ڕاپەڕینی جوتیاریی ساڵی ١٣٣١، بە ڕیوایەتی حەمەدەمین شەشە

hemedemin-sheshe

پێشەکی: حەوتوونامەی پەیامی کوردستان کە یەکەم ژومارەی لە 20 ی رەشەمەی ساڵی 1383 لە مەھاباد ھاتە وەشان ، یەکێك لە چاپەمەنیەکانی بەرھەمی کرانەوەی کەش و ھەوای سیاسی سەردەمی رێفۆڕمخوازی(2ی جۆزەردان) لە وڵات بوو . ئەو بڵاوکراوەیە ھەرچەند تەمەنێکی زۆر کورتی ھەبوو و زۆر بەدرەنگەوەش ھاتە رۆژەڤەوە بەڵام توانی سرنجی ھۆگرانی رۆژنامەوانی و خوێنەران بۆ لای خۆرابکێشێ و ببێتە خودان پلە و پایەیەکی شیاوی رێز لە پۆلێنی ژۆڕنالیسمی کورد دا. پەیامی کوردستان یەکێك لە لاپەڕەکانی تەرخان کردبوو بۆ ژانری مێژووی زارەکی . مێژووی زارەکی بە زانستی مێژوو نووسی سەردەم پشت ئەستوورە و ئامانجی گێڕانەوەی راستەوخۆی مێژوو لە زمان دەورگێڕانەوەیە . ھەروەك ئەو دیمانەیەی بەردەستتان . مێژووی ھاوچەرخی کورد پڕە لە کارێکتێرگەلێك کە لەگەڵ ئەوەی خاوەن خامە نین بەڵام خاوەن دەوری شیاوی نووسینەوەن ، خاوەنی ئەزموونی شیاوی راگوێزتنن . خاوەنی بیرەوەریگەلێکن کە تیشك دەخاتە سەر مێژوو، بەچاو روونی دەدا و سەرچاوە ساز دەکا . ئەو بەشە لە مێژووی ئێمە خاوەنی ھێندێك تایبەتمەندیە کە شێوازی مێژووی زارەکی دەتوانێ لە نووسینەوەی دا زۆر بەکەلک بێ . ھەر بۆیە وێڕای ئەوەی ئەو شێوازە مێژوو نووسیە لە کوردستان بێ ڕابردوو بوو بەڵام زۆر بە زوویی توانی جێگایەکی تایبەتی لە لای خوێنەرانی حەوتوونامەی پەیامی کوردستان بۆخۆی بکاتەوە . یەکێك لەو کەسایەتیانەی لە یەکەم ھەنگاو و یەکەم ژومارە دا کەوتە بەر سەرنجی بەڕێوەبەرانی پەیامی کوردستان حەمەدەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە بوو .   دەکرێ بڵیێن حەمەدەمین شەشە یەکێك لە بەرچاوترین کەسایەتیە زارەکییەکانی (شفاھی) دەوەری موکریانە کە رۆڵێکی شیاوی نووسینەوەی دە رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەردەم دا ھەبووە . وتە سیاسیە تەنز ئامێزەکانی ئەو بەڕێز رەفرنسی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و لێدوان دا . ئەو لە زۆر بڕگەی دروشاوە مێژووی ناوچە دا دەوری گێڕاوە ، کە دەتوانین ئاماژە بە شۆرشی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتی مەھاباد و ڕاپەڕینی چەکدارانەی 46-47 لە دژی نیزامی پاشایەتی بکەین . ئەو وتوێژەی بەردەستان رەوایەتی کاك حەمەدەمین لە راپەڕینی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتە ، کە بە شوێن بڵاو بوونەوەی بیرەوەریەکەی مەلا محەممەد بەرزەنجی دا پێویستی دووبارە بڵاو بوونەوەی ھەست پێکرا.

روانگە وەبیرھێنانەوەی مێژووی ئەو ژیارە بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە و بە روانگەی پلۆڕاڵەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و ئامادەی بڵاو کردنەوەی راو و روانگەی ھەموو لایەکە . ئەوەی تا ئێرە ھاتووە دوو رەوایەتن لە رووداوێك، تۆش دەتوانی لە ڕێگای ماڵپەڕی روانگەوە رەوایەتی خۆت بۆ ھەموان بگێڕێوە.

 لە راپەڕینی چینایەتیەوە تا خەباتی نەتەوایەتی

سەرەتا کاک حەمەدەمین باشتر خۆت بناسێنە و چەند لاپەڕەیەک لە ژیانی سیاسیتمان بۆ بگێڕەوە.

* ئەمن محەممەدئەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە، کوڕی پیاوێکی فەقیری بە ئیستیلاحی ئەودەمی ڕەشایی و قەرەم. ساڵی 1308 لە سندووس لە دایک بووم و دوایە هاتینە دێی حاجی حەسەن، کە هاتینە ئەوێ 15 ساڵانە دەبووم. هەتا ساڵی دیمۆکراتی کە قازی دەسەڵاتدار بوو، ئەمنیش هەروا کاری جووتیاری و کرێکاریم دەکرد و شتێکم نەدەزانی و هەستم بە مەسەلەی میللی و کوردایەتی نەدەکرد. هەتا مەسەلەی قازی محەممەد و جەمهوورێکەی هاتە گۆڕێ. دوای ئەوە هەستمان بەوە دەکرد کە ئینسان دەبێ بۆ خۆی هەبێ و هەر میللەتێک دەبێ کار و باری خۆی بە دەستی خۆی بێ. ئەوانەی دەمیان لە سیاسەت وەردەدا، باسی ئەو جۆرە شتانەیان دەکرد. ئەوانەم گوێ لێدەبوو و زۆریشم پێ‌خۆش بوون! بەڵام خۆ مالک نەیاندەهێشت هیچ کەس بچێ یان بەحسێکی وا بکا و بزانێ. ئەگەر کەسێک ببا بە پێسمەرگەی قازی محەممەد، دەبوو ئیجازەی لە ئاغا وەرگرتبا، مەگەر خەڵکی شار با یان ئەوەی کە سەڵت بوایە وێرابای بچێتە نێو ڕیزی پێشمەرگەی قازی محەممەد، دەنا خەڵکی دێهاتی هیچ‌ کەس نەیدەتوانی ئیزهاری وجوود بکا و بڵێ ئەمن هەم و قازی چۆنە و چۆن نییە. هەتا قازی و کۆمار تەواو بوو، ئێمە هەر لەو شێوەیەدا بووین. نزیک ساڵی بیست و هەشت و ئەوانە بوو، جەوانەکان زۆر موتەئەسیفی ئەوە بووین کە حکوومەتێکی کوردی لەبەین چووە. تەمەنم بیست دەبوو، ڕۆژێک ڕەفیقێک بە نێوی قادر خەڵکی خێرئاوایە هات و پێی گوتم: دەڵێن مەلا بابەوەیسی تازەکەندی لەگەڵ سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی و چەند کەسی تر حیزبیان داناوە. گوتم با بچین. چووینە ماڵە مەلا باباوەیسی بابی ئەو مەلا جەسیمەی کە ئێستا لە داشبەندە. بڕێکی قسە لەگەڵ کردین و ناردینی بۆلای سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و زۆر بە گەرمی وەریگرتین و زۆری پێ‌خۆش بوو. ئەوەڵیش بوو، موباریزە خۆش بوو… و ڕاپەڕینەکە خەڵکیی بوو. بەرامبەر بە زوڵم. زوڵمەکەش ئاشکرا بوو. وەک ئەگەر تۆ کابرایەکتاڵانت بکا یەکێك بێ و بڵێ وەرە بۆت بستێنمەوە .لەلای سوڵتان ئاغا داخیلی حیزب بووین . ئەوە کۆمیتەی مەحەللی بوو ، کۆمیتەتی مەرکەزی لە مەھاباد بوو کە ئەو لەگەڵ تاران تەرەف بوو . لە کۆمیتەی مەحەللی دا سوڵتان و عەوڵا شێخ‌ئاغایی و حەسەنی میرخزری و ئەسعەدی کاک ئاغازادە و سەید حەمەدەمین تووتاخاجی و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی و… ئەندام بوون.

کومیتەی تاران سەر بە حیزبی توودە بوو؟

* بەڵێ.

ئێوە بە نێوی حیزبی دێموکرات کارتان دەکرد یا توودە؟

* ئێمە هەر بە نێوی توودە بووین و دیمۆکرات لە گۆڕێ‌دا نەبوو. لەگەڵ سوڵتان ئاغا دەستمان بەکار کرد پێیان گوتین: ئەوەی بکەن و ئەوەی بڵێن. بە زوویی تەواوی لاوەکانی دێهاتی شاماتیمان ئامادە کرد. زۆریش بێ‌ترس بووین. ئەوکات حیزبی توودە بڕێک ئازاد بوو. ئۆرگانیشی هەبوو ئۆرگانی جەمعییەتی میللی موباریزە با ئیستعمار. نازانم بۆ ئازاد بوون، دەیانگوت: دوای ئەوەی ڕووس پشتیوانیان لە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان قەتع کرد، شا لە بەرابەر ئەوەدا، ئازادی فەعالییەتی بە حیزبی توودە وەک ئیمتیاز بە ڕووسان داوە. جا نازانم ڕاستە یان نا. ئێمە لە ساڵی 28 تا 29 شاماتمان بە تەواوی بۆ نێو موبارزە ڕاکێشا، ساڵی 29 ‌هەڵسووڕانی ئێمە دژی ئاغایان ئاشکرا بوو. هەر دوو لا وەدەست هاتن و ڕەعییەت جوابی مالیکیان نەدەداوە و بێگاریان نەدەکرد و بە کارگەریش خەڵک کاری بۆ نەدەکردن و ئاغا ڕوویان لە شاران کرد و بڵاو بوون.

ئەوە هەر لە ناوچەی شاماتی مەهاباد بوو یا لە جێی تریش؟

* هەر لە شامات بوو، لە جێی دیکەش فەعالییەت هەبوو، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو. چوون مارف‌ئاغای شێخ‌ئاغایی بۆخۆی ئەندام بوو و کوڕی سمایل‌ئاغای بوو و مستەفاخانیش نەمابوو، حاجی حەسەن و خێرئاوا و تازەکەند و دێی مەلاش هەر ئی مستەفاخانی بوون، مەحموودئاغاش کە چکۆڵە بوو ئەویش کرابوو بە حیزبی. کڵاوێکی چکۆڵەیان لەسەر نابوو و پشتیوانی لە خەڵک دەکرد. خەڵکەکە هەموو دەیانگوت ئێمە ڕەعێتی مەحموودئاغایان و جوابی ئاغای دیکە نادەینەوە.

کاک حەمەدەمین! ئەو خەباتەی ئێوە دەتانکرد زۆرتر حاڵەتی چینایەتی هەبوو (یانی بە دژی ئاغایان) یان لایەنی میللی و نەتەوایەتیشی هەبوو؟

* زۆرتر جەنبەی تەبەقاتی هەبوو ئەسڵەن بەحسی کوردایەتی نەبوو. ئیدی نازانم لە دڵی خۆیان‌دا ئەو بەعزە کەسانەی سەرانی حیزب بوون ئەوەیان بووە یان نە. وەکوو ئەوانەی کومیتەی مەرکەزی کە لە سابڵاغ بوون. عەلی گەلاوێژ و ڕەحیم سوڵتانیان و غەنی بلووریان و… سوورەی خوسرەوی و ئەوانە هەموو ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی بوون. ئەوانیش ڕابیت بوون لەگەڵ تاران. ئەوان لقێک بوون لە حیزبی توودەی تاران کە لە کوردستان کاریان دەکرد.

بەڵام کاک حەمەدەمین وەک ئەمن لەبیرم بێ، کە لێرە و لەوێ خوێندوومەتەوە یان لە ئەندامانی کۆنی حیزبی بیستوومە لەگەڵ ئەوەی کە بە حیساب تەشکیلاتی حیزب شاخەیەک بوو، یان بڵێین بەشێک بوو لە تەشکیلاتی حیزبی توودە لە سەراسەری ئێرانێ‌دا لەنێو ئەو کادڕانەی لە کە نێو دڵی حیزبی توودەدا جێگایان کردبۆوە کەسانێک هەبوون کە هەستی نەتەوایەتێکەیان زۆر بەهێز بوو و کادڕەکانی حیزبیان هاندەدا کە وردە وردە خۆیان سازکەنەوە بۆ ئەوەی کە حیزبی دیمۆکرات لە سەڕڕا و بنەمای فکری نەتەوایەتی بێننەوە و ئەو سەر بە حیزبی توودە بوونەیان زۆرپێ ناخۆش بوو. ئەتۆ کەسێکت لەبیرە باسی شتی وای بۆ کردبێ یا بەسەردارەتی حیزبی تودە ناڕازی بێ ؟

نا کەسم نەدی لە حیزبی توودە ناڕازی بێ ، ئەوەی تۆ دەڵێی ئەگەر ئەو ھەستە ھەبوو بێ لە دڵە خۆیان بووە و بارو دۆخ ئیجابی نەدەکرد کە ئەو شتە بڵێن .

بۆ وێنە غەنی بلووریان لە بیرەوەرییەکانی‌دا دەنووسێ کە ئەمن ساڵی 26 لەگەڵ چەند کەسی دیکە حیزبی دێمۆکراتم لەسەڕڕا زیندوو کردۆتەوە. دەڵێ: ساڵی 26 لەگەڵ چەند جەوانی دیکەی خەڵکی سابڵاغ حیزبی دیمۆکراتمان زیندوو کردۆتەوە.

جگە لە حیزبی توودە هیچ حیزبێک نەبوو و هیچ کەس چی نەکردووە. مادام لە دڵی خۆیان ئەگەر ئەو هەستە بووبێ وەک عەرزت دەکەم ئیمکانی نەبوو بیڵێن!

باسی کومیتێکی دیکە دەکەن بەنێو کومیتەی کۆمۆنیستی کوردستان پێم وابێ هەر ئەو میرزا غەفووری سوڵتانیان مەسئوولی بووە. ئەوەتان بیستبوو، لە جەریانی وی‌دا هەبوون؟

* لە پێوەندی لەگەڵ کۆمۆنیسم‌دا هەر دەیانگوت حیزبی توودە بەرەو کۆمۆنیستی دەڕوا ئێستا زۆری ماوە ببێتێ! دەیانگوت: کومۆنیسم گەورەترە لەوەی کە ئەمە بتوانین تێیدا هەڵسووڕێین.

شێوەی فەعالییەتی خۆتان چۆن بوو، چتان دەکرد؟

* هەروەک لە دەسپێک‌دا ئاماژەم پێکرد چالاکییەکەمان ئەوە بوو بەدزی زوڵم و زۆری مالیکان، خەڵکمان هاندەدا. ئێمە بۆ جووتیارەکان باسی شووڕەویمان دەکرد. هەمیشە حکوومەت و حیزبی شوورەویمان دەکردە نموونە بۆ خەڵک. باسی لێنین و مارکس و شۆڕشی چین‌مان دەکرد. ئەو کەسانە چۆن بوون و چیان کردووە. هەڵبەت ئێمەش هەر ئەوانەمان دەبیست. ئەوانەی ڕێنوێنی ئێمە بوون هەر ئەوەمان وەپێش دەکەوتن.

کاک حەمەدەمین! شێوەی تەشکیلات سازکردنەکەتان چۆن بوو! دەستەکانتان چۆناوچۆن بوو و چۆنتان سازماندهەی دەکردن؟

* ئەمن نازانم لە شاری مەهاباد و لە شارەکانی دیکەدا چۆن بووە، ئەمن لە دێهات کارم دەکرد. لە کادرێک لە ناوچەکانی شامات و چۆمی مەجیدخان کارم دەکرد. هەتا عەمبار و مەڵڵالەری دەچووم و تەواوی چۆمی مەجیدخان دەگەڕام. نامە و شتم دەبرد و نامە و شتم دەهێناوە. ئیعلامییەم دەبرد. شەونامەمان بڵاو دەکردەوە. ئێمە شانە شانە بووین. شانەی 5 نەفەرەکەی دیکە ئیرتیباتیان پێکەوە نەبوو. یەکتریشیان نەدەناسی. یەکێک لەو پێنج کەسە سەرسانە بوو. سەرشانەکان بە دوو حەوتە جارێکی کۆ دەبوونەوە، پێنجەکانی دیکە یەکتریان نەدەناسی. لە ئەوەڵەوە پێنجەکان یەکتریان نەدەناسی. ئێمە بەو شێوەیە فەعالییەتمان دەکرد. هەڵبەت هەر لە ترسی ئاغای دەنا لە دەوڵەت نەدەترساین.

کاک حەمەدەمین کە کۆبوونەوەتان دەبوو چ کەسانێک لە شارڕا دەهاتن؟

کە کۆبوونەوەمان دەبوو، بۆ شامات یا غەنی بلووریان دەهات یان سوورەی خوسرەوی. ئەم دوانە ڕابیت بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و کومیته‌ی محه‌للی شامات. سوڵتا‌ئاغا له‌ کومیته‌ی مه‌رکه‌زی‌دا عوزوییه‌تی هه‌بوو ده‌چووه‌ ئه‌ویش، له‌وێڕا کامیله‌ن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیرتیباتیان هه‌بوو.

 دەوری جەنابتان لە کۆبوونەوەکانیان دا چ بوو؟ ئێوە وەکوو چی بەشداریتان دەکرد؟

* ئەمن بانگ دەکرامە، جەلەسەکان. وەلی چم نەدەزانی. بۆیەشیان بانک دەکردم فێری شت بم. بۆخۆشیان بەحسیان دەکرد لەسەر مەسەلەی ڕابردوو و لەسەر مەسەلەی لێنین… موباریزەش زۆر گەرم بوو، باسی موبارەزەشیان دەکرد کە چۆن بکرێ و چۆن نەهێنی بێ و چۆن ئینسان قایم بێ و چۆن دەبێ نەدۆڕێ و ئەو شتانەشیان هەموو مەتڕەح دەکرد.

شێوەی بەربەرەکانی ئاغاوەت و موڵکدارەکان لەگەڵ ئێوە چۆن بوو؟

گوزاریسی دەوڵەتیان دەدا دەنا هیچیان پێنەدەکرا. تەنها گوزارشیان دەدا. دوو سێ جار ئەمنیان پێوە کرد. جارێکی لەگەڵ سوورەی خوسرەوی هاتبوومە سەر جادە، هەمزە خەلیل و وان، ئاغای تاڵاوێ بوون، گوزارشیان لێدابووم. سەرهەنگ خاجەنووری لە میاندواو بوو، ئەمنی بانگ کرد شەو و ڕۆژێکی لە جێگا کۆترانی کردم، پریش بوو لە جیقنە ئێوارێ خاجەنووری هات و کوتی ئەتۆ حەمەدەمین شەشەی؟! گوتم بەڵێ: گوتی: بۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوویە سابڵاغ؟ گوتم درۆیە دەکەن. گوتی درۆیە ناکەن. ئەتۆ و سوورەی خوسرەوی پێکەوە شەوێ لە ماڵە سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی بوون. بەیانیس لەوێڕا لەگەڵی چوویە سابڵاغ. گوتم ئەمن چوومەتە سابڵاغێ بەڵام لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووم. گوتی بۆ چوویە سابڵاغ؟ گوتم گاسنم بردووە سەری بکەم! ئەمن جووتیارم، کارم هەبووە… کاری شاریم هەبووە! گوتی: ئەتۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووی؟ گوتم: نا. گوتی: بڵێ هەر سێ تەڵاقم کەوێ!! سوورەی خوسرەوی ناناسم! گوتم: هەرسێک تەڵاقم کەوێ سوورەی خوسرەوی ناناسم! هاتینەوە بە مەلا حەکیمم گوت: مەلا حەکیم تەڵاقێکی وام خواردووە و لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوومە ئەوێ. گوتی: قەیدێ ناکا سێ چوار مست گەنم بێنە بۆ من جێ‌بەجێ دەبێ! بەڵێ ئەوە شێوەی موباریزە بوو لەگەڵ مالیکان. وردە وردە ئەوی بۆلای مالکی دەچوو، شەوێ دەچووینە سەری، لێمان دەدا یان هەڕەشەمان لێدەکرد. دەمانگوت دەبێ لەگەڵ ئاغای ئیرتیباتت قەتع بێ.

بە شێوەی چەکداریش لەگەڵ ئاغایان روبەڕوو دەبوونەوە؟

* چەکمان لەکوێ بوو! نەمانبوو، چەک لەگۆڕێ‌دا نەبوو. زەمانی چەکی نەبوو. ئاوا ڕابرد هەتا هاتینە ساڵی. لە ساڵی بە جارێکی ئاغا شکان. خەڵکی فەیزوڵڵابەگ و بەگزادەش لە ئایایان ڕاپەڕین و لە حەسار و ئەوانە دەریانکردن و لە بۆکانێیان کردن. ئاغایانی ناوچەی بۆکان هەموو لێکەوتن و ماڵە لێتانان (ماڵە برایم لێتانی) لە عەمبارێ ماڵە عەلیاریان دەرکرد. داشبەند و وشتەپە و ناچیتیش پاشان پاک کرانەوە.

ئێوە لە جەریانی کاری ئەوان دابوون، ئەو ڕاپەڕینە لە کوێڕا دەستی پێکرد؟

* هەمووی هەر لە شامات‌ڕا دەستی پێکرد. ئەمما لە بۆکانیش کومیتەیەک بوو ئی جەبهەی میللی بوو. حاجی قاسم بوو، عەوڵا ئێرانی بوو.

حاجی قاسم کێ بوو؟

* خەڵکی بۆکان بوو.

ڕاپەڕینەکان لەوێڕا بوو. ئەو پیاوی موسەددیقی بوو. توودەیی نەبوو و لە کاری ئێمەش ڕازی نەبوو. چوون ئێمە تووندرەوتر بووین لە ئەوان. تابیعی حکوومەتێ بوون، حیزبی توودە هەم دژی شا بوو، هەم دژی موسەددیق.

لەگەڵ کۆمیتەی بۆکان هاوکاریتان هەبوو؟

* هاوکاریمان هەبوو بەڵام ئێمە و حیزبی توودە زەربەمان لەوان‌دا. جارێک لە ساڵی ی‌دا ئیعلامییەکیان نووسی بە دژی شا و حکوومەتی سەرۆک وەزیر و لە عەمبارێ هەتا هاتینە چۆمی مەجیدخانی شامات و شاروێران و سندووس و شنۆ و لاجان قەرار درا هەموو لە یەک شەوی‌دا لە یەک ساعەتدا بڵاو کرێتەوە. بۆخۆم یەکێک لەوانە بووم کە کەلبەڕەزاخان و سەوزی بە عۆدەی من بوو. ئەمن نەمدەزانی کێی دیکەش دەچێتە کوێ و کەسیش نەیدەزانی کە ئەمن دەچمە کوێ. ئەوەندە بە من گوترا لەم دوو دێیانە ئەوانە بڵاو کەمەوە، هیچی دی! پێشم وانەبوو لە هیچ ردێیەکی دیکەش بڵاو بەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر هاتمەوە لە دێی ئێمەش بڵاو کرابۆوە. ئاوا نەهێنی بوو، لە یەک شەویدا لە یەک ساعەتیدا لە هەموو شوێنێ بڵاو کرایەوە، لە بۆکان ڕا هەتا دەچێتەوە خانێ و شنۆیە.

ئەو ئیعلامییە ئی کومیتەی ئێوە بوو؟

* بەڵێ ئیعلامییەی حیزبی توودە بوو.

بۆ ڕاپەڕینی وەرزێڕانی چۆمی مەجیدخان زۆرتر کومیتەی بۆکان هاندەر بوو یان حیزبی توودە؟

* هەر حیزبی توودە دەیکرد لە پەنا ئەودا جبهەی میللیش. جبهەی میللی هێندە توندڕەو نەبوو، هەر تەرەفداری لە موسەددیق دەکرد و چی دیکە نەبوو.

کە وا بوو ئەم نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی؟

* بەڵێ، ئەو نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی.

کومیتەی میللی بۆکان چ دەورێکی هەبوو؟

* ئەوانیش تەرەفداریان لە موسەددیقی دەکرد. جارێک موسەددیق لە نوتقێکی‌دا ئیعلانی کرد؛ سەدی بیستی (دەو دووی) بگێڕنەوە بۆ کەشاوەرز. لە سەر ئەو مەسەلەی سەدی بیستەی حاجی قاسم لەگەڵ ئاغایان تێک‌چوو. ئەویش بە دژی ئاغایان دامەزرا. ئەویش هەر بەرعەلەی مالیک و سەرمایەدار بوو. بەڵام جبهەی میللی بوون.

ڕاپەرین لە کوێڕا دەستی پێکرد و چی بەسەر هات؟

* لە مەنتەقەی بۆکان‌ڕا، فەیزوڵڵا بەگی و ماڵە موهتەدێکان و عەلیار و ئیلخانی‌زادەکان و ئەوانە لەگەڵ ئاغایانی محاڵی هەموو کوللەن لەشکریان کرد و دەوڵەتیش تفەنگی دانێ و سەربازیشی ڕەگەڵ خستن و ماشێنیشی دانێ.

چ ساڵێک بوو؟

ساڵی 1332 بوو. لە 25/12/31ی دەستی پێکرا. ئێمە لە شامات تاڵان کراین و دەرکراین. ئاغاکان کۆ ببوونەوە ئەمن پیاویشم ناردە لایان، گوتمان ئاغاکانی خۆمان بێنەوە و وەک جاران دادەنیشین وەک برایان، بێگاریشتان بۆ دەکەین. با لەگەڵ ئەو ئاغایانە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێک‌نەکەون و خەڵکی تاڵان نەکەن. ئاغاکانی ئێمە نەهاتنەوە. سمایل‌ئاغا و مارف‌ئاغا ڕەگەڵ ئەوان کەوتن. پیاویان ناردبوو گوتیان: حەمەدەمین! ئێمە تۆمان بۆ نەجات نادرێ. ئەتۆ دەبێ بڕۆی ئێمە ماڵەکەشت نەجات دەدەین. خەڵکی دیش نەجات دەدەین. تەسمیمیان گرتووە ئەتۆ دەبێ بکوژرێی. ئەتۆ و شەریفی برایمی و قادری ئامینێ و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی. ئەو چوارە دەبێ بکوژرێن، ئەوەیان قەتعییە. لە بۆکان دەستیان بە کوشتار کرد. خەڵکیان دەخنکاند، بە ئاوێیان دادەدان. لانک بە ئاوێ‌دا دەهات. لە بۆکان کوشتارێکی زۆریان کرد.

لە پێشدا ئەوان ئاغاکانیان دەرکرد؟

* بەڵێ ئەوان دەریانکردن و لە ساڵی ەوە ئاغا پەرێشان بوون.

 

چ ماوەیەکی خایاند تا هاتنەوە؟

نانا هەر لە بۆکانێ بوون. لە بۆکان کۆ ببوونەوە. نەچووبوونە هیچ‌کوێ. نیزیکەی شەش مانگ ساڵێکی خایاند.

یانی شەش مانگ ئاغا دەرکرابوون؟

* بەڵێ! یانی بێ‌ئیختیار بوون هیچ ئیختیارێکیان نەبوو. لە دێی لێشیان دابان دەبوو. هەرچی لەگەڵیان کردبان دەبوو.

 

حیزبی توودە چ هەڵوێستێکی هەبوو؟

* لە تارانێ‌ڕا دەستوور هەبوو. لە تارانیش حیزبی توودە پشت ئەستوور بوو. ستوونی پێنجەمی لە ئەرتەشی‌دا هەبوو.

28ی گەڵاوێژ کە موسەددیق لاچوو حیزبی توودەش غەیرە قانوونی بوو ئەو قودرەتەی نەما. پێش کودەتایە ئاغا هاتنەوە، نەگەیشتنە شاهەڵاتنێ هاتنەوە. کەمتر لە شەش مانگی کێشا بەڵام چ دەسەڵاتێکیان نەبوو دانستبوون و بەو جۆرە هێرشیشیان بۆ خەڵکی نەدەهێنا، بەڵام پاش هاتنەوەی ئەرتەش و گیرانی موسەددیق، ئاغا ئەوەی نەدەبوو لەگەڵ رەعیەتیان کرد.

پێم وایە ساڵی 31 حیزبی توودە بە هێندێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات یا ئەوانەی دوایە بە نێوی حیزبی دێموکرات فەعالییەتیان کرد وەکوو کاک غەنی بلووریان و ئەوانە پێی گوتبوون دەبێ ئێوە ڕاپەڕینی جووتیارەکان بکەنە ڕاپەڕینی چەکدارانە.

ئەوە دوای 28ی جۆزەردان بوو. دوای 28ی جۆزەردان لە تارانێ موهەندیس شەریفی و عەبباسی و ئەوانە کە ئەندامی کومیتەی مەرکەزی بوون گیران، ئەفسەرەکانیش گیران و کومیتەی وێ لەبەریەک چوو و بڵاو بوو. ئەگەر لە سەرڕا هاتن تاڵان کراین ماڵە برایم لێتان و وانیان هێنا لەژێڵا ئەوانە تاڵان کران هەفتا هەشتا سەرێکیان گاڕان هەبوو هێنایان لە بازاڕی قەباغکەندی سوفێکیان لەگەڵ خستبوون دەستی بە فرۆشتنیان کرد و کەسیش ڕای‌نەدەگرتن. ماڵە برایم لێتانی لە زستانێ‌دا (25/12/1331) دەرکران. بەفرێکی زۆر لە مەنتەقەی‌دا هەبوو. لە لای داشبەند شەوێ دوو منداڵ لە سەرمان مردبوون. لە ترسی ئاغایان هیچ کەس نەیدەتوانی ڕایانگرێ. هاتنە گۆلێ و مەڵڵالەری. ڕەحیمی حەمە زێنیان کوشتبوو. مەلا شێخ‌عیزەددین لەوێ مەلا بوو ئەویشیان لەوێ دەر کرد، رەسوو تارانیان دەرکرد و چوونە گوێگجەلی پەنایان برد بۆ خانمە خانمێ. خانمە خانمێ ڕایگرتن و زۆر چاکی ڕاگرتن. ئاغایان زۆریان دەسەر کرد جوابی نەدانەوە. زۆر مەردانە ڕایگرتن. ماڵە برایم لێتانی هاتبوونە سارووقامیشی ماڵە سالاری قازی. برایمی باپیرئاغای و سوڵتان‌ئاغای حاجی‌لەکی نامەیەکیان ناردبوو بۆسالاری ئەگەر برایم لێتان (مامم بوو) و ئەو ماڵانە دەرنەکەی ئێمە دێین ئەتۆش دەگەڵ ئەوان تاڵان دەکەین و کوشتارتان لێدەکەین. گوتی ئەگەر سالار کاغەزەکەی خوێندەوە، لە سەر کاغەزەکەی گریا. گوتی ئەمینش گوتم ئاغا بۆ دەگری. نیگەران مەبە. گوتی بێ‌دەسەڵاتی ئاوایە. ئێستا ئاوایان بۆ من نووسیوە. گوتی ئەمن گوتم تۆ بڵێی و نەڵێی دەزانم تۆ بە دێبۆکریان ناوەستی. ئێمەش حازر نین تۆ ئەو شەڕەی بۆ ئێمە بکەی. ئێمە لێرە دەڕۆین. تۆ هیچ نیگەران مەبە. جوابی خۆتیان بۆ بنووسە بڵێ ئەوە دەریاندەکەم. ئێمە ئەوە دەڕۆین. لەوێ‌ڕا هاتن، هاتنە میاندواوێ. برایمی عەوڵا یاوەری دێیەکی هەبوو بە نێوی یوزباش‌کەندی، لە قەراغ میاندواوێ، ماڵیان هاتە وێ. ئەوان لەوێ ئەو عەجەمانە ڕایانگرتبوون زۆر چاکیشیان ڕاگرتبوون. بە باوەشێکی گەرمەوە. بەعینوانی توودەییەک ڕاگیرابوون. عەجەمیش هەموو توودە بوون، دەگەڵمان بوون. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان فەعالییەتی یەکجار زۆر بوو. ئەوانیس فەعالییەتیان دەکرد. ئەوجار هاتن بۆ تاڵانێ. سوارو تفەنگچێکانیان لەشکرێکی تەیار بوون. تەقریبەن پەنجا، شەست سوار و پەنجا شێست نیزامی لەگەڵ چەند ماشێن و هاتن بە دێهاتی‌دا. هاتن ماڵ ماڵ هەڵیاندەبژاردن. لەگەڵ هەموو کەسیشیان نەدەکرد. مەسەلەن دەیانزانی لەو دێیە کێ مەسئوول بووە و کێ خەڵکی هان‌داوە ئەو کەسانەیان دەردەکرد. لەوانە یەکیان ئەمن بووم و قادری ئامینێ. ئەو دوو سێ کەسە ڕۆیشتن و ئەمن هاتمە سابڵاغێ. ئەگەر ئەوانە هاتنە دە شاماتێوە ئەمن ڕۆیشتم، هاتمە سابڵاغێ دوایە هاتمەوە میاندواوێ. ئەگەر هاتمە میاندواوێ بۆیان گێڕامەوە چۆن بابە فەلەج و نەخۆشەکەم و سێ برا و دوو خوشکەکانیمان لە عارەبەی کەڵان نابوون و هێنابوویانن لە نێو کۆنە میاندواوێ لەنێو عەجەمان فرێیان دابوون. کوتبوویان ئەوان حەقیان نییە بێنە کوردستانێ، ئەگەر هاتمەوە لە دەرکی مزگەوتێ بوون. دوایە دوو حەجەم کە برا بوون، پیاوچاکیس بوون. مەشەدی حەسەن و حوسێن وەڵڵا نێو ماڵەکەیان دا بە ئێمە و کورسییان هاویست و بەڕەو شتیان هێنا ئێمەیان لەبەر کورسێکەی دانا و ماڵات و ماڵمان تاڵان کرابوو هەموو بردرابوو. و بابیشم خوا عافووی بکا پیاوێکی بە جەرگ بوو گوتی ڕۆڵە لە ئێمە گەڕێ ئێمە لێرە بەئیرووین. بڕۆ بزانە ڕەفیقەکانت چ دەکەن. چ کارێکی دەکەن و فکر چییە. بچن ئەوەی بکەن تازە لە ئێمە گەڕێ. ئەمن چوومە مەهاباد ئەوانەی دەرکرابوون لە گەزەڵێن و دێی وەیساغا و تازەکەند و خێڕائاواڕا چووبوونە ئەوبەری کانی سارد، ئیدی هەر بە سەڵتی چووبوونە نێو عەجەمان. ماڵ و شتەکەیان لێ هەستاندبوون. ئێمە چووینە ژاندەرمەری بۆ شکایەتێ. لە ژاندەرمەری سەرگورد تەوەکوللی لێ‌بوو کە زۆر توودەیەکی تووند بوو. سەرگورد تەوەکوللی بۆ سبحەینێ دوو ماشێن ژاندەرمەی هێنا چووە نێو ئاغاکان کە لە شاماتی خڕببوونەوە. ئێمەش لەگەڵ ئەو چووین بەڵام هیچ ئیحتینایەکمان بە ئاغاکان نەکرد. پشتیوانێکمان لە لا بوو. ترسمان لە ئاغایان نەبوو نە لەبەریان هەستاین و نە بە هێندمان گرتن. بەڵێ لەوێ دانیشت هەتا هەموو ماڵەکەیان ئەستاندەوە. هەموومان بردەوە بەری عەجەمان. ماڵاتەکەمان بردەوە. ئەوەی تاڵان کرابوو. بۆیان هەستاندینەوە. چووینەوە سابڵاغێ لە خێرئاوایە کۆبوونەوە بوو لە ماڵە مستەفاخانی. ئاغا هەموو لەوێ بوون.

ئەفسەریشمان دەگەڵ بوون. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە دوویان ناردم چوومە ماڵە ڕەحیمی سولتانیان. وەتاغێکی چکۆڵە بوو. گوتی حەمەدەمین ئەم‌شۆ هەموو لەوێن. هەموو لە وەتاغی ئاغای دەبن. دینامێتێکی هێنا. دینامێتەکە تەقریبەن دووبست درێژایی بوو. کوتی سەری سیغارێی پێوەنێ. بەڵام بە پێنجا سانییە دەبێ لەوێ لاچی. دەنا تۆش لەنێو دەی. ئیدی ئەگەر دە تەبەقەش بێ هەڵیدەتەکێنێ و خلاس دەبێ. بەڵێ ئەمیش هێنام و هاتمەوە مەهاباد و لەوێڕا پیاوێکم ناردە خێرئاوایە و گوتم بزانم شەوێ کێ نیگابانە. نیگابان و تفەنگداریان هەبوو. کە هاتنەوە پێیان گوتم نیگابان ڕەسوول پەریە. ڕەسوول پەریس یەکێک لە ڕەفیقەکانی خۆم بوو… ڕەسوول پەری گوتبووی بە حەمەدەمینی بڵێ بێ چ دەکا بکا! ئەمن چوومە ئەوێ لە نوێژی شێوان‌دا لە مەهابادێ‌ڕا لە دوویان ناردم گوتیان عەمەلەکەی ئیجرا نەکا. جا نازانم هۆی چ بوو. شتەکەشم هەر مابوو پێم وایە دە ساڵانیشم زیاتر هەر پێبوو.

گوتت مەلا شێخ عیزەددینشیان دەرکرد. لەبەرچی دەریان کرد؟

* مەلا شێخ عیزەددین لەگەڵ خەڵکی ڕێککەوتبوو بە دژی ئاغاکان. داوەتێکی ماڵە باپیرئاغای قارەمانی بوو، مەلا شێخ عیزەددینیش گوتبووی ژنەکانتان مەنێرنە داوەتێ جوابیان مەدەنەوە ئاغاش گوتبوویان هەر دەبێ بێن. گوتبووی پێیان بڵێن ئێوە ژنەکانتان بێننە قەراغ داوەتێ، تەماشای داوەتێ بکەن ئێمەش داوەتێ دەکەین. نابێ ئەوان ژنی خۆیان لە ماڵێ‌دا بشارنەوە وژنی ئێمەش هەڵپەڕێنن! ئەوە بوو کە هاتنە سەر مەلا شێخ‌عیزەددینی و مەلا شێخ عیزەددینیان دەرکرد. و ڕەحیمی عەلی زێنێش پیاوێکی جەسوور بوو. ئەویش سوار بوو لێیان و دەمانچەیەکی بە دەستەوە بوو و خەڵکەکە دەورەیان دا. عالەمێکی زۆریان هێنابوو و هەر دێیەی پەنجا شێست نەفەریان هێنابوو ئەو ئاغایانەی ماڵە موهتەدی و ئێلخانی‌زادە و عەلیار و فەیزوڵڵابەگی و بەگزادە ئەوانە هەموو هاتبوون بە لەشکرەوە هاتبوون. ڕەحیمیش لێیان سوار ببوو بە دەمانچەکەی گوتی کوڕە لێم گەڕێن با ئەمن دەستێکی بگەینمە ئەو ئاغایانە. کوڕە کرمانج مەیەنە پێشێ لێم گەڕێن با ئەمن یەکێکی لەوانە بگوژم. ڕەسووقاچێ هەبوو بە تفەنگی لێیدا لەسەر سوارێ بەریداوە ئەوان تفەنگیان پێ‌بوو تفەنگی دەوڵەتێیان پێ‌بوو. ڕەحیم کوژرا.

بێجگە لەوی لەو کەسانەی هەڵسووڕێنەر بوون چ کەسانێک گیانیان لە دەست دا و کوژران؟

* لەلای ئێمە کوشتار نەبوو، هەرچی کرا لە بۆکانێ بوو.

کومیتەی حیزبی توودە لە بۆکان فەعال بوو؟

* حوسێنی فەتحەی یەکێک بوو لە مەسئوولانی حیزبی توودە لە بۆکان. ئەو لەگەڵ حاجی قاسم و وان کاری دەکرد. دوو سێ ساڵان گیرا. کە هاتن لەوێڕا بە مەڵڵالەری و ئەوانەدا هاتن ئیدی ئەوجار پاکسازیان دەکرد. هەر دێیەی دوو کەس و سێ کەسیان، دوو ماڵ، سێ ماڵیان دەردەکرد و تاڵانیان دەکرد. هەتا گەیشتنە شاماتێ. کە گەیشتنە شاماتێ وەک عەرزم کردن ئێمەشیان تاڵان و دەربەدەر کرد.

ئەو چەند ماڵە. ماڵمان چووە نێو عەجەمان. ماڵە سوڵتان ئاغاش دەرکرا. کە چوونە سەر سوڵتان ئاغای هەڵاتبوو. هەر کە دەیانەویست خەڵکی بگرن یەک‌ڕاست دەچوونە دەستەی سوڵتان‌ئاغا و عەوڵائاغا. جا دوایە دەهاتن دەستێکیان ڕە عالەمێ دەخست!

کاکە حەمەدەمین! دەگەینە دەوڕەی کوودەتای 28ی مورداد کە موسەددیقیان لابرد. ئەو کودەتایە چۆن لەنێو ئێوەدا ڕەنگی داوە و چ تەئسیرێکی لەسەر فەعالییەتەکانتان هەبوو و لە کەنگێوە نێوی حیزبی دێموکرات پەیدا بوو؟

* ئێمە کە لە ساڵی 32ی دەرکراین چووینە عەجەمستانێ، قەرار بوو موسەددیق دێیەکمان بۆ دروست بکا، لە پیرسندووسی لەنێو عەجەمان. لە کوردستانێ ڕایان نەدەگرتین و کەس وەخۆی نەدەگرتین.

ئەوە پێش کوودەت بوو؟

* بەڵێ ئەوە پێش کۆدەتایە بوو. عەزیزئاغای خەلیفەلیان ئەو شامەی بە ئیجارە هەڵگرتبوو. شامی گادەرێ. گادەر زۆرە. ئەو ناردی لەدوامان کوتی لێرە دێیەکیان بۆ درووست دەکەم. بۆخۆیان خالیس لەو دێیە بن. نە کەسیان بێتە نێو و نە بچنە نێو کەسیس. ئێوە هەموو توودە دەبن و دەرکراون.

وەرن بۆخۆتان لێرە دێیەکتان بۆ ساز دەکەم بۆخۆتان بیکێڵن و بۆخۆتان هەمەکارە بن کەس نەیەتە نێوتان. ئێمەش هاتینە وێ. ئەودەم بەو ماشێنە گەورانەیان دەگوت لۆری. دوو لۆری بۆ ناردین. پڕبوون لە عالەم هاتن بە سێڵاوێ‌دا ڕۆیشتین چووینە داشخانە. لە داشخانە قامیشمان کردە پەنا و چووینە لە قامیشانەوە و تەقریبەن نزیکەی بیست ماڵێکیش بووین. هەموو دەرکراوەکانی شاماتێ بووین. ماڵە سوڵتان‌ئاغای لەگەڵ ئێمە دەرکرابوون. سوڵتان لە سابڵاغێ ماوە. بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێ پێش ئەوە لە ساڵی 31ی سوڵتان شەش مانگ گیرا لە تەورێزێڕا بردیانە تارانێ. سوڵتان و حەسەنی میرخزری ئەوانە گیران. دوایە هاتنەوە لەوێش ئیختلافیان لێ پەیدا بوو لەگەڵ توودەییەکانی تارانێ. ئەوان ئازاد بوون هاتنەوە. جا ئەگەر ئێمە چووینە داشخانەی ماڵ و منداڵی سوڵتان ئاغاشمان لەگەڵ بوو. ئەوە هاتووینە دەهاوینێوە. هاوینی 32ی ڕۆژێکی لەدووی منیان نارد. قاوەخانەیەکی قامیشان لەوبەری پردێ بوو. ئەوەی ئێستا ئیدارەی فەرهەنگی لێیە. ئەوێ ئاوەدان نەبوو باغات بوو. چووینە ئەو قاوەخانەی دانیشتین. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان و کەریمی حیسامی و سەدیقی عەلایی و سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و ئەمن و ئەسعەدی کاک ئاغازادە و سوورەی خوسرەوی بووین. ئەوانە گوتیان پاش نوێژی ئێمە لە باغی مکائیلی میتینگی دەدەین. کاتێک هەستاین کەریمی حیسامی گوتی کەس نەڕوا. گویان بۆ؟ گوتی با حەمەدەمین وەپێش کەوێ. گوتمان بۆ. گوتی با نەڵێن ئەوانە خۆ بە زۆرتر دەزانن. بە ڕواڵەت ئەمن وەپێش وان کەوم یانی فەرق و جودایەتیمان نیە. هەر یەکین و کەس لە کەس زیاتر نیە. بۆ خۆی ئەو مەسەلەی نیشان دەدا لە باغی مکائیلی میتینگ دەستی پێکرد. غەنی بلووریان وەسەر کورسێ کەوت. دەستی بە قسان کرد و خەڵکێکی زۆر لە باغی مکائیلی بوو ئەوەی ئێستا پاڕکە. لە جەنگەی قسان‌دا بووین. کە تەماشام کرد هەر چوار دەورەمان گیراوە و ژاندرمە و سەرباز، داری بێێان بری‌بوو جا وەرە لە نێومان کەون بە زووخاڵان! بۆشەر دەگەڵ نێزامیان! منداڵێک لەسەر دارێ بوو تفەنگی هەواییان هاویشتبوو و لە ئەو منداڵەی کەوتبوو و منداڵە کوژرا. ئێمە ملمان دەبەر ملی نان. غەنی بلووریان لە سوورەی خوسرەوی تووڕە بوو. خوسرەوی سەربازێکی گرت تفەنگەکەی لە دەست بادا و لە دەستی دەرهێنا. سەربازەکە لە عەرزێ کەوت. غەنی جنێوی بە سوورەی‌دا گوتی نامەرد! مەگەر ئێمە هاتووین شەڕ لەگەڵ سەرباز بکەین، ئەو تفەنگەت بۆچی لێ هەستاند. ئیدی سوورە تفەنگەکەی گرت وەک پللار هاویشتی بۆ ئەولای. سەید عەوڵا ئیسحاقی (ئەحمەدتۆفیق) لەگەڵ بوو بۆ لای کورەخانەیەک خۆی بە چۆمی دادا چووە سەر کوورەخانەکە و گوتی: بۆ هەڵدێن مەگەر شەڕی لێنینگڕادتان نەزانیوە؟! مەگەر فڵانو نەزانیوە. لێنین چی کرد و لێنینگڕاد چی کرد و فڵانی چی کرد؟! ئەوانەی زۆر بۆ گوتین کەس گوێی نەدایە. هەرکەس خۆی بە ئاوێ دادەدا و هەڵ‌دەهات. دوای بڵاوکردنی عالەمەکە جەنازەی کوڕەمان لەسەر شان دانا بۆ میتینگ‌دانی لەنێو سابڵاغێ. لە سابڵاغێ ژن و منداڵ وەدوامان کەوت. ئەو خیابانەی کە ئێستا خیابانی ئیمامێ، کە دەڕوا بەرەو چواررێی مەولەوی، ئەو جەیابانە کەسی دیکەی نەدەکێشا. شوعارەکان بە دژی شار و ئیستیعمار و فێئۆداڵ بوون. لە سەربازخانەی‌ڕا سێ تانگ هاتن جەماوەریان بڵاوە پێکرد. ئەوجار هەرکەس لاقی تەڕبوو دەگیرا!! چووینە ماڵە سڵەمان‌خانی ئەمیری خۆمان شاردەوە هەتا ئیشک بووینەوە. هێشتا نەبۆتە 28ی مورداد. ئەو موبارزە هەر هەبوو، هەروا دەهاتین و دەچووین دووبارە سازمان‌دەهیمان دەکردەوە.

دەچووین شەوانە لە ماڵان‌دا کۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵکی ساز دەکرد. هەر لە ترسی ئاغا ئەوانەمان دەکرد.

سازمان‌دەهێکمان کرد. لە بیست‌وشەشی موردادێ شا هەڵات. شا لە 26ی هەڵات و لە 28ی هاتەوە. ڕۆژی 27ی سابڵاغ مێتینگی دا. مامۆستا هێمن لەبیرم دێ رانک‌وچۆغێکی سپی لەبەردابوو ئەو دوو دەستە شێعری خوێندەوە. دەیگوت شای خائین دەبڕۆ بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ. هەروەها لاگری سوڵحە تەواوی ڕەنجبەری وشیاری کورد، مونتەزیری فورسەتێکە ڕەنجبەری هوشیاری کورد. غەنی بلووریانیس کورسی پێبوو هەر بڕێک دەڕۆیشت و لە وێ نوتقی دەکرد قەرار بوو ڕۆژی 28ی، ماڵە دەرکراوەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. بەمنیان گوت سبەینێ با هەرکەس بچێتەوە جێگای خۆی. ئەمنیش چوومەوە بە دڵ‌خۆشی ماڵ هەموو ساز بووین سبەینێ ماشێن بەرین ماڵە خۆمان بگوێزینەوە سەر جێ‌وڕێگا و جێ‌جووت و فڵانی خۆمان، لە نیوەشەوێ‌دا خەبەر درا گوتیان شا هاتەوە! موسەددیق گیرا، سەرلەشکر زاهیدی کودەتای کرد. ئیدی ئەوجار بەجارێکی ئی شاریش بلاو بوون و هەڵاتن. سوڵتان شێخ‌ئاقایی هاتە لای ئێمە لەوێ لە قامیشی‌دا شاردبوومانەوە. هەتا حەفتێکی نان‌ومان‌مان بۆ دەبردە وێ. لەوێ نانی دەخوارد. دوایە گوتمان لێرە ئاشکرا دەبێ بڕۆ. ڕۆیی بۆ پایینێ. پایین لە خوارەوەی محالی شازادەیە، گەزە، چوو لەوێ لە گەزان‌دابوو. ڕۆژێکی کابرایەک هات نامەیەکی بۆ هێنام گوتی ئەو نامەیە ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە بادامێ لە ماڵە میرزاقاسمی بادامی داویانە بە من کە بیگەینمە سوڵتان‌ئاغا. نامەم لە گیرفانی نا و بە پێیان ملی ڕێم گرت و ڕۆیشتم ئاخر زۆریش دوور بوو چووم لە پایینی ماینێکم وەرگرت سواری بووم کوتیان برۆ ئەوە لە شەتی شووشەوانێیە. جا لاپ لە خوارێنە. ئەوە سوڵتان لەوێیە. نامەکەم برد و چووم و هەروا دەڕۆیشتم نەمدەزانی لە کوێیە. سوڵتان‌ووان منیان دیبوو، بەڵام نەیانناسی‌بووم. سوڵتان‌ئاغاش پیاوێکی دەگەڵ بوو بە ناوی حەسەن کاکیل. پیاوێکی باش بوو چووبووە فیستیوالێ لە رووسیەی. ئەویش هەر توودەیی بوو دەگەڵ خۆمان بوو.

ئەدی بۆ دەڵێن فەقەت کەریم حیسامی لە کوردان چووبوو بۆ فستیواڵ؟

حیسامی چوو بۆ فیستواڵی بوڵغارستان ئەوە ئی دوایە بوو. سوڵتان‌ئاغا دەڵێ حەسەن ئەو سوارە کاری بە ئێمەیە دەنا هیچ ئینسانێک بەوەیدا نایە، هەستە گۆرانێکی بڵێ ئەگەر هی ئێمە بێ دێ. ئەگەر کاریشی بە ئێمە نەبێ گوێ ناداتێ دەڕوا. حەسەنیس دەنگی زۆر خۆش بوو دەنگیشی چاک دەهات لانکۆڵی لانکۆڵێکی کوت. ئەمن لەنێو گەزی ماینم باداوە ڕاست ڕووم لەوان کرد. دابەزیم کاغەزەکەم‌دا بو سوڵتان‌ئاغا و پاش چاک‌وخۆشی و لێ‌پرسین، کاغەزەکەی سووتاند جا خوێندێوە. بە ئاوی پیوازێ نووسرابوو! دوایە گوتی حەمەدەمین پێیان بڵێ وەدووی کاری خۆیان کەون و لە کۆڵ ئێمە ببنەوە. ئێمە چیدیکە نابینە دەست‌نیشاندەی حیزبی توودە. ئەمن کوردستان ناکەمە خۆڵەمێشی ئەتۆمی بۆ خەڵکی تاران و تەورێزی. ئەوان لەوێ کودەتا بکەن ئەمنیش لێرە دەست پێدەکەم. ئەوان نووسیبوویان بێنەوە لێرە دەست بە شۆڕشێ بکەین. شۆڕشی موسەللەحانە. سوڵتان ئاغا ئاوای جواب دانەوە گوتی: ئەمن حازر نیم و کوردستانی ناکەمە خۆڵەمێشی ئەتۆمی و بە قوربانی تاران و تەورێزێی ناکەم. ئەوان لە تاران و تەورێزێ دەست بە ئینقلابێ بکەن ئەمنیش لێرە دەیکەم.

ئەوە ئەودەمی بوو کە هێشتا سازمانی ئەفسەرانی حیزبی توودە ئاشکرا نەبوو و نەگیرابوو؟

*  نەخێر، ئێستا ئاشکرا نەببوو خوسرەوی ڕوزبە و ئەوانە مابوون. سەرهەنگ سیامەک و ئەوانە لە ئەرتەشێ‌ دابوون جا دوای وی خوسرەوی ڕوزبە گیرا.

لە چ کاتێک ڕا ئێوە بە نێوی حیزبی دێمۆکرات دەستتان بە تێکۆشان کردەوە؟

* لە دوای ٢٨ی موردادەوە کوڕەکان بڵاو بوون و بەشێک ڕویشتن بۆ عێراقێ، و هاتنەوە و ئەوجار ئێمە بە نێوی حیزبی دێمکراتی کوردستان فەعالییەتمان دەست پێکرد.

هەر بە شێوەی کۆمیتەکانی پێشوو، یا کۆمیتەکانی سابڵاغ و شامات؟

* نەخێر هەر ئەوە نەبوون. ئەوان هیچ نەخشێکیان نەبوو. ئەوجار لە سەرێ‌ڕا ئەسعەدی خودایاری هەبوو.

خەڵکی بیجار بوو؟

* نا خەڵکی ئێرە بوو. خەڵکی مەهابادێ بوو. ئەسعەدی خودایاری و سەدیقی ئەنجیری و حەمەدەمینی ئەحمەدی (حەمەسیس) کادر بوون و دەهاتن بۆ نێو ئێمە. کاک جەلیل گادانی هات کومیتێکمان لە شاروێرانی دامەزراند.کاک جەلیل ئەمنی کردە مەسئوولی کۆمیتەی شاروێرانی. کۆمیتێکمان دانا بە نێوی کۆمیتەی شین. ئەمن مەسئوولی ئەو کۆمیتەیە بووم.

Tags: , , , , , ,

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: