كه‌بوودوه‌ند به‌ هه‌زار تمه‌نی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو خێزانه‌كه‌ى

Kebudwendكه‌س ئاماده‌ نییه‌ پاره‌ بۆ ئازادی كه‌بوودوه‌ند دابین بكات- ساكار عه‌بدوڵڵازاده‌ – رووداو- رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج ساڵ به‌سه‌ر گرتنی محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بوودوه‌ند، سه‌رۆكی به‌ندكراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان. به‌رپرسانی ئێران ره‌زامه‌ندیان نیشانداوه‌ تا كه‌بوودوه‌ند به‌ مه‌رجی دانانی سه‌نه‌دی 500 ملیۆن تمه‌نی، مۆڵه‌تی چوونه‌وه‌ بۆ ماڵی پێ بدرێت.

بڕی سه‌نه‌ده‌ بارمته‌كه‌ سه‌ره‌تا 700 ملیۆن تمه‌ن بوو و له‌سه‌ر داوای بنه‌ماڵه‌كه‌ی بۆ 500 ملیۆن تمه‌ن كه‌م كرایه‌وه‌. بنه‌ماڵه‌كه‌ی تا ئێستا 350 ملیۆن تمه‌نیان دابین كردووه‌ و مانگێكه‌ كه‌بوودوه‌ند چاوه‌ڕوانی دابین كردنی 150 ملیۆنه‌ تمه‌نه‌كه‌ى دیكه‌یه‌.

ئیجلال قه‌وامی، گوته‌بێژی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ (رووداو) ره‌خنه‌ی له‌ چالاكڤانان و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی و دیاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گرت و گوتی “به‌داخه‌وه‌ دوای یه‌ك مانگ له‌ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی به‌رپرسان، به‌ڕێز كه‌بوودوه‌ند له‌سه‌ر 150 ملیۆن تمه‌ن له‌ زینداندا ماوه‌ته‌وه‌. خۆم و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی زۆر له‌ ناوخۆ په‌یوه‌ندیمان گرت. هه‌موویان به‌ڵێنیان پێداوین، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌”.

ئیجلال قه‌وامی گوتیشی “ئێمه‌ ره‌خنه‌یه‌كی زۆرمان له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ناو كورد و كوردستان دوكانیان كردووه‌ته‌وه‌. كۆمه‌ڵێك كه‌س دروشمی گه‌وره‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌كاتی ته‌نگانه‌دا ئاماده‌ نین هیچ یارمه‌تی و هاوكارییه‌ك بكه‌ن.”

كه‌بوودوه‌ند له‌ ساڵی 2007 له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له‌ لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئێران به‌ تاوانی دامه‌زراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان و تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شێواندنی بیروڕای گشتی ، به‌ 11 ساڵ زیندان سزا درا.

گوته‌بێژی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان به‌ ئاماژه‌كردن به‌ رێژه‌ی ملیۆنی كورد له‌ تاران و كۆمه‌ڵێك رێكخراوی كوردی وه‌ك ئه‌نیستیتۆی كورد، به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد، ریفۆرمخوازانی كورد، نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی ئێران و…هتد ده‌ڵێت “زیاتر 1 ملیۆن و 500 هه‌زار كورد له‌ تاران نیشته‌جێن. كۆمه‌ڵێك رێكخراو به‌ناوی كورده‌وه‌ چالاكی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دۆستانمان هیچ كامیان ئاماده‌نه‌بوون هیچ یارمه‌تییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌ كاتێكدا سه‌رجه‌میان توانای داراییان باشه‌”.

ئیجلال قه‌وامی به‌ره‌و رووی ئه‌و چالاكڤانه‌ كوردانه‌ ده‌ڵێت “ئایا كه‌بووده‌وند مرۆڤ نییه‌؟ كورد نییه‌؟ رۆژنامه‌وان نییه‌؟ له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد نه‌چووه‌ته‌ ناو زیندانه‌وه‌؟.”

د. جه‌لال جه‌لالیزاده‌، نوێنه‌ری شاره‌كانی سنه‌، دیوانده‌ره‌ و كامیاران له‌ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی ئێران كه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ داوای یارمه‌تی لێكراوه‌ بۆ دابین كردنی سه‌نه‌دی بارمه‌ته‌ بۆ كه‌بوودوه‌ند به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند “راسته‌ كاك ئیجلال قه‌وامی پێی راگه‌یاندم، كه‌ بۆ مۆڵه‌ت پێدان به‌ به‌ڕێز كه‌بوودوه‌ند داوای سه‌نه‌دی بارمه‌ته‌یان كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ من خۆم ئه‌و توانایه‌م نه‌بوو، كه‌ سه‌نه‌دێك دابین بكه‌م.”

د. جه‌لالی زاده‌ راشیگه‌یاند “زۆر به‌داخه‌وه‌م كه‌ كه‌سێك به‌هۆی چالاكی مافی مرۆڤه‌وه‌ له‌ زیندان دابێ، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكه‌ی، كه‌ كه‌بوودوه‌ند به‌هۆی پشتیوانی كردن له‌ مافه‌كانیان گیراوه‌، ئاماده‌نه‌بن 500 ملیۆن تمه‌ن سه‌ندی بۆ دابین بكه‌ن تا مۆڵه‌تی پێ بدرێت سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بكات.”

كه‌بوودوه‌ند كه‌ له‌ لایه‌ن چالاكڤانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ “باوكی مافی مرۆڤی كوردستان” ناوزه‌د كراوه‌، 5 ساڵه‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی زیندانییه‌ك كه‌ پێدانی مۆڵه‌ته‌ بۆ بینینی خێزانه‌كه‌ى بێبه‌ش كراوه‌.

گوته‌بێژی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بانگه‌شه‌ی چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی كوردانی رۆژهه‌ڵات ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و ده‌ڵێت “به‌بڕوای من زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ هیچ باوه‌ڕیان به‌ چالاكی مه‌ده‌نی و سیاسی نییه‌ و ته‌نیا وه‌ك دروشمێك بێ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ باجێكی بۆ بده‌ن ناوی چالاكڤانی سیاسی و مه‌ده‌نی كوردیان هه‌ڵگرتووه‌. ئه‌وان تا ئه‌و جێگایه‌ ناوی كورد و كوردستان ده‌به‌ن كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك رووبه‌ڕوویان نه‌بێته‌وه‌ و هیچ باجێكی بۆ نه‌ده‌ن.”

د. جه‌لال جه‌لالی زاده‌ش وێڕای پشت راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌ڵێت “ته‌نیا كوردانی دانیشتووی تاران نه‌ك 500 ملیۆن، ده‌توانن بڕی 500 ملیارد تمه‌ن سه‌نه‌د دابنێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چالاكانی ئێمه‌ كاتێك باسی پاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ خۆ ده‌دزنه‌وه‌.”

سه‌رۆكی به‌ندكراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان له‌ناو گرتووخانه‌دا بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت به‌ مه‌به‌ستی بینینی كوڕه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی چه‌ندین جار مانی له‌خواردن گرت كه‌ دواجار 30 رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك مانى گرت. به‌رپرسانى ئێران به‌ڵێنیان پێدا مۆڵه‌تى بده‌نێ، ئه‌ویش مانگرتنه‌كه‌ى شكاند.

كه‌بوودوه‌ند تا ئێستا براوه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك خه‌ڵاتی هێله‌منه‌یه‌. ناوبراو له‌ ساڵی 2009 و له‌ناو گرتووخانه‌دا، خه‌ڵاتی میدیاكانی بریتانیای پێ به‌خشرا و به‌ رۆژنامه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی ساڵ له‌ به‌ریتانیا هه‌ڵبژێردرا.

هه‌روه‌ها به‌ پاڵپشتی چالاكڤانی مه‌ده‌نی وسیاسی‌ و حیزبه‌كان و رێكخراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وه‌ك یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌كانی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێلی 2011 هه‌ڵبژێردرا. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن رێكخراوى ئه‌منستى ئینته‌رناسیۆناڵ خه‌ڵاتكراوه‌.

له‌ رێكه‌وتی 2012/4/26، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ “رۆژنامه‌نووسی رۆژ” هه‌ڵبژێردرا. هه‌روه‌ها له‌ رێكه‌وتی 2012/7/18، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ حكومه‌تی ئێران كرد كه‌بوودوه‌ند ئازاد بكات.

چالاكڤانانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تا ئێستا چه‌ندین كه‌مپینیان بۆ ئازادی و پاڵپشتی كه‌بوودوه‌ند به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی یه‌ك مانگ له‌ ره‌زامه‌ندی بۆ پێدانی مۆڵه‌ت و دابین نه‌بوونی سه‌نه‌د، چالاكڤانان تا ئێستا بێده‌نگن.

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی، رۆژنامه‌وان و چالاكڤانی سیاسی كه‌ له‌ سه‌رجه‌م كه‌مپینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ئه‌ندامی كارا بووه‌، له‌و باره‌وه‌ به‌ (رووداو)ی راگه‌یاند “من وه‌ك كوردێك شه‌رم ده‌كه‌م كه‌ ناتوانین هیچ كارێك بۆ به‌ڕێز كه‌بوودوه‌ند بكه‌ین. كه‌بوودوه‌ند جێگه‌ی شانازی گه‌لێكه‌ و گه‌لێك شه‌رمه‌زاری ئه‌وه‌.”

ئه‌و چالاكڤانه‌ گوتیشی “باشترین رێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوخۆی وڵاتدا ژماره‌ حیسابێكی تایبه‌ت رابگه‌یه‌ندرێت و له‌ رێگه‌ی كه‌مپینێك هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ بدرێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر كوردێك ته‌نیا هه‌زار تمه‌ن بدات ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ ئاسانی دابین ده‌بێت”.

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی پێدانی مۆڵه‌تی مه‌رجدار به‌ كه‌بوودوه‌ند، به‌ سه‌ركه‌وتنی كۆماری ئیسلامی ناو برد و رایگه‌یاند “به‌رپرسانی ئێران له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ به‌ كه‌بوودوه‌ند ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌سه‌ر پشتیوانی كردن له‌ مافه‌كانی ئه‌وان كه‌وتوویته‌ زیندانه‌وه‌، ئاماده‌نین بۆ مۆڵه‌ت پێدانت سه‌نه‌دێكی بارمته‌ دابنێن.”

محه‌ممه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند

– له‌ ساڵى 1963 له‌ شارى دیوانده‌ره‌ى پارێزگای سنه‌ له‌ دایكبووه‌.

– بكالۆریۆسى له‌ بازرگانى و داراییدا هه‌یه‌.

– خوێندنى ماسته‌رى له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ نیوه‌چڵى جێهێشتووه‌.

– ساڵى 1997 له‌گه‌ڵ چه‌ند چالاكڤانێك رێكخراوى (یه‌كێتى بۆ دیموكراسى له‌ ئێران)ی دامه‌زراند.

– ساڵى 2003 رۆژنامه‌ى په‌یامی خه‌ڵك (په‌یام مه‌ردم)ى به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى و فارسى ده‌ركردووه‌.

– ساڵى 2005 (رێكخراوى مافى مرۆڤى كوردستان) داده‌مه‌زرێنێ.

– له‌ ساڵى 2007 له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێ و به‌ سێ دۆسیه‌ى جیاواز، سزای 11 ساڵ زیندانی به‌سه‌ر داده‌سه‌پێت.

Advertisements

تاگەکان: , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: