کوردستانی ئێمە و کوردستانی فەیسبووک! سەلاحەدین خەدیو

salahxadiw١ـ کەلەبەری نێوان دەرێ و ژوورێ، یەکێک لەو قەڵشە کۆمەڵایەتییە ناسراوانەیە کە زۆرجار سرنجی چاوەدێران و کارناسانی سیاسی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. ئەم کەلەبەرە لە پێناسەیەکی گشتیدا ئاماژە بە جیاوازی و جاری وایە دژوازی جهان بینی و حەز و ئاوات و کەڵکەڵەکانی توێژێکی بەرچاوی خەڵک و چالاکان و جەریانە سیاسییەکانی ئۆپۆزسێونی دەرەوە لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە ناوخۆ دەکات. ئەم کەلەبەرە بەرلەوە کە خوڵقاوی پێداویستییەکی پێکهاتەیی و نەگۆڕ بێ، بەرهەمی چارەنووسی مێژوویی وڵات و گۆڕانکاری و پێشهاتە تایبەتێکانێتی.
سەقام‌گرتنی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا لە سەرەتای شەستەکان و ئاوارەبوونی هێزە نەیارەکان بە درێژایی زەمەنێکی دەیان ساڵە ئەم دەرفەتەی لێ ئەستاندنەوە کە لە نزیکەوە و لە ناخی کۆمەڵگادا، شاهیدی گۆڕانکارییەکان و ئافران و لە دایک بوونە تازەکانی بن. گووران و بیچم ‌گرتنی نەوەیەکی نوێ کە بە تەواوی نامۆ و ناتەبا لەگەڵ گوتارە ئارمانی و دەسەڵاتخوازەکانی پەنجاکان و شەستەکانی هەتاوییە، تەنیا یەکێک لەم گۆڕانکاریانە و بێ دەسەڵاتی لە دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش و ئاشنا لە گەڵیان نەهامەتێکی چارەنەکراوی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەیە. ئەگەر بڵێین کە ناوەندی گوتارە دەسەڵاتخوازەکانی ڕابردوو چەمکی “سیاسەت” و جەوهەرەکەشیان دەست بە سەر داگرتن بە سەر دەزگای “دەوڵەت” بۆ پێکانی ئامانجە سیاسیەکانە، بۆ نەوەی نۆی کۆمەڵگا ئەوە ژیان و بەهاکانێتی کە گرنکایەتیان پێدەدرێ.


لە گوتاری ژیاندا بە پێچەوانەی گوتاری سیاسەت، هەم سیاسەت بە قازانجی تاک و خۆویستی دەچێتە پلەکانی خوارەوە و هەمیش دەوڵەتخوازی جەوهەری گوتاری نەریتی سیاسەت دەچێتە پەراوێزی پانتای تاکە کەسی و کۆمەڵگای مەدەنی و ئافراندنی پانتای گەلی تازە کە رەسەنایەتی بە تاکایەتی و بەهاکانی دەبخشن. ئەگەر لە گوتاری نەریتی رابردوودا، پانتای سیاسەت ئەوەندە زەبەلاح دەبۆوە کە تەنگی بە حەوزەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەچنی، ئێستا سیاسەت ــ ئەویش لە دەربیجەی تاکەوە نە گرووپ و کۆمەڵ ــ تانیا یەکێک لە ئەولەیەتەکان لە پاڵ چەندین گوزینەی جیدی دیکەدایە.
ئاشکرایە کە لە دووتۆیی ئەم وتارەدا ناکرێ و ناتوانین باسی هەموو ئەو رەهەندانە بکەین کە گۆڕانیان بە سەر کارکرد و چاوەڕوانییەکانی خەڵک‌دا هێناوە. تەنیا دەتوانین بڵێین کە فاکتۆری وەک چوونە سەری ئاستی خوێندەواری و شارنشینی، زۆربوونی دەوری ژنان لە بازاری کار و لە پانتای دەرەوی بنەماڵە و زۆربوونی چینی مام‌ناونجی کۆمەڵگا و برەو پەیداکردنی گوتاری دیموکراسیخوازی لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی دا، هەموو کاریگەر بوونە لەم گۆڕانکارییە ژێر تۆ خییەی کۆمەڵگا و لە ئەنجام دا پچرانی ریژەیی زمانی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و چالاکانی ناوخۆی وڵات.
ناکرێ خۆشمان لە کوتنی ئەم ڕاستیە بدزینەوە کە ئەندازەی ئەم قەڵشتە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کورد لە چاو بەشەکانی دیکەی ئێران بە هۆکاری تایبەت کەمترە. بەڵام نەک تا ئەم رادەیە کە وەک ئامرازێکی تەحلیلی جیدی لە بەرچاوی نەگیرێ.
٢ـ شۆڕشی پێوەندییەکان و پەیدابوونی کەرەسەی وەک سەتەلایت و ئینتێرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیس بووک کە بە تایبەتی لەم دە ساڵەی دوایی دا کوردستانیشی تەنیوە، لە سەرەتادا ئۆمێدی وەی دەبخشی کە لە قووڵایی و بارستایی کەلەبەری ژوورێ ــ دەرێ کەم کاتەوە ورایەڵەیپێوەندی نۆی و کاریگەر لە نێوانیان دامەزرێنێ.
بەڵام نە تەنیا ئەم پێش بینییە وەڕاست نەگەڕا بەڵکوو بە زۆر هۆ کە لێرەدا مەجالی باس کردنی تەواویان نییە، ئینتێرنێت و توخم و تەرەکەکانی کە تۆرە کۆمەڵایەتیەکانن، بوونە خاڵی دەسپێکی کەلەبەرێکی نۆی و جیدی؛ کەلەبەرتن نێوان پانتای واقیعی و پانتای مەجازی!
بێ گومان کەم بوونی زەریبی رۆچوونی (نفوز) ئینتێرنێت لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی هۆکارێکی گرنگی پێک‌هاتنی ئەم دۆخە تازەیە. بەڵام هەڵەیە ئەگە وای دابنێن کە بە گشتاندنی ئینتێرنێت و کەرەسە پێوەندییەکان، دەتوانین کە بە تەواوی قەڵشتی نێوان پانتای مەجازی و پانتای واقیعی پڕ کەینەوە. لەڕاستیدا پشکێکی گەورەی پێک هاتنی ئەم کەلەبەرە وەبەر ماهیەت و زاتی پانتای مەجازی دەکەوێ. پانتای مەجازی یەکێک لە ئاکامەکانی شۆڕشی زانیارییەکانە هەشتاکانی زایینیە کە لە سالانی ١٩٨٠ بەولاوە پێک‌هات و ئێستاشی لەگەڵ بێ مشت و مڕ و باس‌وخواس لە سەر دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی لەسەر پانتا واقعیەکان بەردەوامە.
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەم دۆخە نۆییە کاریگەری قووڵ و گەورە لە سەر تەواوی پانتا واقعیەکانی سەر بە ژیان دادەنێ. دەرک بەم ڕاستییە بەم مانایەیە کە لێک گرێدانی پانتای مەجازی و واقیعی پێویستی بە دیزانێکی تازە و مودێرن و چارەسەرکردنی دەیان و سەدان پرسی پێوەندیدار و بەتایبەت پڕ کردنەوەی بۆشایە نەرم ئامێرییەکانی ئەم بەستێنە هەیە.
لە لای ئێمە بەڵام خراپیەکەی ئەوەیە کە سیستمە ئینتێرنێتی و کەرەسە پێوەندییە تازانە هاتوونەتە سەر خاکی کۆمەڵگایەکی نائامادە و زۆرتر راهاتوو بە نۆرم و هەنجارەکانی کۆمەڵگای پێش ١٩٨٠ و لە راستیدا کۆمەڵگایەکی نە مۆدیرن و نە نەریتی کە لە پڕ تووشی گۆرانکارییەکی لە نەکاو و هەڵتەکێنی جیاواز لە دەیەکانی پێشووی هاتووە.
ئەم قەڵشە گەورەیە وایکردوە کە شێوەی تێفکرین و ئاجیندای کاری تۆرێکی کۆمەڵایەتی وەک فەیس بووک بەر لەوە کە هەڵقوڵاو لە واقیعی کۆمەڵگا (لە مانا فیزیکیەکەیدا و هاوپێوەندی مرۆڤەکانی) بێ، سەرچاوەگرتوو لە جۆرێک میتافیزیک و فانتیزیایە.
کەسێک کە لە لاقی لە سەر عەرزی واقیعە و لە چوارچێوەی “فیزیک” دا بیر دەکاتەوە، بێگومان خاڵی دەسپێکی جورێک خوێندنەوەی کۆمەڵناسانە دەبێ. بەڵام لە گێژەلووکەی میتافیزیک دا، ئەگەر کارێکی جیدیش بکرێ، بە گومان لە خانەی جۆرێک “فەلسەفە لێدراوی” کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەویش تووشی پەتای ئینتزاعی بوون و دابڕان لە واقعیەتەکان و دەیان سەدان کێشەی گەورە و بچووکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی بێ، نەترازێ. کەس ناتوانێ حاشا لە گرنگایەتی و قازانجەکانی تێفکرینی فەلسەفی ــ بە تایبەت وەک بەردی بناغەی زانستە ئینسانیەکان – بکاتەوە. بەڵام نابێ لەم بوارەدا ئەوەندە زێدەرۆیی بکرێ کە لە دوچاری وەهمان بکا. لە کۆمەڵگای دیموکراتیک دا ئەوە مافێکی بی ئەملاو ئەولایە کە هەر کەس هەر چۆنی پێخۆش بێ بیر بکاتەوە و بنووسی.
بەڵام ئەوەیکە لە دوایی دا دەیباتەوە ئەندێشە لە سەر ئەساسی فەزای واقیعە نەک فەلسەفە. چەمکی “مافی چارەی خۆنووسین” نموونەیەکی باشە بۆ نیشان‌دانی ئەم جۆرە فەزایانە.
لە پانتای مەجازیدا ئەم چەمکە هەم تا رادەیەکی زۆر جوانی ناسانە دەکرێ و هەمیش بە تەواوی دەچێتە خانەی فەلسەفەی سیاسییەوە و بەتاڵ دەبێ لە تەواوی رەهەندە جیاواز و هەمە جۆرە پێوەندیدارەکانی کە بەشێکیان سەر بە ئابووری و کۆمەڵناسی سیاسین. تا ئێرە گرفتێک نییە. بەڵام گرفتی جیدی کاتێک ساز دەبێ کە ئەم خوێندنەوە ناکۆنکرێتە، هەوڵ بدرێ بکرێتە بناغەی کاری سیاسی. رێک لێرەدایە کە دژوازێکان زەق دەبنەوە و کاری جیدی سیاسیشی لێ ناکەوێتەوە وئەو دیوی تاڵی واقعیەت جۆی نیشان دەدا.
٣ــ هەم گروپ و هێزە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و کوردستان و هەم کەلەبەرە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای پێچاوپێچی ئەمڕۆ ، ئەوەندە زۆر و هەمە جۆرن کە ئێمە دەتوانین باس لە چەندین داڕشتی جیاوازی نێوانیان بکەین. بەڵام چونکا تەوەرەی باسەکە ئەمە نییە، لێرە دا تەنیا باسی دوو کەلەبەری ژوورێ ــ دەرێ و پانتای واقیعی ــ پانتای مەجازی کراوە کە پێکەوە پێوەندیان هەیە، چۆنێتی تێکەڵ بوون و داڕشتی ئەم قەڵشانەش خۆی باسێکی جیاوازە.
ئەگەر ئەم قەڵشانە یەکتر بە هێز کەن و بە واتایەکی دیکە سواری سەری یەکتر بن ، بەم جۆرە داڕشتنە دەڵێن داڕشتی یەکتر پڕ (متراکم Reinforcing cleavages) .به‌ پێچه‌وانه‌ له‌وانه‌یه‌ قه‌ڵشه‌کان یه‌کتر لاواز که‌ن و له‌ داڕشتێکی یه‌کتر بڕدا (متقاطع crosscutting cleavages) ببنه‌ هۆکاری هاوبه‌شی زیاتر له‌ نێوان گرووپه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کاندا،
به‌ سرنج‌دان به‌م باسانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ کرا وێده‌چێ داڕشتی ئه‌م دوو قه‌ڵشه‌ی باسیان لێوه‌کرا، له‌ جۆری یه‌کترپڕکه‌ره‌. له‌ راستیدا کوردستانی فه‌یس بووک نه‌ پارچه‌یه‌ی دیکه‌ له‌ کوردستان، به‌ڵکوو پانتایه‌کی مه‌جازییه‌ که‌ چڕبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو که‌له‌به‌ره‌ پێکی هێناوه‌.
ئه‌وه‌یکه‌ بۆ ئه‌م دوو که‌له‌به‌ره‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ داڕشتێکی یه‌کتربڕدا خۆیان ببیننه‌وه‌، تێڕامانێکی جیاوازی گه‌ره‌که‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌مرازێکی وه‌ک فه‌یس بووک تا راده‌یه‌ک زۆر توانیه‌یه‌تی تاسه‌ی غه‌ریبی کوردی هه‌نده‌ران بشکێنێ، به‌ڵام پرسی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خودی چه‌مکی “غه‌ریبایه‌تی” له‌ سۆنگه‌ی جیهانی نوێ و شۆڕشی ئه‌نفورماتیک و بیچم گرتنی شوناسه‌ تازه‌کان ــ به‌تایبه‌ت له‌ دیاسپۆرا ــ گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا، “شوێن” ئه‌ستوونده‌کی سه‌ره‌کی چه‌مکی غه‌ریبایه‌تی پێک دێنا، ئێستا ئه‌سته‌مه‌ ده‌وری مه‌قووله‌ی “کات” له‌ هه‌ڵدانی ئه‌م خێوه‌ته‌دا له‌ به‌رچاو نه‌گیرێ. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ وڵام‌دانه‌وه‌ به‌م پرسیارانه‌ که‌ ئه‌وه‌یکه‌ له‌ ژوورێیه‌، چه‌نده‌ له‌ ژوورێ دایه‌ و ئه‌وه‌یکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، چه‌نده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ ؟ هه‌ر دێ و دژوارتر ده‌بێ. ره‌نگه‌ شۆڕشی ئه‌نفۆرماتیک تا راده‌یه‌کی زۆر به‌ سه‌ر چه‌مکی مه‌کانیه‌ت (شوێن) دا زاڵ ببێ، به‌ڵام ره‌هه‌ندی زه‌مانیه‌تی (کات) وه‌ک خۆی هێشتۆته‌وه‌. خێرایی بێ وێنه‌ی گۆرانکارییه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆ کارێکی وایکردووه‌ که‌ هه‌ندێک که‌س نه‌توانن له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی نۆییه‌کان که‌ون و له‌ زه‌مانی رابردوودا بمێننه‌وه‌. هه‌ندێک به‌ پێچه‌وانه‌ وه‌پێش زه‌مان که‌ون و له‌ فازی داهاتوودا بژین.
هه‌ردوو‌ک ده‌سته‌ مه‌حکووم به‌ تابشت هێنانی جۆرێک له‌ غه‌ریبایه‌تی ده‌بن.‌ دنیای فه‌یس بووکی کوردی، ئه‌م پانتایه‌ی که‌ کاربه‌ره‌ سیاسییه‌کان داگیریان کردووه‌، دنیایه‌کی پڕ له‌م جۆره‌ غه‌ریبایه‌تیانه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ردووک ده‌سته‌ی دانیشتوانی ده‌رێ و ژوورێ تێیدا به‌شدارن، به‌ڵام حاشا هه‌ڵنه‌گه‌ره‌ که‌ به‌شی زۆر و سه‌ره‌کی ئه‌جینداکه‌ی له‌لایه‌ن چالاکانی تاراوگه‌نشینه‌وه‌ دیاری ده‌کرێ. ئه‌م چالاکانه‌ی که‌ هه‌روه‌ک له‌ بڕگه‌ی یه‌که‌می ئه‌م نووسینه‌ باسی لێوه‌کرا. شێوه‌ی تێفکرین و جیهان‌بینیان تا راده‌یه‌کی زۆر له‌ ژێر کارتێکه‌ری که‌له‌به‌ری ده‌رێ ــ ژوورێ دایه‌.
بەڵام چالاکان‌ی ژووره‌وه‌ ده‌بنه‌ دوو ده‌سته‌. ده‌سته‌یه‌کیان به‌ گوتاره‌ نه‌ریتیه‌ سیاسییه‌کان وه‌فادارن و لە راستیدا به‌ جۆرێک له‌گه‌ڵ روه‌ته‌ گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا نامۆن. به‌ڵام ده‌سته‌ی دووهه‌م که‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه‌تر و واقیع‌بینانه‌تریان هه‌یه‌ له‌ ژێر زه‌ختی ئه‌جیندای سه‌ره‌کی فه‌یس بووک دا، تووشی دیارده‌ی ئێگزۆتیسم ده‌بن و ناچار ده‌کرێن جۆرێک بنووسن و ببێژن که‌ له‌گه‌ڵ گوتاری سه‌ره‌کی فه‌زای مه‌جازی و ئه‌جینداکه‌ی تا بلۆی که‌متر ناته‌بایی هه‌بێ. لێره‌ دایه‌ که‌ کوردستانی فەیس بووک ساز دەبێ . سیاسه‌ت ده‌بێته‌ دایک و باوکی هه‌موو کێشه‌کان، باوه‌ڕ به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ ده‌بێته‌ خاڵی ده‌سپێکی کرده‌وه‌ی سیاسی و خه‌ڵک و واقعیه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌مجۆره‌ی که‌ پێمان خۆشه‌ وێنا ده‌کرێن.
بەرژەوەندی نەتەوەیش بێ ئەوە کە کەس پێناسەیەکی دیاریکراوی عەینی و سیاسی و یاسایی بۆ بکا، دەبێتە بنێشتە خۆشکەی سەر زاران. هەر کەس دروشمی گەورەتر و بریقەدارتر بڵێتەوە، چەپڵەی زیاتری بۆ لێدەدرێ و رەخنەگران و جیابرانیش ئەگەر پەنا بۆ خوشیرین کردن و جۆرێک ئێگزۆیستم نەبن، دەکەونە بەر تانە و تەشەر.
ئەم سەرخۆشییە گشتییە مەیلی بەردەوامی و هەمیشەیی بوونی هەیە و زۆر بە دەگمەن ئەغیار بوونەوەی تێدایە. ئەویش زیاتر ئەم کاتانەیە کە کەمپەینێک یان پەیامێک لە کوردستانی فەیس بووکەوە بۆ کوردستانی راستەقینە دەچێ و کەس خۆی پێوە دەرنایەنێ.
کوردستانی راستەقینە بە پێچەوانەی کوردستانی مەجازی کۆمەڵگایەکی هەمەجۆر و پێچاوپێچ و تێکچندراوە. کێشەی نەداری و هەژاری بەرۆکی بە زۆرێک لە رۆڵەکانی گرتووە. مەهابادی سەرتۆپی کوردەواری بۆتە خاوەنی پلەی یەکەمی تەڵاقی ساڵی یەکەمی زەماوەند لە سەرتاسەری ئێران. شێوەی دەکارکردنی مادە سڕکەرەکان بە خێرایی بۆ کێشانی مادە دەروون‌گۆڕەکان دەگۆردرێ و لە هەر شارەی هەزاران کەس گرفتار دەکا.
لە شارە سنووریەکان لە پاڵ تراژێدیای کۆڵبەرەکان، چینێکی بۆرژوای نابەرهەم‌هێنەری وابەستە بە دەسەڵات بە خێرایی لە گەشە کردن دایە و لە چەند ساڵی دا توودا کاریگەری گەورە لە سەر داڕشتنەوەی چینەکان دادەنێ.موکریانی کوردستان بەرە بەرە و زیاتر لە جاران دەبێتە جۆرێک کۆلۆنیای ناوخۆیی بۆ ئازەربایجان و ئیلیتێکی تورکی دەسەڵاتدار دەس بە سەر تەواوی سەرچاوەکانی لە ئاو و خاکەوە تا سەرمایە ئێنسانێکانی دادەگرن.
لە پاڵ هەمووی ئەم رەشاییانەدا، خاڵی روناکیش هەیە. چینی مام‌ناونجی مۆدێرن خەریکە دارەدارە دەکا. گوتارە دیموکراسیخوازەکان بە ئارامی تەشەنە دەکەنە ناو تاکەکان و دەروونی دەبن. بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هەرچەند بچووک و لاواز داندراوە. خالێ جێگای سرنج ئەوەیە کە کوردستان بە هەردووک دیوی چاک و جراپییەوە کە بە کورتی ئاماژەیان پێدرا، زۆر بە پێخۆر خۆ لە سیاسەت دەدا. واتە لە کوردستانی راستەقینە دا بە پێجەوانەی کوردستانی فەیس بووک زۆر بە دەگمەن هەموو کێشە و گرفتەکان لە قالبی سیاسەت دەدرێن.
ئاخۆ بۆ لێک نزیک کردنەوەی ئەم دوو دنیا جیاوازە چمان لە دست دێ؟

Advertisements

تاگەکان: , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: