کوردە رۆژهەڵاتییەکان و هێژمۆنی بارزانی / عەلی کەریمی

 +  میژووی تێکەڵاویی سیاسی کوردانی رۆژهەڵات و عەشیرەی بارزانی بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆرتر زانراو، دەگەڕێتەوە سەردمی کۆمەڵەی هیوا و دواتر کۆمەڵەی ژێکاف لە مەهاباد.

لە کەسمان شاراوە نییە لە سەدەی رابردوو و پێش شەڕی عالەمی دووهەم زۆربەی شۆڕش و جوڵانەوەکانی ئازادیخوازی کورد لە ژێر فەرمان و رابەری شیخ و ئاغا و دەرەبەگ و مەلادا بووە.

کۆمەڵەی هیوا بە هۆی باوەر نەبوونی بە هێزی شار و رۆشنبیر و نوخبەی خوێندەواری خۆی لە ساڵی ١٩٤٣ ویستی ئەم راپەرین و جولانەوەیەی لە ناوچەی بارزان سەری هەڵداوە بیقۆزێتەوە و ئیستفادەی سیاسی و نەتەوەیی لێبکا و بەرگی شۆڕشی کوردی و سەربەخۆیی کوردستانی لەبەر بکا و مەلا مستەفا بکاتە مواجیهەی ئامانجی حیزبی و سیاسی خۆی. ئەوان بە ناردنی کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی خویندەوار و کارامەی جەیشی عێراق و پۆشتە بە بیری رزگاری کوردستان ویستیان ئیستغلالی رەوشی بارزان و بە کار هێنانی مستەفا بارزانی بکەن بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشیکی کوردی. ئەوان لە خۆیان رانەدەدیت وەک پێشرەوە و نوخبەی وردەبورژوای ناوشار خۆ لە قەرەی رێبەریی جوڵانەوەی کوردیی بدەن، وەک ئەوەی عادەت وا هاتبوو رێبەریی ئی پیاوی دەسترۆیشتو و خاوەن دیوەخانە و ئەم کارە بە “دم رووت” ی شاری ناکرێت و وا باشترە مەلا مستەفا وەک سەرۆک بەکار بینن و خۆیان لە پشتەوەڕا داینامۆی هەموو رەوشەکە بن!

بە حوکمی نزیکی ژێکاف و هیوا ئەم سیاسەتە لە دواتر و لە ساڵی ٤٥ و ٤٦ ژێکافی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش گرتەوە.

قازی و پیاوە ماقوڵانی ئەو کاتی سابڵاغ و موکریان کە راپەڕینی بارزان بە دەست فرۆکەکانی بریتانیا شکستی هێنا و ناعیلاج روویان لە کوێستانەکانی شنۆ و باکوری رۆژهەڵات کرد، بە هۆی نزیکیان لە سۆڤیەت و ئازەربایجان هیچ حەزیان بە هاتنی بارزانییەکان نەکرد و خۆیان لێ گێل دەکرد. کۆمەڵەی ژێکاف و سەرانی، ئەوەیان بۆ قبوڵ نەکرا و هەستان ئەندامی سەرکردایەتی ژێکاف، سەدیقی حیدەریان بە دودا ناردن و هینایانن بۆ سابڵاغ و پایتەختی کۆمار، چەند رۆژیک دواتر.

دەکرێ بگوترێ ئەمە لە یەکەم پەیوەندییە توند و تٶلەکانی نوخبە و خەڵکی موکریان و عەشیرەتی بارزان و سەرکردەیان مستەفا بارزانی بوو.

رەوتی رووداوەکانی سابڵاغ و رووخانی کۆمار و دواتر خۆبەدەستەوەدانی سەرانی کۆمار و چوونی مەلا مستەفا بۆ تاران و دواتر چوونەوەی شێخ ئەحمەد و زیاتر لە چەند هەزار ژن و مناڵ بۆ عێراق و خۆ تەسلیم کردنیان و هەروەتر چوونی مەلا مستەفا و نزیکەی ٥٠٠ کەسی تریان بۆ سۆڤیەت زۆر بە خێرایی و کەمتر لە چوار مانگ روویان دا.

لە ماوەی ١١ ساڵی مانەوەی مەلا مستەفا لە سۆڤیەت نوخبەی سیاسی و رۆشنفکری کوردی بە تایبەت ئی رۆژهەڵات و باشور بە هۆی خەیاڵ و خۆشباوەڕی و پاڵەوان دروست کردن، سەدان داستانی داتاشراویان لە بارزانی و هەڤاڵانی لە سۆڤییەت دروست کرد و هەر ئەو نوخبەیەی لە شەستەکاندا شەڕیان لە گەڵ کرد، بارزانیان کردە قارەمانی میللی و بەهۆی کەریم قاسم کە سەلتەنەتی لە عێراق رووخاندبوو بە پێشوازێکی زۆر گەرم گەڕاندەوە عێراق.

ئەوەی توێژی سیاسی و خوێندەواری باشور لە شەستەکانی سەدەی رابردوو چی کرد و چۆنی بە عەشیرەت و خێڵ دۆڕاند، زۆری لەسەر گووتراوە و بە دەیان کتێبیشی لەسەر نووسراوە و باسەکەی من لێرەدا ئەوە نییە. باسی من هێژمۆنی بارزانییە لە سەر کوردانی موکریان نەک هەمووی رۆژهەڵات.

هێچ پێویست بە زۆر گوتن ناکا کە باسی بارزانی و کوردەکانی رۆژهەڵات دەکرێ زۆر بە کەمی و بە تاقە تاق کوردی خواروو واتا سنە و کرمانشان و کامیاران و ئیلام و … دەگرێتەوە، ئەوەی زۆرتر ئەمڕۆکە لە ژێر چەشنێک هێژمۆنی بارزانیدا خۆی دەبینێتەوە توێژێکی زۆر دیار و تاریفکراوی ناوچەکانی سابڵاغ و بۆکان و خانێ و باکوری رۆژهەڵات و بە کورتی موکریان دەگرێتەوە.

ئەو ناوچانەی بە حیسابێک پێشتر لانکەی ناسیونالیزم یان کوردایەتی یان مەکۆی حیزبەکەی پێشەوا و دیمۆکرات بوون.

زۆربەی رێبوارانی پێشەوا و حیزبی دیمۆکرات بە دوای نەمانی کۆمار و قازی خۆیان لە چوارچێوە و ژێر رکێفی حیزبی تودەی ئێراندا دیتەوە، ئەوان دەیانگوت ئیتر کوردایەتی باوی نەماوە و هەموو دەبێ لە ژێر رێبەریی حیزبی تودەی نەتەوەی سەردەست خەبات بۆ رزگاری ئێران و کرێکاری جیهانی بکەی، باسی کوردبوون بڤە و دواکەوتوویی بوو، دواتر جگە لەمانە حیزبگەلی وەک کۆمەڵە و چریک و ئەوانەش کە هاتن سەد قات عەیبە بوو باس لە کورد بوون و ناسیۆنالیزمی کوردی. هەڵبەت مرۆڤی وەک ئەحمەد تۆفیق هەمان عەبدوڵا ئیسحاقی نابێ لە بیر کرێت کە لە پێناو کوردایەتی و مەلا مستەفا بوو بە بەلای گیانی هاوڕێیانی لە حیزبی دیمۆکرات و ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوو.

سەرکردایەتی شۆڕشی باشور بە رابەری مەلا مستەفا توانیی بە پشت بەستن سەردمێک بۆ حکومەتەکانی بەغدا و سەردمێک شای ئێران هەموو نەیارانی خۆی لە ناو بەرێت یان سڕیان کات، بە شۆڕشگێڕانی وەک سولەیمان موعینی و هەموو سەرکردەکانی ساڵانی ٦٧-٦٨ی رۆژهەڵات و تەنانەت خودی ئەحمەد تۆفیقیش. ئەمانە هەموو لە پێناو نەک بەرژەوەندی حیزبی بەڵکۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و عەشیرەتی بارزاندا کرا و بە دەیان رووناکبیر و نوخبەی رۆژهەڵاتی بۆ رازیکردنی دڵی شای ئێران لە ناو چوون و دەیان شەڕی براکۆژی لە باشور قەوما لە پێناو ‌هێژمۆنی ئەم عەشیرەتە و چەند شۆڕشگێری کوردی باکوریش سەریان لەسەر دانا. هەمووی ئەم کارەساتەی بەسەر رەوتی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی هات لە سەدەی رابردوو، زۆربەی لە بێ کیفایەتی و بێ ئیرادەیی و چەواشەبوونی نوخبەی کوردی باشور و رۆژهەڵاتەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەوان بۆ خۆ دەرخستن و ئەجێندای بێگانە، بوون بە کۆتری ئاشتی و کەوا سوری بەرلەشکری نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک، خۆیان گوتەنی لە هەر ئێرانێک ئێرانیتر بوون و خەباتی وان بۆ رزگاری چینی کرێکاری ئێران و تورک و عەرەبە و کوردبوون ئەوە ناهێنێت پشت لە خەباتی جەماوەری ئەم وڵاتانە بکەین و تەنانەت زۆر بە کەم بوونیان دەزانی خۆیان وەک کورد بناسێنن، نووسین و قسەکانیان بۆ ئەوەی مۆرکی کوردبوونی لێ نەدرێت زۆربەی وشەکانیان فارسی و عەرەبی و تورکی بوو.

بە کورتی نوخبە و رۆشنبیری کوردی بە دوو دەستان کوردایەتی و ناسیۆنالێزمی کوردیان دووبارە تەسلیم بە خێڵ و عەشیرە و دەربەگ کردەوە و خۆیان لەوە پێ زۆرتر بوو خەریکی کارێکی وا “پەست و دواکەوتوانە” بن.

عەینی داستان لە سەردەمی ئێمە و شۆڕشی نوێی باشور و رووخانی شای ئێران و هەڵگیرسانی شۆڕش لە رۆژهەڵات هاتەوە کایە. حیزبی شیوعی عێراق کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد بوون تا سەردەمێکی درەنگ لە جبهەی حیزبی بەعسدا بوون، دواتر چوونە بەرەی جود و شەڕی شۆڕشی نوێی کوردیان لە باشور کرد. عێراقچێکانی ناو شۆڕش هەڵایان نایەوە و نفاقی گەورە هاتە ئاراوە، کوردانی رۆژهەڵات حیزبەکەی قازی کە تازە لە تاراوگە هاتبوونەوە وڵات، تاقمی شۆڤێنی حیزبی تودەیان کە لە بنەوە لە گەڵ خۆمێنی و کۆماری ئیسلامی پەیمانیان بەستبوو کردە رێبەر و رێنیشاندەری خۆیان و لایەکیان لێ جیا کردەوە بە ناوی کۆنگرەی چوار و تەسلیم بە سپای پاسدارانیان کرد، رەحمەتی دوکتور قاسملو کە ئەمڕۆ یادی شەهید بوونێتی نەبا هەموو حیزبەکەیان لە گەڵ خۆ رادەستی حیزبی تودە دەکرد.

چریکی فیدایی کە بە هۆی رادیکاڵ بوون و شۆڕشگێری لە زەمانی شا بەشێکی بەرچاوی لە لاوان و خوێندەواری کوردی لە گەڵ کەوتبوو لە هەڕەتی گەرمی شۆڕش لە رۆژهەڵات هەمووانی تەسلیمی پاسداران کرد بە بیانووی شەڕی نیشتمانی ئێران لە گەڵ عێراق و هەموو رەوانەی جبهەی شەڕ کران، برا هەبوو لە جبهەی شەڕی ئێران و عێراق لە ژێر رابەری چریک و تودە و کۆنگرەی چوار دەجەنگا و براکەی تر لە ریزی پێشمەرگەکان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان دژی پاسدار و بەسیج دەجەنگی!

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی مائویستی کە بە مودەیەکی زۆر کەم زۆربەی نوخبە و خوێندەواری شارەکانی رۆژهەڵاتی کۆ کردەوە لە ناکاو و بە فڕێک هەرچی خەرمانی کوردی و ئازادیخوازی بوو بە ئەمرێکی سەرۆکەکانی کۆمەڵە کە زۆربەشیان ئاغا و دەربەگی بۆکان بوون تەسلیم بە مەنسور حیکمەت و چەند مناڵە ورکە کران و خۆیان لێ گیڤ کرد بۆ رزگاری پرولیتاری ئێران و رابەریکردنی کرێکارانی تاران و شیراز.

کە دەڵێم کوردانی رۆژهەڵات هەڵبەت مەبەستم ئەم تاقمانەن کە بەهۆی رابردووی دۆڕاو و لە دەستچوویان و ئابرووچوونی رابردوویان کە دەرحەق بە گەیشتنی مافەکانی کورد و چەواشەکاری فیکرییان کردووە. ئەوانە ئەو نوخبەیە بوون کە بە نووسراو و وتار کە بە خۆشییەوە هەمووی ماوە و بەڵگە نەویستە جادە و بانیان دێنایە لەرزین بۆ لە قاودانی “قیادە موقتە گورگە لەناو میللەتا” یان نووسینی کتێب و دەیان لاپەڕە لەمەڕ “خیانەتەکانی قیادە موقت” و هەڵگیرسانی شەرێ براکان لە هەر دوو دیو.

سەیرە ئەمڕۆکە لە رۆژهەڵات زۆربەی ئەوانەی بە بێ فوو لە دۆ کردن هیژمۆنی بنەماڵەی بارزانیان بە دڵ و گیان قەبوڵ و فەرز کردووە بە سەر خۆیاندا، یان بۆ سپی کردنەوەی رابردووی پڕ لە شەرمەزاریی خۆیان پەنایان بۆ ناسیۆنالیزمی دەربەگی هێناوە یان بۆ ئیستفادەی مادی لە هەولێر و ئوردوگاکانیان لە باشوری کوردستان زۆر ناشیانە و لە بیرکردنی رابردوویان پەنا دەبەنە بەر ماڵباتی بارزانی، ئەوانە کێن و بۆچی وا گەرم داهاتوون و بە رۆژی رووناک خوڵ دەکەنە چاوی خەڵک و جەماعەتی سادەی خۆیان؟!

کوردی رۆژهەڵات زۆربەیان خوێندەوارن و ئەمڕۆکە لە گەڵ سیاسەتی هیج کام لە حیزبەکانی باشور و رۆژهەڵاتدا نین، ئەو راستییە زۆر بە روونی و سادەیی بە چاوخشاندنێکی خیرا بەسەر فەیسبووک و جەماعەتی گەشتیار کە دێنە دەرەوە دەردەکەوێت.

بەشێک لە ئەوانەی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان لە خەڵکی رۆژهەڵات دەروێش ئاسا و بێ لۆجیک و لێکدانەوە و خوێندنەوەی کتێب و مێژوو بەرگری لە ماڵباتی بارزانی دەکەن، بەراستی زۆر سادە و هیچ نازانن، تەنیا ئەوەنە نەبێ عاشقی سەربەخۆیی کوردستانن و هەرئەوەندەی تێدەگەن کە هەرکەس سەربەخۆیی بێنێت ئەوان نۆکەری دەکەن و دەروێشی دەبن. هۆکاری ئەوانە کەمترخەمی نوخبە و رۆشنبیر و گەیاندنی زانیارییە بە نەوەی نوێ.

بەشێکی تر ئەو ماڵوێران و موفلیسانەن کە لە سەردەمی شۆڕشی ئێران و هەڵگیرسانی شەڕی پێشمەرگایەتی لە جیاتی هاتن بۆ بەرەی خەڵک و پێشمەرگە تووشی داوی خومێنی دژی ئەمپریالیست و دەزگای جاسوسی “ک گ ب” بوون و تا سنوری جاشێتی و سیخوڕیکردن بە سەر خوشک و براکانیان لەناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونە پێش و بە دەیان خوشک و برای پێشمەرگەکانی دیمۆکرات و کۆمەڵەیان تووشی راوودوونان و دەستبەسەری و زیندان و سێدارە کرد، ئەوانە تاقمی کۆنگرەی چوار، چریکی فیدایی، تودەیی و توودەکراتەکانی ساڵانی بیدایەتی هەشتاکانی سەدەی رابردوون و دواتر دوای ئەم هەموو خزمەتکردنەی بە کۆماری ئیسلامی و خومێنیان کرد هەر رەحمی پێ نەکردن و کە کاری پێیان نەما وەک دەسری کاغەز فرێیدان. یان ئەو کادر و پێشمەرگانەی حیزبی دیمۆکراتن کە لە رۆژگاری سەختی پێشمەرگایەتی و بەهۆی تاقەت نەهێنان یان ساردبوونەوەیان بە هۆکاری سیاسەتی غەڵەتی رابەری تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی بوونەوە و ئێستا لە ئوروپا و رۆژئاوا پاڵیان لیداوەتەوە و رابردوویان بە لایەنگری بارزانی لە بیر خۆ و خەڵک دەبەنەوە.

ئەوانە ئەمڕۆ بۆیە لایەنگری پارتی و بارزانی دەکەن، مەسەلێک هەیە کە زۆرتر بۆ خەڵکی ئینهازی و بێ چاوەڕوویە، دەڵێ: ” هەزار قەزوان بخۆی بە گوێزێک دەتگرمەوە” رێک ئەوانە وان، بۆ روو سپی کردنەوەیان، خۆیان هاویشتۆتە پشتی ماڵباتی بارزانی کە گۆیا سەرچاوەی کوردایەتی لە وێیە و ئەوە ئەوانیش بە پەناو پشتی بارزانی ئەوە نییە کوردایەتی دەکەن و پیێان وایە ئیتر رابردوو وا بە ئاسانی وەک پارەی رەش دەشۆرێتەوە! هەڵبەت لە بیرمان بێت تاقمی جاش و ئەنفالچییەکانی باشوریش هەر ئەمە شمولیان دەکا.

توێژێکی دی لە رۆژهەڵات کە خۆیان لە پشت بارزانی هاویشتوە ئەمانەن لە لە ساڵانی بیدایەتی شۆڕشی رۆژهەلات بێ غیرەت و ترسەنوک بوون و دەزانن هاورێکانی هاوپۆلیان چۆن ئازایانە روویان لە بەرگری کوردستان و پێشمەرگایەتی کرد و هەموو خوێندن و ژیانی خۆشییان فیدا کرد و ئەوانیش سەری خۆیان دانەواند و سەرشۆڕیان هەڵبژارد و لە پەنای ئەم سەرشۆڕیی و ترسەنۆکییەش و ملدان بە کۆماری ئیسلامی لە زانکۆکان قەبوڵ کران و ئیستاش خاوەن شەهادە و مەدرەکن و بۆ کوردایەتی کردنەکەش ئەوە ئیتر لە پشت هەرە باوکی “گەورەی” کوردایەتی مەسعود بارزانی وەستاون و ئەوانەش کە لە راستی رابردوویان دەزانن ناوێرن خۆیان لێ بدەن!

توێژێکی تر ئەوانەن کە سەردەمێک تۆی دژە بارزانی و قیادەموقەتەیان چاند، واتە رێبەرانی بەشێک لە کۆمەڵە و دیمۆکرات، بۆ ئەم بۆچوونەم بەڵگە یەکجار زۆرە و پێویست بە درێژکردنەوەی وتارەکەم ناکا، چاوخشاندنێک بە ئەدەبیاتی ساڵانی ٨٠ی سەدەی رابردووی دیمۆکرات و کۆمەڵە شریتی فیلمێکی حاشا هەڵنەگرە لە دژایەتی ئەم توێژە لە ماڵباتی بارزانی.

کۆمەڵەکان نە تەنیا باسی خیانەت بگرە لە روانگەی چینایەتیش بە هیچ کلۆجێک قەبوڵی ئەم بنەماڵەیەیان نەدەکرد و بە دوژمنی سەرەکیی کورد و چینی کرێکار و زەحمەتکێشیان دەزانین، ئەوان لە روانگەی رزگاری نەتەوەییش هەر پێیان وانەبوو کە بنەماڵە و چینی دەربەگ توانای رزگاری نەتەوەییان هەیە.

دیمۆکراتەکان بە سەرکردایەتیی دوکتور قاسملو و هەروەتر کۆمەڵەکان تەنانەت داوای دەرکردنی سەرانی قیادوموقتیان دەکرد و پێیان وابوو بەکرێگیراوی تارانن و خەریکی سیخوڕی و لەناوبردنی شۆڕشی کوردن لە رۆژهەڵات و گلەیی شەهید کردنی موعینێکان و شکانی شۆڕشی ٦٧-٦٨یان هەر هەبوو، ئەوان پێیان وابوو مەلا مستەفا بە بەکار هێنانی ئەحمەد تۆفیق دوکتور قاسملو و کەریمی حیسامی لە عێراق دەر کردوون و ئەحمە تۆفیقی بەکار هێناوە بۆ دژایەتی حیزبی دیمۆکرات و کوردانی رۆژهەڵات لە شۆڕشی ئەیلول.

بەشێک لە لایەنگرانی دیمۆکرات و کۆمەڵەکان زۆرتر خەڵکی موکریان ئەمڕۆکە وەک فالانژ لە تۆری کۆمەڵایەتییەکان و لە هەولێر بەرگری لە سیاسەتەکانی دیکتاتۆرمەئابانەی ماڵباتی بارزانی دەکەن بە بیانووی ئەوەی سەربەخۆیی کوردستانیان بە دیاریی بۆ دێنن، بیریان چووەتەوە ئەوانەی قسە لە کوردایەتی و نەتەوەیی بوون دەکەن هەر ئەوان بوون چەندجار بۆ نیازە گڵاوەکانی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی مادی و بنەماڵەیی کوردی رۆژهەڵاتیان بە رۆژی رووناک فرۆشت و سەودا و مامەڵەیان پێوە کردن، دروشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە وڵاتێکی ئوروپی و رۆژئاوایی و هاواری سەربەخۆیی لە پشت لاپتۆپەکان و هەوایەکی خۆش و سازگار هیچی تێ ناچێت و ئیبرزا کردنی نیاز و حەزەکانیانە لە غوربەت، بەداخەوە ئەو توێژەی کە بۆی هەڵکەوتوە و لە وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوا دەژین، دەبوو لە عاستی عیلم و مەعرەفەت و زانیاری و لۆجیک زۆر لە سەروو بان و حەولی ئەوەیان دابا بەر پرسیار بن لە بەرامبەر نەوەی نوێ و گەیاندنی زانیاری و سیاسەتی دروست، بەداخەوە توێژێکی کەمیان ئەوندە نەخوێندەوار و دەروێش و بێ بنەمان دەبێ هەزار رەحمەت بۆ نەخوێندەوار و پاڵە و جوتیارەکانی بەر تینی خورەتاوی کوردستان بنێرین!

بەڵام توێژی سەرکردە و کادری پێشکەوتووی حیزبەکانی رۆژهەڵات، (کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی لێدەرچێت) زۆربەیان کە من لە نزیکەوە لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوو هەستان و دانیشتنم لە گەڵا کردوون، حەقیقەت ئیفلاس و ماڵوێرانی سیاسی و حیزبین و دوور کەوتوونەوە لە میللەتی خۆیان، بەرێوەچوونیان بە تایبەت دوای نەخۆشیی مام جەلال لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی یەکێتی زۆر زەحمەت بووە و تا رادەیەک بێناز بوون، ئەوانە بۆ رازی کردنی جەماعەتی ئۆردوگا پەنا بۆ هەموو کەس و لایەنێک دەبەن، جاران شەخسی مام جەلال زۆری پێ نەدەدان، بەڵام نەشیدەهێشت بکەونە موحتاجی و گیانەڵایە، بۆیە ئێستا رابردوویان بە تەوای لە بیر خۆیان بردووەتەوە و یەکسەر گێڕیان گۆریوە و زۆر بە شەرمەوە پەنایان بردووە بۆ دیوەخانی ماڵباتی بارزانی و ئەوانێش بە خۆڕایی هیچ کۆمەک و یارمەتێکیان تا ئێستا بە کەس نەکردوە، دەبێ چیان گوت بیکەی دەنا یەکسەر بۆ دەرەوە. حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دۆخی دووری لە خەڵکدا دەژین و ئێستا تەنیا ئومێدیان وڵاتانی سەعودی و خەلیج و ماڵباتی بارزانییە، بۆ ئەم کارەش دەبێ هێژمۆنی ئەم سەرۆک و ماڵباتە قبوڵ بکەن. بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێ و بیر پارتی و بارزانی بخرێتەوە، دەبێ دڵنییا بن ئەوانەی باسم کردن هەموو کوردی رۆژهەڵات ناکات، ئەمانە دەرسەدێکی زۆر کەمی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتە و ئەم تاقمانەن یان وەک بازرگان سیاسەت دەکەن یان ئەوەتا ماڵ وێران و شکستخواردووی دۆینێی مەیدانی کوردایەتین کە بە خۆشییەوە ئەوەندە کەمن بە دەرسەدیش حیساب ناکرێن و زۆربەیان لە کونجێکی وڵاتانی رۆژئاوا ماڵوێران و ئیفلاس و سواڵکەری ئەم وڵاتانەن و زۆربەیان بە دەست نەخۆشی نەفسی و رەوانی و هەڵنەکردن لە گەڵ ژن و مناڵیان بە سەرخۆشی و مرۆڤی گەندەڵ و ئەنگەل و مەسرەفی چاوەڕێی مەرگی بە ئازارن، کوردایەتی و خۆ هەڵاوەسین بە ماڵباتی بارزانی بۆتە ئامرازێک بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانی شکستیان چ لە رابردوو و چ لە ژیانی کۆچبەریان.

کوردی رۆژهەڵات ئەمڕۆکە چاوکراوە و بە فەرهەنگ و پێشکەوتوون، هەر ئەوەی کە راکێشی ئەحزابی دۆینێ نابن و خۆ لە قەرەی زۆر باسی سوک و بێ مستەوا نادەن بەڵگەی تەواوە بۆ ئەم ئیدعایە، چەند سەد کەسێکی بەکرێگیراوی سەر سایت و نوێنەری حیزبەکان لە هەوڵێر دەبێ زۆر باش بزانن نابنە زمانحاڵی کوردی رۆژهەڵات و پارتی و بارزانیش دەبێ ئەم راستییە بزانن وا بە ئاسانی بە کۆیلە کردنی چەند حیزب و ساویلکەیی چەند بەکار هینەرێکی بێ مستەوای فەیسبووکی ناکرێت هێژمۆنی پێ چێ کرێت بە سەر کوردی رۆژهەڵات.

 

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

w

Connecting to %s