بەڵێ ئەفەندم قۆناغی ئەی رەقیبیان تێپەڕاندووە

hdp-demirtash

عەدنان عوسمان/ ڕادیۆ نەوا


جارێکیان لەگەڵ سۆفییەکی رێبازی مەلەک شاهی لە تاران هەندێ گفتوگۆی رێبازە سۆفیەکانمان ئەکرد، لێم پرسی راتان لەسەر رێبازەکانی تر چیە؟ بە بزەیەکی سەیر و چاوێکی پر لە بریسکانەوەی متمانەداریەوە وتی قوربان من رام نییە، ئەوە پێغەمبەرە کە بڕیاری خۆی لەو بارەوە داوە، وتم بڕیارەکە چیە، وتی حەزرەتیان فەرمویانە ئومەتەکەم لە دوای خۆم دابەشی حەفتاو دوو رێباز دەبن، هەمویان لە نێو ئاگرن جگە لە یەکێکیان. ئیتر پێویستم بەوە نەبوو بزانم ئەو رێبازە خۆشبەختە کێیە کە شاڕێگای بەهەشتی گرتۆتە بەر!!!

کاتێک باس لە خەباتی کوردانی باکور دەکرێت، هەندێک بەرێز، لە چوارچێوەی عەقڵیەتی کوێخایەتی و دەمسپێتی سەرجەم کوردی پارچەکانی کوردستان، دەیانەوێت رێگاوهەنگاوەکانیان، دروشم و شیوەی خەبات و پەیوەندیەکانیان ئەوان دیاری بکەن. ترزان لەو چوارچیوەیە دەرچونە لە ئیجماعی نیشتمانی و نەتەوایەتی.

ئەمانە قاڵبێکیان داناوە، ئەوەی لەو قاڵبەی ئەوان قاچی درێژ تر بێت نارۆن نەختێک ئەو قاڵبەی خۆیانی بۆ گەورەتر بکەن، بەڵکو زیادەی قاچەکە دەبڕنەوە!!!

کوردانی باکور لە هەنگاوێکی ئازایانەو ژیرانەدا ئێستا سەنگەری خەبات دەگوازنەوە بۆ نێو تەلاری دەسەلات لە ئەنقەرە. ئەوان چیتر درۆزەی عەتف و هەستی هاودەردی ئەم و ئەو ناکەن، ناکروزێنەوە بۆ پاڵپشتی و دەربڕینێکی هاوپشتی درۆزنانە، ئەوان خۆیان و بە دەستی خۆیان مێژوو تۆمار دەکەن و ستراتیج و میکانیزمی جێبەجێ کردنی دیاری دەکەن.. ئەوان لەو قۆناغە دەرچون و ئەوەندە خۆیان بە لاواز نابینن بۆ ناوهێنانێکی کورد و لەتە دانپیانانێک بە مافە رەواکانیان بکەونە هەلەکە سەما و چەپڵە لێبدەن و پێان وابێت ئیتر ئەرکەکە تەواو بووە. نەخێر ئەوان خاوەنی پرسێکن، سالانێکە خەباتی بۆ ئەکەن، قوربانی بۆ ئەدەن، سەرماو گەرما و زیندان و ئاوارەیی و دەربەدەری بۆ ئەچێژن، سەرکردەکەیان فەرشی سوری بۆ راناخرێت بەڵکو لە کونجی زیندانەوە نەخشە بۆ بەشداریەکی پڕ لە کەرامەت و سەربەرزی بۆ میللەت و خاباتگێڕەکانی دائەنێت. مەرج نییە ئەو هەنگاوەی ئەوانیش هەموو مەبەستەکان بپێکێت، مەرج نییە کارنامەی ئەوانیش بێ غەل و بێ کێشە و بێ کەموکورتی بێت. بەڵام گرنگ ئەوان سەرقاڵی فەتحێکی گەورەن، تازە سنورەکان و ناوچەکان ناتوانێت لە عەزیمەتیان کەم بکاتەوە. ئەوان دەزانن ئەسڵی کێشەکەو چارەسەرەکەی لە کوێیە. ئەوان بە ئیرادەی ملیۆنەها مرۆڤی ئازادیخوازەوە هاتونەتە مەیدان بۆ ئەوەی خۆیان بەشدار بن لە دیاری کردنی چارەنوسیان و مەوجودیەتیان. ئەوان زۆرینەی شارەوانەکانیان لە دەستدایە، باشترین کاری خزمەتگوزاری و وڵات بەرێوەبردن دەکەن، بۆیە دەزانن لە دیاربەکرەوە کە بەدەستی خۆیانەوەیە ئایندەی میللەتەکە دیاری ناکرێت، بەڵکو ئەمە پرسێکی گشتیەو پێویستە ئاراستەی خەباتەکە باشتر دیاری بکرێت. ئیتر ئەمە بۆ پشتکردن بێت لە داواکاریە مێژویەکانیان؟؟ بۆ خیانەت بێت بە ئەسڵی دروشمی کوردایەتی؟؟
سەیر نیە پێمان وابێت ملیۆنەها هاولاتی و نوخبەی سیاسیییان هەروا بە سادەیی و سانایی وازیان لە خەبات بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان هێنابێت؟؟
سەیر نیە تەنها لەبەر ئەوەی ئەوان و ئەوانی تر وەک ئەو بیر ناکەنەوەو ئامادە نین بە مەرجەعی خۆیانی بزانن و خەڵکانێک کە لە زۆرینەی مەلەفەکانی ولاتدارێتیدا شکستیان هێناوە بە برا گەورەو دەمسپی و کوێخا بزانن، ئیتر پێت وابێت ئەوانە پشتیان لەگەل کردوە، وازیان لە کوردایەتی هێناوە؟؟ ئەرێ ئەم سادەکارییە چیە، ئەم عەوامفریوییە چیە؟ ئەی کێن دەنگیان پێ دەدەن؟ ئەوانە خەڵکی کوێن؟؟ ئەی بۆ چ مەبەستێک کار دەکەن؟؟ خەڵکیش بۆ چ مەبەست و ئاواتێک دەنگیان پێئەدەن؟؟
سەیر نییە دوای ساڵانێک لە هەڵلوشینی تۆمەت و تۆمەتبار کردن، لە بەخشینەوەی ناسنامەی نیشتمانپەروەری و کوردپەروەری، لە هەلواسینی تۆمەتی خیانەت و نیشتمانفرۆشی، ئێستاش، لەم سەردەمی گۆڕانکاری و وەرزی پیاچونەوەو ساتەوەختی رێزگرتن لە ئیجتیهادات و جیاوازیەکان، بە هەمان میتۆد و لە حوجرەوە، وانەی زانست و تەکنەلۆجیا بە گوێێ خەڵکی خۆمان و دەوروبەر بدەین؟؟ تەنها لەبەر ئەوەی ئەوان وەک ئێمە بیر ناکەنەوە، وەک ئێمە کار ناکەن، هەمان هەنگاوی ئێمە نانێن!!
ئاخر مەنتق لە کوێدایە، بە هەمان نەفەسی جارانەوە، پێت وابێت سەدان هەزاری یەکێتی بە فەرمانی ئاغای سلێمانی ئاراستە دەکرێن، سەدان هەزاری گۆڕان تەنها بۆ ئاژاوەو گێرەشێوێنی کاردەکەن و هاتونەتە گۆڕەپان، ملیۆنەها لایەنگری پ ک ک نیشتمان فرۆش و نەتەوە فرۆش و ئاشبەتاڵچی و پشتکەرن لە دروشم و داواکریەکانیان و تەنهاو تەنها قۆڵەکەی خۆت نیشتمانپەروەر و راستگۆ و خەمخۆری گەل بێت.

ناکرێت هەموو قۆڵەکانت پێ نادروست و نا نیشتمانی و چەواشەکاری بێت جگە لە قۆڵی خۆت، ناکرێ سەرباری تێبینی و سەرنجی خۆت، بەلام هەموو دیوەکانت لا ناپەسەند و داروخاو بێت جگە لە دیوی خۆت..

لانی کەم با لێگەرێین ئەم تاقیکردنەوەیە بەرەو کوێ دەڕوات، چی لێ شین دەبێت،، و ذلک اضعف الایمان.

Tags: , , , , , , , , , , , ,

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: