• پەکەکە زیاتر لەوەی رێکخراوێکی سیاسی بێت بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیە
  • پرۆسەی ئاشتەوایی لەتورکیا بە گشتی بە کارێکی پۆزیتیف دەزانم، بەڵام نیگەرانیشم لە دەرئەنجامەکانی هەیە
  • لە داهاتوو دا ئیدی بڕیاری سیاسی تەنیا لە ئیمرالی یان لە قەندیل وە نایەت، بەڵکو لە ناوەندی شارەکان دەبنە سەرچاوەی بڕیار
  • گەشەکردنی هوداپار لە بەرانبەر پەکەکە یان بەدەپە دا، دەتوانێ داهاتووی سیاسەت لەباکوردا ئاڵۆز بکات
  • جارانچەمکەکانی شاخ، شۆرش، چەک و شەهید هیوابەخش بوون و هەست و شعووری پێکەوەبوونیان درووست دەکرد لەناو کوردانی باکوردا، ئەی ئێستا چ چەشنە هیمایەک و چ جۆرە چەمکێک دەبنە ناوەرۆک و ناوئاخنی گوتاری ئاشتی
  • پەکەکە لەباشوری کوردستاندا نزیکی لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسیۆن دەکات بەتایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان
  • ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە نەتوانن چی دیکە بە ناوی پەکەکە بمێننەوە، چاوەڕوانکراوە بەشێکیان راگوێزی سوریا بکات، بەشێکیان لەریزەکانی پەژاک  دا خۆیان ئۆرگانیزە بکات. بەشێکیشیان دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و لەوێ وەکوو کادری مەدەنی چالاکی بکەن. بەشێكیش لەناو شارەکانی باشوری کوردستان، بەناوی کادری مەدەنی و لەناو پەچەدەکە جێگیر ببن

 رزگار رەزا چوچانی . سوید

خالید خەیاتی مامۆستای زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی یە، لە زانکۆی لینشۆپینگ لەوڵاتی سوید، خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی زانستییە لەمەڕ رەوەندی کورد و پرسەکانی ئەو رەوەندە، دواین کاری خالید خەیاتی، وەک خۆی بۆ رزگار رەزا چوچانی باسی دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و زانستییە لەمەڕ باکوری کوردستان، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل. لەوڵاتی سویدەوە لە پرۆسەی ئاشتەوایی تورکیا دەدوێت، هەست بەهەبوونی مەترسی دەکات و رایدەگەیەنێت، تا ئێستا دیار نییە، لەدوای قۆناغی ئاسایکردنەوە و ئاشتەوایی چی روودەدات، پەکەکە بە چ ئەجێندایەکەوە خەبات دەکات، ئەو مامۆستای زانکۆ لەسوید، رای وایە، کە پەکەکە مەیلی گۆڕینی بەڵانسی هێزی لەباشوری کوردستان هەیە بۆیە لەگەڵ گۆڕان پەیوەندی نزیکایەتی دەکات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە نەبوونی ئیستقرار لەناو یەکێتیدا، بووەتە فەزایەکی باش بۆ کارو چالاکی پەکەکە.

پەکەکە و پرسی ئاشتەوایی تورکیا

رزگار رەزا چوچانی: خوێندنەوەت چییە بۆ ئەو پرۆسەی ئاشتەواییەی کە ئێستا لەتورکیا باس دەکرێت؟

خالید خەیاتی: ئێستا کە حکومەتی تورکیا بڕیاریداوە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بکات، چەکەکان بێ دەنگ بن و پرسەکە بەرێگای ئاشتەوایی چارەسەر بکرێت، لای من شتێکی پۆزتیڤە و بەسەرکەوتنی دەیبینم بۆ پەکەکەو شەخسی ئۆجەلان. لە بیرمان نەچێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان، نیزیکەی سی ساڵ لە دژی یەکێک لە ولاتە خاوەن هێزەکانی ناتۆ دا لە شەڕی چەکداریدا بووە، ولاتێک کە لە کۆتایی دا هاتە سەر ئەو بڕوایەی کە بۆ کۆتایی هێنان بەم ململانییە مێژووییە، چارەسەری ئاشتیانە گونجاوترین شێوازە. لە هەر وڵاتێکدا، بێ دەنگ بوونی چەکەکان و نەمانی شەڕ کەش و هەوایەکی جیاوازتر دەخوڵقێنێ، توند و تیژی و کوشتن ناهێڵی، هێمنی و ئاسایش بە سەر کۆمەڵگا دا زاڵ دەبێ، و هێمنیش دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم وڵاتە. هەر بۆیەش من بە گشتی مەسەلەی ئاشتەوایی و وەگەڕخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانە وەکو شتگەلێکی گەلێک پۆزیتیف دەبینم، پرۆسەیەک کە دەتوانێ زۆر شتی باشتریشی بە دوادابێت.

بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێ بۆ ئێمە جێگەی پرسیار بێت، ئەوەیە، کە ئایا دوای ئەو پرۆسەیە چی روو دەدات و داهاتوو چی لێدێ. تا ئێستا خەڵک لەو بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک هێما، دروشم و پراتیکی نەتەوەیی و شۆرشگێڕانە لە دەورەی پەکەکە کۆ دەبوونەوە. کۆبوونەوەیەک کە لە لایەن کوردانەوە نە تەنیا وەکوو سەنگەر و مەیدانێک بۆ خۆڕاگڕی، لە بەرامبەر دەستەڵاتی وڵاتێکی مودێڕن، کە مافەکانی زەوت کردووە و بێ مێژووی هێشتۆتەوە، بەڵکوو لە خۆیدا پێکهێنەری بەستەرێکی هێژمۆنی ساز و مەیدانێکی گوتاریش بوو، کە تێیدا کوردان شوناسێکی جیاواز لە شوناسی نەتەوەی سەردەستیان بەرهەم دەهێنا، چوارچێوەکانیان دەست نیشان دەکرد و رۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام تازەیان دەکردەوە. ئێستا کە بە هۆی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی گوتاری شۆرشگێرانە وەکوو جاران زەروورەتی نامینی، دەبێ چی بکرێت؟ پەکەکە چۆناوچۆن ئەم بۆشاییە پڕ دەکاتەوە؟ چ گوتارێکی سیاسی تر جێگر دەکات، تا بتوانێت هێژموونی خۆی و یەکگرتوویی ناو ریزەکانی خەڵک بپارێزێت؟ جاران کە چەمکەکانی وەکوو شاخ، شۆرش، چەک و شەهید هیوابەخش بوون و هەست و شعووری پێکەوەبوونیان درووست دەکرد، ئێستا چ چەشنە هیمایەک و چ جۆرە چەمکێک دەبنە ناوەرۆک و ناوئاخنی گوتاری ئاشتی؟ بە شێوەیەکی واقیعییانە، پلاتفۆرمی سیاسی ئەم پرۆسەیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد چییە؟ بڕیارە چ مافەگەلێک بۆ نەتەوەی کورد لە یاسای بنەرەتی تورکیا دا دەستەبەر بکرێن؟ ئەمانە کۆمەڵیک پرسیارن کە هەتا ئیستا وڵامیان ناڕوونە.

ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن کە گەشبینن و پێیان وایە پرۆسەی ئاشتی، ئایندەیەکی باشی بە دوا دا دێت. بەڵام کەسانی رەشبینیش هەن کە دەڵێن نەخێر، داهاتووی پرۆسەکە دیار نییە، و شتیکی ئەوتۆی لی ناکەوێتەوە. بە هەرحاڵ دیسانیش کومەڵێک پرسیار خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. ئایا زمان و ناسنامەی کورد، کە تورکیا لە ڕابردوودا هەمیشە هەوڵی لە ناوبردن و تۆاندنەویانی داوە، لە دەستووری ئەم وڵاتە دا کە بریارە هەموار بکرێتەوە، بە رەسمی دەناسرێت؟ یان بە پێچەوانە، لەوانەیە مەبەستی تورکەکان ئەوە بێت کە بە ڕێگای هێندێک ریفۆرمی ڕووکەشانە و بە پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازی لاوەکی بە کورد، کۆتایی بەم کێشانە بێنن. من دەتوانم بڵیم کە پرۆسەکە ئاواڵایە و دەتوانێت بەرەو هەر یەک لەم ئاراستانە دا هەنگاو بنێت. من پرۆسەی ئاشتەوایی بە گشتی بە کارێکی پۆزیتیف دەزانم، بەڵام لە هەمان حاڵیشدا سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی نیگەرانی خۆم هەیە.

رزگار رەزا چوچانی: وتت پرۆسەکە کراوەیە، بەلای باشەدا بروا، یان بەپێچەوانەوە، بەڕای تۆ لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە کامیان ئەو توانایان هەیە ئەنجامی پرۆسەکە لەبەرژەوەندی ئەجێندای خۆیان بشکێننەوە؟

خالید خەیاتی : من بۆخۆم لە کۆتایی مانگی سێ و تا نیوەی مانگی چوار لە باکوری کوردستان بووم. لێکۆڵێنەوەیەکی مەیدانیم کردووە، دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ خەڵکی جۆر بەجۆر وەکوو ژنان، پیاوان، لاوان، مناڵان، مامۆستایانی مەکتەب، کەسانی سیاسی، کاربەدەستانی لۆکاڵی کوردی، مامۆستایانی زانکۆ، خوێندکاران، ئەندامانی حیزبی جۆربەجۆری سیاسی وخەڵکی بازاڕ راگۆڕینەوە بکەم. لەوێوە گەویشتومە ئەو بڕوایەی ئەگەر چارەسەری دۆزەکە بەتەنها لە ڕوانگەی پەکەکە و دەوڵەتەوە سەیر بکەین، کە لەنێوان ئەواندا چی دەگوزرەێ، لەهەڵەداین. بەڵکو پێویستە لەڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسی کوردانی تورکیاوە تەماشای بکەین. ‌کۆمەڵێک تایبەتمەندیم بەرچاو کەوت، کە لە پەیوەندی لە گەڵ بزووتنەوەی کوردی دا، زیاتر گوزارە لە شێوازێک لە لاوازبوون دەکەن. بۆ نموونە، ئیستاشی لە گەڵ بێت چوارچیوەکانی پێناسەی نەتەوەیی ناڕوونن. کاتێک ئێمە باسی مەسەلەی نەتەوەیی دەکەین بەگشتی باسی شوناسی نەتەوەیەک دەکەین، کە لە بەرانبەر شوناسێکی تردا مانا وەردەگرێت، واتە ئەگەر ئێمە دەڵێین رەش لەراستی دا رەش بوون لە پەیوەندی لەگەڵ سپیدا مانای خۆی بە دەست دێنێ. بە هەمان شێوەش، مەسەلەی شوناسی کورد یان کوردایەتی لە تورکیا لە پەیوەندی یان لەبەرانبەر تورکایەتیدا واتە پەیدا دەکات. ئەوەی بۆ من دەرکەوت، کورد بوون لەم بەشەی کوردستان دا، لە بەرانبەر تورک بوون دا خۆی پێناسە ناکات، یان ئەگەریش بیکات، ئاماژە و هیماکان زەق و ڕوون نین. لە بیرمان نەچێت ئەم دیاردەیەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە سەر هەمان سیاسەتی ئینکاری ناسنامە، زمان و کولتووری کوردییە کە بە دەیان ساڵ لە لایەن تورکانەوە، بە سەر کوردان دا سەپاوە. بەڵام لە هەمان حاڵ دا، بزووتنەوەی کوردی لە پێناو خوڵقاندنی کەرەستەگەلی واقیعی وەکوو زمانی جێگر، کولتووری جێگر و لە ئاکام دا پێناسەی جیگر، لە بەرامبەر تورک بوون دا لاواز بووە. ئەمڕۆ بە ڕوونی دەبینین کە ئەوە دیسانیش زمان و کولتووری تورکییە، کە گۆشە و کەناری وڵاتی کورد و لە ناو مندالان و لاوانی کورد دا، بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردن دایە. ڕاستە کوردەکان کوردی دەزانن، بەڵام لەوەی کە زمان لای ئەوان ببێتە شوناس، هەست بەلاوازییەکی گەورە دەکرێت، بە هەر حال بەشێوەیەک کە لەئاستی چاوەڕوانی مندا نەبوو. ئێمە کە لەدوورەوە تەماشا دەکەین و دەبینین کە لە گۆڕەپانێک دا دوو ملیۆن ئینسان کۆ دەبێتەوە، ئەوە لە لای مرۆڤ چاوەڕوانیەکی زۆر گەورەتر، هەم لەبارەی هەستی نەتەوەیی، هەم لە پەیوەندی لەگەڵ داخوازی سیاسی دروست دەکات. هەر بەم پێیەش دەکرێ بلێن کە ئەگەر خەباتی سیاسی و مەدەنی کورد لەم قۆناخەدا، بە ڕوونی پلاتفۆرمی سیاسی خۆی دەست نیشان نەکات و خەڵک لە دەوری مۆبیلیزە نەکات، لەوانەیە چەمکی ئاشتی هەموو ئینیرژی و وزەکان بۆ خۆی تەرخان بکات و لە ئاکامدا پرۆسەکە بە قازانجی لایەنی بەرانبەر دا بشکێتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: پێشتر باسی ئەوە هەبوو کە بەهۆی ئەوەی خەباتی چەکداری دەکەن و هێزیان هەیە، پەکەکە رێگربووە لە دروستبوونی هەر حزبێکی دیکەی سیاسی کوردی لەسەر گۆڕەپانی باکوری کوردستان، ئایا چەکدانان و پرۆسەی ئاشتەوایی، ئەتوانێ ئەو درەگا داخراوەش بەرووی دروستبونی حزبی کوردیدا لەوبەشە بکاتەوە؟

خالید خەیاتی: یەکێک لەلایەنە پۆزەتیڤەکانی ئاشتەوایی ئەو چاوەڕوانیەیە، کە پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆکاری ئەوەی مەیدانی سیاسەت لەباکوری کوردستان دیموکراتیزە بکرێت، ئەویش بەو مانایە کە پەکەکە واز لە مۆنۆپۆل و پاوانی سیاسەت بهێنێت و رێگا بدات بە لایەنی سیاسی جۆر بەجۆر لە مەیدانی سیاسەتدا بوون و چالاکییان هەبێت. لە ماوەی پێشوودا ئەو مەجالە نەبووە، بەتایبەت بۆ ئەو ‌هێزانەی کە لەڕۆانگەی پەکەکەوە وەکوو رەقیب، یان فاکتەری ململانی دەبیندران. ئەوەش وایکردبوو کە حزبی دیکەی نەتەوەیی یان عەلمانی کوردی دروست نەبن، ئەگەر دروستیش بن بەشێوەیەک لە پەراوێزدا بمێننەوە و لەداهاتووش دا نەتوانن ببنە هێزێکی ئەوتۆ. بەڵام ئەم پاوانخوازییە لە خۆی دا پارادۆکسێکی هیناوەتە ئاراوە. بۆ نموونە، ئەمڕۆ لە کوردستانی تورکیا هێزێکی دیکە هاتۆتە مەیدان، کە راستەوخۆ ململانێی پەکەکە دەکات. ئەم هێزە سەڕەرای ئەوەی لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا بە ڕێگای چەند خاڵیک باسی مەسەلەی کورد دەکات، بەڵام لە ئەسڵی خۆی دا هێزێکی نەتەوەیی کوردی نییە. کە ئەویش هەمان حزبوڵڵای جارانە، کە ئەمڕۆ بە ناوی هوداپار لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی تورکیادا، چالاکی هەیە و لە قۆناغی گەشەکردندایە. بۆنموونە ئەوکاتە کەمن لەباکوری کوردستان بووم، کاتی مەولودی پێغەمبەر، رێک لەو گۆڕەپانەی کە کوردان چەژنی نەورۆزی تێدا پیرۆز دەکەن، ئەو پارتە کۆبونەوەیەکی سەدو پەنجا هەزار کەسی تێدا بەڕیوەبرد. بە بۆچوونی من گەشەکردنی هوداپار لە بەرانبەر پەکەکە یان بەدەپە دا، دەتوانێ داهاتووی سیاسەت لەباکوردا ئاڵۆز بکات و لە ئاکام دا بە قازانجی دیموکراسی نەشکێتەوە. لە بیرمان نەچێت کە حزبوڵڵا لەرابردوودا چالاکی باشی نەبووە، دەستی بەخوێنی خەڵکی کورد سورە، ئازاری ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکەی داوە. هەرچەند ئەوانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەکەکە هێرشی کردۆتە سەر ئەوان و ئەندامان و لایەنگرانی ئەوانیش بەدەستی پەکەکە کوژراون. نەبوونی دیالۆگیکی راستەوخۆ لە نێوان ئەم دوو هیزە دا، خاڵێکی یارمەتی دەر نیە بۆ ئەوەی برینە کۆنەکان سارێژ ببنەوە. لەم رۆژانەی لە پێشمان دا، پێشکەوتنەکان ئاماژە بە دروست بوونی پارتێکی دیکەی نەتەوەیی ناکەن و بەم پێیەش مەیدانی سیاسەت لە باکووری کوردستان دا لە دەستی بەدەپە و ئاکەپە دا دەمێنێتەوە، لە کاتێک دا هوداپاریش هێدی هێدی لەم مەیدانە دا جێگا بۆ خۆی دەکاتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: چەند شتێکت باسکرد، کە هەموو رەنگە هەرەشەبن لەسەر ئایندەی پرسی کورد، وەک لاوازی هەستی نەتەوەیی، بەسەرچوونی زەمانی هوتافی نەتەوەیی توند، ئەوەی کە خەڵکی لەدەوری پەکەکە کۆ دەکردەوە، چالاکبوونی حزبێک کە تۆ پێت وایە مێژویەکی باشیان لەگەڵ پەکەکە نییە، یان موتەعاتف نین لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، کەوایە بەڕای تۆ هیوا زیاترە یان مەترسی لەئایندەی پرسی کورد لەباکور؟

خالید خەیاتی: هێشتاش هیواکان زیاترن، ئەویش بەوەی کە سەڕەڕای هەموو ئەو کەموکورتیانەی کەمن باسی دەکەم، بێدەنگبوونی چەکەکان هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم  پێکرد، یارمەتی هیزی مەدەنی دەدات کە گەشە بکەن و رەخنە و روشنبیری پێش بکەوێ. لەوماوەی کە من لەوێ بووم لەگەڵ کەسانێک هەڵسان و دانیشتم هەبوو، کە بەشێوازێکی دیموکراتی و هەمیش بەشێوەیەکی زانستی و نەتەوەیی سەیری پرسەکان دەکەن. ئەوانەش چین و توێژە رۆشنبیرەکانی ئەو کۆمەڵگەیەن. بەڵام ئەوەش دیسان بەوەوە بەستراوەتەوە کە ئەو سێ هێزەی لە سەرەوە باسم کردن، تا چەند ئەتوانن کەش و هەوایەک بخولقێنن کە تێیدا کومەڵگایەکی مەدەنی سەربەخۆ لە مەیدان دابێت و تەنانەت مەجال بۆ دروستبوونی پارتی سیاسی دیکەش هەبێت، کە هەموویان پێکەوە بتوانن لە پانتایەکی دیموکراتیک دا مەسەلەی کورد بەرەوە پێش بەرن و مافەکانی مسۆگر بکەن. هەرچەند ئەو قسەیە لە ئاستی تیوری دایە بەڵام دیسانیش هێندێک کارتێکەری و گۆڕانکاری لە بەر چاون. بۆ نموونە، تەنانەت هیزێکی وەکوو هوداپار بڕوایەکی ئەوتۆی بە پرسی کورد نییە، بەڵام ئەمڕۆکە لە ژێر ئەم کارتێکەرییەدا، لە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیدا خاڵی کوردستانی گونجاندووە و چەند گۆڤار و چاپکراوی بە زمانی کوردی هەیە، هەرچەند بە ناوەرۆکی تەواو دینییەوە. دەسکەوتێکی دیکە، زانکۆی مێردینە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت، کە لەوێ لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دا، خوێندکارێکی زۆر هەتا ئاستی ماستر دەخوێنن، بێ ئەوەی تەنانەت یەک وشەش لە وانەکان بە زمانی تورکی بێت. من پێم وایە، پرۆسەی ئاشتی دەتوانێ تەنانەت شێوەی سیاسەتکردن و سیستەمی بڕیاڕدانیش بگۆڕێت ئەویش  دەگۆڕێت، ئەویش بەو مانایە کە لەوانەیە لە داهاتوو دا ئیدی بڕیاری سیاسی تەنیا لە ئیمرالی یان لە قەندیل وە نەیەت، بەڵکوو لە ناوەندی شارەکان ببنە سەرچاوەی بڕیار. لە لایەکی دیکەوە، پۆزیتیف بوونی پرۆسەی ئاشتی بەو مانایە نایەت، کە ئەو مەترسی و نیگەرانیانەی من دەیانبیم باسیان نەکرێ و نادیدە بگیردرێن و تەنها بەبەژن و باڵای پرۆسەکەدا هەڵبڵێین.

ئایندەی پەکەکە و باشوری کوردستان

 رزگار رەزا چوچانی: پرۆسەی ئاشتەوایی تورکیا، تاچەند کاریگەری بەسەر باشوری کوردستانەوە دەبێت، کە ئێستا ئیدارەو حکومەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بەرەچاوکردنی ئەو مەترسییەی کە قسەی لێ دەکرێ، لە کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە بە چەک و توانا چەکدارییەکانیانەوە بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان، تۆ مەترسییەک دەبینی بۆ سەر باشور ؟

خالید خەیاتی: ئەو شەڕەی کە ساڵانی رابردوو پەکەکە لەسەر ساحەی باکور دەیکرد، بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ فشاری بۆ سەر باشوری کوردستان دروست دەکرد، زۆر جاریش تورکیا و ئێرانیش ئەمەیان دەکردە بیانوو و گوشاری زیاتریان دەخستە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە هەمیشە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و پارتە سیاسیەکانی ئەم بەشە، بەتایبەت یەکێتی و پارتی ئەوە بووە، کە لە باکووری کوردستان دا شەڕ نەمێنێ و تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە پرسی کورد چارەسەر بکات. لە راستیدا بانگەوازی ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا، بەردەوام هەڵویستی رەسمی حکوومەتی هەرێم بووە. بەڵام وەک ئەوەی کە ئێوە لەپرسیارەکە دا باستان کردووە، ئێستا کە پرۆسەی کشانەوەی هێزی چەکداری پەکەکە بەرەو باشوری کوردستان دەستپێکردووە، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئاخۆ ئەو هێزانە چیان بەسەردێت؟ ئایا ئەو نیگەرانیانەی کە جار و بار لە باشوور لە پەیوەندی لە گەڵ کشانەوەی ئەو هێزانە باسی لێدەکرێت لەجێی خۆیدایە؟. من پێموایە چەکدانانێک بە شێوەیەکی کلاسیکی لە ئارادا نابێ، یانی ئەوە روونادا کە پەکەکە جوگرافیای تورکیا جێدەهێڵێت و چەکەکانی دائەنێ، بەڵکو پرۆسەکە بەشێوەیەکی جیاوازتر دەڕواتە پێشەوە. بە حوکمی ئەوەی پەکەکە رێکخراوێک یان بە واتەیەکی جیاوازتر بزووتنەوەیەکی سیاسی/کۆمەڵایەتی سنور نەناس یان ترانسناسیۆنالە، هێزو لایەنگری خۆی لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەیە. لەو بیست ساڵەی رابردووشدا چالاکی لەهەموو پارچەکانی کوردستان هەبووە و بە شێوازێک ئەلتەرناتیڤی سیاسی لەهەموو بەشەکان دا دروستکردووە. ئەو ئەلتەرناتیڤانە دەتوانن مەیدانێک، پلاتفۆرمێک، باوەشێک یان پێگەیەک بن بۆ ئەو هێزە چەکدارانەی کە بەرەوە قەندیل یان شوێنەکانی دیکە باشووری کوردستان پاشەکشە دەکەن. لە داهاتوویەکی نیزیک دا قەندیل وەک جاران ناوەندی مانەوەی ئەم هیزانە دەبێت، بەڵام لە ڕوانگەیەکی درێژخایان دا ئەگەر ئەم هێزانە نەتوانن چی دیکە بە ناوی پەکەکە بمێننەوە، ئەم کاتە دەکرێت دابەش بوونێک دروست ببێت. بۆ نموونە دەکرێ یان چاوەڕوانکراوە بەشێکیان راگوێزی سوریا بکات و لە چوارچێوەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک و ئەو هێزە سەربازییەی لەوێ دروستی کردووە جێگریان بکات. بەشێکیان دەتوانن بەناوی پەژاک و لەریزەکانی ئەم پارتە دا خۆیان ئۆرگانیزە بکەن و ڕووی چالاکییەکانیان لە ئێران بێت. بەشێکیشیان دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و لەوی وەکوو کادری مەدەنی چالاکی بکەن. بەشێكیش لەو هێزانە دەتوانن لەناو شارەکانی باشوری کوردستان، بەناوی کادری مەدەنی و رێکخراوی سڤیل، یان لەناو ئەو قەوارە سیاسیەی کە ناوی پەچەدەکە یە جێگیری ببن. بۆیە دیسانیش تەئکید لەوە دەکەمەوە چەکدانانێک بەشێوەی کلاسیک لە ئارا دا نابێ بەڵکوو پێموایە ئەگەر پەکەکە ناچار بێ چەکداری بەناوی خۆیەوە نەبێ زیاتر بەو شێوەیە دەبێت کە باسمکرد.

لە لایەکی دیکەشەوە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە، کە سەروەریی سیاسی خۆی لە هەموو کونج و قوژبنێکی وڵاتەکەی خۆیدا مسۆگەربکات، پارادۆکسی ئەو پرۆسە ئاشتییەش ئەوەیە ، وەک ئەوەی من بیستومە لەگەڵ کشانەوەی پەکەکەش هێشتا ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بەردەوامە و ئەو جێگایانەی کە پەکەکە جێی هێشتووە، هێزی سەربازی تورکیا تێیاندا جێگیربوون. باسی ئەوەش هەیە کە لەو ماوە کەمەدا تورکیا نیزیکەی سەد و پەنجا پێگەی  نوێی سەربازی دروستکردووە، کۆمەڵێکی زیاتری لەخەڵکی کورد چەکدار کردووە. کەوایە یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا لەپرۆسەی ئاشتەوایی ئەوەیە، کە کە سەروەرسی سیاسی و یاسایی خۆی بە سەر هەموو ئەو جێگایانە داسەپێنێ کە هەتا دوێنێ بە هۆی شەر و بەربەرەکانی گریلاکانی پەکەکە بۆی نەدەکرا. ئیدی هیزەکانی پەکەکە لەدەرەوەی سنوورەکانی تورکیا چی دەکەن یان ناکەن، بۆ ئەم وڵاتە زۆر گرینگ نییە.

 رزگار رەزا چوچانی: وەڵامی ئەوەت نەدا، کە ئایا سەرهەڵدانی گرفت چاوەڕوانکراوە، لەنێوان پەکەکە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا؟

خالید خەیاتی: ئەوەش قسە هەڵدەگرێ، زۆر کەس کەباسی پەکەکە دەکات وەکو حزبێکی نەتەوەیی دەیناسن و دەیناسێنن، پێیان وایە پەکەکە یەک لەنەتەوەیترین حزبە کوردییەکانە. من پێموایە کە پەکەکە یەک لە بە هێزترین رێکخراوە کوردییەکانە، بەڵام لە ئاستی چوارچێوە و وردەکاری تیوریکی، ئیدئۆلۆژیکی و بیر و باوەرەوە ئەم پارتە ئەوەندەش ناسراو نییە. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پیکرد، پەکەکە زیاتر لەوەی رێکخراوێکی سیاسی بێت بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیە، ئەویش بەو مانایەی کە ئەم پارتە توانیوێتی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، لەبەشە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، لەشار، شارۆچکە و گوندەکاندا، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەناوی رێکخراوی سڤیل و بەناوی جۆربەجۆری دیکە رێکبخات و کۆ بکاتەوە، بە مەرجێک کە راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدابن. لە ئەورپاشدا ئەوکارەی کردووە. کەوایە پەکەکە ئەگەر رێکخستن یان کاراکتەرێکی سیاسییە لە هەمان کاتیش دا زیاتر بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیە، کە سنوورەکانی دەوڵەت/نەتەوە ناتوانن رێگری لە چالاکییەکانی بکەن. لە باری تیۆری و ئایدۆلۆژییەوە زۆر گرنگە بزانین، ئاخۆ پەکەکە خوێندنەوەی بۆ مەسەلەی نەتەوەو بەتایبەت بۆ سەروەری سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی و حاکمیەتی سیاسی چییە؟. زۆر گرنگە ئەوە بزانین. ئەو جۆرەی کە ئێمە شارەزایمان لەسەر پارتی نەتەوەخواز یان ناسیۆنالستی کوردی هەیە، پەکەکە ئەو شێوازە ئایدۆلۆژیی و ئەو شێوازە خوێندنەوە یان دارشتنە تیۆرییەی نییە. بۆ نمونە حزبی سیاسی کوردیمان هەیە بڕوای بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە، هەمانە بڕوای بە فیدڕاڵیەت هەیە، هەشە خودموختاری دەوێ، بەڵام هیچ یەک لەو خاڵانەی کە ئاماژەمان پێکرد ئامانجی پەکەکە نییە. بەڵکو پەکەکە بە رێگای دارشتنی تیۆری یان ئەم ئایدۆلۆژییەی کە بە ئاپۆئیسم ناسراوە و کە بەوپەڕی وردبینییەوە لە لایان شەخسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی ئەم پارتەوە گەڵالە کراوە، تێڕوانێکی جیاوازتر لە ئاستی فەلسەفە سیاسی و تیوری سیاسی دەخاتە بەر دەست، بە هەمان شێوەش ڕێگا چارەی بۆ کێشەی کورد جیاوازە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم جۆرەی من لێی تێدەگەم، چەمکی دەوڵەت/نەتەوە، یان چەمگەلێکی وەکوو فیدیڕالیسم، پارلەمانتاریسم و سیستەمی سەرۆکایەتی و بە گشتی هەرچەشنە حاکمییەت یان ئیقتیدارێکی سیاسی کە لە چۆارچێوەی دەوڵەت/نەتەوە دا بگونجێت، لای ئەم پەکەکە رەتدەکرێتەوە. ئەم تێڕوانینە کە پێشتر، یانی لە ساڵانی ٦٠ و ٧٠ دا لە لایان بیرمەندی ئەمریکی کۆنە مارکسیست  و ئانارشیست مورای بووکچین (Murray Bookchin)وە گەڵالە کراوە، دەربڕینی شیوازێک لە بیزاری و دژکردەوەیە، بەرانبەر بە دەوڵەت/نەتەوە کە بە جێگای ئەو، مودیلگەلێکی وەکوو کۆمونالیسم، کۆنفیدیرالیسمی کۆمونال و خۆسەری بە کوردان پێشنیار دەکات. چالاکییە ریکخراوەییەکانی باکووری کوردستان و تەنانەت شێوازی خۆریکخستن لە ناو کوردانی سووریاش دا، تا ئەندازەیەکی بەرچاو لە سەر ئەساسی ئەم مودێلە ئەنجام دەدرێن. لە پەیوەندی لە گەل باشووری کوردستان دا، دەتوانم بڵێم ئەگەر دژایەتییەک لە ئاستی تیوری یان پڕۆپاگاندای سیاسی هەبووبێت، ڕێک لە گۆشە نیگای بەرانگاربوونەوەی دو مودیلی جیاواز دا جێگای سرنجە، مودێلێک کە لە سەر کۆمونالیسم راوەستە دەکات و مۆدێلێک کە ئاراستەکەی پێکهێنانی دەوڵەت/نەتەوەیە لە باشووری کوردستان. لە پەیوەندی لە گەل ئەوەی کە ئایا پاشەکشەی هیزەکانی گەریلا کێشە دروست دەکات بۆ دەستەڵاتی سیاسی باشوور، پێویستە بڵیم نەخێر، ئەو پاشەکشەیە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات. بەڵام ئیمکانی ئەوە هەیە، کە چالاکییەکانی پەکەکە لە باشوور، کارتێکەری خۆی لە سەر ململانییە سیاسییەکان بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە هەبێت.

رزگار رەزا چوچانی: پێت وایە پەکەکە لەباشوری کوردستان ئەو هێزە بێت حسابی لەسەر بکرێت؟ تا بتوانێ کێشەی لەگەڵ جۆری حوکمڕانی لەباشوری کوردستان هەبێت و بەپراکتیکی بکات؟

خالید خەیاتی: بەڵێ من پێموایە، ئەو هێزەبێت و ئەو هێزەشە. پەکەکە وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەهەموو پارچەکانی کوردستان، رێکخستنی خۆی هەیە و لە هەمانکاتدا لایەنگر و جەماوەری بەهێزی خۆیی هەیە، بەتایبەت لەباشوری کوردستان خەڵکێکی زۆر هەن کە لایەنگری پەکەکەن. پەکەکە تا ئێستا هێزەکانی لەسەر چیا بوون، خەباتیش لەشاخ بەشێکە لەمێژووی کورد، پەکەکە کە ‌‌هێزی چەکداری لەشاخە و گیانفیدایی ئەکات و هەروەها دەزگای بە هێزی راگەیاندنی لە دەست دایە، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە لایانگری بۆ پەکەکە، بە تایبەت لە سەر بنەمایەکی رۆمانسیانە و سۆزدارانە لەناو خەڵکی باشوردا بە هێز بێت. هەڵبەتە ئەوەش بڵیم، کە بە نەمانی شەر و بێ دەنگبوونی چەک، ئەم وینە رۆمانسییە وردە وردە کاڵ دەبێتەوە. بەڵام سەرەرای ئەوەش، پەکەکە لە باشوور دا درێژە بە چالاکی و کاری ریکخستنی خۆی دەدات و بە کەڵک وەرگرتن لەو هێزەی کە لە سووریا هەیەتی و هەروەها ئەم ناکۆکییە سیاسییانەی کە لە نێوان پارتەکانی باشوور هەن، هەولی ئەوە دەدات کە لە سەر مودێلی هاوپەیمانێتی و لە ئاکام دا شێوازی حوکمڕانی لەم بەشەی وڵات دا کارتیکەری هەبێ. بۆیە ئێستاش کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی و سەرۆکایەتی لە کوردستاندا بەڕێوە بچێت، بەدڵنیایی پەکەکە قسەو هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە دەبێت. تا ئەندازەیەک روونە کە پەکەکە لەباشوری کوردستاندا نزیکی لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسیۆن دەکات بەتایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها لەگەڵ یەکێتیش پەیوەندی و نیزیکایەتی باشی هەیە. هەلەبەتە ئەوەشمان لە بیر بێ کە چالاکییەکانی پەکەکە لەم قوناغە دا لە باشووری کوردستان، نەک بە ئامانجی دروست کردنی کۆمونالیسم یان هەر شتیكی لەم چەشنەیە، بەڵکوو لەو سەردەمە دا خوازیارە کە بە تایبەت سرنجی گەنج و لاوانی نارازی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکیشیت. لە لایەتی دیکەشەوە دەمەوێ ئەوە بڵیم کە پەکەکە لە کاناڵی پەچەدەکەوە، لە ئاستی سیاسیدا دەستکەوتێکی وای نابێت، ئەویش بەو مانایە کە پەچەدەکە ش وەکوو پارتێکی نیزیک لە پەکەکە، لە ساڵانی نیزیک دا نابێتە لایەنێکی بەرچاوی هاوکێشە سیاسییەکان، هەڵبەتە ئەگەریش ببێت ئەوە مافی خۆیەتی چونکە ئەو کاتە بە رێگای بەشداری کردن لە پرۆسەی دەنگدان دا مەشرووعییەتی بەدەست هێناوە.

رزگار رەزا چوچانی: جگە لە ئۆپۆزسیۆن بوون، چ هاندەرێکی تر هەیە بۆ ئەو نزیکبونەوەی پەکەکە لە گۆڕان؟

خالید خەیاتی: وەک باسم کرد ستراتیژی پەکەکە بۆ شیوەی بەڕێوەبردن دیارە، کە مۆدێلێکی سیاسییە و دەیەوێ لەجێگا جۆربەجۆرەکانی کوردستان و بگرە لەدەرەوەی جوگرافیای کوردستانیش ئەو مۆدێلە دامەزرێنێ، وەک ئەو نموونەیەی لە کوردستانی سوریا دروستیکردووە، یان دەیەوێ دروستی بکات. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە باشووری کوردستانەوە هەبێت، زۆر کات پەکەکە لایەنی دەسەڵاتی سیاسی ئەو بەشەی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە نادیمۆکراتیکن، هەروەها لە سەر سیستەمی بەڕێوەبردن و پرسی گەندەڵی قسەی هەبووە. هەر وەک باسم کرد، پەکەکە خاوەنی پلاتفۆرم و هێز و دەزگای راگەیاندنی زەبەڵاحی خۆیەتی. ئەم دەزگایانەش بەردەوام وەکوو ناوەندێکی رەخنەگرتن لە باشووری کوردستان کاریانکردووە و دەرگایان بۆ خەڵکانێکی رەخنەگر کردۆتەوە. تا ئێستا پەکەکە نەیتوانیوە راستەوخۆ مودێلی بەڕێوەبەرێتی خۆی لە باشووری کوردستان پێش بخات، بۆیە بە جێگای ئەوە دەکرێ بڵێن کە بزووتنەوەی گۆران وەکوو هێزێکی گەورەی ئۆپۆزیسیٶن و تا ڕادەیەکیش یەکێتی دەتوانن لە ناو حیسابات و ڵیکدانەوەکەی ئەو دا، لە پێناو گۆڕانکاری سیاسی یان بە شیوەیەکی واقیعیی تر گۆرینی بالانسی سیاسەت لە کوردستان دا جێ بگرن.

رزگار رەزا چوچانی: باسی ئەوەت کرد کە لەهەمان کاتدا لەیەکێتیش نزیکە، بەڵام یەکێتی بەشێکە لەدەسەڵات ئەگەر پەکەکە نیازی گۆڕینی باڵانسی هەبێ بەلای ئۆپۆزسیۆن، بۆچی لەیەکێتی نزیکە؟

خالید خەیاتی: بەڵێ پەکەکە بێ مەیل نییە کە بە شێوازێک جێگۆڕکێیەکی دەسەڵاتی لە باشوری کوردستان بێتە ئاراوە، ئەویش هەڵبەتە بەو مانایە کە جێگورکیی دەستەلات لە باشوور، هەم لە لایەک زەمینەی لەبارتر بۆ چالاکییەکانی ئەم پارتە لە باشوور پێک دێنێ و هەم لە لایەکی دیکەشەوە، پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک کە هەر ئیستا پارتی دەستەڵادارە لە کوردستانی سووریا و هاوپەیمانی پەکەکەیە، لە دەست ململانی پارتە کوردییەکانی دیکەی ئەم بەشە رزگاری دێت و هەم دەرگای باشووریش بە ڕووی دا دەکریتەوە. هەڵبەتەتە ئەمانە هەمووی گریمانە و ئیحتیمالاتی سیاسین، بەڵام گرینگن کە باسیان بکرێ. یەکێک لە پێش مەرجەکانی گۆڕینی بالانسی سیاسەت، تێکدانی هاوپەیمانییە کۆنەکانە. ئەمە تەنیا بە بزووتنەوەی گۆڕان ناکرێت. لەم پەیوەندییە دا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەر چەند پارتی دەستەلاتدارە بەڵام لەم دواییانە دا نیشانی داوە کە مەیلی بە ئۆپۆزیسیۆن بوونی تێدا بە هێزترە. لە لایەکی دیکەوە، پێویستە ئەوەش بڵێن کە لە ساڵانی ڕابڕدوودا، پەیوەندی نێوان پەکەکە و یەکێتی زۆر باش بووە، و پەکەکە لەم ناوچانەی کە لە ژیردەستەڵاتی یەکێتی دا، مەیدانی هات و چو و چالاکی هەمیشە فەراوانتر بووە. هەروەها ئێستا مام جەلال لەنەخۆشیدایە، ئەوەش بۆشاییەک یان لە راستی دا کرانەوەیەکی زیاتری لە سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا بە دوای خۆی دا ‌هێیناوە، کە لە هەمان کات  فەزایەکی جموجۆڵی  زیاتری بۆ پەکەکە خولقاندووە.