکوو لە کەمپەکانی باشووردا تووشی ئیفلیجی سیاسی هات.
٢- لە گەڵ پشکوتنی نەوەدەکان، جیهانێکی تازەش لە دایک بوو.ساڵی ١٩٩١ بە واتای هابێز باومی مێژوونووس کۆتایی سەدەی بیستی چکۆڵە ( ١٩١٤-١٩٩١) بوو.رووخانی سۆڤیەت و داڕمانی نەزمی دووجەمسەری، ئازادی باشووری لێکەوتەوە.حوکمڕانی کورد لە باشوور قوربانی کردنی شۆڕشی چەکداری رۆژهەڵاتی گەرەک بوو.
ئەگەر وەک هێگێل لە سەر ئەم باوەڕە بین کە پێشڤەچوون ، بەشێکی جیانەکراوەی رۆحی مێژووە ، لە راستیدا پێکهاتنی حکوومەتی هەرێم لە سەرەتای نەوەدەکان دا پێشکەوتنێکی گەورەی میژوویی بوو.هەرچەند لە هەناوی خۆیدا هەڵگری هەندێک توخمی دواکەوتوانەش بوو.
ئەگەر ئەمرۆ چاو لە سەدە کۆنەکان کەین ، دیموکراسی یۆنانی- رۆمیمان وەک فۆرماسیۆنیکی پێشکەوتنخواز دیتە بەرچاو.بەڵام هەر ئەم سیستەمە هەڵگری ناتەبایی و دژوازی گەورەش بوو.بوونی هاوکاتی دوو چینی شارۆمەند و کۆیلە لە پال یەکتر دا ئەگەرچی لە پێوەندێکی ئۆرگانیک لە گەڵ یەکدا بوون- بە تایبەت لە گۆشە نیگای ئابووریەوە- بەڵام لە باری مەفهوومیەوە حیکایەتی لە پاڕادۆکسی دوو چەمکی ئازادی و نائازادیش دەکرد کە سەرئەنجام بوو بە هۆکاری سەرەکی رووخانیان و بیچم گرتنی فۆرماسیۆنی فێیۆدالیزم.
ئەزموونی سیاسی نەوەدەکانی هەرێمیش وابوو.ناتەبایی مانایی لە نێوان دوو چەمکی کوردایەتی ( رزگار بوون لە دەستی بەعس و خۆبەڕێوەبردن لە بەشێکی نیشتمان ) وناکوردایەتی ( شەڕی براکوژی زلحیزبەکان و ڕەشەکوژی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات لە ناوچەی سلیمانی )، لە راستیدا تێکەڵ بوونی نەخوازراوی ماناکانی هەردووک چەمکی دژ بەیەکی کوردایەتی و جاشایەتی بوو.ئەم دوو چەمکە لە ئەزموونی باشووردا گەرچی تا ماوەیەک تەواوکەری یەکتر بوون- وەک دیالێکتیکی ئاغا و نۆکەری هێگێل – بەڵام سەرئەنجام تۆکمەیی گوتاری نەوەدەکانی هەرێمی لەبەریەک هەڵوەشاند و کەشێکی ناهۆمێدی و دەستەوەستانی ئەتمۆسفێری گوتاریی کوردی گرتەوە.
ئەم لێک ترازانە گەورەیە رێگای بۆ گوتاری ” کوردستانی گەورەی” پ.ک.ک خۆش کرد کە بە ‌‌هێنانەی کایەی سیاسەتێکی شوناس خوازانەی نۆی – ئەولەوییەت دان بە شوناسێکی بانتر لە شوناسی پارچەیی- ئۆمێدی وەی ببەخشێ کە بە سەرکەمایەسی و تەزادەکانی گوتاری کلاسیکی کوردیدا سەر کەوێ.
لەم دۆخەدا رۆژهەڵاتی کوردستان کە تووشی بۆشایی و بەتاڵ مانەوەیەکی گەورەی سیاسی و حیزبی هاتبوو، باوەشێکی ئاوەڵاتری بۆ پێشوازی لە گوتاری تازە و لە سەرئەنجام دا حیزبی تازە هەبوو.مخابن ئەم گۆتارە تازەش سەرەڕای هەندێک خوڵقاندن و داهێنانی نۆی بە دەردی هەمان گوتاری پێشوو چوو.زیاتر لە بەر ئەوە کە لە پانتای کردەوەدا تا رادەیەکی زۆر بەسترابۆوە بە خەباتی شاخ و لە راستیدا هەڵگری تەواوی لاوازییە ژێئۆپۆلیتیک و مەحدوودیەتە پێکهاتەییەکانی خەباتی چەکداری لە وڵاتێکی گەمارۆدراوی وەک کوردستان بوو.
ئەم پەتایەش وای کرد کە تەزادی کوردایەتی و ناکوردایەتی تا رادەیەکیش ئەو بگرێتەوە.تازە ئەگەر تەزاددی حیزبی مۆدێل لینینی وپێکهاتەی سانترالیزمی دیمۆکراتیکیش لە لایەک وئامانجی دیموکراتیزە بوون و کرانەوەی سیاسی تورکیا لە لایەکی دیکە لە بەرچاو بگرین، پرسەکە ئەوەندەی دیکە ئالۆزدەبێ.ئەمەی دوایی بە تایبەت کاتێک قەتیس بۆوە کە پ.ک.ک بە کردەوە دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی وەلانا .دیارە ئەگەر تۆ داوای وڵاتێکی سەربەخۆ بکەی لە ئەگەری وەدیهاتنی دا سەرپشک دەبی کە کامە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیشی بۆ رەچاو بکەی .بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی لە حاڵی پەڕینەوە بۆ دیموکراسی و ئاوێتە لە گەڵ ئابوورێکی گرێدراو لە ئابووری جیهانی دا خەریکی تێکۆشان بی، ئەوا ناچاری حەتمەن حسێب بۆ ئەم فاکتۆڕانە بکەیەوە.
ئەم چرکە ساتە مێژوویەش زنجیرەیەک بوو لە پارادۆکس و ناتەبایی – ململانێی نێوان پۆزیتیڤ و نیگاتیڤ – ئەم دینامۆیانەی کە لە بەرانبەر یەک دا راوەستاون و لە عەینی حاڵدا پێوەندی دووقۆڵیشیان بە یەکەوە هەیە.سەرئەنجامی بارگرژی نێوان تێز و ئانتی تێز، رووخانی چرکە ساتی پێشوو و لە دایک بوونی چرکە ساتێکی نۆیە کە هەڵگری باشترین بەش لە خۆڵەمێشی رابردوویە.
٤- لە سەرەتای سەدە و هەزارەی تازەدا، رووخانی بەعس و هەڵقوڵانی نەوت دوو فریشتەی نەجات بوون کە بە هانای حکوومەتی هەرێمەوە هاتن.شوناس خوازی جەسوورانەی گوتاری پ.ک.ک ش کە هاوکات لە گەڵ گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانێکان گڵۆڵەی بە کوردایەتی ” شەرمێونی جاران ” لێژ کردبوو بەستێنێکی فکری و گوتاریی گونجاوی بۆئەم هەلە زێڕینە دەستەبەر کرد.فراوان بوونەوەی دەسەڵاتی هەرێم و بە تایبەت وەدیار کەوتنی لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی دوو کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.
لە لایەک بوو بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوایەتی کورد زۆر لە جاران زیاتر لە قەوارەی دەوڵەتێکی جێگیر و راوەستاودا بیچم بگرێ و لە لایەکی دیکەش ،شەریک بوون لە داهاتی نەوتی عێراق و هەناردەکردنی نەوت لە کوردستان را بوو بە سەبەبی چەکەرەکردنی تۆوی دەوڵەتێکی رانتێربە هەموو لق وپۆپەکانیەوە.لە ئابووری نابەرهەمهێنەررا بگرە تا ” پشتیوان پەروەری” وگەندەڵی و سیاسەتی کڕینی چینەکان وئۆردووگا پەروەری و…
بێ گومان ئەم رۆشنبیرانەی کە لە کۆتایی حەفتاکاندا خەونی بە میسر کردنی باکووریان دەدیت، قوت بە خەیاڵیشیان دا نەدەهات کە باشووری خۆیان رۆژێک بە ریگای قەتەر و کووەیت و ئیماراتی عەرەبی دا بڕوا.
سەنتێزی ئەم دوو رەهەندە جیاوازە بۆتە هۆکاری بیچم گرتنی چەمکی ئۆپۆزیسیۆن و بەرین بوونەوەی خواستی کۆمەڵانی خەڵک بۆدیموکراتیزە بوونی پێکهاتەی سیاسی و دادپەروەرانە کردنی دارشتی ئابووری ودەستەبەر کردنی گەشە سەندوویی هاوسەنگ لە هەموو بوارەکاندا.ئایندەی ئەزموونی باشوور لە گرەوی وەدایە کە لە کۆتاییدا کام رەوت جڵەوی گۆڕانکارییە مێژووییەکان بە دەستەوە دەگرێ.
ئایا حکوومەتی رانتێر و سەرڕۆ – چەشنی وڵاتە نەوتییە عەرەبەکان – سەقامگیر دەبێ و یا بەها مۆدیرن و پێشکەوتنخوازەکانی کوردایەتی و خواستی کۆمەڵانی خەڵک سەر دەکەوێ و دەوڵەتێکی دیموکراتی گەشەخواز لە دایک دەبێ.لە حاڵەتی دووهەم دا ئەوە ئەم چرکە ساتە مێژووییە پڕشنگدارەیە کە دەکرێ وەک کۆتایی مێژوو- بە لووتکە گەیشتن و کامڵ بوونی بزووتنەوەی کوردایەتی – سەیری بکرێ.لە وەها دۆخێکدا رێگای داهاتووی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش تا رادەیەکی زۆر رۆشن دەبێتەوە.
٥-ئەوەی کە ئەمڕۆ لە باکوور تێدەپەڕێ ئەزموونێکی نۆی و خاڵ گۆڕانێکی گەورەیە.سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی مانگرتووانی کورد لە مەڕ داسەپاندنی داواکارییەکانیان بە سەر دەسەڵاتداران، هیچ لە کاریگەری و گەورەیی ئەم شاکارە کەم ناکاتەوە.هێگێل لە ساڵی ١٨٠٦ کاتێک کە سپای ناپێلئۆنی لە وڵاتی داگیرکراوی خۆی بینی کەیفی ساز بوو و کوتی ناپێلئۆنی رۆحی جیهانم لە سەرئەسپ دیت! بەدەر لە ئاکامی شەڕەکە بۆ کابرای فەیلەسووف ، ناپێلئۆن نیشانەی کۆتایی مێژوو و ئۆقرە گرتنی رۆحی جیهان بوو.لێک گرێدانی خەباتی شار وشاخ ودەست لە دەست یەک کردنی چیا و شەقام و زیندان ،نیشانەی پشکوتنی بەهاری کوردە.مانگرتوانی باکوور هێمای رۆحی نەتەوەیەکن کە بەڵێنیان داوه حەڕەکەتی مێژوو خێرا کەن و گرێپووچکەیەکی سەدان ساڵە بکەنەوە.
پێکەوە ئاڵقانی خەباتی شاخ و شار، ڕیک ئەم کلیلە سیحراوییەیە کە دەتوانێ بە سەر تەزاد و پارادۆکسە باسکراوەکانی بڕگەی ٣ی ئەم وتارەدا سەرکەوێ و ئاڵقە ونبووەکانی پڕبکاتەوە.
پشت بەستنی شاخ بە شار و ئاوێتە بوونی خەباتی چەکداری لە گەڵ تێکۆشانی سیاسی ، دەتوانێ هەندێک زەرفیەت و دەرفەتی نۆی بۆ شاخ بڕەخسێنێ تا بە سەر مەحدوودیەتە پێکهاتەیی و ژێئۆپۆلیتیکیەکانی شەڕی چەکداری دا سەرکەوێ و بە پشت بەستن بە هێزی لەبن نەهاتووی کۆمەڵانی خەڵک ، ددانی تەماحی دەروجیرانی بەرژەوەندیخواز بکێشێ.ئەوە هەر ئەو شتەیە کە لە دووتۆیی ئەم وتارەدا وەک تەزاددی کوردایەتی و ناکوردایەتی باسی لێوەکرا.ئەم تەزادە کە بەرهەمی جوگرافیای سیاسی ومەحدوودیەتەکانێتی، تەنیا و تەنیا بە کەرەسەی دەسەڵاتی نەرم کە هەڵقوڵاو لە کارامەیی و دیموکرات بوون و پشت بەستن بە جەماوەرە، بە قازانجی جەمسەری کوردایەتی کۆتایی پێدێ.
بۆ باشووریش ئەمە راستە.هەرچی حکوومەتی هەرێم کراوەتر، شەفافتر،دیموکرات و کارامەتر بێ، لە ئاستی ناوچە و جیهان دا نێو و نێوبانگی زیاتر دەڕوا و دەسەڵاتی نەرمی زیاتر دەبێ و دەستیشی لە کایە و کێشە سیاسێکانی ناوچەدا چاتر دەڕوا.
بە جەماوەری بوونی خەبات لە باکوورئەم حوسنەشی هەیە کە شاخ بە هەموو سەرکەشی و لووت بەرزیەکەیەوە نوقمی دەریای شار دەکا وپارادۆکسی دیموکراسی و”تەشکیلات سەروەری” بەرەبەرە بە قازانجی دیموکراسی یەکلا دەکاتەوە.
کەوایە زێدەڕەویمان نەکردووە ئەگەر بڵێێن ” هەم شارهەم شاخ ” دەسپێکێکی نۆی و خاڵ گۆرانێکی گرنگ بۆمێژوویەکی نۆیە.داڕشتی سیاسی داهاتووی بەشەکانی دیکەی کوردستان تا رادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە دەسکەوت ودەرئەنجامە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی دیاردەی هەم شار هەم شاخ.
٦-ئانتی تێزی چەمکی ” هەم شارهەم شاخ” ، چەمکی ” نە شاخ نە شارە” .نە شاخ نە شار، پێناسەیەکی کورت و پڕبە پێستی ئۆردووگایە.لە راستیدا ئۆردووگا چەشنی خاڵی سیفری سنووری نێوان دوو چەمکی شاخ و شارە.
شاخ و شار بە تەواوی بارە مەعرەییفیەکەیانەوە نەک وەک پێناسەیەکی بچووکی جوگرافی.لە ئۆردووگا گەرچی ژیان هەیە ، بەڵام مێژوو راوەستاوە.شوناسی ئۆردووگا شوناسێکی ئاوێزانە و هەردەم بۆ پێناسەکردنی خۆی پێویستی بە شوناسە بیچم گرتۆکانی ئەم بەر و ئەوبەری خۆی واتە شاخ و شار هەیە.تەواوی پارادۆکسە مانایی و گوتاری و سیاسێکانی جیهانی ئۆردووگا لە راستیدا لەم شوناسە شێواو ووابەستەیە سەرچاوه دەگرێ.
نەشاخ نەشار چەمکێکی نزیک لە دۆخی وەک ” نەمر نەژی” ، “نە ئەم نەئەو” و… ریوایەت لە بێ شوناسێکی گەورە دەکات.لە ئۆردووگادا مێژوو ناخوڵقێندرێ.بەڵکوو چاوەروانی رەورەوەی مێژوو دەکرێ تا بێ وئەکتەرە خیاڵێکان لە گەڵ خۆی ببا.
هەڵبەت ئەوەش چاوەڕوانێکی زۆر بێجێ نییە.لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ مێژوو ئەم جۆرە دەرفەتانەی بۆ باشوور رەخساند.بەڵام خۆ مەرج نییە میژوو هەمیشە و ڕێک وەک خۆی دووپات بێتەوە.باشترین نمرەی مێژوو هەمیشە بە کەسانێک دەدرێ کە دەوری تایەنیان بۆ مێژوو گێڕاوە. کامە تایەنی رۆژهەڵات دەبن؟ باشوور یان باکوور؟
Advertisements

تاگەکان: , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: