چوار شەڕ و یەک خەون- ڕاپۆرتێك لەبارەی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد و هێزە سیاسیە کوردستانیەکان

kurdistanmap

لە نووسینی: ئولریخ لادورنێر
وەرگێرانی لە ئەڵمانییەوە: پرشنگ شەریفی

لە مێژووی خەباتی هەر نەتەوەیەکدا شوێنگەلێک بەدی دەکرێن کە لە تەنگانەدا زۆرجار بوونەتە پەناگا و قەڵای پۆڵاینی ئەوان و زۆرجاریش بوونەتە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە .بۆ کوردەکان ئەو شوێنە لە “قەندیل” بەولاوە شوێنێکی تر نیە. ناوچەیەکی سەخت و دژوار، بەلام لە هەمان کاتدا جوان و دڵرفێن لە سێگۆشەی نێوان ئێران، عراق و تورکیە. ئێرە لە کاتی تەنگانەدا هەموو کات پەناگای شۆرشگێڕانی کورد بووە. ئەوان لێرە دە‌حەسێنەوە و خۆیان بۆ دەورەیەکی نوێ لە خەباتێکی وەک وێدەچی بێ کۆتایی ئامادە دەکەنەوە. دوژمنەکان بە درێژایی مێژوو زۆر بوون و زۆرن. ‌‌‌سپای عراقی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر، سەربازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ژەنەڕالەکانی تەیب ئەردۆغان، هەموویان هەوڵی لەناو بردنی شۆرشگێرانی کوردیان لە قەندیل داوە. بەلام سەرەڕایی بەکار هێنانی هەموو چەشنە هێزێک (سەرباز، تۆپخانە و فرۆکە)، هەوڵەکانی ئەوان بێ ئاکام بووە، چونکە تا ئێستا ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلا کوردەکان دایە. مرۆڤ ئەوەش بڵێ کە تەنیا بەشێکی کەم لەو هێزانە تا ڕادەیەک سیمای بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی پێشکەوتوویان پێوەدیارە. ئەوە بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە کە ئەوان بۆخۆیان لەبارەی خۆیانەوە هەیانە. هەروەها ئەو هێزانە لە رابردوودا زۆرجار لە شەڕی “براکوژی”دا بەرەو ڕووی یەکتر بوونەتەوە و بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری یەکترییان داوە. بەلام هەموو ئەوانە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە قەندیل بۆتە سەنبوولی ئاواتی بە ئازادی گەیشتنی نەتەوەیەکی بێ وڵات.


ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست لە ئاڵوگۆڕ دایە. حکومەتی سوریە دەڕوخێت. عراق بە کردەوە دابەش بووە و ئێرانیش لە ژێر گەمارۆی سەخت دایە و دەبێ چاوەروانی هێرشی نیزامی ئەمریکا و ئیسرایل بکات. ئەو سنوورانەی کە لە ساڵی 1919وە دانراون، وێدەچێ کە لە ناو بچن، و پارچەکانی کوردستان کە بە دەوڵەتانی سوریە، تورکیە، عراق و ئێران لکێندراون لە جموجۆڵ دان و هیوای ئەوە هەیە کە لە دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردیدا یەکبگرنەوە. ئەوە خەونی هەرە لەمێژینەی کوردەکانە، بەلام لە هەمان کاتدا بۆ حکومەتەکانی پێوەندیدار، بە تایبەت بۆ تورکیە کە 20 میلیۆن کوردی تێدا دەژی مۆتەیە.

ئێستا لە کوێستانەکانی قەندیل ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پێکاکا) دەشەکێتەوە و لە دوورەوە لەسەر بەرزاییەکان دیارە. سەرۆکی ئەوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 دا لە لایەن دادگایەکی تورکی بە حەپسی هەتاهەتایی حوکم درا. ئۆجەلان ساڵانێکی زۆر دوژمنی دەرەجە یەکی حکومەتی ئانکارا بوو. بەڵام لێرە لە دەروازەی چوونە ناو قەندیلەوە وێنەکانی وەبەرچاو دەکەون کە بە ڕەنگی تەڕ و تازە کێشراونەتەوە. پێکاکا بەو کارەی پەیامێکی ئاشکرا دەداتە حکومەتی تورکیە کە دەڵێ : “ئێوە دەتوانن ئۆجەلان حەپس بکەن، بەڵام )بۆ ئێمە( ئەو هەر سەرۆکمانە “. پاسەوانێکی چەکداری پێکاکا زۆر سەختگیرانە و وەکو پاسەوانێكی ڕەسمی سەر سنوورەکان، ناسنامەکانمان کۆنترۆڵ دەکات، ناوی موسافیرەکان و ناو و نیشانی ئۆتۆمبیلەکەمان دەنوسێت. دواتر لە شوێنێک لە قوڵایی چیاکاندا “شێرزاد کانانجەک” بە هاوڕێیەتی کۆمەلێک گەریلا پێشوازیمان لێدەکات. لەوبەری سنوورەوە تۆپخانەکانی ئێران چەند تۆپێک دەهاوێن کە لە ناو ئەو چیایانەدا وەکو هەورە تریشقە دەنگ دەدەنەوە. شێرزاد بێ باکانە دادەنیشێت. ئەو “کوردی ئێرانە” و یەکێکە لە فەرماندەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لقێکی پێکاکایە. شێرزاد دەڵێ لەو کاتەوە کە خوێندکار بووە، دەستی بە خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی 12 میلیۆن “کوردی ئێرانی” کردوە. ئەو دەڵێ ئۆتۆنۆمی و باس لە جودابوونەوە لە ئێران ناکات، بەڵام ئەو قسانە لە ئێستادا تەواو ڕاست نین، چونکە بە پێچەوانەی قسەکەی خۆی کە دەڵێ بۆ ئۆتۆنۆمی خەبات دەکەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەیەی کە ئێستا سنوورەکان لەناوچوون دان، ئەو لە هەمان کاتدا لە پێناو دروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی دا خەبات دەکات. لەم پێوەندیەشدا قەندیل بەردێکی بچووک بەلام گرینگی دیواری ئەو باڵەخانەیەیە کە ناوی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە”و بناغەکەی تا ڕادەیەک دانراوە. قەندیل بە ئەدەبیاتی پێکاکا “ناوچەیەکی ئازادکراوی کوردیە”.

ناوچە ئازادکراوەکانی لە هەمان شێوە لە زۆر بوون دان، بە تایبەت لەو کاتەوە کە شۆرشی سوریە دەستی پێکردوە. بەڵام بەشار ئەسعەد بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەسەڵات نابێ. ئەسعەد هێزەکانی خۆی لە ناوچە کوردیەکانی سوریە کشاندۆتەوە چونکە لە ناوچەکانی دیکە پێویستی بەو هێزانە هەیە، ئەوە لەلایەک، و لەلایەکی ترەوە ئەو کارەی وەکو تاکتیکێک ئەنجام داوە. کاتێک کە سەربازەکانی ئەسعەد ئەو ناوچانەیان بەجێهێشت، شۆرشگێرانی “پارتی یەکێتی دێموکرات” (پەیەدە) ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. “پەیەدەی سوری” هەروەکو “پژاکی ئێرانی” لقێکە لە پێکاکا. پێکاکا هەر لە زووەوە پێوەندی یەکی پتەوەی لەگەل رێژیمی سوریە هەبووە. لە دەیان ساڵەی خەباتیاندا، شۆرشگێرانی کورد قەت لە هەڵبژاردنی هاوپەیماندا دوو دڵیان نەکردووە. هەرکەس و لایەنێک کە دوژمنی نەیارانی ئەوان بووبێ ، وەک دۆستی خۆیان حیسابیان بۆ کردووەو هاوپەیمانیان لەگەڵ پێکهێناوە. سەرۆکی پێکاکا عەبدۆڵڵا ئۆجەلان ساڵانێکی زۆر پەنای بۆ سوریە بردبوو و لە لایەن حافز ئەسعەد، باوکی بەشار ئەسعەدەوە، پارێزگاری دەکرا. لە ساڵی 1998 کاتێک کە تورکیە هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەری لە سوریە کرد، ئۆجەلان مەجبوور بوو ئەو وڵاتە بەجێهێڵێ. بەڵام تا ئەمرۆ “پەیەدە” کاروبارەکانی بەشار ئەسعەد بەرێوە دەبات. خەباتکارانی ئەوان تەنانەت ڕێگربوون لەبەردەم دەستبەسەرداگرتنی ناوچە کوردییەکان لە لایەن “سوپای ئازادی سوریەوە”.بەشار ئەسعەد کوردە تازە بە ئازادی گەیشتووەکانی سوریە لە بەرامبەر دوژمنی سەرسەختی خۆی، واتە ئەردۆغان دا وەک ‌هەڕەشەیەک بەکار دەهێنێ. پەیامی ئاشکرا، بەلام بە زمان نەهاتووی ئەسعەد بۆ ئەردۆغان ئەوەیە” تۆ سەیر کە چی ڕوودەدات ئەگەر من لەسەر دەسەڵات نەمێنم! -لە سوریە کوردستانێکی سەربەخۆ دادەمەزرێ”. ئەردۆغانیش هەر بە هەڕەشە وەلام دەداتەوە و دەڵێ کە بە هەموو هێز وتوانای وڵاتەکەیەوە پێش لە هاتنە ئارای ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردی لە سوریە دەگرێ. لە “کوردستانی تورکیە”ش شەڕ و پێکدادانەکانی تێوان سوپای ئەو وڵاتە و گەریلاکانی پێکاکا لە زۆر بوون دان. گەریلا کوردەکان خۆیان بە ئەندازەی پێویست بۆ هێرش کردنە سەر سوپای ئەو وڵاتە بەهێز دەبینن. لەو درامایەدا کە تەواوی ناوچەکەی گرتۆتەوە، ئەکتەرێکی دیکەش ڕۆڵ دەبینێ. ‌هەرچەند ئەو جارێ ساوایە، بەلام بە شێوەیەکی یەکجار بەرچاو ئەو بایەخ و گرینگی هەیە. لێرەدا قسە لە هەرێـمی کوردستانە.

سەفەری ئێمە لە لای شێرزادی فەرماندەوە، ‌واتە لە قەندیلەوە بۆ هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان تەنیا چەند کاتژمێرێک دەخایەنێ. ئەو سەفەرە دەتوانرێ لە هەمان کاتدا وەک سەفەر بەرەو داهاتوویەک کە وێدەچێ چارەنووسی کوردەکانی پارچەکانی دیکەش بێ، سەیر بکردرێ. لە قەندیل مرۆڤ لەگەل دژواری، سەختی و لایەنە تاریکەکانی شەر بەرەوڕوو دەبێ و هاوکات دەورەی مەشقی نیزامی و وێنەی خەباتکارە گیانبەختکردوەکان کە لەسەر دیواری ماڵان کێشراونەتەوە وەبەر چاوی دێ. شەقامەکانی هەولێر بە پێچەوانەوە قەرەباڵغن و پڕن لە ژیان. لێرە ئێستا ئۆتۆمۆبیلی ئاخر مۆدێل بە سەر شەقام و بە لای باڵەخانە بەرزەکاندا دا تێپەڕ دەبن. لە کاتێکدا زیاتر لە 20 سال لەمەوپێش بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە بە هۆی هێرشی سەدام حوسێنەوە، بە زگی برسی و بە سەرمای زستان پەنایان بۆ چیاکان دەبرد. بەلام ئەمرۆ ئەوان بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان ڕوو لە “فەمیلی مۆڵ” دەکەن. داهاتی نەوت و گاز نەک هەر سندوقەکانی کوردستان بەڵکو گیرفانی هاوڵاتیانی ئەو هەرێمەشیان پڕ کردووە. هەولێر شارێکە کە بەردەوام لە گەشەکردن دایە و لە هەمان کاتیشدا نموونەیەکە بۆ کوردەکانی دیکە. کام “کوردی ئێران، تورکیە و سوریە” پێیخۆش نیە وەک خوشک و براکانی لە “باکوری عراق” دوور لە ژێردەستی و هەژاری بژی؟

هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ئەمریکا لە دژی سەدام حوسێن دروست بوو، و ئەمرۆ بەشێکە لە “کۆماری فێدراڵی عراق”. بەلام زیاتر لە ناوچەیەکی سەربەخۆ دەچێ و ئاشتی بە تەواوی باڵی بەسەر دا کێشاوە. لێرەدا مرۆڤ پارادۆکسێک دەبینێ: کوردەکان بە درێژایی مێژوو هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە بوون، بەلام ئێستا بە پێچەوانەوە ئەوان لە ناوچەیەکی پڕ لە قەیران و شەڕدا، دورگەیەکی ئارام و سەقامگیریان بۆ خۆیان پێکهێناوە. لە هەرێمی کوردستان خەڵک نەک هەر لەباری ئابوورییەوە وەزعی باشە، بەلکو ئەو دەڤەرە لەبواری ئەمنیەت و سیاسیشەوە سەقامگیرە. ئاخرین هێرشی تیرۆریستی لێرە لە سالی 2005 دا ڕوویدا. ئەو بارودۆخە هەموارە قازانجی ئابووری و سیاسیشی هەبووە. کوردستان ئێستا بۆتە پردی نێوان سەرمایەدارە نێودەوڵەتیەکان. بە پێی زانیاریەکانی حکومەتی هەرێم، ئێستا زیاتر لە 1000 شیرکەتی تورکی لە هەرێمی کوردستان دا جێگیرن. ئەوە گرینگێکی تایبەتی هەیە، چونکە بە تایبەت حکومەتی تورکیە بە گومانەوە دەڕوانێتە “باکوری عراق”. پێشکەوتنەکانی کوردستان لە ئاکامی سیاسەتێکی ژیرانە و هەندێک پێشهاتی مێژووییەوە وەدەست هاتوون. هەردوو سەرکردەی ناودار، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ژیرانە کەڵکیان لەو هەلە وەرگرت کە لە دوایی ڕوخانی رێژیمی سەدام حوسێن لە سالی 2003دا بۆیان هەڵکەوت. لە ساڵەکانی 1990دا ئەوانیش لە دژی یەکتر شەریان دەکرد. بەلام ئەوان ئەمرۆ پێکەوە دەسەڵاتیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە. تالەبانی لە بەغدا، لە شوێنێک کە سوننی و شیعەکان دایم پێکەوە لە ناکۆکی دان، داکۆکی لە بەرژەوەندی گەلەکەی دەکات. ئەوان پۆستی سەرۆک کۆماری عراقیان بەو، واتە بە کوردێک داوە!

بارزانی “سەرۆکی کوردستانە”. هەردووکیان لەو ڕاستیە تێگەیشتوون کە تەنیا یەکگرتن مەسەلەی کورد بەرەوپێش دەبات. بەرەو پێشەوە بۆ کوێ؟ وەڵامەکەی روونە: بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی! لێرەدا پرسیار تەنیا ئەوەیە کە لە چوارچێوەی کام سنووردا ئەو خەونە دێتە دی. حكومەتی هەولێر باش دەزانێ کە ئەو خەونە لەمێژینەیە چ دڵەڕاوکێیەک تووشی وڵاتانی دراوسێ دەکات. فواد حوسێن، “سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان” دەڵێ :” ئێمە واقعیەت بینین، و دەزانین کە لە چ ناوچەیەکدا دەژین” . ئەوان بەپەلە هەنگاو نانێینەوە و نەبوونەتە هۆی تەحریک کردنی ناپێویستی ولاتانی دەوروبەریان. بەڵام لە هەمان کاتدا شێلگیرانە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێنەوە. بەڵێ، ئەوە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە کە وەکو دەردەکەوێ سودبەخشیش بووە.

فواد حوسێن بە شانازییەوە باس لە یاسای بەرهەمهێنان دەکات کە حکومەتەکەی تازە پەسندی کردووە. چونکە ئەو یاسایە قازانجی ئابووری باشی بەدواوە دەبێ. حوسێن کوردستان وەک شەریکێکی بازرگانی جێی باوەر پێناسە دەکات و ڕووی پەیامەکەی بەتایبەت لە تورکیەیە. حکومەتی ئانکارا تا ئێستا هەر لەگەل حکومەتی ناوەندی بەغدا لە پێوەندی و گفتوگۆ دابووە. ئەو دەیهەوێ ‌‌بەم کارەی بە کوردەکان بڵێ: “کوردستان بۆ ئێـمە ئێستاش هەر بەشێک لە عراقە “. بەلام هەڵوێستی تورکیە گۆرانی بەسەردا هاتووە. لەو وڵاتە لۆبی یەکی بەهێز هەیە کە بەهۆی هەبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانەوە، پێوەندێکی باش لەگەل هەولێر بە پێویست دەزانێ چونکە حکومەتی هەرێـم توانای دابین کردنی بەشێکی گرینگی لە پێویستییەکانی تورکیە لە نەوت و گاز هەیە. تا ماوەیەک لەمەوپێش کلیلی هەموو بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەست حکومەتی ناوەندی بەغدادا بوو. بەلام ئێستا حکومەتی هەولێر دەیهەوێ بۆخۆی نەوت بگوازێتەوە، و دوای دوو دڵیەکی زۆر حکومەتی تورکیە بریاری بەشداری کردن لەم پرۆژەیەی دا.

ڕوخانی هەرچی زیاتر چاوەڕوان کراوی حکومەتی سوریە، رۆڵی حکومەتی هەرێم وەک هاوپەیمانێكی سیاسی حکومەتی تورکیە گرینگتر دەکات. بە هۆی زیادبوونی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە وگەریلاکانی پێکاکادا ڕوودەدەن، و هەروەها دروست بوونی “ناوچەی ئازادکراوی کوردی” لە سوریە، تورکیە پێویستی بە هاوپەیمان هەیە کە توانای کاریگەری دانان لە سەر پێکاکایان هەبێ. بۆ ئەو مەبەستە، ئەو چاوی بڕیوەتە حکومەتی هەرێم. ئەردۆغان بۆ ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتن کردبوو، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەشی تا ئێستا دووجار سەردانی هەولێری کردووە. بە بێگومان ئەردۆغان ئەو کارە لە ڕووی مەجبوورییەوە دەکات. ئەو هیچ رێگایەکی دیکە شک نابات، و لە نێوان پێکاکاو بارزانیدا، بۆ ئەو پێکاکا دوژمنێکی سەرسەختترە. داخوا بەراستی بارزانی توانای کاریگەری دانان لەسەر پێکاکای هەیە، مرۆڤ تەنیا لە داهاتوو دا ئەوەی بۆدەردەکەوێ. چونکە لە ئێستادا پێکاکا زۆر بەهێزە و جگە لەمەش دەتوانێ پشت بە هاوکاری دیمەشق ببەستێ. بەلام کێشەکان بەبێ حکومەتی هەولێر چارەسەر ناکرێن. بارزانی و تالەبانی دەتوانن ببنە پشتوپەنای نیزیکەی 2 میلیۆن کورد لە سوریەی دوای بەشار ئەسعەد دا. ئەوکات کوردەکان لە دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆی کوردیش نیزیکتر دەبنەوە.

بارزانی و تاڵەبانی باش دەزانن کە چۆن بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک لە هێزە کوردیەکانی دیکە وەربگرن. جگە لە پێکاکا و باڵەکانی (پەیەدە و پژاک) ژمارەیەک حیزبی دیکەش بۆ ڕزگاری کوردەکان خەبات دەکەن. ئەوان لە پێکاکا کەم هێزترن و بە مەیل و ئارەزووی بارزانیەوە بەستراونەتەوە. دوو لەو حیزبانە واتە “حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران” و کۆمەڵە کە لە سەرەتادا مارکسیستی- لێنینیستی بوو، و بۆ هێزێکی سۆسیال- دێموکرات گۆڕا، لەسەر ئەو خاکەی کە بارزانی سەرۆکیەتی نیشتەجێن. ئەو دوو حیزبە دەیان ساڵە لە دژی رێژیمی تاران خەبات دەکەن، بەلام سەرکەوتنەکانی پێکاکا پێگەی ئەوانی بێ هێز کردووە. ئەوان ئێستا خەباتی چەکداری ناکەن، بەلام “دەورەی نیزامی” بە خەباتکارانیان دەبینن ، دەرسی مێژووی کوردیان پێدەڵێن و بەمشێوەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران ئامادەیان دەکەن .بنکە و بارەگاکانی ئەوان لە سنوورەکانەوە و لەو شوێنەی کە ئێستا مێژوو دەخوڵقێنێ، واتە لە قەندیلەوە دوورە. بەلام لەوانەیە کە بۆ ئەوانیش هەلێک بڕەخسێ، بە تایبەت ئەگەر رۆژێک لە نێوان ئەمریکا-ئیسرایل و ئێراندا شەڕ روویدا. بارزانی و تالەبانی زەمینەی دروست بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیان خۆش کردوە. ئەوکات بەشێکی دیکەی کوردستانیش (واتە رۆژهەلاتیش) دەتوانێ لەگەل پارچەکانی دیکە یەکگرێتەوە، و بەمشێوەیە لە داهاتوودا ئەگەری لە دایک بوونی کوردستانێكی مەزن هەیە !

سەرچاوە : Die Zeit
Rojhelattimes

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: