هه‌ردوو قاچی نییه‌ و له‌سه‌ر سنووره‌کان کۆڵبه‌ری ده‌کات- میدیا دێرسیم

کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی کورد له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ به‌رده‌وامی رووبه‌ڕووی هێرشی چه‌کداره‌کانی رژێم ده‌بنه‌وه‌و تا ئێستا به‌ سه‌دان کۆڵبه‌ر و کاسبکاری کورد له‌سه‌ر سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کوژراون و به‌ هه‌زارانیش برینداربوون، به‌ سه‌دان جاریش که‌ل و په‌ل و هێستر و ئه‌سپه‌کانیان له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر داگیراوه‌ و تاڵان کراون.
کۆڵبه‌رێکی کورد به‌ ناوی (یونس فه‌یزی) خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دانیشتووی شاری پیرانشار له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی میندا هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ستداوه‌ و ناچار ده‌بێت بۆ دابینکردنی پێویستی ژیانی خۆ و خانه‌واده‌که‌ی له‌سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان کۆڵبه‌ری بکات. به‌و ره‌وشه‌ی خۆیه‌وه‌ دێته‌ ئه‌م دیوی سنووره‌وه‌ و که‌لوپه‌ل ده‌باته‌وه‌ رۆژهه‌ڵات.
کۆڵبه‌رێک له‌پێناو ژیانێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌دا تێده‌کۆشێت و له‌جێگای قاچی، ده‌سته‌کانی به‌ کار دێنێت و ده‌ڵێت: “ده‌زانم کاره‌که‌م زۆر قورسه‌، به‌ڵام ناچارم ئه‌و کاره‌ بکه‌م، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ هاوکاری له‌ که‌سی تر وه‌رناگرم، ده‌بێت قاچم نه‌بێت، به‌ڵام باوه‌ڕم به‌ خۆم هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێز و توانای ئه‌وه‌م هه‌یه‌ که‌ زه‌حمه‌تترین کار ئه‌نجام بده‌م “.

له‌کوردستاندا له‌جێگای گیا، لاشه‌ی مرۆڤه‌کان کۆده‌کرێته‌وه‌
یونس فه‌یزی که‌سێکی که‌م ئه‌ندامه‌ و ماوه‌ی (12) ساڵه‌ له‌سه‌ر سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان کۆڵبه‌ره‌ و له‌باره‌ی له‌ده‌ستدانی قاچه‌کانی وتی: “ماوه‌ی (23 ساڵه‌ به‌ بێ قاچ ده‌ژیم. له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر ساڵ له‌وه‌رزی به‌هاردا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی گیا، ده‌رده‌که‌وینه‌ ده‌شت و ده‌ر، (2) براو خوشکێکی ترم هه‌بوو، کاتێک منداڵ‌ بووم له‌گه‌ڵ‌ خوشک و براکانم بۆ گیا کۆکردنه‌وه‌ رۆیشبووینه‌ ده‌شتوده‌ر، له‌و کاته‌ی سه‌رقاڵی گیاکۆکردنه‌وه‌ بووین، مینێکمان پێدا ته‌قییه‌وه‌. خوشک و دوو براکه‌م گیانیان له‌ده‌ستدا ، منیش هه‌ر دوو قاچم له‌ده‌ستدا، له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا بێ قاچ ده‌ژیم “.
بۆ په‌یداکردنی نان هاتوومه‌ته‌ ئه‌م دیو سنووره‌وه‌
یونس فه‌یزی خه‌لکی پیرانشاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌باره‌ی ئامانجی هاتنی بۆ سنووره‌کانی باشووری کوردستان وتی: “بۆ په‌یداکردنی نان هاتووم، که‌سانی وه‌کو ئێمه‌ هه‌ریه‌که‌و خێزانێکی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و زۆرجاریش نانه‌سکی ده‌ستناکه‌وێت، بۆیه‌ ناچارم ئه‌م کاره‌ بکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکمان نییه‌ ژیانمان بۆ دابین بکات، ناچارم کاری کۆڵبه‌ری بکه‌م. له‌ جێگای ئه‌وه‌ی ده‌ستم بۆ خه‌لک درێژ بکه‌مه‌وه‌ و داوای هاوکاری ماددی یان لێبکه‌م ، باشتر وایه‌ خۆم کاری خۆم بکه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی پێدوایستی ژیانی خۆم و خانه‌واده‌که‌م دابین بکه‌م، دێمه‌ ئه‌م دیوی سنووره‌وه‌. ”
یونس ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ له‌ ئێراندا به‌تایبه‌تیش کورد مافی ژیانی نییه‌ ئه‌گه‌ر پیاوی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت یاخود به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت رێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ‌ پیاوانی ده‌وڵه‌تدا نه‌بێت و وتی :” گه‌لی کورد هیچ مافێکی نییه‌، بۆ نموونه‌ من له‌بارودۆخێکی به‌و شێوه‌یه‌دام، به‌ڵام مووچه‌م نییه‌. ئێستا خێزانێکی چوار که‌سیم هه‌یه‌ و جگه‌ له‌ من که‌سێک نییه‌ کارمان بۆ بکات. گه‌وره‌ی ماڵم و ئه‌رکیشم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌ندامه‌کانی تری خێزانه‌که‌م به‌ خێو بکه‌م. بێکاری و نه‌بوونی مافی گه‌لی کورد له‌ئێراندا ناچاری کردووم کاری کۆڵبه‌ری بکه‌م. ئه‌وه‌شم په‌سه‌ند کردووه‌ که‌ به‌ ره‌نج و عاره‌قه‌ی ناوچه‌وانم، خۆم به‌ خێو بکه‌م ، له‌ جێگای ئه‌وه‌ی ده‌ستم بۆ که‌سانی تر درێژ بکه‌مه‌وه‌، ئاماده‌م له‌ناو ته‌پ و تۆز و گه‌رماو سه‌رما به‌ ره‌نجی خۆم خێزانه‌که‌م به‌ خێو بکه‌م “.

له‌ژیانمدا داوای هاوکاریم له‌که‌سێک نه‌کردووه‌ و هاوکاری ده‌وڵه‌تیشم ناوێت
کۆڵبه‌ر و کاسبکاری دانیشتووی شاری پیرانشاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ جل و به‌رگ و سه‌رتاپای له‌ناو ته‌پ و تۆز و عاره‌قه‌دا بوو، له‌باره‌ی زه‌حمه‌تیه‌کانی ژیان و کاره‌که‌ی وتی: “بێگومان گه‌لێک زه‌حمه‌تی له‌ئارادایه‌، ئه‌م خه‌ڵکه‌ی لێره‌ن به‌ دوو قاچه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌تی ده‌چێژن جا ئه‌و جار من که‌ دوو ده‌ستم کردووه‌ به‌ قاچیش، به‌ڵام نه‌بوونی، مرۆڤ فێری هه‌موو شتێک ده‌کات. به‌ڵام تا ئێستا له‌ژیانمدا داوای هاوکاریم له‌که‌سێک نه‌کردووه‌ و هاوکاری ده‌وڵه‌تیشم ناوێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاچم نییه‌ به‌رده‌وام له‌ناو عاره‌قه‌ و تۆز و خۆلدام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خێزانێکی چوار که‌سین، پێویسته‌ خۆمان به‌ خێو بکه‌ین “.

به‌ (گوێدرێژێک) ه‌وه‌ ده‌ستم به‌ کاسبکاری کرد
هه‌روه‌ها یونس زۆر جار که‌وتووه‌ته‌ بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: “کاتێک بۆ یه‌که‌مین جار هاتمه‌ ئه‌م دیوی سنووره‌وه‌ ته‌نیا که‌رێکم هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا (3) ئه‌سپم هه‌یه‌ و ده‌توانم پێویستییه‌کانی ژیانمی پێ دابین بکه‌م. پێشتر (4) ئه‌سپم هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌هاری ئه‌مساڵدا که‌وتینه‌ بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه‌ و چه‌کداره‌کان ئه‌سپێکیان کوشتم و ئێستا به‌ (3) ئه‌سپ کاسبکاری ده‌که‌م. تا ئێستا زۆر جار که‌وتوومه‌ته‌ بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه‌، به‌ڵام خواشوکور هیچم به‌ سه‌ر نه‌هاتووه‌، کاتێک له‌ماڵه‌وه‌ به‌ ڕێده‌که‌وم، به‌ گومانی ئه‌وه‌ی که‌ ناگه‌ڕمه‌وه‌، به‌ڕێده‌که‌وم “.
به‌ وته‌ی خۆی ، یونس کاتێک له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵی خۆی ده‌که‌وێته‌ بۆسه‌وه‌ ، به‌ په‌له‌ له‌سه‌ر ئه‌سپه‌که‌ی خۆی فڕه‌ده‌دات و به‌و شێوه‌یه‌ نیوه‌ی جه‌سته‌ی ساخ و سه‌لامه‌تی خۆی رزگار ده‌کات.

دایکم هه‌میشه‌ به‌ فرمێسکه‌وه‌ دۆعام بۆ ده‌کات
یونس هه‌ستی خۆی له‌باره‌ی یه‌که‌مین کاروانی بۆ ئه‌مدیوی سنوور وه‌ها ده‌گێڕێته‌وه‌ : “له‌راستیدا جاری یه‌که‌م که‌ کاروانمان هێنا و هاتمه‌ ئه‌م دیوی سنووره‌وه‌ رووبه‌ڕووی زۆر زه‌حمه‌تی و کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ بوومه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر منی هه‌ستیار کرد، دێته‌وه‌ بیرم دایکم به‌ گریانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی کردم و تا گه‌ڕامه‌وه‌ دایکم هه‌ر فرمێسکی ده‌ڕشت. هه‌ر جارێک که‌ دێمه‌ ئه‌م دیوی سنووره‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ش له‌ماڵه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووم، جارێکی تر دایکم فرمێسک ده‌ڕژێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌ریه‌کی تری له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت زۆر ئازارم ده‌دات “.

حه‌بلی لغاوی ئه‌سپه‌کانم به‌خۆمه‌وه‌ ده‌به‌ستمه‌وه‌
یونس له‌باره‌ی ئاماده‌کردنی باره‌کانی ئه‌سپه‌کانی وتی: ” بۆ ئاماده‌کردنی باره‌کان ناچاری خولقاندنی رێبازی نوێ ده‌بم، بۆ نمونه‌ بۆ راکێشانی ئه‌سپه‌کانم، حه‌بله‌کانیان به‌ ناوقه‌دمه‌وه‌ یاخود به‌ قۆڵمه‌وه‌ ده‌به‌ستمه‌وه‌. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سواری هه‌سپ ببم له‌غاو و پشته‌ ملی هه‌سپه‌که‌ ده‌گرم و سوار ده‌بم. هه‌موو باره‌کان خۆم ئاماده‌ی ده‌که‌م ، به‌ڵام بۆ بارکردن و ناڵکردنی پێی ئه‌سپه‌کان هاوکاری له‌کاسبکارانی تر ده‌خوازم و له‌و بواره‌شدا له‌راستیدا هه‌موو کاسبکاران هاوکاریم ده‌که‌ن “.

ده‌بێت قاچه‌کانم له‌ده‌ست دابێت، به‌ڵام هیوام زیاتر بووه‌
هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ‌ یونس له‌رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاتووبن رایانگه‌یاند: ” زۆر جار کاتێک ئێمه‌ چیا سه‌خت و به‌رزه‌کان به‌ ئه‌سپسواری تێده‌په‌ڕێنین، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک ئێمه‌یه‌ سواری ئه‌سپه‌کانی نابێت، زۆربه‌ی رێگا سه‌خته‌کان و چیا به‌رزه‌کان به‌ دوو ده‌ست تێپه‌ڕ ده‌کات.”
یونس فه‌یزی له‌کۆتایی دا رایگه‌یاند: “ئێستا ره‌وشم زۆر باشه‌ و ده‌توانم خێزانه‌که‌م به‌ ره‌نجی خۆم به‌ خێو بکه‌م. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێدی من هاوکاری ده‌ده‌مه‌ که‌سانی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیوی خێره‌که‌م وه‌کوو هاوکاری مرۆیی ده‌ده‌مه‌ که‌سانی فه‌قیر و هه‌ژار. هه‌روه‌ها باوه‌ڕیم به‌ خۆم هه‌یه‌ و ئه‌و کاره‌ی ئێستا ئه‌نجامی ده‌ده‌م ده‌زانم که‌ گه‌لێک که‌س ره‌وشیان له‌من باشتره‌ ناتوانن کاری وه‌ها بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ژیانه‌دا شتێک نه‌کرێت، نییه‌ “.
ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌ جگه‌ له‌ قوربانیانی ده‌ستی ماینه‌کانی سه‌ر ده‌می شه‌ڕی ئێران و ئێراق، له‌ماوه‌ى مانگى رابردوودا (9) کورد له‌ شوێنه‌ جیاجیاکانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا به‌ده‌ست و فه‌رمانى چه‌کدارانى رژێمى ئێران کوژراون. هاوکات فه‌رمانده‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى ڕژێم له‌ ورمێ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ چه‌ندین کۆڵبه‌ر و کاسبکار له‌و مانگه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر کراون. (شه‌هرام عه‌باسى) فه‌رمانده‌ى سنورپارێزى سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانیش له‌ شاری ورمێ رایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌دواى نه‌ورۆزى ئه‌مساڵه‌وه‌ (36) کۆڵبه‌رى کورد له‌سه‌ر سنووره‌کان قۆڵبه‌ست کراون و خراونه‌ته‌ زیندانه‌کانه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر (9) هه‌‌زار و (766) سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتى هاوڵاتیاندا.
هاوکات به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵ له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌وه‌، له‌ماوه‌ى مانگى رابردوودا (9) کۆڵبه‌رى کورد به‌ده‌ستى چه‌کداران و به‌فه‌رمانى ئه‌فسه‌رانى سوپاى پاسداران و هێزه‌ چه‌کداره‌ جیاجیاکانى رژێمى ئێران کوژراون. هه‌موو ئه‌و ئامارانه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن که‌ ڕژیمى ئێران له‌ کووشتن و له‌ ناو بردنى کورداندا ده‌ست ناپارێزێت و به‌رده‌وام له‌ ژێر ناوى جۆراوجۆر سیاسه‌تى قڕکردنى کوردان به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
روونکردنه‌وه‌ : ((که‌سی ناوبراو له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی خۆی ناو و وێنه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌))

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: