ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

تراجیدیای کوردان/ فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا/ بەشی ٢

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە:  ئەنوەر سوڵتانی

… بەڵام لە هەموو حاڵەتێکیشدا جەختمان لەسەر ئەوەیە هەمان ڕوانگەی شامان لەمەڕ دابینکردنی حاڵەتی بەرگری کوردان هەبێت. لە ماوەی ساڵی یەکەمدا وا دەردەکەوت کە هەوڵی نهێنی[ئێمە لەمەڕ] کوردان گەیشتبێتە ئامانج. لە ٥ی مانگی ئوکتۆبری ١٩٧٢ دا، من ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەری “سیا” “ڕیجارد هێلمز”م گەیاندە نیکسن، هێلمز کە دواتر بوو بە باڵوێزی [ئەمریکا لە] ئێران، ئاگاداری کردینەوە کە کوردان دوو بەش لە سێ بەشی سوپای بەعسیان بە خۆوە خەریك کردووە.

“وەزعی ڕژیمی بەعسی باش نییە … بارزانی کە شوێنی پتەو و قایمی گرتووە، درێژە دەدات بەوەی دوو بەش لە سێ بەشی سوپای عێراقی بە خۆیەوە خەریك بکات و ئیجازە نادات بەعسییەکان ببنە خاوەنی پێگەیەکی دڵنیا و لەوێوە کاری وێرانکاری و کوشت و بڕ لە ئێراندا بەڕێوە بەرن”.

شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست [مصر و ئیسڕائیل]، کە لە ساڵی ١٩٧٣ دا دەستی پێکرد، هەندێك تەنگ و چەڵەمەی نوێی بۆ ئێمە هێنایە کایەوە. ئەوە بووە هۆی بیرکردنەوەمان لەوەی ئایا پێویست بێت کەڵك لەو دەرفەتە وەربگرین و بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژیمی سەددام هانی هێرشی کورد بۆ سەر ناوچەکانی بەردەستی عێراق بدەین؟ ئێمە پێشنیاری ئەفسەرێکی ئاسایشی ئیسرائیلمان لەم بارەیەوە دایە دواوە – ئەم بڕیارە، لە ساڵەکانی دواتردا بوە هۆی مشت و مڕی زۆر.

ئەو ڕەخنەیەی لێمان دەگیرا، نموونەی کلاسیکی قارەمانیەتی ساڵانی زوو بوو. کاتێ کە شەڕی عەڕەب و ئیسرائیل ڕووی دا، تەمەنی “بەرنامەی نهێنی” هەندێک لە یەك ساڵ زیاتر بوو. کوردان داوای ژمارەیەکی کەم لە چەکی قورسیان دەکرد. ئەو تۆپخانەیەی کە ئێرانییەکانی لەسەر بوو، هەرگیز ریسکی ئەوەی پێ نەدەکرا کە لە سنوورەکانی ئێران دوور بکەوێتەوە. کوردان توانایی ئەوەیان هەبوو داکۆکی لە وڵاتە شاخاوییەکەی خۆیان بکەن و تانك و تەیارەکانی عێراق ئەستەم بوو بتوانن لەو شوێنانە بکەونە عەمەلیات کردن، بەڵام هێزی چەکداری سووکی کورد لە ناوچە دەشتاییەکانی ئەولاتری خاکی خۆیاندا دژ بە سوپای گەورەی عێراقی کە بە چەکی قورسی پێشکەوتووی سوڤیەتی چەکدار کرابوون و سەدان تانکیان لەگەڵدا بوو، هیچ بەختێکیان نەدەبوو. هێرش بردنیان بۆ ئەوپەڕی پێگەکانی خۆیان، لەناوچوونی هەموو هێزە سوپاییەکەی کوردی زامن دەکرد.

مەسەلەکە بە تایبەت بۆیە وای لێ هاتبوو کە بە پێچەوانەی نەریتی پێشوو، عێراقییەکان هێزێکی بەرچاویان تەرخانی یارمەتیدانی لایەنی عەڕەب لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکردبوو. وەك “هێلمز” ساڵێك پێشتر ئاگاداری کردبووینەوە، ئێستاش کوردان بە بەردەوامی دوو بەش لە سێ بەشی سوپای عێراق بە خۆیانەوە خەریك دەکەن. جا سەمەرە نەبوو دوای ئەوەی نێوانی عێراق لەگەڵ سووریا تێكچوو، “تەنیا بریگادێکی سوپای عێراق بە حیسابی جوغرافیایی نێررایە شەڕی ئیسرائیل.” شەڕیش وشەیەکە لە ڕووی “تواضع”و ئەدەبەوە دەگوترێ، دەنا بریگادە عێراقییەکە بە خێراییەکی ئەوتۆ نەنێرران کە بتوانن بگەنە بەرەی شەڕ، وا دیار بوو دە ڕۆژی پێ چووبێ بۆ ئەوەی بگەنە دەوروبەری ناوچەی پێکدادانەکە و تەنانەت دوای ئەویش بە تەواوەتی لە بەرەی شەڕ دوور ڕاگیرابوون. تاقە زیانێکیش کە لە شەڕدا لێیان کەوت لە تەقەکردنێکدا بوو، کە لەگەڵ “بریگادێکی سعوودی بۆیان هاتبووە پێشێ – ئەوانیش بە هەمان شێوە، دە ڕۆژی پێچووبوو بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەیەك کە گوێیان لە تەقەی شەڕ بێت. ئەم دوو شەڕکەرە ناشەڕانییە لە دوا ڕۆژی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێك ئاڵان. هەر دوو یەکەی عەڕەب کە ئاگایان لە بوونی ئەویتر نەبوو، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە و دەستیان بە تەقەکردن [لەیەکتر[ کرد.

بیرۆکەی ئەوەی شەڕی چریکی بەڕێوە ببرێت، درەنگ هاتە گۆڕێ، ئەویش لە کاتێکدا کە شەپۆلی شەڕ لە بەرەی میسر – ئیسرائیل دا گەڕابوە دواوە. لە ١٥ی ئوکتۆبر واتە نۆهەمین ڕۆژی شەڕ، ڕاست لەو ڕۆژەدا کە ئیسرائیل لە سەحرای سینا هێزێکی میسری بە توندی گەڕاندبۆوە دواوە، ئێمە پەیامیکی خێرای بارزانیمان پێگەییشت کە تێیدا ڕای ئێمەی خواستبوو بۆ ئەوەی ئایا نەسیحەتی ئەفسەرێکی ئاسایشی ئیسرائیلی وەربگرێ کە پێشنیاری پێکردبوو هێرش بکاتە سەر دەشتاییەکانی خاکی عێراق یان نا. ئەوە ڕاست لەو چەشنە پێشنیارانە بوو کە ئەو ئەفسەرە ئاسایشییانە دەیکەن وا دەیانەوێت ئیعتباری خۆیان لە وڵاتەکەیاندا بەرنە سەرەوە، ئێمە هەرگیز داخوازییەکی ئەوتۆمان لە ‘تەلئەڤیڤ’ەوە پێ نەگەیشت.

پەیامەکە، بە شێوەی ئاسایی لە ڕێگای “سیا”وە گەیشت و “ویلیام کۆلبی” – بەڕێوەبەری نوێی “سیا” کاتی بەفیرۆ نەدابوو و دەست بە جێ دژ بە هەر چەشنە پەرەپێدانێکی شەڕ وەستابوو. کاتێ ئێمە ڕاوێژمان لەگەڵ شادا کرد کە زیاترین کەرەسە و ڕاوێژکاری ئاراستەی کورد دەکرد، ئەویش ڕوانگەی “کۆلبی” پەسند کرد و گوتی کورد بۆ ئەوە چەکدار نەکراوە عەمەلیاتی هێرشکارانە بەڕێوە ببات ئەویش لە دەشتاییەکاندا. پێشنیاری ئیسرائیل وا هەبوو “کارتی کورد” بە تەواوی لە ناو ببات.

منیش پەسەندی مەسەلەکەم کرد. هەروەها بیرم لەوە دەکردەوە کە عاقڵانە نەبێت کورد زۆر بە زەقی بە سەڵاحیەتی تاکتیکیی ئیسرائیلەوە ببەسترێت و لەو ڕێگەیەوە ڕق و کینەی وڵاتانی عەڕەب بخرێتە گیانی کورد کە هەر ئەو دەمیش ئابلۆقە درابوو. هەربۆیەش، لەسەر پەسەندی نیکسن، من ئەم پەیامەم لە ڕۆژی ١٦ ی ئوکتۆبردا، بۆ بارزانی نارد: “ئێمە لامان وا نییە – دووپاتی دەکەمەوە، لامان وا نییە لە بەرژەوەندیی ئێوە دابێت ئەو هێرشە عەسکەرییەی ئیسرائیلییەکان پێیان پێشنیار کردوون بەڕێوەبەرن.”

هەر بڕیارێکی جیا لەوە، دەبوە هۆی لە ناوچوونی کوردان بە بێ ئەوەی یارمەتیەکی ئیسرائیلیش بدات. بارزانی پەیامی منی هەر ئەو ڕۆژە پێ گەیشت کە جەنەڕاڵ “ئەریان شاڕۆن” بە هێزە چەکدارەکەیەوە کاناڵی سوێزی تێپەڕ کرد. شەش ڕۆژ دواتر ئاگر بەس باڵی بەسەر شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشا.

کۆتایی خودموختاری کورد

وەک ئاکامێکی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ڕاست بەو ڕادەیەی وا ئەنوەر سادات زیاتر لە وڵاتە یەکگرتووەکان [ی ئەمریکا] نزیک دەبووەوە، پێداگرتنی سۆڤیەت لەسەر عیراقیش بە هەمان ڕادە زیاتر دەبوو. بۆ یەکەم جار، سۆڤیەت دەستی بە ناردنی تۆپخانەی قورس بۆ سەددام حوسەین کرد، کە ئەویش لە بنەڕەتدا ستڕاتیجی عیراقی دژ بە کوردان دەگۆڕی. هەتا ساڵی ١٩٧٣ سوپای عیراقی تەنیا لە هاویندا عەمەلیاتی لە چیاکان بەڕێوە دەبرد و لە سەرەتای زستاندا دەگەڕانەوە پێدەشتەکان.

لە زستانی ساڵی ١٩٧٤ دا بۆ یەکەم جار سوپای عیراقی لەو شوێنانەدا مانەوە کە بە هێرشی هاوینە گرتبوویانن و قایمکارییان تێدا کردبوو؛ ئەوەش واتای ئەوەی هەبوو کە شەڕی هاوینی دادێ لە قووڵایی ناوچە کوردنشینەکانەوە دەست پێدەکات. بەڕوونی دیار بوو عیراق دەیویست شوێنی قایمی کوردەکان تێک بشکێنێت. ئەم ستڕاتیجییە بوو بە هۆی نیگەرانیی زۆر لەبەر ئەوەی تۆپخانەی قورسی سۆڤیەتی توانای بە سوپای عیراقی دەبەخشی بتوانێت دەوری ئەو شوێنە قایمەی کوردان بدات کە تا ئەودەم لە گیران نەدەهاتن.

عیراقییەکان لە ١١ ی مارچی ١٩٧٤، ڕاست لەو ڕۆژەدا کە چوارساڵ پێشتر خودموختارییەکەیان پێشنیار کردبوو، پلانی نوێی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان ڕاگەیاند. لە پلانەکەدا، گەرچی بە شان و باڵی خودموختاریدا هەڵدەگوترا، بەڵام لە ڕاستیدا پێشنیاری چاوەدێری زیاتری سیاسی عیراق [بە سەر ناوچەکە] دەکرا و پێشنیارەکەی بەغداش لە هەڕەشە دەچوو.

کاتێ کە هەڵسووڕانی سوپایی دەستی پێکردەوە، هەموو وتووێژەکانی پێشوو سەبارەت بە سیاسەتی کوردی لە واشەنتۆنیش سەری هەڵدایەوە. شا، ئینزاری ئەوەی دەکرد کە تێکشکانی کورد تای تەرازووی هاوسەنگیی هێز لە عیراق تێکدەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی لایەنە ڕادیکاڵ و سەر بە سۆڤیەتەکان لە ناوچە لە زیادی بدات. شا، هەروەها مەترسیی مەسەلەکەی بۆ سەر خەلیج و ئێران دەخستە بەرچاو.

*ئیسڕائیلیش داواکاریی خۆی بۆ یارمەتیدانی زیاتری کوردان ئاراستە کرد. لە ماوەی هاتوچۆی مانگی مەی ١٩٧٤ مدا، کە گەیشتە ئەنجامی بەرگری لە شەڕ لە بەرزاییەکانی گۆڵان [ی سووریا]، ‘گۆڵدا مایەر’ بە تایبەت بابەتەکەی چەند جار لەگەڵمدا باس کرد.

*بارزانیش گەلێک ئامادەی شەڕ بوو. تێکچوونی وتووێژ لەگەڵ بەغدا دەرەتانێکی بۆ خوڵقاندبووکە بتوانێت ئەو بەند وبەستانەی وا لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە بۆی دانرابوو، شل بکاتەوە و دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەک دابمەزرێنێ کە گەرچی خۆی بە خودموختاریی دادەنا بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سەربەخۆییدا نەبوو.

ڕۆژی ١٦/٣/١٩٧٤ بارزانی دوو بژاردەی لەمەڕ ستڕاتیجیە پێشنیارکراوەکانی خۆی خستە بەر دەستمان: [ساڵانە[ ١٨٠ ملیۆن دۆڵار [یارمەتی] بۆ خودموختاریی تەواو، یان ٣٦٠ ملیۆن دۆڵار بۆ ئەو شتەی وا خۆی بە ‘ژێرخانی پێویست بۆ سەربەخۆیی’ ناوی دەبرد.

بارزانی یەکلابینی یەکی هەبوو کە بێ ئەو، نەیدەتوانی چەند جار خەبات لە پێناو سەربەخۆییدا بەڕێوە ببات. ئەو خەباتانە لە بنەڕەتدا دژ بە هێزە دەسەڵاتدارەکان بەڕێوە چووبوو و بە هۆی بڕوایەکی بەهێز و چەشنە گوێنەدانێکی حیساباتی ئاسایی لەمەڕ هاوسەنگیی هێزەکانەوە، تا ئەودەمیش هەر درێژەی کێشا بوو. بۆی هەیە ورەی بەرز زۆرجاران بتوانێت ببێتە جێگری هۆگەلی ماددی، بەڵام ڕادەیەکی دیاریکراوی عەینییەت لەو دیاردانەدا هەیە کە هیچ خۆ بەختکردنێک ناتوانێ بیانگۆڕێت.

تەفسیری بارزانی لە خودموختاری هەرگیز لە لایەن شا (یان لە لایەن تورکیاوە بۆ ئەو مەبەستە)، پەسند نەکرابوو. وڵاتە یەکگرتووەکانیش لە سەر ئەو هەڵوێستە نەبوو کە خۆی بە تەنیا هەموو ئەو پارەیەی وا بارزانی داوای دەکرد، ئاراستەی بکات. تەنانەت بڕێک کە ئەو داخوازی دەکرد لەو ڕادەیە تێپەڕیبوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان گرتبوویە ئەستۆ. گۆنگرێسی ئەمریکیش، کە لە ساڵی ١٩٧٤ و لە لووتکەی کارەساتی واترگەیتدا بە شێوەیەکی سیستماتیک یارمەتییەکانی هیندوچینی وەستاندبوو، بێگومان هەرچەشنە داواکارییەکی لەمەڕ زیادکردنی یارمەتیی دارایی بەربڵاو بۆ شەڕێکی چریکی لە چیاکانی عێراق و نزیک سنوورەکانی سۆڤیەتی دەدایە دواوە. هەروەها کارێکی بەجێ نەدەبوو ئەگەر شا مەجبوور بکرایە بە ڕادەیەکی زۆر، دەست لە کاروباری وڵاتێک وەربدات کە هاوپەیمانی نزیکی سۆڤیەت بوو- لەکاتێکدا وڵاتەکەی خۆی سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ سۆڤیەتدا هەبوو.

داواکاریی بارزانی بووە هۆپی دابارینی ڕێژنەی نامەی “کۆڵبی” کە چاوترسێنی هەرچەشنە زیادکردنێکی یارمەتی ئەمریکای دەکرد. ئەو دژایەتییەی کۆڵبیش ڕاست بە ڕادەی داواکارییە توند وتیژەکەی بارزانی دوور لەو واقیع بوو. هەموو چاوەدێرەکان لەگەڵ ئەوەدا بوون کە ئەگەر ستڕاتیجی نوێی عێراق بگیرێتە بەرچاو، ئەوا پڕۆگرامە مەوجوودەکەی ئەودەم – تەنانەت ئەگەر بە ئامانجی بەرگریش بوایە، هەر هەڵە بوو. من وەک ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، هەوڵی زیادکردنی یارمەتییەکەی کوردانم دا و داوام لە “دیک هێڵمز” و “بڕێنت سکۆگرافت” کرد پێشنیارێک بخەنە بەرچاو.

هێڵمز و سکۆگرافت لە سەرەتاکانی مانگی چواری ١٩٧٤ دا بۆچوونی خۆیان ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە زیادکردنی یارمەتییەکان تاڕادەی نزیک بە دووقات. یارمەتی شاراوەی ئەمریکا لە ساڵانە ٥ ملیۆنەوە گەیشتە ٨ ملیۆن دۆڵار و ملیۆنێکیش بۆ یارمەتیدانی پەنابەران. شا موافەقەی کرد کە یارمەتییەکانی خۆی لە ساڵی ٣٠ ملیۆنەوە بگەیێنێتە ٧٥ ملیۆن دۆڵار. بریتانیا و ئیسڕائیلیش یارمەتییەکانی خۆیان لە هەمان ڕادەی پێشوودا هێشتەوە.

بۆئەوەی ستراتیجییەکی یەکگرتوو- ئەگەر نەکرێت “خواستی هاوبەش”ی پێ بگوترێت، بەرەوپێش ببەین، داوام لە هێڵمز کرد بە شا و بارزانی ڕابگەیێنێت کە،

“وەک دەبینن، بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەەدایە کە، (ئا) توانایەک بە کورد بدات بۆ ئەوەی لە وتووێژی ناسرانی مافەکانیان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە، بنەمایەکی مەعقوولیان هەبێت؛ (ب) دەست وباڵی حکوومەتی عێراق ببەسترێتەوە، بەڵام (پ) نەک ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی هەمیشەیی دابەش بکرێت لەبەر ئەوەی حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردی لەباری ئابوورییەوە ژیانی نابێت و ئەمریکا و ئێران سوودیان لەوەدا نییە دەروازەی پێوەندیی باش لەگەڵ ڕێبەرایەتییەکی مەعقوولی عێراق ببەستن.

ڕێگاوشوێنێکی هاوچەشنیش بە ‘کۆڵبی’ درا.

گەرچی وا دەردەکەوت کە هەمووکەس لەگەڵ ئامانجەکاندا هاودەنگ نەبێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤ دا هەندێ لەو کەسانەی وا دەوریان لە مەسەلەکەدا هەبو، بۆچوونی جیاوازیان بوو. ڕێکخراوەی سیا، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەبەری ئیش وکارەکان بوو،کەوتە دۆخی بەرنامەیەکی نوێوە. شا لە کیش و ماتیی بەرگریکردندا قەتیس مایەوە و بارزانی لە ڕێگەی ئەو یارمەتییانەوە کە ئاراستەی دەکرا و ئەویش لە ڕاستیدا هەر بەشی داکۆکیکردن لە خۆی دەکرد، کەوتبووە شوێن ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

گرفتی پڕۆگرامی کۆڵبی ئەوە بوو کە زیاتر بۆ بەرگری لە چەرمە سەرێ خوڵقاندنی کۆنگرێس دانرابوو نەک بەرگریکردنی سەر زەوی. گرفتی ستراتجیکی بارزانیش ئەوە بوو کە تەنیا لە ڕێگەی شەڕی ئاسایی (سوپایی)یەوە دەکرا بگاتە ئامانج نەک لە ڕێگەی شەڕی چریکییەوە. گرفتی ستڕاتیجیکی کۆشکی سپی و ئێرانییەکانیش لەوەدا بوو کە خودموختاریی کورد پێویستی بە چارەسەر کردنی خێرا و دایمی هەبوو، چارەسەر کردنێکی ئەوتۆش ئەستەم بوو لە ڕێگەی دەرەتانی عەمەلیاتی نهێنی پەسند نەکراوەوە، دژ بە ویستی دژبەرێکی خاوەن ئیرادە، بەرهەم بێت.

بەگشتی، بەڕێوەبردنی ئیش وکار لە لایەن کوردانەوە شێوازێکی ئەوتۆی هەبوو کە ئەستەم دەتوانرا نیازە ڕاستەقینەکانیان بهێنرێتە دی. هەندێک جار تەواو بە داماوی دەهاتنە بەرچاو و گەلێ جاریش سەرکەوتوو و کەیف خۆش بوون. بۆ نموونە، شا لە ٢٧/٧/١٩٩٤ دا داواکارییەکی بە پەلەی بارزانی بۆ یارمەتی پێشکەش کردین و چاوەترسێی خۆیشی سەبارەت بە ئەنجامی مەترسیداری تێکشکانی بەربەرەکانیی کورد- لە ئێران و سەرانسەری خەلیجدا، خستە سەر.

چەند حەوتووی پێنەچوو کە لە سەرەتای مانگی ٩ دا بارزانی پێشنیاری هێرشکردنە سەر ناوچە نەوتییەکانی کەرکووکی پێکردین. ئێمە لە ١٨/٩ دا پێشنیارەکەمان دایە دواوە لەبەر ئەوەی نەماندەویست زنجیرەیەکی تر لە توندوتیژی نواندن لە دامەزراوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بخوڵقێنین وبیکەینە سەرباری ئەو قەیرانە ئەستەمەی نەوت کە ئەودەم لەئارادا بوو. بەڵام گوشاری ناوبەناوی بارزانی بۆ هێرشکردنی کوردان، ڕوانگەی ئەو لایەنانەی بەهێزتر دەکرد کە دژ بە یارمەتیدانی زیاتر دەوەستان و مۆڵەتی پێدەدان بڵێن ئەگەر کورد داوای چەکی زیاتر بۆ هێرشی مەزن دەکات، دەبێ دەرەتانی بەڕێ و جێی بۆ داکۆکیکردن لە شوێنەکانی خۆی هەبێت.

لە باری تیئۆرییەوە، هاوینی ساڵی ١٩٧٤ کاتێکی بەڕێ و جێ بوو بۆ پێداچوونەوەی بارودۆخەکە. هەرچۆنێک بێت، دوو کۆسپ لە سەر ڕێگەمان بوو و تەنیا ئەوانەی وا لە دەرەوەی مەسەلەیەک وەستا بن دەتوانن بەرانبەر بەو ڕووداوانەی وا لە کاتی ناچاریدا ڕوودەدەن، ڕەنگدانەوە بنوێنن.

هاوینی ساڵی ١٩٧٤ دارماڵی قەیران بوو. زۆرێک لەو قەیرانانە بانگی سەرنجی ئێمەیان دەکرد: لە مانگی مەیدا، هاتوچووی [من بۆ] سووریا؛ لە مانگی جووندا، سەفەری سەرەک کۆمار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و یەکیەتی سۆڤیەتی؛ لە مانگی جوولایدا، قەیرانی قبرس؛ لە مانگی ئۆگوستدا، هەڵسەنگاندنی سەرەک کۆماریی نیکسن؛ دواتریش، ڕاگواستن، قبرس، ڕەواندنەوەی ئاڵۆزیی، هەرەسی لایحەی بازرگانی، سیاسەتێکی بەبرەو لەمەڕ هێورکردنەوەی بارودۆخ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و، لە کۆتاییشدا سەرهەڵدانی تڕاجێدیای هیندوچین. کاتێکی کەم هەبوو بۆ ئەوەی ڕێبازمان لەمەڕ ناوچەی دوورەدەستی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک دیراسە بکەین.

لەوەش زیاتر، ئەگەر تەنانەت سیاسەتمەداران ڕووبەڕووی هیچ دژایەتییەکی دیکەش نەبوونایەتەوە، گومانم هەیە بیانتوانیایە بگەنە شتێکی باشتر لە بەرنامەکەی ئێمە. ئەگەر ئێمە لە ساڵی ١٩٧٢ دا ‘بەرنامەی نهێنی’مان بەڕێوە نەبردایە، کورد بەخێرایی تێکدەشکێنران.

دەست تێوەردانی دوو دەیە دەرفەتی پێدابووین کە لە گەڵ شێوازی کارەکانی سەددام حوسەیندا ناسیاوی پەیدا بکەین و ئەوەش گومانی کەمی بۆ دەهێشتینەوە کە کورد لە ڕێگەی تەسلیم بوونەوە کارهاسانی بۆ ئامانجەکانی خۆیان بکەن. تا هاوینی ١٩٧٤ بژاردەکانی ئێمە لە زیادییان نەدا. ئەگەر ڕێنوماییەکانی ‘سیا’مان ڕەچاو بکردایە و یارمەتی زیاتری داراییمان بۆ دەستەبەر نەکردایەن، کورد بە دڵنیاییەوە دەشکا. ئێمە ئەو بژاردەیەمان نەبوو کە پشتگیرییەکی زۆر لە شەڕێک بکەین کە لە باری مەنتیقییەوە ئەستەم و دوورەدەست و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئەمریکاش دوور لە تێگەیشتن بوو. چونکوو سەرکەوتنی جێگەی داخوازی بارزانی پێویستی بە دەست تێوەردانی زۆری ئێران و پشتگیرییەکی زیاتر لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان [ی ئەمریکا]وە دەکرد. بەڵام لەو کەش وهەوایەدا کە ڤیەتنام لەرزۆک ببوو، ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناسەقامگیر بوو، و سیاسەتی لابردنی ئاڵۆزی کەوتبووە بەر هێرش، کردنەوەی بەرەیەکی نوێ، چارەنووسی هاوپەیمانێکی دیکەمانی بێ بەزەییانە دەخستە مەترسییەوە و بێگومان لە لایەن کۆنگرێسیشەوە دەدرایە دواوە.

کاتێ من لە ڕۆژی ٢٦/٨/١٩٧٤ دا کورتەیەکی عەمەلیاتی کوردیم بە سەرەک کۆماری نوێ ڕاگەیاند، ئاگادارم کردەوە کە شا نیازی ئەوەی هەیە هێزی سوپایی بنێرێت [ە کوردستان] (شا، پێشتریش یارمەتیدەرانێکی بە جل وبەرگی کوردییەوە ناردبووە ئەوێ)، ئینزاری ئەوەشم کرد کە سەرەڕای ڕواڵەتێکی هاندەر، ئەم کارە گەلێک بێ پایان و جێگەی مەترسییە. ئەگەر ‘فۆرد’ فەرمانێکی پێچەوانەی پێنەدایەم، ئەوا مەیلی خۆم ئەوە بوو مەسەلەکە بدەمە دواوە. بەڵام سەرەک کۆماریش پەسندی [پێشنیارەکەی شای] نەکرد.

من لەسەر ناوڕێیانێک مابوومەوە و گەیشتبوومە سەر دوو چارەسەری ناگوزیر. ئێمە یارمەتییەکی زۆر و بەردەواممان ئاراستەی کوردانی پەنابەر کرد. لە ٢٦ ی ئۆگوستیشدا فۆرد پەسندی ئەو گەڵاڵەیەی کرد کە باڵوێزی ئیسڕائیل ‘سیمشا دینیتز’ و من چەند هەفتەیەک بوو بە ئامادە کردنیەوە خەریک بووین. گەڵاڵەکە بریتی بوو لەوەی ئەو چەکە ڕووسییانەی وا ئیسرائیل لە شەڕی ساڵی ١٩٧٣ دا کەوتبووە دەستی، بدات بە کورد و ئێمەش لە بری ئەو، چەک و کەرەسەی ئەمریکی بدەینە ئیسرائیل (ئەوەش بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەحەتییەکی زۆر کە پێویستی بە چەند مانگ وتووێژی نێوان دائیرەکانی حکوومەت دەکرد). لە کۆتاییشدا نزیکەی ٢٨ ملیۆن [دۆڵار] کەرەسەی سۆڤیەتی ڕاگوێزرا، تا ئەو جێیەی کە کۆتایی بە هەموو ئەو چەکە سۆڤیەتییانەی لای ئیسرائیل هات کە شیاوی شەڕ لە ناوچە کوردییەکان بوون.

پایزی ساڵی ١٩٧٤ بوو. هێرشی عێراق بۆ سەر کورد لە زیادیی دابوو، ئێمە داواکاریی زیاتری کوردانمان لەمەڕ یارمەتیی زێدەتر پێدەگەیشت کە بەزۆری لە لایەن شای ئێرانەوە ئاراستە دەکرا. سیا دژ بە هەموو ئەو داواکارییانە دەوەستا؛ بۆ نموونە، لە ئوکتۆبری ١٩٧٤ دا ‘کۆڵبی’ ڕاپۆرتی ئەوەەی ڕاگەیاند کە باشترین هێڵی پێوەندیی بارزانی بۆ یارمەتی وەرگرتن لە ئێران و شوێنی سەرەکیی ئیدارەکەی کەوتۆتە مەترسییەوە. هەرچۆنێک بێت، پێی گوترا کە، “ڕادەی پشتگیری کردنی ئێمە بەرزتر نابێتەوە” لەبەر ئەوەی بۆی هەبوو نهێنیکاریمان لێ بشێوێنێت و ئەو نهێنیکارییەش گەلێک گرنگتر بوو لە داواکارییەکانی کورد:

“سەرجەم دەسگرۆییەکانی ئێمە لە بارزانی لە ماوەی ساڵانی دارایی ١٩٧٣ و ٧٤ و ٧٥ دا دەگاتە ٢٠ ملیۆن دۆڵار کە زیاد لە ١٢٥٠ تەن کەرەسەش دەگرێتە بەر… ئێرانییەکان دەتوانن هەموو چەشنە یارمەتییەک کە کورد پێویستی پێی بێت، ئاراستەیان بکەن و سیا وا بە باشتر دەزانی کە یارمەتیدانی کوردان بۆ ئێران بە جێ بهێڵرێت.”

بەڵام ئەگەر شا یارمەتی خۆی لە ڕادەی ٧٥ ملیۆن دۆڵار تێپەڕاندبێت کە تا ئەودەم ئاراستەی کوردانی کردبوو، ئەوا تووشی هەمان گرفت دەبێت کە ئیسرائیل تووشی هات. جا ئەگەر بێت و ئێمە چەکی جێگری بۆ نەنێرین، ئەوا ئەویش خۆی لاواز کردووە و ئەگەریش بینێرین، دەکەوینە شەڕێکی بێ ئەنجامەوە لەگەڵ کۆنگرێس.

بەشی یەکەم

1 comments on “تراجیدیای کوردان/ فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا/ بەشی ٢

  1. پینگباک: تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا/ بەشی ١ | Rojpress| ڕۆژپرێس

لێدوانێک بنووسە

Information

This entry was posted on 2017-11-26 by in کوردی-Kurdish.

ڕێنیشاندەر