كەمپەكانی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان گەیشتنە 20 كەمپ

kemp
كەمپەكانی پەنابەران. وێنەگر: سیروان عەزیز- رووداو – هەولێر

بچووكی رووبەرەكەی و نەبوونی قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ، نەبووەتە رێگر لەبەردەم هەرێمی كوردستان بۆ پێشوازیكردنی لەزیاتر لە 160 هەزار پەنابەر، بە تایبەت پەنابەرانی كوردی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان. ئێستا لە هەرێمی كوردستان 20 كەمپی پەنابەران هەن.

یەكەم كەمپی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كە ئەوكات لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا بوو، ساڵی 1979 لە ناوچەی باریكەی سەر بەپارێزگەی سلێمانی كرایەوە، ئێستا 1800 پەنابەر لەو كەمپەدا دەژین كە سەرجەمیان سەر بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن و لە ترسی رژێمی ئێران، لە سەردەمی رژێمی بەعس پەنایان بۆ عێراق هێنابوو.

بەر لە راپەڕینی بەهاری 1991 جگە لە كەمپی باریكە، كەمپێكی دیكەش لە كەلار بەناوی كەمپی شێرەوەن لە ساڵی 1983 كرایەوە كە ژمارەی پەنابەرانی ئەو كەمپە 2000 كەسە و دانیشتووانەكەی لە بنەڕەتدا كوردی ناوچەی سەرپێلی زەهاو و قەسری شیرینین لە پارێزگای كرماشان.

لە دوای راپەڕین چەند كەمپێكی دیكە كرانەوە بۆ كوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكووری كوردستان. بەهۆی شەڕی نێوان PKK و سوپای توركیا زۆربەی گوندەكانی باكووری كوردستان وێرانكراون و بەشێك لەو گوندنشینانە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لە ساڵی 1996 سێ كەمپ بۆ ئەو ئاوارانە كرانەوە، ئەوانیش كەمپی حەسەنیك كە ژمارەی پەنابەرانی 1700 كەسە و لە ناوچەی ئەترۆش كراوەتەوە، هەر لە هەمان ساڵ كەمپێكی دیكە هەر لە ئەترۆش بەناوی كەمپی گرێ گەورە كرایەوە كە ژمارەی دانیشتووانی ئەو كەمپەش 2000 كەسە. كەمپی مسێریكێش كە لە هەمانساڵدا لە ناوچەی سێمێل لە شاری دهۆك كرایەوە، ئێستا 2500 پەنابەری لێیە.

لە ساڵی 1998 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق كەمپێكی دیكە بۆ پەنابەرانی باكووری كوردستان لە شارۆچكەی مەخموور كرایەوە كە گەورەترین كەمپی پەنابەرانی باكووری كوردستانە و ژمارەی دانیشتووانەكەی 12 هەزار كەسە.

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2004 پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستانیش گەیشتنە هەرێمی كوردستان، ئەویش بەهۆی ئەو سەركوتكارییەی دژی هاووڵاتیانی كورد كرا پاش خۆپێشاندانێك لە شاری قامشلو. حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمپێكی بە ناوی موقبلێ بۆ كردنەوە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو كەمپەش 3000 كەسە.

بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی شارەكانی باشووری عێراق. ژمارەیەك لەو پەنابەرە رۆژهەڵاتیانەی لە ساڵانی هەشتاكان لە كەمپی ئەڵتاش لە ئەنبار جێگیر كرابوون، لە ساڵی 2005 پەنایان بردە بەر هەرێمی كوردستان. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ناحیەی قوشتەپەی سەر بە شاری هەولێر كەمپێكی بۆ كردنەوە بە ناوی كەمپی كاوە كە ژمارەی دانیشتووانی 1383 كەسە.

دوای راپەڕینی خەڵكی سووریا لەساڵی 2010، ژمارەی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد، بە جۆرێك ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چوار كەمپی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان كردووەتەوە.

لە ساڵی 2011 كەمپی دۆمیز لە شاری دهۆك كرایەوە كە گەورەترین كەمپی پەنابەرانە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەی دانیشووانی 84 هەزار كەسە، دوای ئەویش كەمپی عەربەت لە سلێمانی كرایەوە كە ژمارەی دانیشتووانی 500 كەسە.

لەو رۆژانەش دوو كەمپی دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر كرانەوە، ئەوانیش كەمپی كەورگۆسك كە ژمارەی دانیشتووانی 5000 پەنابەرە، هەروەها كەمپی دارەشەكران كە ژمارەی پەنابەرانی 1000 كەسە. تا ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەش هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

جگە لەو كەمپانەی سەرەوە چەند كەمپی دیكەش لە هەرێمی كوردستان هەن كە تایبەتن بە دۆست و چەكدار و لایەنگرانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەبەر هۆكاری سیاسی و ئەمنی ژمارەی پەنابەرانی ئەو كەمپانە نازانرێن، ئەوانیش بریتین لە كەمپەكانی جەژنیكان، سێبیران، دێگەڵە، ئازادی، گردەچاڵ، كانی قرژاڵە، ئەمیرییە و زەوییە سپی.

تاوەكو ئێستا ژمارەی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان تەنیا مەزەندەیە و دەگوترێ زۆرتر لە 150 هەزار كەسە، چونكە رۆژ بەرۆژ هاتنی پەنابەران روو لەزیادبوونە و زۆر لەو پەنابەرانەش ناچنە كەمپەكان و هەندێك لە كەمپەكانیش لەبەر هۆكاری سیاسی و ئەمنی ژمارەی دانیشتووانەكانیان نازانرێت.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: