میتینگی ١١ی رەشەمە، هەڵەیەکی مێژوویی- مادح ئەحمەدی

meeting-pdkiبەرایی
رۆژی ١١ی رەشەممە لە مێژووی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و لە مێژووی حیزبی دێمۆکراتدا، رۆژێکی پڕ گرنگە. ئەگەر لە روانگەیەکی گشتییەوە سەیر گرنگیی ئەم پرسە بکەین، ئەوا یەکەم هۆکاری گرنگییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دوای ساڵانێکی زۆر دابڕان و تێکۆشانی نهێنی، حیزبی دێمۆکرات بە رێبەرایەتیی، “دکتۆر قاسملوو”ی مەزن دەگەڕێتەوە ناوخۆی وڵات و لە رۆژی ١١ی رەشەمەی ١٣٥٧ (٢/٣/١٩٧٩) لە میتینگێکی جەماوەریدا لە شاری مەهاباد تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێمۆکرات رادەگەیەنێ.

لە راستیدا ئەمە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ژیانی حیزبی دێمۆکراتدا. دوای رووخانی کۆمار، ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات پەڕیوەی باشووری کوردستان و عێراق دەبن و لە تاراوگە حیزب ساغ دەکەنەوە. جگە لە بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ٤٦ــ٤٧ (٦٧ـ٦٨) (کومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکرات)، حیزب تا کاتی رووخانی رێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، چالاکییەکی ئەوتۆی نەبووە و تاڕادەیەکی زۆر لە خەڵکەکەی دابڕاوە و تەنیا لە کەناڵی شانەکانی رێکخستنی نهێنییەوە توانیویەتی پێوەندی بە خەڵکەوە بگرێ. ١٩ رۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، واتە رۆژی ١١ی رەشەممە دکتۆر قاسملوو تێکۆشانی ئاشکرای حیزب رادەگەیەنێ و بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان لە دەوری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆ دەبنەوە سەرەڕای دروست بوونی گرووپ و رێکخراوی چەکداریی دیکە، بەڵام حیزبی دێمۆکرات لایەنی سەرەکیی گۆڕەپانەکەیە و مەودایەکی زۆری لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەیە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەم رۆژە کراوەتە و کەمتر هەڵکەوتووە کە رەخنە لەم رۆژە بگیردرێ. ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستە، ئەوەیە لە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ رۆژی بەڕێوەچوونی میتینگی ١١ی رەشەمە لە مەهاباد بکەین. واتە لایەنێکی دیکەی گرنگیی میتینگی ١١ی رەشەمە، تاوتوێ کردنی ئەو پرسیارەیە کە بۆ ئەم میتینگە لە مەهاباد بەڕێوە چوو؟ کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی بەڕێوەچوونی میتینگی ١١ی ڕەشەمە لە مەهاباد، لەسەر بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟ ئایا دیاری کردنی مەهاباد وەک شوێنی میتینگەکە بۆ راگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، بەرهەمی بڕیارێکی سیاسی و خوێندنەوەیەکی سیاسی بوو، یان بەرهەمی هەست و سۆزی شۆڕش و عاتیفە و ناوچەگەریی بوو و خوێندنەوەیەکی هەڵە بوو؟

تایبەتمەندیی ناوەند

ناوەند لە هەموو شوێنێک کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەوری کۆکەرەوە بگێڕێ. بۆ وێنە لە پێوەندی لەگەڵ دیاریکردنی شارێک وەک ناوەند و پایتەخت، لە ئێستادا زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە دەبێ ئەو شارە خاوەن تایبەتمەندییەکانی شارێکی مۆدێڕن بێ. چەند تایبەتمەندییەکی گرنگیی شارێک کە دەبێتە ناوەند بریتییە لە: ١ـ لە رووی شارسازییەوە پێشکەوتوو بێ و دەرەتانی پەرەسەندنی هەبێ، ٢ـ لە رووی ئابوورییەوە پێگەیەکی بەهێزی هەبێ، ٣ـ ناوەندی ئاکادێمی و زانستیی ستاندارد و پێشکەوتووی تێدابێ، ٤‌ـ لە رووی جوگرافییەوە وا هەڵکەوتبێ کە بتوانێ دەوری ناوەند بگێڕێ، ٥ـ لە رووی توریستییەوە سەرنجڕاکێش بێ و…

ناوەند، یان شاری سەرەکی، زیاتر شارێکە کە لە چاو شارەکانی دیکە گەورەترە و رێژەی دانیشتوانی زیاترە. ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو شارە ببێتە ناوەند و دامودەزگای حکوومەتی لێ دادەمەزرێ. نوێنەرایەتیی سیاسی وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان لە ناوەند دادەنرێ و ناوەند لەگەڵ دەرەوەدا لە پێوەندی دایە و وەک نوێنەری شار و ناوچەکانی دیکە چاوی لێ دەکرێ. واتە هەر ناوەندێک، تەعبیر لە هەرێمێک، پارێزگایەک، یان وڵاتێک دەکات. (١) بۆ وێنە کاتێک دەوترێ “هەولێر”، تەعبیر لە هەرێمی کوردستان دەکات. کاتێک دەوترێ “واشنگتون”، تەعبیر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. کاتێک دەوترێ “ئەنکارا”، تەعبیر لە تورکیا و دەوڵەت و سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە دەکات. بەو پێیەی کە دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکوومەت، یان سیتسمێکی سیاسی لە ناوەنددا کۆ دەبێتەوە، دەبێ ئەو ناوەندە، کەمترین مەترسیی شەڕ و هەڕەشەی لەسەر بێ.

پێگەی مەهاباد

بەو پێیەی مەهاباد شوێنێ لەدایکبوونی حیزبی دێمۆکرات و پایتەختی کۆماری کوردستان بووە، پێگەیەکی تایبەتی لە بزووتنەوەی کورددا هەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو شارە لە چاو شارە بووچکەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر بناسرێ. هەروەها یەکەم سەرکۆماری کورد و پێشەوای حیزبی دێمۆکرات (قازی محەممەد) خەڵکی ئەو شارە بووە و لەوێش لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوە کە مەهاباد پێگەیەکی سیمبۆلیک و مێژوویی لە ناو کورددا هەبێ. سەرەڕای ئەم تایبەتمەندییانە، مەهاباد لە رووی هەڵکەوتەیی جوگرافییەوە، پۆزیشنێکی باشی نییە و ناتوانێ دەوری سەنتەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بگێڕێ. جوگرافیای رۆژرهەڵاتی کوردستان درێژ و باریکە لە ماکۆ و خۆییەوە دەست پێدەکا و شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە بەرەوە ئیلام و لۆڕستان و خوارتر. لەم هێڵە جوگرافییەدا فرەچەشنییەک دەبینرێ کە پێکهاتووە لە زاراوە و بن زاراوە و ئایین و وردە کولتووری جۆراوجۆر. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم تایبەتمەندییانە بۆمان دەردەکەوێ کە ڕووی زانستییەوە، مەهاباد ناتوانێ دەوری سەنتەری لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بگێڕێ و ببێتە ناوەندێک بۆ شکاک، (کورمانج) ئەردەڵان، کەلهۆڕ، لۆڕ، یارسان و کوردی شیعە و کوردی سوننە، بەڵام هەروەک باس کرا ئەم شارە پێگەیەکی گرنگی مێژوویی لە بزووتنەوەی کورددا هەیە و بەوەش ناسراوەتەوە.

هەروەها پێگەیەکی ئابووری ئەوتۆی نییە، مەترسیی لەسەرە و هاوسنوورە لەگەڵ ئازەرییەکان و…، بە واتایەکی گشتی مەهاباد خاوەن پێگەیەکی مێژووییە، بەدەر لەمە، چ ئەوکات و چ ئێستاش تایبەتمەندییەکانی شارێکی تێدا نییە کە بتوانێ ببێتە ناوەندیی سیستمێکی سیاسی.

کاریگەرییە نێگەتیڤەکان

بە بۆنەوە کە کۆماری کوردستان لە ناوچەیەکی بچووکی چەند هەزار کەسیدا راگەیەندرا، بازنەی گەشەی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کورد لە رۆژهەڵات زۆر سنووردار بووە و بە گوێرەی پێویست لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆمار گەشەی نەکردووە. بەو بۆنەوە کە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتدا بوو، زۆر جێ گلەیی نییە کە بێژین بۆ کۆمار لەو کاتەدا، پەلی نەهاویشتووەتە ناوچەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی کوردستان و یان بۆ لە سنە و کرماشان رانەگەێندرا، چونکە ئەوکات ئەو هەلە نەڕەخسابوو. دوای رووخانی رێژیمی شا و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، هەلێکی زێڕین بۆ حیزبی دێمۆکرات هەڵکەوت کە بتوانێ ئەم بازنەیە بەرینتر بکاتەوە و بگاتە قووڵایی ستراتیژیکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی بڕیارێکی هەڵەدا حیزب ئەم هەلە لەکیس ئەدا و تا ئێستاش ئاسەوارەکانی بەسەر پێگەی جەماوەریی حیزبی دێمۆکرات و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات هەست پێدەکرێ.

ئەگەر حیزبی دێمۆکرات تێکۆشانی ئاشکرای خۆی، یان یەکەم میتینگیی جەماوەری خۆی لە شارەکانی سنە و کرماشان راگەیاندبایە، ئێستا ئاستی گەشەی ناسیۆنالیزمی کورد و هەستی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیەکی دیکەی هەبوو. واتە ئەو سەرنج و ئینتیمایەی کە لەو ناوچانە (بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە کوردی شیعەن) بەرەو ناوەند (تاران) و لایەنە ریفۆرمیستەکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەبووە و هەیە، هەڵدەگەڕایەوە بەرەو لای بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێمۆکرات. حیزبی دێمۆکرات بەم هەڵەیە توانا و قورسایی بزووتنەوەی کوردی لە رۆژهەڵات تا ڕادەیەکی زۆر دابەزاند و ئەمەش وای کرد، دوای چەند ساڵ بەرگریی چەکدارانە، دیسان بخرێتەوە دەرەوەی گۆڕەپانی سەرەکی خەبات. ئەگەر حیزب تووشی ئەم هەڵەیە نەبوایە، خستنە دەرەوەی لە سنوورەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەستەم دبوو و رەنگە بەشێکی زۆر هاوکێشەکانی نێوان تاران و کوردستان، بە قازانجی کوردستان گۆڕانکاریی جیدی بەسەردا هاتبایە.

یەکێکی دیکە لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بڕیارەی حیزب ئەوەیە کە ئەم بڕیارە، جۆڕێک لە سنووربەندیی لە نێوان ناوچەکانی موکریان و باشووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست کردووە کە خەڵکی ئەو ناوچانە لە چاو ناوچەکانی سەرەوە، کەمتر روویان لە پێشمەرگایەتی و ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات کردووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو سنووربەندییە ماوە. تەنانەت لە ناو ریزەکانی حیزبدا هەست پێدەکرێ و ئەمە لە جەناحبازی و ململانێیەکاندا رەنگی داوەتەوە و تا ئاستی ناوچەگەرایی چووە و زیانی زۆریشی بە حیزب گەیاندووە.

ئێستا زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ کە ئەگەر گۆڕانکارییەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان روو بدا، مەترسی ئەوە لە ئارادایە کە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و خوارتر بەرەو لای هێزە سەراسەرییەکانی بچن و لەدەستمان بچێ، یان کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە جۆرێکی دی لەوێ دووبارە ببێتەوە. ئەگەر حیزبی دێمۆکرات کاتی خۆی تووشی ئەم هەڵە مێژووییە نەهاتبایە و هەوڵی بۆ گۆڕینی واقیعەکە دابایە، ئەوا ئێستا ئەو مەترسییانە لە ئاردا نەبوون.

ئەم بڕیارە دواتر لە زۆر رووەوە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات داناوە و لە حیزبی دێمۆکراتدا خوێندنەوە و دابەشکاری هەڵەی دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوە. بۆ وێنە حیزبی دێمۆکرات هاتووە، رۆژهەڵاتی کوردستانی بەسەر سێ ناوچەی باکور، ناوەند و باشوور دابەش کردووە. ناوچەکانی شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، ورمێ و… باکوری رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

ناوچەکانی مەهاباد، سەردەشت، بۆکان، سەردەشت و … ناوەندیی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و لە سەقزیش بەرەوە خوار (سێ پارێزگا و…) باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ئەمە رەنگە بەرهەمی یەکێک لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی بەڕێوەبردنی میتینگی ١١ی رەشەممە لە مەهاباد بووبێ.

هۆکارەکانی ئەم هەڵەیە

ئەگەر لە روانگەیەکی گشتییەوە سەیری ئەم بڕیارە بکەین، بەو ئەنجامە دەگەین کە خوێندنەوەکە بۆ بارودۆخی ئەوکات دروست نەبووە و لە ئەنجامی ئەو خوێندەوەدا، حیزب تووشی هەڵە دەبێ، چونکە لەو روانگەیەوە خوێندەوەی بۆ بابەتەکە نەکردووە کە واقیعەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. بۆیە هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم بڕیارە هەڵەیە دەکرێ بەم شێوەیە دەست نیشان بکەین:
١ـ هەروەک ئاماژەی پێکرا، حیزبی دێمۆکرات لە مەهاباد لەدایکبووە و مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان بووە و شاری پێشەوا قازی محەممەد و شوێنی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی بووە. بۆیە بەشێوەی سیمبۆلیک ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی کە حیزبی دێمۆکرات میتینگی ١١ رەشەمە لە مەهاباد بەڕێوە ببا و دوای ساڵانێک دابڕان، لەوێ تێکۆشانی ئاشکرای خۆی رابگەیەنێ.

٢ـ حیزبی دێمۆکرات لە مەهاباد پێگەی جەماوەری بەهێزە بووە، لەڕووی ئەمنی و هەروەها ئاستی بەشداریی بەرینی جەماوەری خەڵك لە میتینگەکەدا، وا بە باش زانراوە کە حیزب لەوێ تێکۆشانی ئاشکرای خۆی رابگەیەنێ. واتە لە مەهاباد بوارەكە لەبار بووە (٢) و هەوڵ بۆ ئەوە نەدراوە کە ئەو بوارە لە کرماشان و سنە بڕەخسێنن.

٣‌ـ کومیتەی زاگرۆس کە سەرەتا شەش کەس بوون (دواتر بوون بە ٧ کەس و دوای ئەویش ٨ کەس) و چەند مانگ پێش شۆڕشی گەڵانی ئێران بە نهێنی گەڕابوونەوە ناوخۆ، هەموویان خەڵکی ناوچەکانی موکریان و سەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو بڕیارە، چونکە خەڵکی ناوچەکانی خوارەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا بەشدار نەبوون و تەنانەت ئەو کەسانەش کە بۆ شاری سنە و کرماشان لەلایەن کومیتەی زاگرۆسە دەنێردرێنەوە خەڵکی موکریان بوون. ئەندامانی کومیتەی زاگرۆس بریتین لە: دوکتور قاسملوو بۆ تاران (خەڵکی ورمێ)، حەسەن شیوەسەلێ بۆ ناوچەی ورمێ (خەڵکی سەردەشت)، سەید رەسووڵی دێهقان (بابی گەورە) بۆ ناوچەی نەغەدە و پیرانشار(خەڵکی پیرانشار)، عەبدوڵڵا حەسەنزادە بۆ مەهاباد (خەڵکی سەردەشت)، ئەمیر قازی بۆ کرماشان (خەڵکی مەهاباد)، هاشم کەریمی بۆ سنە (خەڵکی بانە)، دواتر حەمەدەمین سیراجی دێتەوە و دەچێتە سەقز (خەڵکی مەهاباد)، دوای ئەویش سەلیم بابانزادە (خەڵکی بۆکان) لە دەرەوە هاتبووەوە بۆ بۆکان. بۆیە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەوە کە مەهاباد وەک شوێنی بەڕێوەچوونی مێتینگەکە دیاری کراوە، هەبووە. (٣) (٤)

کۆتایی

بەپێی ئەو باسەی سەرەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە هەڵبژاردنی مەهاباد بۆ مێتینگی ١١ی رەشەمە و راگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب کارێکی زۆر هەڵە بووە و تا ئێستاش ئاسەوارە نێگەتیڤەکانی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات و پێگەی جەماوەریی حیزبی دێمۆکرات لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوخۆی حیزبی دێمۆکراتدا بەرچاوە، چونکە مەهاباد خاوەن ئەو تایبەتمەندییانە نەبووە کە بۆ ناوەندی سیاسی پێویستە، بۆیە حیزبی دێمۆکرات دەبوو لە جیاتیی مەهاباد، سنە یان کرماشانی هەڵبژاردبایە و زەمینەسازی پێویستی کردبایە و بارەگای سەرەکی لە یەکێک لەو دوو شارە دانابایە.

دەبوو دکتۆر قاسملوو، لە باتی تاران، وەک کەسی یەکەمی حیزب چووبایەتەوە سنە یان کرماشان و لەوێ کاری کردبایە و بوارەکەی خۆش کردبایە. بەداخەوە ئەوکات ئەوەندە گرنگی بەم بابەتە نەدراوە و دوو کەس لەلایەن کومیتەی زاگرۆسە بۆ کرماشان و سنە دەنێردرێنەوە کە رەنگە بەهۆی هەلومەرجەکەوە، پێشتر قەت نەچووبێتنە سنە و کرماشان و شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو دوو شارە و خەڵکی ئەو ناوچانە نەبووبێ. بە واتایاکی دیکە لە هەڵبژاردنی شوێنی مێتینگەکەدا، ئەوەندەی پێوەری ناوچەیی و سۆز و عاتیفە و پێگەی سیمبۆلیکی مەهاباد دەوریان هەبووە، ئەوەندە واقیعە جوگرافی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەرییان نەبووە.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بێژین، لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا پڕۆسەی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاستی بەشداریی ئەو ناوچانە لە خەباتدا، چەند دەیە کەوتە دواوە. ئەگەر حیزبی دێمۆکرات بنکەی سەرەکی لە سنە یان کرماشان دانابایە، رەنگە هاوکێشەکان جۆریکی دیکەیان لێ هاتبایە و چارەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان جۆرێکی دیکە بوایە.

سەرچاوە: کوردپا
پەراوێز:
١ـ ویکی پیدیا
٢ـ گۆڤاری “دیپلۆماتیک، وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەنزادە، ژمارە٨ ، ئابی ٢0١٣
٣ـ ئەزموونی خەبات، وتووێژی هەیاس کاردۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەنزادە، چ یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، ساڵی ٢0١١
٤ـ کورتەی ژیانی سیاسیی رێبەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئا: سەید رەزا دروودگەر، چ یەکەم، ساڵی ١٣٨٤

Advertisements

تاگەکان: , , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: