کورد ئایدڵ و بنیاتنانی نەتەوە – مراد حەکیم

مراد حەکیم دکتۆرا لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەلاحەددین

بەر لە ماوەیەک لە والی فەیسبووکەکەم نووسیبووم “کورد ئایدڵ بەرنامەیەکی گرنگە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی”؛ ئەم ڕستەیە کەمترین لایک و کۆمێنتی بەدوی خۆیدا هێنا. دوو کۆمێنت سەرنجیان ڕاکێشام، کە کۆمێنتی دوو کۆمەڵناس بوون. لە کۆمێنتەکاندا هەردووکیان سەرسووڕمانی خۆیان لەم دەربڕینە پیشان دابوو. ئەوان وەک بەرنامەیەکی هونەریی ئەبستراکت تەماشای کورد ئایدڵ دەکەن و لەو باوەڕەدا نین ئەو بەرنامەیە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی گرنگ بێت. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ئەو گریمانەیە تاووتوێ بکەم.

ئەم بەرنامەیە لە دیدی خەڵکێکدا بریتییە لە کارێکی هونەریی پەتی و، بۆ ئەوانە گرنگ نییە چیی لێ دەکەوێتەوە؛ ئەوان تەنیا چێژی لێ وەردەگرن و کاتی دەستبەتاڵییان پێ پڕ دەکەنەوە، وەک بەرنامە هونەرییەکانی دیکە. ڕەنگە بەشێکی خەڵکی کوردستان وەک پێگەیشتنی کۆمەڵێک دەنگی نوێ تەماشای بکەن و، کەسانێکیش وەکوو ئەستێرەسازی لێی بڕوانن. لە لایەکی دیکەوە، بۆ کەسانێک ئەم بەرنامەیە جگە لە لاساییکردنەوەیەکی ڕۆژاوایییانەی بێمانا، یان مانادار شتێکی دیکە نییە. بە لای کەسانێکیشەوە (کە نابێ ژمارەیان زۆر بێ)، بەر لە هەموو شتێک خزمەتکردنە بە بەرهەمەکانی سەرمایەداری. ئەوانەیش کە لە بنەڕەتدا دژی زۆر لە کارە هونەرییەکانن لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا، نابێ نادیدە بگیرێن. ئەم گرووپەی خەڵک قەبارەی تا ڕاددەیەک گەورەیە؛ هەموو ئەوانەن کە کاریگەرن بە ئیسلامی سیاسی و، دژی گۆرانی و موزیکن. ئەم ڕەوتە، لە زیادبووندایە. بەڵام کورد ئایدڵ بۆ من جگە لەوەی بەرەوپێشبردنی هونەری کوردییە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ لەیەکترنزیککردنی کورد و کۆکردنەوەیان لە دەوری بابەتێک و دروستکردنی کارلێکی سیمبۆلی لە نێوانیاندا.

 

لەم وتارەدا دەمەوێ بەکورتی تیشک بخەمە سەر پەیوەندیی نێوان کۆمەڵناسی و هونەر لە لایەک و، بەرنامەی کورد ئایدل وەکوو بەرنامەیەکی هونەری، کە سەرەڕای ئەرکە هونەرییەکەی لە خزمەتی بنیاتنانی نەتەوەدایە لە لایەکی دیکەوە. پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگه‌ و هونەر لەمێژە جێگەی بایەخی زانا کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و کۆمەڵناسان بەتایبەتی بووە. ئەگەر هونەر بە بەشێک لە که‌لتوور لە قەڵەم بدەین، هەمیشە جێگەی بایەخی کۆمەڵناسی بووە، بەتایبەتی کۆمەڵناسیی کلاسیکی، چونکە هەروەکوو “جێفری ئەلێکساندەر” دەڵێت: “بە چاوپێداخشاندنێکی خێرا بە کاری سۆسیۆلۆژیستەکانی سەدەی نوزدە و سەرەتای سەدەی بیست، دەبینین هەموویان لە داهێنانی شێوازەکانی تێگەیشتنی که‌لتووردا بەشدار بوونە…” لە سەرەتادا کۆمەڵناسی تەنیا دیراسەی ژیانی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکوو دیراسەی ژیانی که‌لتووریش بوو. بۆیە بە خوێندنەوەی مارکس، ئەلفرێد ڤێبەر، ماکس ڤێبەر، دورکایم و زیمل و… بایەخی که‌لتوور و بەرهەمە که‌لتوورییەکان هەست پێ دەکەین. بەڵام ئەگەر خۆمان لەو تێڕوانینە دوور بگرین کە دەمانباتەوە سەر که‌لتوور و، هەندێک وردتر تەماشای ئەو پەیوەندییە بکەین، دەبینین کە کۆمەڵناسانی سەرەتا کەمتر بە لای هونەردا چوونە. دورکایم ئاوڕێکی سادەی لە هونەر داوەتەوە و، تەنیا لە پەیوەندیدا بە تەوتەمیزم ئاماژەی پێ کردووە و، ماکس ڤێبەریش تەنیا وتارێکی لەبارەی موزیکەوە هەیە، کە دوای مردنی ئەو بڵاو بووەوە. ڤێبەر لەو وتارەدا جیاوازی لە شێواز و جودایییەکانی موزیک، دەگەڕێنێتەوە بۆ مێژووی عەقڵانییەت و سەرچاوە تەکنەلۆژییەکانی. بەڵام بۆ زیمل بەو جۆرە نییە. گیورک زیمل کە هاوسەردەمی ڤێبەر و دورکایمە، کەمێک سنوووری توێژینەوەی لەو بوارەدا بردە پێشەوە. لە نووسینەکانیدا لەبارەی ڕامبرانت، مایکل ئەنجلو و ڕوودان هەوڵی دا گونجانی کومەڵایەتیی هونەر ڕوون بکاتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندیدا لەگەڵ مەسیحییەت. بە شێوەیەکی تایبەتیتریش گونجانی لە نێوان حەزی هونەریدا، گەڕاندییەوە بۆ شێوە ڕێکوپێکەوە گونجاوەکان و شێوەکانی فەرمانڕەواییی چەوسێنەرانە و کۆمەڵگه‌ سۆسیالیستییەکان. هەروەها، لە نێوان تاکگەرایی و جۆرەکانی لیبڕاڵییەتی دەوڵەت و کارە هونەرییە بێزراوەکاندا پەیوەندیی دروست کرد.

هەڵبەت هونەر جێگەی بایەخی ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسووفانیش بوو (هەر لە زووەوە)، چ لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵگه‌ و، چ وەک جوانناسی. سەرەتا کە فەیلەسووفان بایەخیان بە هونەر دا، ئەوەی کە زیاتر لە شتەکانی دیکە سەرنجی ڕاکێشان، ئەو کاریگەرییە بوو کە هونەر دەکاتە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەفلاتۆن شاعیران لە یۆتۆپیاكه‌ی دەردەکات، چونکە وەک مەترسی دەیانبینێت. دواتریش پاش چەند سەدەیەک، باوکانی کلێسا سەرنجڕاکێشییە هەڵخەڵەتێنەرەکانی هونەریان مەحکووم کردن بەوەی، دەبنە هۆی درەنگخستن، یان ڕێگر لە بەردەم بەدیهاتنی شاری خوا.

بایەخدانی کۆمەڵناسان بە هونەر لە ئاستی پێویستدا نەبووە و، شوێنگەی کۆمەڵناسیی هونەر لە نێوان لقەکانی دیکەی کۆمەڵناسیدا هێشتا زۆر نزمە. بەپیێ توێژینەوەیەک لە ئیتاڵیا لەناوەڕاستی نەوەدەکان، دەرکەوت بەشداریی ئەو کایەیە لەناو بەرهەمە کۆمەڵناسییەکاندا لە ٠.٥%  (ئەوە ڕێژەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانە لە بارەی هونەرەوە) تێپەڕ ناکات. ئەوەیش پێمان دەڵێت کە بایەخی ئەم زانستە لەگەڵ قەبارە چەندێتییەکەی نایەتەوە، وەک ناتالی ئیبیک بۆی چووە.

مێژووی که‌لتووری، بناغەدانەری سەرهەڵدانی کۆمەڵناسیی هونەرە. مێژوونووسە ئینگلیزەکانی هونەر، وەک جۆن ڕوسکن و ولیام مۆریس، بایەخیان بە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی هونەر و  هونەرە پراکتیکییەکان دا. لە فەڕەنسا “گوستاف لانسۆن”، کە یەکێک بوو لە نزیکەکانی دورکایم، ئاراستەیەکی کۆمەڵناسییانەی بە مێژووی ئەدەب بەخشی. لە سەدەی بیست، مێژووی که‌لتووریی هونەر بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا و نەمسا لە ماوەی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا.  ئێرفن بانوفسکی سەرەتا لە ئەڵمانیا و دواتریش لە ئەمریکا، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا خەباتێکی زۆری لەو بوارەدا کرد. بانوفسکی هەرگیز خۆی وەک کۆمەڵناس نەناساند، بەڵکوو ئەوە “بۆردیو”یە کە دەیهێنێتە ڕیزی کۆمەڵناسانی هونەر لە ڕێگەی نووسینی پێشەکییەک بۆ کتێبە وەرگێڕدراوەکەی بۆ سەر زمانی فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٦٧. دەبێ لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە کۆمەڵناسیی هونەر لەسەر دەستی ئەو کەسانە سەری هەڵداوە، کە کاریان لە بواری جوانناسی و مێژووی هونەردا کردووە.

کەلەپووری مارکسی زۆر خزمەتی بە کۆمەڵناسیی هونەر کردووە. مارکس بۆ خۆی زۆر کەم بایەخی بە هونەر داوە؛ تەنیا لە کتێبی بەشدارییەک لە ڕەخنەی ئابووریی سیاسیدا هەندێک پەرەگراف لە بارەی هونەرەوە دەبینرێن. بەڵام پلیخانۆڤ توانیی ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە؛ بەوەی هونەر دەکات بە بەشێک لە  سەرخان و، دەیبەستێتەوە بە ژێرخان و باری ئابووری و ماتریالی کۆمەڵگه‌. دوای جۆرج پلیخانۆڤ، زانای بولگاری، جۆرج لوکاچ دێت و تێڕوانینێکی نەرمتر و کەمتر ئامێرییانە بەو پەیوەندییە دەبەخشێت و، پێی وایە کە ستایلی ژیان لە هەر سەردەمێکدا پەیوەندیی نێوان بارودۆخی ئابووری و بەرهەمی هونەری دەستنیشان دەکات. لە کتێبەکەیدا “مێژوو و هۆشیاریی چینایەتی”، باس لە هونەر دەکات لە دروستکردنی هۆشیاریی چینایەتی لە لای چینی کرێکار.

هەر لە درێژەی کەلەپووری مارکسیدا، دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی گەورەی “قوتابخانەی فرانکفورت” بکەین. ئەوان بە پشتبەستن بە چەمکی گیۆرگ لوکاچ، “گشتخوازیی کۆمەڵایەتی” و نووسینەکانی فرۆید، پرژانە سەر هونەر، کە بە پشتبەستن بە کارەکەی ئەریک فرۆم، تێکەڵکێشکردنی مارکسیزم و فرۆیدیزم، بووە بەردی بناغەی توێژینەوەکانی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر لەبارەی که‌لتووری جەماوەری. ئەوان پێیان وابوو کە بەرهەمە که‌لتوورییەکانی وەک کتێب، تابلۆ هونەرییەکان و بەرهەمە موزیکییەکان لە سەدەی نۆزدە هێندە ملکەچی سیستەمی سەرمایەداری نەبوون، بەڵام لە سەدەی بیست بە هۆی پیشەسازیی قازانجەکانەوە بەتەواوی کەوتوونەتە داوی قازانجەوە. ئەوان پێیان وایە لە سەدەی بیست، بەرهەمە که‌لتوورییەکان تەنیا لە پێناو بەکاربردندا بەرهەم دێن و، تاکە بەهایان بەهای ماددییە و چەندە پارە دەکەن، نەک بەها هونەرییەکە. یەکێکی دیکە لەوانە “ڤالتەر بنیامین”ە، کە ئەویش خزمەتێکی گەورەی لەو بوارەدا کردووە.

مرۆڤناس و کۆمەڵناسی فەڕەنسی، “ڕۆژێ باستید”، لە کتێبەکەیدا، هونەر و کۆمەڵگه‌”، بەدرێژی لە پەیوەندیی نێوان هونەر و کۆمەڵگه‌ دەکۆڵێتەوە. باستید پێی وایە کایەیەکی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵناسی و جوانناسیدا هەیە، کە ناتوانین بەئاسانی پشکی کارە کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان تیایدا لە یەکتر جیا بکەینەوە، چونکە ئەو دووانە ئاوێتەی یەکتر بوونە. ئەم فۆرمانە دیاردەگەلێک بەرهەم دەهێنن کە بە هونەرەکانی کۆمەڵناسانە ناو دەبردرێن. وەکوو جادوو، ئایین، زمان و، نیشانە خێزانی، خێڵەکی و نەتەوەیییەکان و هتد.

زۆر كه‌سی دیكه‌ لە بواری کۆمەڵگه‌ و هونەردا کاریان کردووە، وەک: ئارنۆڵد هاوزەر، لویس گۆڵدمان، هێربەرت ڕید، جانیت وۆلف، ناتالی ئیبیک، ژان دۆڤینیۆ، پییەر بۆردیو و هتد. لە ئێستادا تاکە گوڤارێک کە تایبەتە بە کۆمەڵناسیی هونەر لە فەڕەنسا دەردەچێت و، هێندەی من ئاگاداریش بم، فەڕەنسییەکان زۆرترین پشکیان لەو لقە زانستییەدا هەیە. کارەکانی ئەو توێژەرانەی لە سەرەوە ناویان هات، هەموویان دەچنە بواری کۆمەڵناسیی هونەر و، دەکرێ توێژەرانی ئێمەیش بە پشتبەستن بەو سەرچاوانە و میتۆدەکانی توێژینەوەیان، ئاوڕێک لە کاریگەریی هونەری کوردی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا، بدەنەوە. هەموومان دەزانین کە گۆرانی و موزیک، توانییان لە کوردستانی باکوور بەر بە لەناوبردنی زمانی کوردی بگرن. دەزانین کە هونەرمەندانی کوردستان بە گۆرانییە شۆڕشگێڕییەکانیان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کۆڕی خەباتیان لە چیاکان گەرمتر دەکرد و، لەناو شارەکانیش کاسێتەکانی “شڤان پەروەر” و “محه‌مەد جەزا” گەنجانیان بەره‌و چیاکان پاڵ پێوە دەنا. هەڵبەت “کۆما بەرخودان”یش لە باکوور هەزاران گەریلای دروست کرد. ئەم حاڵەتە تەنیا تایبەت نییە بە کۆمەڵگه‌ی کوردی، بەڵکوو لە زۆر کۆمەڵگه‌دا لە قۆناغی مێژووییی جیاوازدا هونەر نیشانەی ڕێککەوتن و هاوبەستەییی کۆمەڵایەتی بووە. لە پۆڵەندای داگیرکراودا، ئەوەی بووە هۆی یەکێتیی نێوان وڵاتپارێزان، ئەدەبیات و وێنەکێشی بوو؛ کە ڕۆحی نەتەوەییی پاراست و، بەره‌نگاری توانەوە لەناو که‌لتووری داگیرکەران بووەوە. هەموومان بەردە ڕەنگکراوەکانی پیرەرمان (پیرەر گوندێکە دەکەوێتە نێوان کۆیە و دیگەڵە، کۆبوونەوەکانی ئاشتەواییی پارتی و یەکێتی لەوێ ئەنجام دەدران) لەیادە لە نێوان کۆیە و دیگەڵەدا، کە هونەرمەندێکی وێنەکێش بۆ کۆتاییهێنان بە جه‌نگی براکوژی لە باشوور لە قڕچەی هاویندا خەریکی ڕەنگکردنیان بوو.

هونەری کوردی بەگشتی و، گۆرانی و موزیک، دەشێ بابەتی لێکۆڵینەوە بن بۆ ئێمە. چی وا دەکات هەر ناوچەیەکی کوردستان ڕیتم و ئاوازێکی تایبەت بە خۆی هەبێت؟ بۆچی تەمبۆر لای یارسانەکان پیرۆزە، لای ئیزدی و بارزانییەکانیش بلوێر؟ یان ئەوە چییە کە وا دەکات ئاوازی شمشاڵی “قاڵە مەڕە”، جیاواز بێت لەو شمشاڵەی بارزانییەکان دەیژەنن و، هیی هەر دوو ناوچەیش جیاواز بێت لە ئاوازی شمشاڵی کوردانی ئێریڤان. هێندەی من سەرنجم دابێت، دەنگبێژی، یان ئەوەی لێرە ناوی دەنێن لاوک، کەلەپوورێکی یەکجار گرنگە بۆ نووسینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتیی کورد. لەناو لاوکدا داب و نەریت، بەها و ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە سەردەمانی پێشوودا دەدۆزینەوە. یەکێک لەو کارە بەنرخانەیش کە لە پەیوەندیی هونەر و کۆمەڵگه‌ دەکۆڵێتەوە لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا، کتێبی “باڵادەستیی ئافرەت لە فۆلکلۆری کوردیدا”یه‌، کە توێژینەوەیەکی “ڕۆهات ئالاکۆم”ە. ئالاکۆم لەو کتێبەدا بە گەڕانەوە بۆ گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردی، ئاماژە بە پێگەی بەرزی ئافرەت لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا دەکات.

پێویستیی وڵات بە سیاسەتی که‌لتووری

وڵاتان سیاسەتی که‌لتوورییان هەیە. ئەوان لەو نێوەدا کار دەکەن بۆ ئەوەی که‌لتوور و لەگەڵیشیدا هونەر، بخەنە خزمەتی وڵات. یەکێک لەو وڵاتانەی زۆر بە بەرنامە ئەو کارە دەکات فەڕەنسایە. لە فەڕەنسا لە ١٩٥٩ کە ئەندرێ ماڵرۆ وەزارەتی که‌لتووری وەرگرت بۆ یەکەمجار کاروبارە که‌لتوورییەکانی تا باڵاترین ئاستەکانی بڕیاردان بردە پێشەوە و، بایەخدان بە که‌لتوور و هونەر بەپێچەوانەی ڕابردوو کە تەنیا وابەستە بوو بە حەز و زەوقی پاشاکان، مانایەکی تازەیان پەیدا کرد. لەوە بەدواوە بایەخدانی ‌حکوومەت بە هونەر، تەنیا لە پێناو هونەر نەبوو، بەڵکوو هونەر بووە ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجگەلێکی وەکوو دیموکراسیی که‌لتووری، جەماوەریبوونی هونەر، دروستکردنی هاوبەستەییی کۆمەڵایەتی و هتد. لە سەرەتای هەشتاکان کە “ژاک لانگ”ی سۆسیالیست پۆستی وەزارەتی که‌لتووری فەڕەنسا وەردەگرێت، ئەگەرچی لە ڕکابەرەکانی حزبی ماڵرۆ بوو، بەڵام هەمان هەنگاوەکانی ماڵرۆ هەڵدەگرێت و بیرۆکەکانی ئەوی زیاتر بەرەو پێش بردن؛ ئەویش بڕوای بە دیموکراسیی که‌لتووری و دەستپێڕاگەیشتنی گشتی بە داهێنانە هونەرییەکان هەبوو. بڕوای بەوە بوو کە دەبێت هونەر ببێتە جەماوەری؛ لەو پێناوەیشدا زۆر هەنگاوی هەڵێنان.

لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە، ئەو سیاسەتە که‌لتوورییە نییە؛ هونەری کوردی کەمتر کاری بۆ دەکرێت. دامەزراوەی هونەری تا ئاستی نەبوون لاوازن و، هونەرمەندان توێژێکی پەڕاوێزی کۆمەڵگه‌ن. لە بەرامبەریشدا کەناڵگەلێک و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە و پەیجەکان خەریکی وێرانکردنی زمانن. پێم وایە لە کابینەی شەشەمی حکوومەت بوو کە  بەڕێز “کاوە مەحموود” بووە وەزیری ڕۆشنبیری؛ ناوبراو بە پاساوی گەندەڵی، زۆربەی پرۆژە هونەرییەکانی وەستاند، بەتایبەتی سینەما.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەر حەساسییەتی سیاسی لە وڵاتانی دەوروبەر، کەمتر دەتوانین هاوکاری کوردەکانی پارچەکانی دیکە بین. پێویست بوو هونەر ئامرازی بەیەکەوەبەستنی ئێمە و پارچەکانی دیکە بووایە. ‌حکوومەتی هەرێم دەیتوانی لە ڕێگەی پرۆژەی هونەرییه‌وه‌ زۆرتر ڕۆڵ ببینێت لە یەکخستنی کوردەکان و قەرەبووکردنەوەی بەشێکی زۆر کەم لەو یەکێتییەی کە لەناو بردراوە. دەکرا حکوومەت فەندی (هاوکاری دارایی) هەبێت بۆ پرۆژەی هونەری لە شێوەی گرووپی شانۆیی، تیپی موزیک و کردنەوەی پیشانگه‌ی وێنەکێشان، نەک تەنیا بۆ باشوور بەڵکوو بۆ بەشەکانی دیکەیش. لە ڕاستیدا بەر لە دەیەیەک کۆمەڵێک کاری لەو شێوەیە دەبینران؛ لەو نێوەدا دەیان هونەرمەند لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. بەڵام ئەوە ماوەیەکی درێژە حکوومەت و کەرتی تایبەت خۆیان لەو مەسەلەیە دزیوه‌تەوە، کە لە ڕاستیدا بۆ من هۆکارەکەی ڕوون نییە.

کورد ئایدڵ چۆن دروست بوو؟

گەنجێکی کوردی ئامەد کە بەشێکی گەنجایەتییەکەی لە باشوور ژیاوە، لە ئامەدەوە دەچێتە ئیستانبۆل و کۆمپانیایەک بە ناوی “لایەن بۆ کاری هونەری” دادەمەزرێنێت. زۆرترین کاری ئەم کۆمپانیایە، لەگەڵ کەناڵە کوردییەکانی باشوور دەبێت. دواتر بیرۆکەی کورد ئایدڵ گەڵاڵە دەکات و، ئیدارەی کۆمپانیا دەکەوێتە دانوستانێکی یەکساڵی، یان ڕاستتر بڵێین شەڕێکی یەکساڵە بۆ بڕوا‌هێنان بەو کۆمپانیایەی خاوەنی لیسانسەکەیە تاکوو لیسانسی کورد ئایدڵیان پێ بدەن. کەناڵە تورکییەکان و MBCی عەرەبی ڕێگری دەکەن. یەکەمیان باکوور بە بازاڕی خۆی دەزانێت و، دووەمیان باشوور، بەڵام دواجار لە وەرگرتنی لیسانسەکە سەرکەوتوو دەبێت و، بڕیار دەدات بەرنامەکە لە باشوور پێشکەش بکرێت.

پێشکەشکردنی بەرنامەکە لە سلێمانی و لە شاشەی “کوردسات”ەوە، بە لای منەوە گرنگییەکی زۆر تایبەتی هەیە، چونکە لە ئێستادا هێزە باڵادەستەکانی سلێمانی زۆرتر لە هەر کاتێک بانگەشەی هەرێمی سەربەخۆ و لەتکردنی باشوور دەکەن؛ بەتایبەتیش ئەو مەیلە لای ئەو باڵەی کە خاوەنی کەناڵەکەیە شاراوە نییە. ئا لەو ساتەدایە کە بەرنامەیەک لەو کەناڵەوە پەخش دەکرێت، کە زۆرتر لە هەر بەرنامەیەکی دیکەی کەناڵە کوردییەکان، کوردەکانی هەموو گۆشەیەکی جیهان لە یەکدی کۆ دەکاتەوە و، دەبێتە مینبەرێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت ئێمە یەک نەتەوەین و، ئەوە سنوورە دەستکردەکانن ئێمەیان لە یەکتر دابڕیوە. کورد ئایدڵ بەپێچەوانەی سیاسەتی ئەو شاشەیەی کە لێوەی پەخش دەکرێت و بەپێچەوانەی زۆربەی کەناڵە کوردییەکانی دیکە کە کەمتر بە لای مەسەلە نەتەوەیییەکاندا دەچن و کەمتر لە خەمی نەتەوەدان، کار بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەکات. کۆمپانیای لایەن کە ئامادەکاری بەرنامەکەیە، بەدڵنیایییەوە لە ڕووی ماددییەوە زیانێکی زۆری کردووە، چونکە ئامادەکردنی ئەو ستۆدیویە و گەڕانی لێژنەکانیان بە شارە جیاوازەکانی کوردستان و جیهان، میوانداریکردنی ئەو هەموو بەشداربووە و گوژمەی ئەو ستافە گەورەیە یەکجار زۆرە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوە زیانێکی ئابوورییە بۆ دۆزی نەتەوەیەک (زیانی ئابووریی کۆمپانیایەکە لە پێناو سەرخستنی دۆزی نەتەوەیەک)، کە هەر ئەوەیش لە هەموو خاوەن سەرمایەیەکی ئەو وڵاتە چاوەڕوان دەکرێت.

کورد ئایدڵ و ئاشناکردنەوەی کورد بە گۆرانی و ئاوازە جیاوازەکانی

لەم بەرنامەیەدا گۆرانیی کوردی کە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پەرتکردنی میللەت، بەوەی بە شێوەزاری جیاواز، کە بۆ زۆربەی کورد قورسە لە شێوەزار و گۆرانیی شێوەزارەکانی دیکە تێ بگەن بە هۆی دووری لە یەکتر و نەبوونی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوانیاندا و گرفتی زمان، هەروەها پەرتکەریشە بەوەی هەر ناوچەیەک شێوەیەک، یان زیاتری گۆرانیی تایبەت بە خۆی هەیە و لەگەڵ حەزی ئەو ناوچەیەدا دێتەوە لە شێوەی دەنگبێژی (کرمانجیی سەروو)، حەیران (هەولێر و موکریان)، سیاچەمانە (هەورامان)، لە کەرکووک ڕیتم و ئاوازێک، لە جەزیرە و شنگاڵ ڕیتم و ئاوازێکی دیکە و، بۆتان ڕیتمێکی تایبەت بە خۆی و، سەرحەد ئاواز و ڕیتمێکی جیاوازتر… هەموو ئەوانە هۆکار بوونە کە نە باکوورییەکان ئاشنای دەنگی عەلی ئەسغەر و نە ئاگاداری مەقامەکانی عەلی مەردان بن، نە باشووری و ڕۆژهەڵاتییەکانیش گوێبیستی لاوکە بەجێماوەکانی عەبداڵێ زەینێ و ناوبانگی شای دەنگبێژی، “شاکرۆ” بن. هەروها ئەو کوردانە زۆر کەمن کە گوێ لە کراپێتێ خاچوو و خدر مریەمخان دەگرن؛ لە لایەکی دیکەوەیش نە ماملێ بە دەنگە بەسۆزەکەی و نە شارۆخی، ئاشنان بۆ کوبانێ و عەفرین. لەم سەردەمەدا کە دەستگەیشتن بە گۆرانیی نەک ناوچە جیاوازەکان بەڵکوو هەموو جیهان زۆر ئاسانە، بەربەستێکی گەورە هەیە بۆ ئاشنابوونمان بە گۆرانی و موزیکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کە ئەو بەربەستەیش لای زۆربەمان دەروونی و خودییە و، ڕانەهاتنە بە ئاواز و ڕیتمی گۆرانیی ناوچەکانی دیکە لە لایەک و، گرفتی تێگەیشتن لە لایەکی دیکەوە. من وای دەبینم ئەم بەرنامەیە لە ئێستا و لە داهاتوودا خزمەتێکی گەورە بەو لایەنەیش دەکات.

کورد ئایدل و کارلێک

دەتوانین لەسەر هەر دوو ئاستی ماکرۆ و میکرۆ لەو کارلێکە کۆمەڵایەتییە بکۆڵینەوە کە لە ئەنجامی کورد ئایدڵ دروست بووە. لە ئاستی میکرۆدا ئەو پەیوەندییەیە کە لە نێوان هەموو ئەو گەنجانەدا دروست بوو کە بەشدارییان لەو بەرنامەیەدا کرد؛ هەروەها لە نێوان بەشداربووان و ستافەکە لە لایەک و، دادوەرانی بەرنامەکە لە لایەکی دیکەوە. ئیدارەی بەرنامەکە لە هۆتێلێکی شاری سلێمانیدا ١٥٠ بەشداربووی لە زۆربەی شارە کوردییەکان و کوردنشینەکاندا (مەبەست ئەو شارانەن کە کوردی نین بەڵکوو کوردیان تێدا نیشتەجێیە، وەک ئیستانبوڵ، ستۆکهۆڵم، تەفلیس و…)، پێکەوە بۆ ماوەی مانگێک و، ئەوانەی کە لە ماوەی ئەم حەوت مانگەدا بەردەوامن لەگەڵ بەرنامەکە تا ئێستا ماونەتەوە، تەنانەت ئەوانەی ناو سلێمانیش بە مەبەستی یەکترناسین و کارلێک، کۆ کردنەوە. هەر یەکێک لەو بەشداربووانە خەڵکی شارێکه‌ و خاوەن وردەکه‌لتوورێکی تایبەتە و، تەنانەت سەر بە گرووپی جیاوازیشن لە ئێزدی، زازا، هەورامی، سۆرانی، بادینی و… کە بۆ هەر یەکێکیان ئاشنایی و دیدێکی نوێ دروست دەکات و، هەر یەکێکیش لەوانە پەیوەستە بە گرووپگەلێکی دیکە لەو شوێنەی لێی دەژیت و، لە توانای هەر یەکێکیشیاندایە لە داهاتوودا ببنە ئەستێرەی گۆرانی و، دەشێ ئەوە لە پەیوەندی و کارەکانی داهاتوویاندا ڕەنگ بداتەوە و کەسایەتیی کوردستانییان لێ دروست ببێت؛ چونکە لەگەڵ یەک تێکەڵ بوون و، ئەزموونێکی گەورەیان پێکەوە تاقی کردەوە.

هەموومان لە ڕوانینی بەشداربووان بۆ یەکتر، لە گۆرانیگوتنیان پێکەوە بگرە، تا دەگات بە باوەشکردنیان بە یەکتردا، دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە کە ئەو پەیوەندییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسایەتیی هەر یەکێکیان هەبووە. بەدڵنیایییەوە ئەو پەیوەندییە لە نێوان زۆریاندا بەردەوام دەبێت و، ڕەنگە پەڵ بۆ پەیوەندیی فرەوانتر و گەرمتریش بهاوێژێت. ئەوەیش لەیاد نەکەین کە پێکەوە وەک گرووپی سێ چوار کەسی، یان دوو دوو، کەسیان دوودڵ نەبوو لە گۆرانیچڕین بە شێوەزارە کوردییە جیاوازەکان لە کرمانجییەکانی سەروو و خوارووە بگرە، تا دەگات بە هەورامی و زازایی.

لە ئاستی گەورەدا (ماکرۆ) ئەو بەرنامەیە کاریگەرییەکەی یەکجار زۆرە. ئەوانەی بۆ ئەو بەرنامەیە داواکاریی بەشداربوونیان پێشکەش کردبوو، زیاتر لە پێنج هەزار کەس بووە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان؛ لێژنەکانیان شار بە شار گەڕاون و هەموو ئەو کەسانەیان بینیون. ڕەنگە تاکە شوێنێک کە کوردی لێ بێت و نەیانتوانیبێت بەشدار بن، کوردەکانی خوڕاسان بن، کە هیوادارم بۆ ساڵی داهاتوو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. دروستبوونی ئەو پەیوەندییە کە لە پینج هەزار کەسەوە دەست پێ دەکات کە داوای بەشدارییان کردووە، دەبێ بۆ چەند کەس لە خێزان و گرووپی هاوڕێ و خزمی ئەو کەسانە لەم هەموو ناوچە جیاوازانەدا، فراوان بووبێت؟

ئەو ماوە درێژەی (حەوت مانگ) کە بەرنامەکەی تێدا پەخش کرا، بۆ خۆی گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە دروستکردنی کارلیکێکی ڕەمزی لە نێوان کورددا. ئەوەیش کە خەڵکێکی یەکجار زۆر تەماشای ئەو بەرنامەیە دەکەن، زۆر گرنگە. هەروەها بە نامەکانیان بۆ دەنگدان بە بەشداربووەکان دەردەکەوێت، کە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستانەوە و ئەو ناوچانەیش کە کوردیان لێ نیشتەجێیە، نامە بۆ پشتیوانیی بەشداربووان دێت. بەشێکی زۆری نامەکانیش گوزارشت لە ناوچەگەرێتی ناکەن، بەڵکوو بەشێکیان مەرج نییە دەنگ بە خەڵکی ناوچەی خۆیان بدەن، بەڵکوو دەنگ بەو بەشداربووە دەدەن کە حەزیان لە دەنگییەتی، ئەگەرنا چۆن تاکوو فیناڵ هەورامییەک، یان کچێکی کۆبانێ دەمایەوە کە ئەمانە گرووپی گەورە نین لە ڕووی ژمارەوە. هەموو هەورامییەکان بەقەد دانیشتووانی شاری هەولێر نابن، کە هیچ هەولێرییەک بۆ قۆناغی کۆتایی نەمایەوە. هەروەها مانەوەی کچێکی خەڵکی کۆبانێ نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بەرنامەیە هەموو سنوورێکی ناوچەگەرێتیی تێ پەڕاندووە و بە ڕاستی بەرنامەیەکی کوردانەیە، چونکە کوبانێ دەکەوێتە بچووکترین پارچەی کوردستان و لێقەوماوترین شارێک و دەربەدەرترین خەڵکێک کە کەمتر لە توانایاندایە نامە بۆ پشتیوانیی “ژیندا” بنێرن.

دەبێت ئەوە بێنینە بەرچاوی خۆمان کە زۆرترین کورد لە یەک کاتدا سەیری بەرنامەیەک دەکەن و لەگەڵی یەکانگیر دەبن. ئەم بەرنامەیە جگە لەوەی ناچارمان دەکات گوێ بۆ گۆرانیی ناوچەیەکی دیکە بگرین کە ڕەنگە هەرگیز پێشتر گوێمان لێی نەگرتبێت، حەزکردن لە گۆرانیی ناوچە جیاوازەکان و خەڵکی دیکەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەبێ ئەوەی ئاگاداری بین بەسەرماندا دەسەپێنێت. ئەوە “ڤەدات”ە، دەنگبێژی و  شاکرۆ بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و نەوەی نوێ دەناسێنێت؛ ئەوە “غەزاڵ”ە شارۆخی بە باکوورییەک و، ئەوە “ژیندا”یە گوڵیزاری مەحموود عەزیزی دەچرپێنێتە گوێی ڕۆژهەڵاتییەک یان هەورامییەک.

لە نێوه‌ندی ئەم بەرنامەیە و گوێگرتن لەو گۆرانییانە، کوردەکان دەکەونە کارلێکەوە و کارلێکێکی سیمبۆلی دروست دەبێت، کە یەکێکە لە مەرجەکانی دروستبوونی کۆمەڵگه‌. گرنگیی ئەم کارلێکە سیمبۆلییە لەوەدایە، کە لە نێوان کورددا زۆر لاواز بووە. ئێمەی کورد ڕووداوی هاوبەش و پرۆسەی هاوبەش و دامەزراوەی هاوبەشمان یەکجار کەمە؛ کە ئەمانە بۆ دروستبوونی نەتەوە زۆر گرنگن. ئەو ڕووداو و شتانەی ئێمەی کورد پێکەوە کۆ دەکەنەوە زۆر کەمن. بە درێژاییی سەدەی بیست، ئێمە زیاتر و زیاتر پەرت بووینە و لە یەکتر دوور کەوتووینەتەوە. ئەوەی لە سەدەی بیستدا ئێمە کۆ دەکاتەوە، بۆنەیەکی خۆشی وەک نەورۆزە بە دەنگی نەمر حەسەن زیرەک و، چەند کارەساتێکی جەرگبڕە وەک هەڵەبجە بە دەنگی شڤان پەروەر؛ نسکۆی ١٩٧٥ و کۆڕەوی ١٩٩١یش لەو ڕووداوانەن کە کوردەکانی هەموو بەشەکان تێیدا ئامادەیییان هەبووە، بەڵام ئەو کاریگەرییەیان لە ئێستادا نەماوە. ئەوانە ئەو ڕووداوە گرنگانەن کە یادەوەریی نەتەوەیەک پێک دەهێنن و وێستگەی گرنگ بوون بۆ یەکێتیی نەتەوەیی. لەم دوایییانەیش شنگاڵ و کۆبانێ و هێرشی داعش بۆ سەر دوو پارچەی کوردستان، ڕۆڵی گەورەیان لە دروستکردنی کۆیادی نەتەوەییدا بینی. من پێم وایە کاریگەریی کورد ئایدڵ لە داهاتوودا لە کاریگەریی ئەو بۆنە و ڕووداوانە کەمتر نابێت، بەتایبەتیش کە بەرنامەیەکە بۆ هەموو کورد و ساڵانە چەند مانگێک لە شاشەیەکدا دەیبینین. ئەوەیش لەبیر نەکەین کە هونەر کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مرۆڤ هەیە. بۆیە پشتیوانیکردنی ئەو بەرنامەیە بە لای منەوە، یەکێکە لە ئەرکە نەتەوەیییەکان و، دەبێ خەمخۆرانی نەتەوەیی پشتیوانیی بکەن.

Advertisements

تاگەکان: , , , ,

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s


%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: