حاجی حەمەومین و ئاڵاکەی کۆمار – عەزیز ناسری

komarikurdistan

هەموان بیستوومانە لە کاتی هەڵدرانی ئاڵای کۆمار لە مەهاباد، لە خوار و ژووری کوردستانەوە، ئەوەی بۆی لوا، بەشداری ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کرد (خان و ئاغا هەرکامە و چەندی بۆیان لوابێ، بۆ خزمەت بە کۆمار چەکداریان دەگەڵ خۆ برد). هەر لە ڕەشایی و قەرەی ڕۆژڕەشەوە بگرە تا ئاغاوات و بەگ و خانی دەسڕۆیشتوو؛ لە ئوممی و سەیدەوە تا شێخ و مەلای دوانزە عیلم؛ لە پاڵەی گەل‌پەرستەوە تا چەکمەڕەقی هەلپەرست. ئاساییە لەو نێوەدا کەسگەلێکی خاوەن هەستیش بووبن کە بەهۆی دەست‌کورتی، لەش‌کەنفتی و لەمانە گرینگتر دووری ڕێگا و… هتد نەیانتوانیبێ خۆیان بگەیەننێ و نەگەیشتنەکەیان بووبێ بە گرێی سەر دڵیان.

حاجی محەممەد ئەمین، یان بە زمانی خوارووی موکریان، “حاجی حەمەومین”ی دانیشتووی ئاوایی “دەل”(۱)ی هەورامان، یەکێک لەم خاوەن هەستانە بوو کە ـ سا بە هەر هۆیەک ـ نەیتوانیبوو ڕوژی ڕاگەیاندنی کۆمار لە مەهاباد ئامادە بێ. هەر وا دوو سێ حەوتوویەک بە سەر ئەو ڕووداوە مێژووییەدا تێدەپەڕێ و ئاخر سەر حاجی حەمەومین دەست لە دڵ دەکاتەوە و لێدەبڕی بەرەو مەهاباد بکەوێتە ڕێ. ڕێگا دوور و سەخڵەت، کەرەسەی هاتووچۆش بۆ خەڵکی هەوایەک لە حاجی حەمەومین بۆشناخ‌تر، زیاتر گوێدرێژە و بە دەگمەنیش ئێستر و ئەسپ. بەڵام حاجی بۆ بڕینی ئەم ڕێیە تەنیا کاڵەی قاچی شک دەبات!

حاجی لە ئاوایی دەلەوە بە پێنج مەنزڵ دەگاتە مەهاباد. هاوسەفەری تا سەری نییە و توشی هەر ڕاگوزەرێک دێ، دەبێتە ڕەفیقی نیوەڕێ… بۆ دانیشتوانی ئاوەیی دەل، ڕۆیشتن بۆ مەریوان هەر چند بە پێیان، بە هەر حاڵ ئاساییە. هەموو دەلییەک بە چار و بە ناچار ساڵێ چەند جار ڕێی هەر دەکەوێتە مەریوان. بەڵام نەک بە زستان و بەستەڵەکێکی وا کە پشتێنێک بەفر لە زەویدایە! بەس لانی کەم بە هۆی نامۆ نەبوونی ڕێگا ترسێکی کەمتر ڕە دڵی ڕێبوار دەنیشێ. حاجی لە گەڵ چەند هاودێییەک تا مەریوان دێ. لە مەریوان گوێقوڵاغە بزانێ ئاخۆ کەس یان کەسانێک هەن تا سەقز، نەبوو، تا بسام(۲)، هەر نەبوو، تا قامچیان(۳) هاوڕێیەتی بکەن؟ بۆ باقی ڕێگاش، کێیە لە خوا گەورەتر؟


بە وەرزی زستانێ، وەک بڵێی حاجی حەمەومین چەشنی برایم بە چلوان دەرکرابێ، دەگاتە هەر مەنزڵێک، خەفەتی بوون و نەبوونی هاوڕێ دایدەگرێ. ئاخر ئەگەر هات و پیاو کەوتە بەر ددانی دڕندەی کوێستان و دەندووکی فڕندەی ئاسمان، کەسێک لانی کەم هەواڵی “بوونە خۆراک”یشی بۆ زیدەکەی بەرێتەوە، هەر باشە! تۆشەی سەفەری حاجی کەشک و کولێرە و کەلانەیە. مەنزڵ بە مەنزڵ شەو لە مزگەوتی شار و ئاواییەکانی دەم ڕێگا ڕۆژ دەکاتەوە و تۆشەبەری سەفەر دەپێچێتەوە. سەرمای ڕۆژانی کۆتایی ڕێبەندان هەنگاوی حاجی کول ناکا. بۆچی کە ئەو بە بڵێسەی دڵ بەفری ڕچە دەتاوێنێتەوە.

بە هەر کوێرەوەری و چەرمەسەرییەک بێ، حاجی تاوپەڕینی پێنجەمین ڕۆژی سەفەر دەگاتە مەهاباد و دەپرسێ: “یانەو قازی محەممەدی چکۆن؟”(٤) … ئەوە دوو حەوتوویە حاجی لە ماڵی پێشەوایە. ئەبینێ هەموو چینی کۆمەڵگا لەوپەڕی ئاشتاواییدا دەژین. خەڵک نە زمانی زبری خانیان بە سەرەوەیە و نە شەقی ئەمنییەیان بە قنگەوە. ئەبینێ کورد ئەقڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتی و هەڵسووڕاندنی کاروباری دەسەڵاتدارێتی هەیە. دوو حەوتوویە حاجی نە ‌دیتوویەتی بەساڵان بە بێگاری بەرن، نە ‌بیستوویەتی کاڵان بە سەربازی گرن. ئەوە دوو حەوتوویە حاجی بەدەماخە…

حاجی حەمەومین بەتەمایە بگەڕێتەوە هەورامان. پێشەوا ئاڵایەکی بە دیاری دەداتێ. حاجی بە هەمان ڕێگای هاتوودا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ دەل. بە دڵ‌وداو ئاڵای پیرۆز لە سەر بانی مزگەوتی ئاوایی هەڵئەدا… ئەو شەوە ئاڵا دەشەکێتەوە. حاجی لە گەڵ کەڵەبابەی بەیان، لە دەلاقەی ژوورەوە هەوەڵکاری ئەوەیە بڕوانێتە ئاڵا… تاوکەوتنان کەچە مریدێکی شێخ عوسمانی دووڕۆ بە دیتنی ئاڵای سەر بانی مزگەوت هەڵدەبەزێتەوە و دەم لە سەر پشت خۆی دەگەیەنێتە دووڕۆ و دوای لستنەوەی دەست و قاچی شێخ، پێی دەڵێ کە ئاڵای کۆماریان لە بانی مزگەوتی دەل هەڵکردووە. شێخ عوسمانیش ئەوە بە هەڕەشەیەک لە سەر جوقەی پاشای تاران دەبینێ و بۆ کیسەکێشان و ماستاو کردن، دەفەرمێ: “ئاڵاکە داگرن”.

شەوی دوایی بۆ بەیانی، هەمدیسان حاجی حەمەومین گەرەکییە ڕۆژ بە هەڵڕوانینی ئاڵای کۆمار بکاتەوە. بەڵام لە دەلاقەی ژوورەکەدا ئاڵاکەی دوێنی بەیانی نەماوە!


(۱) ئاوایی دەل لە ٦۰ کیلۆمەتریی باشووری مەریوان هەڵکەوتووە و سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی هەورامانە.
(۲) ئاوایی بسام لە ۷۰ کیلۆمەتریی باشووری سەقز هەڵکەوتووە.
(۳) ئاوایی قامچیان لە ۳٥ کیلۆمەتریی باکووری مەریوان هەڵکەوتووە.
(٤) واتە: ماڵی قازی محەممەد لە کوێیە؟

Tags: , , , , , , , , , ,

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: