مام ڕەسووڵ و مام ڕێوییەکەی #شەختان

mam-resul-1

پیرانشارنیوز: یەک دوو حەوتوو لەمەوبەر، ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆوە کە تێیدا چەند کەس، لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار، دەوری ڕێوییەکیان دابوو و بە جورمی ئەوەی کە گۆیا ئەو ڕێوییە چەند جار زەفەری بردۆتە کۆختەی مام ڕەسووڵ ناوێک و کەڵەشێر و مریشکی لێ ڕفاندووە. مام ڕەسووڵ ئەوجار نەهێشتووە مام ڕێوی بگاتە ئامانج و گرتوویەتی و لەبەرچاوی کامێراکان خەریکە کوردگوتەنی بە بڕینی گوێی، ئەتکی دەکا. ڕێوی داماو، ئەتک دەکرێ، گوێی دەبڕدرێ و پاش ئازارێکی زۆر بەرەڵا دەکرێ. دیار نییە چارەنووسی مام ڕێوییەکەی شەختان بەکوێ گەیشت بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئازاردان و گوێبڕینی ئەو ڕێوییە، دژکردەوەیەکی بەرفراوانی چالاکانی ژینگەپارێز، ئاژەڵدۆست و بگرە دژکردەوەی توندی غەیرەکوردە دژەکوردەکانی چاوەڕوانی بیانووی بەدوای خۆیدا هێنا. یەک بە فارسی نووسیبووی کوردە وەحشییەکان، ڕەحم بە ئاژەڵانیش ناکەن، ئەوی دیکە نووسیبووی ئاخ مام ڕێوی، خۆزگە ڕێت دە شەختان نەکەوتبا و ئەوی تر نووسیبووی مام ڕەسووڵ دەبێ وەک ڕێوییەکە گوێی ببڕدرێ.

لێرەدا بەهیچ شێوە نامهەوێ قوورسایی باری تاوان لەسەر شانی مام ڕەسووڵ سووک بکەمەوە بەڵام ناشتوانم نەڕشێمەوە بەسەر ئەو هەمۆ بەناو ئاژەڵدۆستە درۆزنە و دووڕوویە کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی هاواردەکەن کە دەبێ مام ڕەسووڵ لەسەر ئازاردانی ئەو ئاژەڵە سزا بدرێ و گوێی ببڕدرێ، خۆیان خەریکە پارووی چەور لە خۆرشتی پڕ گۆشتی کەڵەشێر و مامر دادەگرن یا خەریکە قاشە تەمامەتە بۆ پارووە کەبابەکەیان ڕیزدەکەن. ئەوان کەسانێکن کە شەو و ڕۆژ گۆشتی ئاژەڵ دەخۆن هەر چاوچنۆکی و حەزی لەبن نەهاتوویی گۆشتخۆری ئەوان و هاوپیاڵەکانیانە کە دەشت و سەحرای کوردستانی لە مامر و کەو و بگرە بەراز و کەڵەکێوی بەتاڵ کردووە. ئەوان هەمان کەسن کە لە بەرانبەر کوشتنی کۆڵبەرەکاندا بێدەنگن کەچی لەسەر کوژرانی ئەسپەی کۆڵبەرە کوژراوەکان دێنەگۆ. ئەوان کەسانێکن بێدەنگن لە بەرانبەر ویشکبوونی گۆلی ورمێ کە لە پەراوێزیدا بە میلیۆنان جۆر ماسی و ماسیگرە و بۆق و باقۆ و مراوی و ئارتیمییا و هتد کۆتاییان دێ کەچی مرتەقیان نایە. هەر لەناو ئەمانەیدا کە هاواریان دەکرد، وا موسیبەتا، کوردە وەحشییەکان، ڕێویان بە کەژ و کێوی مەملەکەتەکەمانەوە نەهێشت، بێدەنگن لە بەرانبەر قەبرخەوەکانی شەقامەکەی پشت ماڵی خۆیان، بێدەنگن لە بەرانبەر لەسێدارەدانی ئەو ژینگەپارێزەی بۆ پاراستنی ئاژەڵان، بەهەڵە، ڕاوچییەکی قاچاخچی کوشتبوو، بێدەنگن لە بەرانبەر قەتڵوعامی سەگە بەرەڵاکانی شار لە لایەن شارەدارییەکەیانەوە و بێدەنگن لە بەرانبەر کوشتنی مرۆڤی کورد بەدەست جەللادانی تارانەوە.

مام ڕەسووڵ تەنیا قوربانی ئەو کامێرایەیە کە دیمەنی گوێبڕینی ڕێوییەکەی گرت و بڵاویکردەوە دەنا کێ هەیە نەزانێ گوند نییە لە کوردستان کە ڕۆژانە تێیدا فەرخە سەگی چاونەپشکووتووی دێڵی تازەترەکیو بە مردووی نەخرێنە ژێر گڵ؟ کێ هەیە نەزانێ کە بە هەزاران گوێدرێژی بەستەزمان، پاش ئازار و کارلێکێشانی هاوینە، بە زستانان بەرەڵا نەکرێن؟ و کێ هەیە نەزانێ سەگ نییە لە کوردستان گوێی نەبڕابێ و کلکی قووڵە نەکرابێتەوە؟

خۆلاسە، مام ڕەسووڵ قوربانی ڕوانینی ڕەواڵەتی ئێمە بۆ ئاژەڵدۆستییە دەنا کێ هەیە نەزانێ مام ڕەسووڵ و مام ڕەسووڵەکان، هەموو تەمەنیان لە بەخێوکردن و خزمەتکردن بە مەڕ و مانگا و کەڵەشێر و مریشک و قەل و هتد تێپەڕکردووە؟

با مرۆڤ و ئاژەڵ و گیا و گۆڵی نیشتمانمان خۆش بوێ. با فێر بین ڕێز لە سروشت بگرین. بەر لە هەمووی ئەمانە، با فێربین لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ سروشت درۆ نەکەین.

تێبینی: مام ڕەسووڵ، پەشیمانبوونی خۆی لەم کارەی ڕاگەیاندووە، داوای لێبوردنی کردووە، خۆی ڕادەستی بەرپرسانی پێوەندیدارکردووە و خۆزگە دەخوازێ کە قەت کاری وای نەکردبا. هەموو باوکانی ئێمە وەک مام ڕەسووڵن، با کەس خۆی نەکا بە پەپوولە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: