پەكەكە بۆچی دەیەوێ بچێتە مووسڵ؟ ئەلمۆنیتۆر

A member of the Kurdish Peshmerga forces stands guard at a security point on Bashiqa mountain, overlooking Islamic State held territories of Mosul

A member of the Kurdish Peshmerga forces stands guard at a security point on Bashiqa mountain, overlooking Islamic State held territories of Mosul, 12 km northeast of Mosul City, March 7, 2015. REUTERS/Asmaa Waguih (IRAQ – Tags: POLITICS MILITARY CONFLICT) – RTR4SF1J

مەهمەد بۆزئەرسلان: رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 و دوای هێرشێكی یەك هەفتەیی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگاكە كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی ئەو رێكخراوە.

 ئەمەش سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو لە ناوچەكەدا و دوای ئەوە بە نزیكەی دوو مانگ، داعش رووی لە شنگال كرد كە مەڵبەندی كوردی ئێزدییە. لەو پەلامارەدا هەزاران كوردی ئێزدی كوژران و هەزارانی دیكەش بەدیل گیران. دواتر شنگالیش بە تەواوەتی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی داعش. حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەم رووداوە تووشی شۆك ببوو، هەوڵی دا شان بە شانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شنگال ئازاد بكات. پەكەكە ساڵانێك بوو بە بایەخێكی زۆرەوە لە شنگال و ئێزدییەكانی دەڕوانی، بۆیە ئەمە دەرفەتێكی گرنگ بوو كە ساڵانێك بوو بەدوایدا دەگەڕا.

پەكەكە 500 گەریلای لە قەندیلەوە رەوانەی شنگال كرد. ئەوكات پەكەكە رایگەیاند كە دوای ئازادكردنی شنگال هێزەكانیان دەكشێنەوە، بەڵام نەكشانەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دایە پەكەكە، بەڵام پەكەكە لەبری ئەوەی گوێ بە هۆشدارییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات، یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) یان دامەزراند كە لە ئێزدییەكان پێكهاتبوو.

سەرچاوەكانی نزیك لە پەكەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە یەبەشە توانیویەتی هێزێكی 5 هەزار كەسی لە ناوچەكەدا دروستبكەن، ئەگەرچی هیچ سەرچاوەیەكی دیكە ئەم ژمارەیەی پشتڕاست نەكردووەتەوە، بەڵام پەكەكە توانیویەتی لەو ناوچەیەدا هێزەكانی رێكبخات.

سەرەتا هیچ كەسێك نەیدەزانی چی لە مێشكی سەركردەكانی پەكەكەدا دەگوزەرێت و بۆچی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال، پەكەكە بڕیاری مانەوەی لەم ناوچەیە دا، بەڵام كاتێك دەنگۆی ئۆپەراسیۆنەكانی گرتنەوەی مووسڵ بڵاوبووەوە، هۆكاری مانەوەی پەكەكەش ئاشكرا بوو، چونكە پەكەكە پێشتریش رایگەیاندبوو كە دەیەوێت بەشێك بێت لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی بیرۆكەكەیە، بەڵام پەكەكە لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە.

هەم یەبەشە و هەمیش باڵی سەربازیی پەكەكە (هەپەگە) رایانگەیاندووە كە حكومەتی ناوەندیی عێراق رێگەی بەوان داوە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدار بن. بەڵام بۆچی رێكخراوێك كە بنكەی سەرەكیی چالاكییەكانی لە توركیایە و ناوچەی سەرەكی و جێگەی بایەخیان ناوچە كوردییەكانی توركیایە، هێندە بایەخ بە مووسڵ دەدات كە بە ناوەندی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەقەڵەم دەدرێت؟ بۆچی پەكەكە دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا، لەكاتێكدا خۆی لە توركیا لە قۆناغێكی نوێی پێكداداندایە.

بە گوێرەی محەممەد ئاڵكیش، ئەكادیمیسیەن و لێكۆڵەر لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كورد، پەكەكە دەیەوێت وێنەی خۆی جوان بكات و شەرعیەتی خۆی بەهێزتر بكات. ئاڵكیش لەبارەی ئەمە دەڵێت “ئەم كێشەیە دوو لایەنی هەیە، یەكەمیان پەیوەندی بە گۆشەنیگای سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە، پەكەكە دەیەوێت ئەو تۆمەتەی توركیا پووچەڵ بكاتەوە كە بەردەوام پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات و تەنانەت ئەوروپا و ئەمریكاشی بەم وێنەیە قایل كردووە. پەكەكە دەیەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پەیوەندی دابمەزرێنێ و لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا رەوایەتی وەربگرێت. لایەنی دووەمیان ئەوەیە پەكەكە دەیەوێت لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی هەبێت، ئەگەر ئەوان بتوانن داعش لە مووسڵ وەدەربنێن، ئەوە دەشتوانن رەوایەتی وەربگرن و لە سیاسەتی ناوچەییدا پێگەیەكی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن”.

بەبۆچوونی ئاڵكیش، گەیشتن بەم ئامانجە بۆ پەكەكە ئاسان نابێت، ئەگەرچی “هەوڵیش دەدات بە گونجاندنی چالاكییەكانی خۆی لەگەڵ هێزە ناوچەییەكان شوێنێك بۆ خۆی بكاتەوە. پەكەكە دەیەوێت لە نێوان ئێران، سعودیە و توركیادا شوێنێكی هەبێت. ئەمە جگە لەوەی ئەم كێشەیە پەیوەندی بە پەكەكە و پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە هەیە. پارتی دەوڵەتێكی دیفاكتۆی دامەزراندووە، پەكەكە دەیەوێت بەر لە پارتی لە مووسڵ هێزێكی سیاسی بێت.”

YBSئاڵكیش پێیوایە پەكەكە بۆ ئەوەی بەم ئامانجەی بگات نابێت تەنیا پشت بە هێزە ناوچەییەكان ببەستێ، چونكە چانسی سەركەوتنی پەكەكە لەم پلانەدا بۆ پشتگیریی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە.

سدیق حەسەن شوكری، شرۆڤەكاری سیاسی كە لە هەولێر دادەنیشێت، دەڵێت ئەگەر پەكەكە لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی مووسڵ ناوچەیەك بۆ خۆی دروست بكات، ئەوە دەتوانێت هەم شنگال و هەمیش ناوچە كوردییەكانی سووریا بپارێزێت. شوكری جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە “گرتنەوەی مووسڵ دڵنیاییەك بە رۆژئاڤا و بەتایبەتی بە شنگال دەدات. چونكە هەتا ئەو كاتەی داعش لە مووسڵ بێت، هەڕەشەیە بۆ سەر شنگال رۆژئاڤا و كانتۆنی جەزیرەش”.

شوكری وەهای دەبینێت كە ئەگەرچی پەكەكە دەڵێت حكومەتی عێراق مۆڵەتی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە پێداون، بەڵام ئەوان ناتوانن بەبێ رەزامەندیی ئەمریكا لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بن، هەرچەندە پەكەكە رایگەیاندووە كە ئامادەیە بە چوار هەزار گەریلاوە بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنە بێت. بەڕای شوكری رەزامەندی ئەمریكاش بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی پەكەكە ببێتە بەشێك لە ئۆپەراسیۆنەكە، لەبەر ئەوەی “ئەو هێزە توركییەی هێنراوەتە باشیك، بۆ جەنگی داعش لەوێ نین، بەڵكو هاتوون بۆ ئەوەی رێگە لە پەكەكە و هاوپەیمانەكانی پەكەكە بگرن.”

گفتوگۆكان بەردەوامن و سوپای عێراقیش مانگی رابردوو دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵی راگەیاند، سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هاوشانی یەكدی لە مەخموورەوە بەرەو مووسڵ دەستیان بە پێشڕەوی كرد، بەڵام دوای چەند رۆژێك ئۆپەراسیۆنەكە وەستێنرا.

چاوەڕێ دەكرێت ئۆپەراسیۆنەكان لەهەر ئان و ساتێكدا دەستپێكەنەوە، بەڵام حاڵی حازر بۆنی ناكۆكییەكی ناوخۆیی دێت. پێدەچێت لە پشتی پەردەوە ناكۆكییەكی راستەقینە لە نێوان هێزە كوردییەكاندا هەبێت، لە لایەكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پەكەكە بەشدار بێت و لەلایەكی دیكەشەوە یەكێتی نیشتمانی هەیە كە دەیەوێت پەكەكە بەشدار بێت. لە پشت هەموو ئەمانەشەوە یاریی دەسەڵات لە نێوان توركیا و ئێران لەسەر مووسڵ هەیە. ئەگەر پەكەكە بتوانێت لە ئۆپەراسیۆنەكاندا رۆڵی هەبێت و هەندێك ناوچە كۆنترۆڵ بكات، ئەوە براوەی یارییەكە دەبێت، چونكە بەمە پەكەكە دەبێتە خاوەنی كۆریدۆرێكی پڕ بەها و لە چیای قەندیلەوە هەتا سووریا ئامادەگی دەبێ.

ڕووداو کردوویەتە کوردی

Tags: , , , , , , , , , , , , ,

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: