Posts Tagged ‘د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو’

نامەیەک بەبۆنەی لەدایکبوونی د. قاسملوو – ناسر باباخانی

2017/07/15

لەو ڕۆژەوە دوور بۆتەوە سایەت لە سەری من
سووتـاوە لەتـاوت هەموو گیـان و جـگەری من
مەزن سەرکردەم سڵاو!
دەزانی بۆچی بەم دوو دێڕە شێعرەی وەفایی دەستم پێکرد؟ چون لە ڕاستی‌دا هیچ ڕستەیەک وەک ئەم بەیتە گوزارە لە دەروونی شڵەژاوم ناکا، ئەم بەیتە گوزارە لە دۆخی هەموو تاکێکی کوردی وەفادار بە ڕێبازت دەکا کە لە پاش کۆچی سوور و ناوادەت تووشی سەرلێشێواوی بوون و پەشێو کوتەنی وەک چنگێک دانەوێڵەی فێڕێدراوی ئاشی مێژوو لێرولەوێ پەراکەندە و سەرگەردان بوون. خۆ ئێمە هەر هەموومان خۆ بە میراتگری خوێن و قەڵەمت دەزانین، کەچی نە حورمەتی خوێنت پارێزرا و نە ڕێزی قەڵەمت گیرا! خۆ هەرچی بیڵێم تفی بەراوەژوویە، بەڵام لە لای تۆ کوڵی دڵ هەڵنەڕێژم ئەدی سکاڵا بۆ کێ بەرم؟
زۆر کەس لە سەر ژیان و ئەندێشەی تۆیان نووسی، بە سەدان کتێب، وتار، شیعر، کۆنفرانس، بەڵگەفیلم، وت‌ووێژ و… بڵاوکرانەوە بۆ ئەوەی چاکترت بناسین، دەستی هەموو لایەک خۆش بێ، بەڵام منی قەڵەم‌کول و بیرکورت چ بنووسم و باسی چی بکەم؟ بۆیە شاعیر کوتەنی: مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللـەیی قافا!
با شرۆڤەی زانستی و لێکدانەوەی بەرهەم و وتەکانت بمێنێ بۆ پسپۆر وهاوڕێیانی پێشوو و پێشووترت! ئیزن بفەرموو لەم شەوەدا، شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونت، چەند ڕستەیەک بۆ دڵی خۆم بنووسم:
من وەک تارماییەک تۆم لەبیرە… وەک شتێکی دوورەدەست، وەک تاسەی دایکێکی دوورخراو لە جگەرگۆشەکەی، وەک تامەزرۆیی پاڵەیەکی ماندوو بۆ قاپێک دۆی ترش و ساردی بە قەزوان، وەک حەزی مناڵێکی هەژاری پێخواس بۆ بەستەنی دەستی کیژۆڵەکی پۆشتە، وەک حەسرەتی پێشمەرگەیەکی کونجی بەندیخانە بۆ ئازادی و سەربەستی… (more…)

Advertisements

قاسملوو، رووخانی جیهانی دووجەمسەری و جیهانی تاک جەمسەری – شاهۆ حوسینی

2017/07/15
پێشەکی: چەمکی جیهانی دووجەمسەری لەپاش کۆتایی شەری دووهەمی جیهانی هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و هەروەها قۆناغی عەمەلی، ئەم چەمکە لەخۆگری کلتوور و ئاماژەیەک لە ستراتژی و دەورەیەک لە پێوەندێکانی نێونەتەوەییە کە لەسەر لێواری کەلێنێکی ئادیۆلۆژیک لە نێوان کمۆنیست و لیبرالیسم دا جێگیر ببوون. یەکێتی سۆڤییەت و ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا وەک دوو ناوکی سەرەکی ئەو پێکهاتەیە بوون، حیزب و ریکخراوە چەپەکان رووی ستراتژی و سیاسەتیان، بنەمای هزری و کلتووری جوڵانەوە و خەباتیان، یەکێتی سۆڤیەت بوو، وە حیزب و رێکخراوە راست و ناسیونالیستەکان بنەمای هزری و کلتووری جوڵانەوە و سیاسەتیان ئەمریکا بوو. ئەو رەوتە هەڵبەت نەک  تەنیا تێکهەڵچوونێکی ئایدۆلۆژیک، بەڵکە ئاراستەیەکی ناراستەوخۆی نیزامی و ژێئۆپۆلەتیکیشی لەخۆ گرتبوو، لەراستی‌دا ئەو کێبرکێیە لەچوراچێوەی پاراستنی هاوسەنگی هێز و دەسەڵات، پێش گرتن بە پەرە و هێژمۆنی لایەنی بەرامبەر و حەول بۆ هێژمۆن بوون لە پێوەندێکانی نێونەتەویی‌دا بوو.

(more…)

د. قاسملوو لە زمانی خۆیەوە چۆن باسی خۆی دەکات و ئاواتەکانی چین؟

2017/07/12

مەسەلەیەکی بنەڕەتی بۆ من لە ژیانم دا لابردنی ستەم بووە. بە لابردنی هەر چەشنە ستەمێک لە سەرەتای لاوەتیمەوە خەباتم کردووە.
ئەو تایبەتمەندیە بنەڕەتیەم ئاڵوگۆڕی بەسەر دا نەهاتووە. دیارە لە ژیان دا ئەزموونی زیاترم وەسەر یەک ناوە و بە گشتی واقع بین تر بووم.
ئەمن لە ژیان دا هەمیشە خۆشبین بووم و لە دژاوارترین هەلومەرجیش دا روحیەی خۆم پاراستووە.

لە کوردستان هەموو گۆڤار و رۆژنامە خاریجی و ئێرانیەکان دەخوێنمەوە. زۆر ئۆگری خوێندنەوەی رۆمان و کتێبە زانستیەکانم، بەڵام بۆخۆم شێعریشم زۆر پێ خۆشە، لە کوردستان شەوی شێعر پێک دەهێنن و من لەوێ شێعر دەخوێنمەوە. یەکێک لەو گرفتانەی لە ژیانی من دا هەیە، مەسەلەی شەهید بوونی هاوڕێیانی نیزیکمن. لە راستی دا ئەوە یەکێک لە گەورەترین ناراحەتیەکانە کە لە ژیانم دا هەیە. ئەمن ئەگەر بمتوانیبایە ئێستا بۆخۆم بڕیاڕ بدەم، پێم خۆش بوو خەریکی زانست بام و کارم لەسەر مەسەلە فەرهەنگی و ئەدەبیەکان کردبا. بەڵام ئێستا لە کوردستان دا ئەرکم لەسەر شانە و لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و ئێران هەست بە بەرپرسایەتی دەکەم.

ئەمن پێم خۆشە چەند ساڵی دیکە ئەگە لە دەستم بێ خەریکی نووسین و کاری زانستی بم. ئێستا نیزیکی ٤٠ ساڵە لە خەبات دا بەشدارم، پێم خۆشە ئەزموونەکانی خۆم بنووسمەوە. بەڵام هەرچۆنێک بێ، پێم خۆشە لە نێو خەڵک دابم. ئێستا خووم بەم هەلوومەرجە گرتووە، بەڵام دووری لە خەڵکی ئاسایی زۆر گرانە، و هیوادارم هەلوومەرجێک بێتە پێش کە وڵاتەکەمان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئارام بێتەوە، و لەو هەلومەرجەدا ئەمن لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان، کە ناوی خۆم لەو گوندە وەرگرتووە دانیشم و تا ماوم بخوێنمەوە و بنووسم.

تێرۆریزم لە روانگەی جیاوازەوه‌/ د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو

2017/06/30

تێرۆریزم، هێرش بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ئازادیی خەڵکی بێ تاوانە کە لە شەری نێوان تێرۆریزم و دژبەرەکانیاندا بەشدار نین. لە وڵاتانی رۆژئاواییدا تەقاندنەوە یان دانانی بۆمب لە شوێنە گشتییەکان، بارمتەگرتنی خەڵک و ڕفاندنی فرۆکە ، بە کردەوەیەکی دزێوی تێرۆر ناودەبردرێن . هەرچەندە ڕواڵەتەکانی دیکەی ئەم دیاردەیە لەوانە زیاترن و دەزگا ڕاگەیاندنە گشتییەکانی رۆژئاوایی ناویان نابەن و خۆی لێدەبوێرن.
ڕێگا بدەن لەو باسەدا چەند پرسارێک بکەین.
تێرۆریست کێیە؟ دەوڵەتێک کە بەناوی پاراستنی ئەمنیەتی نەتەوەیی، خەڵکەکەی پەرێشان دەکا تێرۆریستە؟ ئاخۆ ئەم دیاردەیە تەنیا گرفتی وڵاتانی جیهانی سیهەمە کە دێکتاتۆرەکان بەسەریاندا حاکمن؟ ئایا ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتی جیهانی سێهەمە؟ ئایا وشەی ” تێرۆریست” بۆ دژبەرێکی سیاسی دەبێ کە کردەوەیەکی تێروریستی دژی دەوڵەت دەکا کە ئازادییە مەدەنییە دەستەبەرکراوەکانی قانوونی بنەرەتی پێشێل دەکا؟
ئەی لەمەڕ بزوتنەوەی ئازادیی نەتەوەیی کە بە ناوی ئازادی و سەربەخۆیی ، تێرۆریزم هەڵدەبژێری چی دەگوترێ؟
ئەی ئەو وڵاتەی کە وڵاتێکی دیکە داگیر دەکا و بە زەبری تێرۆر، قانوونەکانی خۆی بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنی؟
ئەی خەڵکێک لەگەڵ ترس و تۆقاندندا بەروەروو دەبن لەبەر ئەوەی کە دژی ڕاسیزم و گوشاری گرووپە قانونی و ناقانوونییەکان خەبات دەکەن؟
ئەو گروپانە کەسانێکن کە بە دوای مەبەستی خۆیانەوەن کە خوازیاری گۆرینی سیاسەت، ئازادیی جینایەتکاران و ئەستاندنی پووڵی زۆرەملین.
بەراستی کێ تێرۆریستە؟
ئایا رەشەکانی ئافریقای باشوور کە دژی هەڵاواردنی رەگەزیی” ئاپاراتاید” لە وڵاتەکەی خۆیاندا خەبات دەکەن تێرۆریستن ؟ یان رێژیمی سپییەکان کە جیاوازی رەگەزی دادەسەپێنن؟ (more…)