كۆماری ئیسلامی چ خەونێک بۆ عێراق دەبینێ؟ مستەفا هیجری

mostafahicriبە پێی ئەو زانیارییانە كە لەبەردەستدابوون نزیك بە ساڵێك لەوە پیش رامانگەیاند كە خەلافەتی ئیسلامی(داعش) پەروەردەكراوی دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و هاوپەیمانەكانی لە ناوچە دایە، دوای ئەو ماوەیە چۆنیەتی بەهێزبوون‌ و پەرەگرتنی خێرای ئەو گرووپە تیروریستی ـ ئیدئۆلۆژیكییە لە هێندێك سەرچاوەی دیكەوە سەرهەڵدەدەن، یەك لەوان رۆژنامەیەكی ئینترنیتی (خەلیج ئانلاین)ە .

چۆنیەتی پلانەكە بەم شێوەیە كە كاتێك داعش وەكوو گرووپێك لە ئەلقاعیدە جیا دەبێتەوە كۆماری ئیسلامی بە یارمەتیی حكوومەتی بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان ‌و مالكی بە خێرایی دەكەونە نفووز پێدانی دەست پەروەردەكانی خۆیان بۆ نێو ئەو گرووپە‌ و ئازاد كردنی زیندانییەكانیان كە لە زیندانەكانی عێراقدا بوون، بۆ ئەوەی رەوتی هێرشەكانی داعش بەرەو ئەو شوێنانە راكێشن كە خزمەت بەئامانجەكانی ئەوان بەتایبەت كۆماری ئیسسلامیی ئێران بكا.

لە سووریە لەو سیاسەتەدا سەركەوتوو بوون ‌و بەهۆی ئەو جینایەت ‌و كارەساتە مرۆڤییانەی خولقاندیان توانیان جیهان، بەتایبەت خۆرئاوا چەواشە بكەن. شێوەی كوشتارەكانی داعش ‌و هەڵس‌وكەوتی ئەوەندە قیزەونانە بوون كە رووی جینایەتەكانی بەشار ئەسەدی سپی كردووە، بۆیە دنیا كەوتە گومانەوە كە رەنگە جارێ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا باشتر بێ لەوەی دەسەڵات بكەوێتە دەستی ئەو گرووپە.بەڵام عێراق ـ كە مەبەستی ئێمە لەو وتارەدایە ـ دوای پاشەكشەی سوپای عێراق لە مووسل كە بە پێی هێندێك سەرچاوەی باوەڕپێكراو بە پێی پلانی لە پێشدا دیاریكراوی سەرۆك وەزیرانی ئەو كات روویدا، داعش بوو بە خاوەنی هەموو ئەو چەك ‌و كەرەستە ‌و پارەیە كە لەو شارە گەورە ‌و گرنگەدا بوو. لەو كاتەدا هەموو چاوەڕوانییەكان ئەوە بوون كە داعش مل دەنێ بەرەو بەغدا‌و حكوومەت دەرووخێنێ، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران خەونێكی دیكەی بۆ عێراق دیبوو:١ـ بە پێی زانیاریییەكان، كۆماری ئیسلامی بە هۆی مۆرەكانی خۆی ‌و هاوپەیمانەكانی لە نێو داعشدا، توانی هێرشی داعش لە جیاتی بەغدا بەرەو باشووری كوردستان بكاتەوە. مەبەست لەو پلانە، داگیركردن ‌و وێرانكردنی كوردستان ‌و خستە مەترسیی حكوومەتی هەرێم بوو، بۆ سزادانیان.

پێكهاتنی حكوومەتی هەرێمی باشووری كوردستان لە تەنیشت سنوورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان كە ساڵ لەگەڵ ساڵ لە گەشەكردنی، ئابووری، سیاسی‌و ئاوەدان‌كردنەوەدا بوو ‌و زیاتر لە بەغدا بە ناوەندی سیاسی ‌و بازرگانی عێراق ئەژمار دەكرا، بەتایبەت بە دەرهێنانی نەوت لەو بەشەدا بەهۆی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان خەریك بوو پشتیوانییەكی ئابووری بۆ ئەگەری سەربەخۆیی خۆی دەستەبەر بكا ـ دەنگی راگەیاندنی سەربەخۆیش جار نەجارێك بەرز دەبووە ـ بۆ ئێران قەبووڵ نەدەكرا.

بۆیە، سەرەڕای گەمارۆی ئابووریی كوردستان لەلایەن بەغداوە، كوردستانیان تووشی شەڕێكی خوێناوی و پڕ تێچوو كرد كە بێجگە لە خەسار‌ و زیانی گیانی كە تا ئێستا بە هەزاران شەهید ‌و برینداری لێكەوتووەتەوە، بە دەیان هەزار لە خەڵكی ئەم شوێنانە ئاوارە بوون ‌و بە سەر حكوومەتی هەرێمەوە بوون بە باری گران ‌و شەڕیش هەروا درێژەی هەیە ‌و كۆتایییەكەی نادیارە.

زانیارییەكان پێمان دەڵێن كە خەونەكەی كۆماری ئیسلامی بۆ باشوور بریتی لە برسی‌ و چاو لەدەستی بەغدا كردنی ئەو بەشەی كوردستان، داگیر كردنەوەی ئەو بەشە لە كوردستان كە پێشتر لەبەردەستی حكوومەتی هەرێمدا نەبوو ‌و بە دوای هێرشی داعش ‌و پاشەكشەی هێزەكانی بەغدا لەو شوێنانە، پێشمەرگە دەستی بەسەردا گرت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی كە لەو ناوچانەدا نەوتیان لێ بەرهەم دێ بە كەركووكیشەوە.

حەشدی شەعبی كە لە راستیدا هێزی ( بسیج)ی كۆماری ئیسلامییە لەگەڵ باقی میلیشیاكان ئەم پلانە هەنگ ا‌و بە هەنگا‌و دەبەنە پێش، ئەمە پلانێكی دارێژراوی رێژیمی كۆماری ئیسلامییە ‌و بەستێنەكەی ماوەیەكە بە هۆی پێكهێنانی دووبەرەكی لە نێوان هێزەكانی باشووری كوردستان، درێژ بوونەوەی شەڕی داعش، ‌و گەمارۆی ئابووری سەر هەرێم فەراهەم كراوە ‌و لە ئێستادا لە حاڵەتی جێبەجێ كردن دایە.

٢ـ بەڵام خەونی كۆماری ئیسلامی بۆ عێراق

عەرەبی سوننە لە ئیستادا لە عێراق بە دوو هۆی گرنگ كەوتوونەتە بەر لێشاوی رق ‌و تۆڵە لێكردنەوە:
ئا ـ شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران ‌و عێراق‌ و شكست هێنانی سوپای ئێران لەو شەڕەدا بە دەستی سوپای عێراق‌ و ئەفسەرەكانی سوننی كە جێی متمانەی سەدام حوسێن بوون جێبەجێ‌كرا، بێجگە لە دەیان میلیارد دۆڵار زیانی ماڵی، نێزیك یەك میلیون كەس قوربانی ‌و بریندار كە پشكی زۆری بەر هێزەكانی ئێران كەوت ‌و كاول بوونی دەیان شار ‌و شارۆچكەی ئێران دەسكەوتی ئەو شەڕە بۆ ئێران بوو .

ب ـ لە سەردەمی سەرۆك وەزیریی مالكیدا سوننەكان لە زۆر شوێنی عێراق بە هۆی ناڕازی بوون لە حكوومەت دەستیان دایە راپەڕین دژی دام‌ودەزگاكانی حكوومەت ‌و شارەكانی وەكوو روومادیە، فەلووجە، تكریت ‌و … لە دەسەڵاتی دەوڵەتییان لەو شوێنانە پاك كردەوە ‌و بۆ خۆیان ئیدارەی ئەو شوێنانەیان بە دەستەوە گرت ‌و كێشە ‌و گرفتی گەورەیان بۆ حكوومەتی بەغدا پێكهێنا.

ئێستا بە پێی پلانی كۆماری ئیسلامی ‌و هەماهەنگیی بەغدا دەبێ‌سوننەی عێراق زەربەیەكی وایان لێ‌بدرێ‌كە هەم تۆڵەی شەڕی ئێران ‌و عێراقیان لێ‌بكەنەوە ‌و هەم جارێكی دیكە نەتوانن پشت راست بكەنەوە‌و لە بەرامبەر بەغدادا راپەڕن یا هەڵوێستێك بگرن.

بۆ ئەو مەبەستە داعش هەڵكەوتێكی ئیدەئالە، لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا بە پێی ئەو پلانە داعش كە خۆی بە ئاڵاهەڵگری سوننە ‌و بە دژی شیعە دەزانێ‌، تەنیا ناوچە سوننەنشینەكانی دەستبەسەردا گرتووە ‌و بەلای ناوچە شیعەنشینەكاندا نەچووە. بە هەزاران كەس لە لاوان، سەرۆك عەشیرەتەكان ‌و كەسایەتییە بەناوبانگ ‌و ناسراوەكانی ئەو ناوچانەی كوشتووە، هەرچی ئاسەواری كۆنی ئەو شوێنانەیە كە نیشانەی كولتوور ‌و بەهای مێژوویی ئەو خەڵكەیە لە ناوی بردوون‌ و وێرانی كردوون، بە دەیان هەزار كەس كە دانیشتوانی ئەو ناوچە سوننەنشینانە لە ترسی داعش ناوچەكانی خۆیان بە جێهێشتووە ‌و ئاوارە‌و دەربەدەر بوون.

ئێستاش كە ئوپراسیونێك دەستی پێكردووە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە لە داعش كۆماری ئیسلامی بێجگە لە دامەزراندنی زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە هێزەكانی سوپای پاسداران، هێزێكی بە ناوی حەشدی شەعبی پێكهێناوە، رایهێناون‌ و چەكداری كردوون بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش، ئەو هێزە، دوای ئەوەی تەیارە بۆمب‌هاوێژەكانی عێراق ‌و ئێران ئەو شارانە دژی هێزەكانی داعش بۆمباران دەكەن ‌و دەیانكەن بە وێرانە، حەشدی شەعبی بە دوای ئەودا ئەوەی كە لەو ناوچانە دەمێنێتەوە وێران ‌و تاڵانی دەكەن. لەو تۆڵەكردنەوەدا شارەكانی تكریت ‌و لە دوای ئەویش مووسل كە هەردووكیان ناوەندی هەرە گرنگی سپا ‌و ئەفسەرانی سەدام حوسێن ‌و سەرهەڵدانی سوننەكان بوون، وێران دەكرێن.

بەم چەشنە كۆماری ئیسلامی دەیەوێ‌نەخشەی عێراقێك بە شێوەیەك دابرێژیتەوە كە نە كورد ‌و نە سوننە هێزی بەربەرەكانێیان لەگەڵ حكوومەتی شیعەی عێراق نەمێنێ ‌‌و بۆ خۆی بە نوێنەرایەتی حكوومەتی بەغدا ئەو وڵاتە بەو شێوەی كە دڵخوازیەتی بەڕێوەبەرێ‌.

ئەم پلانە زەنگێكی مەترسییە نەك هەر بۆ عێراق، بەڵكوو بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە زاڵبوونی هەرچی زیاتری كۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و هەناردەكردنی خێراتری شۆڕشەكەی بۆ وڵاتانی ئەم ناوچەیە. ئەم پلانە لەسەر سیاسەتی ئاژاوەنانەوە، بەردەوامیی شەڕ، پەرەپێدانی برسیەتی ‌و چاولەدەستی خۆ كردنی خەڵك، وێرانكردن، دووبەرەكی سازكردن‌ و دوژمنایەتی پێكهێنان لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی خەڵكی ئەو ناوچە ‌و توقاندن ‌و تیرۆركردن داڕێژراوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، كورد بە بوونی ئەو هەموو دژبەرایەتی یەكتر كردن ‌و بێ‌پلانییەی، چۆن دەتوانێ‌لە ژێر ئەم پلانە مەترسیدارە خۆی رزگار بكا، یان زیانەكانی كەمتر بكاتەوە.
کوردستان میدیا

Tags: , , , , ,

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: