لە رۆژئاوای کوردستان چ باس؟

rojava-kurdistan-8وتارێکی “ڕۆژ ئەحمەد” لەژێر سەردێڕی “ئەگەر هێزێک هاوپەیمانی ئەسەد بێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە”
ژێدەر: ئاوێنە

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگەی پروپاگەندە نەما نەیگرێتە بەر لەدژی گەلی رۆژئاوای کوردستان. بڕی پارە نەما لەپلان‌و لێدوان‌و دروستکردنی پارت‌و دەزگای ڕاگەیاندن لەدژی ڕێکخستنەکانی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەکاری نەهێنێت. دۆست‌و دوژمنی کورد نەما لەوڵات‌و ناوچەکەو جیهان لەدژی سەرهەڵدان‌و بەرخۆدانی گەلی رۆژئاوای کوردستان پەنای بۆ نەبردبـێت. لێ شکست لەدوای شکست بۆ پارتەکە، سەرکردەکانی‌و ناوبانگیان ئەنجامەکانی بوون.

هەڵوەستەی ئەم بابەتە تەنیا خستنەڕوی ڕاستینەی گەلی رۆژئاوای کوردستانە لەهەمبەر چەواشەکاریەکانی پارتێک لەهەرێمی کوردستان، کە فۆرمێکی دیسپۆتیزم‌و پیلان‌و پاوانی دەسەڵات نەماوە لەبەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاری نەهێنابێت. ئەمڕۆش هاوشانی ئەسەدو ئەردۆگان‌و ئەلقاعیدە، سنوری لەسەر گەلی رۆژئاوا داخستوەو توندترین گەمارۆی لەسەر داناون.

لەقامیشڵۆوە دەنوسم، لەنزیکەوە لەگەڵ روداوەکاندام، لەگەڵ رۆژانەی ئابڵوقەدراوی ئەم گەلەدا ژیان بەسەردەم‌و ئاگادارم چی دەگوزەرێت. لێرە لەڕۆژئاوای کوردستاندا هەمووشتێک دەگوزەرێت ئەوە نەبێت کە پ.د.ک باسی دەکات. لێرە هەموو ڕوداوێک هەیە ئەوە نەبێت کە زۆرێک لەمیدیاکانی باشوری کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەپارەی ئەو پارتە دامەزراون باسی دەکەن‌و دەیکەنە روداو. لێرە هەموو جۆرە سیاسەتێک بەڕێوەدەچێت، جگەی لەوەی دوژمنانی کوردو ئاشتی‌و ئازادی ناوچەکە دەیخوازن.

خستنەڕوی ڕاستیەکان ئەرکێکی مێژوییە، چەواشەکردنیشی تاوانێکی مێژوویی بەتایبەتی چەواشەکاری دژی گەلی خۆت کە سەدەیەکە مافەکانی بەهەموو جۆرە پلانێکی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی‌و خۆجێی ژێر پێ نراوەو، ئەمڕۆش لەژێر هەموو جۆرە گەمارۆیەکدا ژیان دەکات‌و بەخوێنی خۆی و هێزی گەلی خۆی، بەرگری لەمانەوەی‌و نەفرەت لەتەسلمیەت دەکات.

ئامانجی ئەم بابەتە بەرگریکردن نییە لەپارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە). کاتی ئەوە بەسەرچوە حزبیانە بفکرین، رۆژ رۆژی یەکێتی نەتەوەیی‌و یەکێتی گەلانی دنیایە. پەیەدەش پێموایە وەک هەر پارتێکی دیکەی سیاسی بێگومان هەڵەی خۆی هەیە و هەڵەش دەکات و هەڵەشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، بۆ؟ چونکە موتڵەق نییە لە دنیادا و هیچ پارتێکی سیاسیش بە درێژایی مێژوو نییە هەڵە نەکات و هەڵەی نەبێت و هەڵەی لێچاوەڕوان نەکرێت، هەربۆیە پێوەری سیاسەت و حزبایەتی هەمیشە نیسبیە. لێ ئەو پرۆپاگەندەیەی کە لەسەر پەیەدەو گەلی رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، راستی نییەو چەوشەکاریەو بەرهەمی عەقڵیەتێکە، کە پێی وای لە خۆی زیاتر ئەوی دیکە مافی نییە.

دوو ساڵە بەردەوام بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەم لایەنە پروپاگەندە دەکات بەهەموو تواناکانیەوە، کە لەخزمەتکردن بە ڕەشکردنی کورد و ڕەشەکوژی کوڕو کچی کوردو زیاتر سڕێنەوەی ناسنامە و ژێرپێنانی مافەکانی کوردو ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنفالێکی دیکە، هیچ بەرهەمێکی دیکەی لێ شین نەبووە.

دیارترین لەو پروپاگەندانە کە پ.د.ک ئاراستەی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەوەیە کە پەیەدە لەگەڵ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد گوایە هاوپەیمانە. یان، وەک لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا لەبەیاننامەیەکی کرچوکاڵدا بانگەوازیان کرد، کە پەیەدە تۆتالیتارەو دیموکراسی لەرۆژئاوای کوردستاندا نییە.

پێش هەرشتێک رۆژئاوای کوردستان لەجەنگدایە. ئینجا، پەیەدە لەرۆژئاوای کوردستاندا تەنیا هێزی سیاسی نییە. حکومەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لەنوێنەرانی زیاتر لە ۱٠ پارتی سیاسی سەرەکی پێکهاتون لە کورد و ئەرمەن و سریان، کە پەیەدە یەکێکە لەوان، ئەمە دیموکراسی نییە، فرە حزبی نییە، چییە؟ گەر قسە لەسەر رۆژئاوی کوردستانە، ئەوە ئەو پارتە سیاسیە کوردانەی دیکەش دەگرێتەوە کە لە پەیەدە زیاتر لە حکومەتدان. لێ ڕاستی ئەوەیە گەر هێزێکی سیاسی کوردی هەبێت تێکەڵی ڕژێمەکەی ئەسەد بێت، پەیەدە و پارتەکانی ناو رۆژئاوا نین، بەڵکو پ.د.ک و پاشکۆکانین.

گەڕاندنەوە بەڕابردوی سەرهەڵدانی رۆژئاوای کوردستان ئەزموون بەخشە. لە ۱۹ ی مانگی ۷ ی ساڵی ۲٠۱۲ دا، کە شاری کۆبانێ ئازادبونی خۆی ڕاگەیاند لە ڕژێمی ناوەند، هێزەکانی ئەسەد کە سەرقاڵی شەری چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سونی عەرەب بون ، بۆ نەکردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکەی ناو سوریا کە لاوازی دەکرد، بە بەیاننامەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) ترساو شاری کۆبانێیان بەجێهێشت.

بەیاننامەکەی تەڤدەم ئەوکاتە بە سوپای ڕژێمەکەی سوریای ڕاگەیاند:”یان شارەکانمان چۆڵ بکەن بە ئاشتیانە و بڕۆنەوە ناوچەی خۆتان لە ماوەی ۲٤ کاتژمێردا، یان بە هێز دەرتاندەخەین. “ لەوەوبەدوا ڕژێم لە کۆبانێ و عەفرین وای کرد و هێزەکانی هەموو کشاندنەوە، بەڵام لە جیزیر وانەبوو. لە شارۆچکەی دێرک لە ۲۱ ی مانگی ۷ شەڕ لەنێوان هێزەکانی ڕژێم و گەلی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرپا بوو. سێ سەربازی ئەسەد و چالاکوانێکی پەیەدە لەو پێکدادانەدا گیانیان لەدەستدا. ئەمە یەکەم شەری پەیەدە و گەلی رۆژئاوای کوردستانە کە لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد بوو.

ئازادکردنی دێرک بەم شەڕە بە ئەنجام گەیشت. کەواتە شەڕی پەیەدە و ئەسەد یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی ڕۆژئاوا لە میژوودا دیاری دەکات و شەریش لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەدە نەک هێزێکی دیکە.

دواتر، هەندێک سەربازی ئەسەد مانەوە سەرباری فەرمانی کشانەوە، ئەوان ڕێگایان نەبوو دەرچن لە شار، چونکە ڕژێم مانەوەیانی بە تەسلیمیەت ئەژمار دەکرد و سزای توندی دەدان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لەبەرامبەردا دەیانکوشتن گەر لە هێزەکانی ئەو کاتەی “سوپای ئازادی سوریا “ بەشدار نەبونایە . پەیەدەش لەبری تەسفیە حسابی ئەو سەربازە بەدبەختانە، کە لە باشوری کوردستاندا زۆر دەکرا لەکاتی ڕاپەرینی ۱۹۹۱، لە رۆژئاوا پەیەدە لە ساڵی ۲٠۱۲ ئەم دروشمەی بەرزکردەوە:” گەر هەموو چەکی دنیا لەدەستمان بێت هێرش بۆ کەس ناکەین و گەر هەموو دنیاش هێرشمان بۆ بکەن، تا دوا هەناسە بەرگری دەکەین. “ ئەم دروشمەشیان هەڵقوڵاوی تێزە فەلسەفیەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە بە “بەرگری ڕەوا “ دەناسرێت.

بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە بناغەی سیاسەتی پەیەدەی لەوڕۆژەوە داڕشت لە سوریادا. ڕێکخستنە سیڤیلەکانی دەرەوەی پەیەدەش پەیوەستی بوون و دواجار بووە سیاسەتی گشتی رۆژئاوای کوردستان، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەو سیاسەتە دەکرێت رۆژئاوای کوردستان لە جەنگی نەگریسی ناوخۆی فەندەمێلیستەکان، هەم ڕژێم و هەم ئۆپۆزسیۆن، بپارێزێت. تا ئێستاش وایە، بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی سوریا، رۆژئاوای کوردستان زۆر باشە، بەڵام ئەوەش دیسان خوێنی ویستوە و بە سپاردنی گیانی گەنجە خۆنەویستەکان بەرهەم هاتووە.

لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا پەیەدە و لایەنگرانی پرۆژەکەی، “خۆسەری دیموکراتیک “، ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبەن. ئیتر رۆژئاوای کوردستان ئازاد کرا، قامیشلۆی لێ دەرچێت کە فرە نەتەوەیە، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی و کورد تیایدا ژیان دەکەن. پارساڵیش لە شەرێکی خوێناویدا، تەواوی ناوچە کوردیەکانی قامیشلۆ ئازادکران، هەرچەندە هێزێکی ئەسەدی لێ ماوە لە ناوچە عەرەبنشینەکاندا.

لەو ڕۆژەشەوە تاوەکو ئێستا هەر هێزێک هێرشی بۆسەر کورد کردبێت هێرشی بۆ کراوە، هەر هێزێک لە حاڵی خۆیدا مابێتەوە و هێرشی نەکردبێت، وەک هێزە بچوکەکەی ڕژێم کە ئێستاش لە قامیشلۆ هەیە، هێرشی بۆ نەکراوە. هەروەک چۆن لە گەڕە کوردیەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب، ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە هێرش ناکەنە سەر کوردەکان و لەجێگای خۆیاندان، هێرشیان بۆ ناکرێن.

مژارێکی دیکەی پروپاگەندەکان ئەوەیە کە قامیشلۆ ئازاد نەکراوە. تاوەکو ئێستا من خۆم ۱۸ ناوەندی ئاسایشی ناوخۆی کانتۆنی جیزیرم لە قامیشڵۆ بینیەوە و هەموو گەڕەکە کوردیەکان لەژێر دەسەڵاتی کوردیدان. ڕاستە کە هێزێکی کەمی ئەسەد ماون لە یەک جێگادا. لە جێگایەک کە پێی دەڵێن، “چوارگۆشەی ئاسایش “ و لە گەڕەکی عەرەبی پێکدێت تاوەکو فرۆکەخانەی قامیشلۆ، بەڵام تەنیا لە تەنیشت ئەم جێگەیەوە، بارەگای ئەلپارتی هەیە، کە لقی رۆژئاوای کوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان عێراقە و سەربازانی ئەسەد لە تەنیشتیانەوەن.

هەرچەندە ئەو هێزەی ئەسەد ماوە لە قامیشلۆ، بەڵام نەک کاریگەریان بەسەر بەڕێوەبردنی شارەکەوە نەماوە، بەڵکو لە باڵەخانەکەیان دوورناکەونەوە. من خۆم هەموو ڕۆژێک بەلای باڵەخانەیەکیان دەڕۆم و هیچ کێشەیەکم نییە. بۆیە پرسێکی گرنگ دروست دەبێت، ئەوانەی کە ئیدیعا دەکەن قامیشلۆ ئازاد نەکراوە، بارەگای ئەلپارتی چۆن لە تەک هێزی ڕژێمەوە کاری خۆی دەکات؟ دیسان، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا، کە لەو پارتانە پێکهاتون پشتگیری لە سیاسەتی پ.د.ک و دژی خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوان، ئەگەر قامیشلۆ ئازاد نییە، چۆن کۆبونەوەی گشتی هەفتانە و مانگانەی خۆیان لە قامیشلۆ دەکەن و لە ڕاگەیاندنەکانیشیاندا بڵاوی دەکەنەوە؟

لێرەدا دوو شرۆڤە هەیە؛ یان قامیشلۆ ئازادە و ئەم پارتانە بە ئازادی و دیموکراسی سەرباری پرۆپاگەندە توندەکانیان دژی پەیەدە و حکومەتئ کانتۆنەکان، هەموو کار ئاسانیەکیان بۆ دەربرینی بۆچونەکانیان و خۆپیشاندانەکانیان بۆ کراوە لەلایەن حکومەتی کانتۆنی جیزیرەوە. یان ئەوەیە وەک خۆیان دەڵێن،” قامیشلۆ ئازاد نییە “. گەر وایە، کەواتە ئەم ئەنجومەنەی پاشکۆی پ.د.ک لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد دەستی هەیە بۆیە دەتوانێت لە قامیشلۆیەکی “ئازادنەکراودا” بە ئاشكرا و بێ کێشە کۆبونەوەکانی خۆی بکات؟

لە قامیشلۆ دەکرێت بڵێێن شەری سیستەمی نوێ هەیە لە دژی سیستەمی پێشوو .خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی لێرە لە هەموو گەڕەکێک “ماڵی گەل” ی دروست کردوە، کە دیرۆکی کۆمۆنەی پاریس بە بیری مرۆڤدا دێنیت. لەم ئەنجومەنانەی گەڕەکەوە بگرە، کە بە هەڵبژاردنی خەڵكی گەڕەک بەرپرسەکانیان دەستنیشان کراون تاوەکو “شارەوانی گەل” دامەزراون و لەبەرامبەر سیستەمی پێشتردا هەموو رۆژێک بە کار و خەباتیان مەنتالیتیەکی نوێی بەڕێوەبەرایەتی دەئافرێنن. زۆرن ئەو سەرۆک ماڵی گەلانەی گەڕەکەکان کە لە شەرەکانی دژی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن، شەهید بوون.

لەبەرامبەر پۆلیسی ترافیکی ڕژێم کە بێ چەکن و تەنیا یەک بەشن لە قامیشلۆ، واتە لە چوارگۆشەی ئاسایشی ڕژێمدا کار دەکەن، لە ناوچە کوردیە ئازادکراوەکاندا کە چوار بەشی قامێشلۆ پێک دێنن، ترافیک پۆلیسی کورد هەن. پۆلیسی کورد هەن. هەروەها، ئاسایشی ناوخۆی پیاوان و ژنانی کانتۆنی جیزیر کارئاسانی ئاسایشی هاوڵاتیانی قامیشڵۆ دەکات. چونکە ڕژێم وەک سیستەمیش نەماوە بەڵام کەلتووری ئاسان نییە بڕوات و کاری رۆژانەی ئەم سیستەمە نوێیە خەریکی کاڵکردنەوەیەتی. تەنانەت عەرەبەکان بۆ کارە ئەمنیەکان سەردانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردساتن دەکەن. خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی کانتۆنی جیزیر کە نوێنەری سریانیەکانی تیایە، ئاسایشی مەسیحیەکانیشی دامەزراندوە بەناوی “سوتورو”، کە بە مانای “ئاسایش” دێت بە زمانی کوردی و بەشێکە لە ئاسایشی گشتی رۆژئاوای کوردستان و ئەمەش دیسان پرۆژەی “خۆسەری دیموکراتی” گەلان، فەلسەفەی بەڕێوەبردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە پراکتیکدا بە ئەنجام دەگەیەنێت.

ئەوەی کە لە دەرەوەی ڕۆژئاوای کوردستان نابینرێت و لەسەردانێکدا دەکرێت بە ئاسانی بۆ هەموو هاوڵاتیەک ڕوونبێتەوە، ئەوەیە، کە ڕژێمەکەی ئەسەد دژی خۆبەڕیوەبردنی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام چاریشی نییەو دەسەلاتی ئەم بەڕێوەبەرێتیەو خواستی سەرخۆبون و ئازادی کورد لە سوریادا ئەمڕۆ بۆتە ئەمری واقع. لەلایەکی ترەوە ئەسەد دەترسێت کە ئەگەر لەم کوردانەی ڕۆژئاوای کوردستان بدات، لە تەنیـشتیەوە ۳٠ ملیۆن کورد هەیە کە ئامادەن لە ڕووی مەبدەئی سیاسیەوە لە هەر ڕەوشێکی خراپدا بێنە رۆژئاوای کوردستان و بەرگری بکەن لە کەسوکاریان کە پەیمانی لۆزان ساڵی ۱۹۲۳ لە یەکتر جیاکردنەوە. لایەنێکی دیکەش هەیە.

سنوری رۆژئاوای کوردستان لەسوریا لەعەفرینەوە کە درێژدەبێتەوە تاوەکو دێرە زور، گەر بەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان نەبێت سوپای تورکیا بە ئاسانی تێی دەکەوێت، لەکاتێکێشدا ئەسەد لە جەنگێکی زۆر دژواردایە، ناتوانێت پاراستنی ئەم سنورانە بکات. بۆیە کەوتۆتە ئەمرێکی واقیعەوە کە زۆر دژیەتی، بەڵام ناچارەو ناشتوانێت دژی بۆستێتەوە. سەرباری ئەمانە کورد لێرە کە دوو ساڵە تامی ئازادی کەلتوری و سیاسی کردوە دوای چەند ساڵ چەوساندنەوە، چۆن ئامادەیە بچێتەوە ژێر ڕکێفی ڕژێم؟ باڵدارێک لە قەفەزێکی زۆرەملێیدا ئازاد بوبێت، ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ قەفەزەکەی؟ بێگومان نەخێر. کەواتە پرۆسەی سیاسی رۆژئاوای کوردستان لەبەرەوپێشچونی خۆیدا ناوەستێت، گەرچێ ئەسەد زێدە دژیەتی.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)پرۆپاگەندە دژیان دەکرێت گوایە :”هێزی چەکداری پەیەدەن “، ئەمەش بڕیارێکی ئایدۆلۆژیەو لە ڕاستیەوە زۆر دورەو پڕ چەواشەکاریە .ئەم هێزانە سریانی، ئەرمەنی و تەنانەت عەرەبیش بەشدارین و کەمیش نین ئەوانەی ئێستا شەهیدی ئەو هێزانەن و کورد نین. گەر ئەم هێزانە سەر بە پەیەدەن، پارتێک کە بۆ مافی کورد خەبات دەکات، چما عەرەب و سریان و ئەرمەن دەبنە بەشێک لێی کە سەر بە پارتی دیکەن و بۆی شەهید دەبن گەر هێزی حکومەتێک نەبێت و ئەو نەتەوانە خۆیان لەو حکومەتەدا نەبیننەوە؟

پ.د.ک لە سەرەتای ساڵی ۲٠۱۲دا دەیخواست تەجروبەی باشوری کوردستانی خۆی لە رۆژئاوا دووبارە بکاتەوە. ئەمەشی بۆ باڵادەستی حوکمڕانی خۆی لە باشور گەڕاندەوە کە سەرەتای ئەو حکومڕانیەش دوای هەڵبژاردن بە شەڕی براکوژی دەستی پێکرد. هەربۆیە، بۆ رۆژئاواش داخوازی هێزی چەکداری خۆی کرد و بەشداربونی پارتە پاشكۆکانی خۆی لە یەپەگە و یەپەژە رەت کردەوە. لەو ئاوارانەش کە زۆریان بۆ ماڵ و ژیانێکی دیکە چوبونە باشوری کوردستان ، هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە خۆی دروست کرد، کە پەیەدەو ڕێکخستنە سیڤیلەکانی رۆژئاوای کوردستان و یەپەگە رەتیان کردەوە سنور ببڕن و بێنە رۆژئاوا، مەگەر بێنە ژێر چەتری یەپەگە وەک هێزی گشتی گەل.
ئەم هەڵوێستەی یەپەگە بۆ پێشگرتن بوو لە دوبارەبونەوەی هەبونی هێزی چەکداری جودا جودای مافیا ئاسا لە رۆژئاوای کوردستاندا. وەک چۆن لە باشوری کوردستان لە نەوەدەکاندا هەبوون و لە ئێستای سوریاشدا هەن، کە تەنیا بەرهەمی شەڕی ماڵوێرانکەری براکوژیەو باشوری کوردستانی دوێنێ و سوریای ئەمڕۆ دیارترین نمونەکانی هەبونی ئەو جۆرە هێزە جیاوازانەن.

پ.د.ک زۆر هەوڵیدا لەڕێگای دروستکردنی چەند کەتیبەیەکی ناوخۆوە هێزی چەکداری دروست بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دیسان سەرکەوتوو نەبوو چونکە گەل قبوڵی نەکرد. لەو دەمەوە تاوەکو ئێستا لە دوژمنایەتی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان و دۆستایەتی لەگەڵ دوژمنانی کورد، لەسەرویانەوە دەوڵەتی تورکیا، شتێکی دیکە لە پ.د.ک نەبینراوە. ئەو هێزانەش کە لە رۆژئاوای کوردستاندا مانەوە، کە چەندین پارت و بە سەدان رێکخراوی سیڤیلن، لەو دەمەوە تاوەکو ئێستا هەم لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و هەم لەگەڵ هێزە توندڕەوە ئیسلامیستەکانی ئۆپۆزسیۆن، لە شەردان هەر کاتێک هێرشیان بۆ کرابێت.

لەڕۆژئاوای کوردستاندا هەموو شتێک ئەمڕۆ بۆ گەل ئاشكرایە، ئەمەشە وایکردوە کە لەسەدا ۸٠ ی گەلی رۆژئاوا لەپشتی سیاسەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بوەستن.

بەر لە سەرهەڵدانی سالی ۲٠۱۱ ی سوریا، لە کاتێکدا پەیەدە، بەپێی ڕاپۆرتی ئیستخباراتی دەوڵەتە زلهێزەکان، بە هەزاران لە ئەندامەکانی لە زیندانەکانی ڕژێمەکەی ئەسەدا بوون، هەروەها لە ساڵی ۲٠٠۵ەوە، سالێک دوای دامەزراندنی، چەندین شەهیدی داوە، پ.د.ک و پارتەکانی دیکەی باشوری کوردستان لە دیمەشق ئۆفیسی خۆیان هەبوو و بە پارە وەرەقەی چون و هاتنیان بۆ خەڵك دەکرد و ئەوانەی کە رۆژێک لە سوریاوە دەربازی ئەوروپا بون ئەو ڕاستینەیەی پارتە کوردیەکانی باشوری کوردستان دەزانن کە لە ژوری ئیستخبارەتەکانی ئەسەد لە شام رۆژیان دەکردەوە و ئۆفیسەکاناین تا ئێستاش دانەخراون.

لە دوای سەرهەڵدانی گەلی سوریا لە ساڵی ۲٠۱۱ بەدواوە، کاتێک کورد بۆخۆی خۆماڵیانە جێگەی خۆی کردەوە لە سوریا ، لەو ڕۆژەوە بە خوێنی کوڕ و کچی گەنجی کورد، بە هەلهەلەی دایکانی شەهیدان ، بە زەردەخەنەی منداڵانی سک برسی کە لە رۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ خوێندنی کوردی خۆپیشاندان دەکەن، ئەم گەلە لەگەڵ ڕژێم و ئۆپۆزسیۆندا لە شەرێکی سەختدایە بۆ مانەوە و بەرگرتن بە لۆزانێکی نێودەوڵەتی و ئەنفالێکی ناوخۆیی دیکە لەسەر کورد.

لێرە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەر باژێر و باژەرۆکێک دەچیت، زێدە کەم ماڵبات هەیە کە شەهیدێک، دوان و سیانیان نەبێت کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بۆ ئەوەی ژیانی شارە کوردیەکان بپارێزن گیانیان بەختکردوە لە شەری دژی هێزە شەرخوازە جیاوازەکانی سوریا. ئەوەی کە شەهیدێکی تا ئێستا لەبەرەی جەنگی دژی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆندا بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی ڕۆژئاوای کوردستان نەداوە، شەرڤانێکی بریندار نەبووە لەو شەرانەدا، پ.د.ک و حزبە پاشكۆکانیەتی کە دژی حکومەتی کانتۆنوکانی رۆژئاوان.

لە کاتێکدا دڕندەترین هێزەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، کە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) و بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە هێرشیان بۆ سەر ماڵە کوردەکان کرد لە ناوچەکانی تەل ئەبیەز و کۆمەڵکوژییان کرد و تەجاوسی جنسیان بە ژنانی کورد کرد. لەو ساتەوەختەدا، کە ئەنفالێکی دیکە لە رۆژەڤدا بوو لەسەر کورد، پەیەدە و پارتەکانی دیکە، کە ئەندامانیان لە ناو یەپەگە و یەپەژەدا شەرڤانن ، بە خوێنی خۆیان بە گیانسپاردن بەریان بە ئەنفالێک گرت کە وەک ئەوەی باشوری کوردستانی ۱۹۸۸ ئەمیش لە ساڵی ۲٠۱۳دا شەرعیەتی ئاینی وەرگرتبوو لە سعودیە و ئەوانەی خۆیان بە زمانحاڵی پەرتوکی پیرۆز لەو وڵاتە دەناسێنن. لەو کاتەدا ، لەو ساتەوەختە مێژوییەدا کە کورد تەنیا هەر خۆی زۆر بەتەنیا بوو، پ.د.ک رەتی كردەوە کۆمەڵکوژی کرابێت لە رۆژئاوای کوردستاندا، هەرچەندە دواتر ئەمریکاو روسیاش پشتراستیان کردەوە و کۆمەڵکوژیەکەیان شەرمەزارکرد، پ.د.ک و بارزابی رەتیان کردەوە.

کاتێک شەرڤانەکانی یەپەگە لە شەری گرتنی دەرگای قامیشلۆ بە گولەی شەبیحەکانی ئەسەد شەهید بوون، پ.د.ک و مەسعود بارزانی کە لەگەڵ بەرپرسە بیانیەکان کۆدەبونەوە، بانگەوازیان دەکرد کە دەبێت کێشەی سوریا ”بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. “ ئێستاشی لەگەڵدابێت، رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بخوێننەوە، هەمان هەڵوێستاین بەرامبەر ئەسەد هەیە.

عەلی مەملوک، بەرپرسی گشتی دەزگای ئئیستخباراتی ڕژێمەکەی ئەسەد، مانگی ئایاری پارساڵ لە هەرێمی کوردستان بووە و لەگەڵ نوێنەرانی پ.د.ک و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا لە هەولێر کۆبۆتەوە لە گەشتێکی نهێنیدا. ئەو گەشتە لە میدیاکانی باشوردا هیچ باسێکی لێوە نەکراوە، بەڵام لێرە لە سوریا نهێنی نەبوە و لە قامیشلۆ هەموو خەڵك لێی بە ئاگان و باسی دەکەن چونکە دەزگای ڕاگەیاندنەکانی ئەسەد و تەلەفزیۆنەکانیان رومالیان کردوە.
عومەر ئوسۆ، کە ئەندامێکی مەجلیسی شەعبی سوریایە و کوردێکی ناوداری بەعسیە، لەو گەشتەدا بەشدار بوە و چەندین جاری دیکەش لە هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی ناوبراودا کۆبۆتەوە، وەک خەڵکئی قامیشلۆ پشتڕاستی دەکەنەوە.
سەرباری ئەمانە با بپرسین، پ.د.ک کەی بەتەمایە ئۆفیسی فەرمی خۆی لە دیمەشقی ئەسەد دابخات؟ یان، ئەو میدیایەی کە لە دژی گەلی رۆژئاوای کوردستان دایمەزراندوە و نوێنەرانی دەوڵەتەکەی ئەسەد بە پەخشی زیندوو لە شاشەکەی لە شام دەدوێنێ، کەی بەتەمایە لە دیمەشق ئۆفیسەکەی بگوازێتەوە؟

بۆیە ئەگەر هێزێکی کوردی هەبێت لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد هاوپەیمان بێت، ئەوە خودی پ.د.ک‌و پاشکۆکانین، نەک پەیەدەو ئەو پارت‌و رێکخراوانەی بەشداری خۆبەرێوەبردنی دیموکراتی کاتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن‌و لەژێر گەمارۆی چواردەورو ئابڵوقەی ئابوری‌و لەناوجەرگەی ئاگری جەنگ‌و پلانی مەزنی دژایەتیکردنی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆییدا، بێوچان ئێستا خەریکی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنی سەرتاسەری لەشارو شارۆچکەو گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا.

Advertisements

تاگەکان: , , , , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: