ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

سەدان ساڵە/ عەبدوڵڵا پەشێو

سەدان ساڵە
لە وێرانە ماڵی خۆمدا
كتكە كۆرەی گۆشەی مەتبەقی سولتانم
سەدان ساڵە
حەوشو بەرەی خۆم واڵایەو
لەبەر دەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم.
سەدان ساڵە
رۆژێك دەبم
بە مەیتەری والی بەغدا
رۆژێك لە تاران كوتالم
رۆژێك لیفكەم
پشتی ژنی سولتان دەشۆم ،
رۆژێك گەسكم شام دەمالم!

سەدان ساڵە
وەكو چەنگێك دانە وێلە،
ئاشی مێژوو فرێی داوم.
هەرچوار دەورەم شارۆچكەیە و
مێروولە دەمیان تێ‌ ناوم.
سەدان ساڵە
كاسە سەرم منارەیە
كێ‌ بێ‌ ، دەنگی تیا هەڵدەبڕێ‌.
سەدان ساڵە
نیشتمانم نێرگلەیە،
كێ‌ بێ‌،بە دەمیەوەیدەگرێ‌.
سەدان ساڵە
لە بەر دەرگەی تەكیەی جیهان
جوتێك سۆلەی پینە پینەم،
كێ‌ لەپێم كا بۆ ئەو دەشێم،
سەدان ساڵە
دوا تلیشێك فڕێ‌ دەدرێم.
سەدان ساڵە
دوای پینەیەك لە پێ‌ دەكرێم.
من پشتێكی بریندارم،
لە قامچی خۆم راپەریوم.
من لافاوێكی لاسارم،
لەو كەنارانە هەلساوم
كەتەنگیان پێ‌ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە…نانوومەوە…
بێئارامم..
ئارامی من چرایەك بوو
رەشەبای دەورم خوێنی ڕشت.
بێ بەزەییم….
بەزەیی من زەریایەك بوو
بینیان پێوەناو هەلیانمشت.
نانیشمەوە…نانوومەوە…
كەمن دان بم، كوا دەرفەت ؟
یامن، یا مێروو.
كەمن خوێن بم، كوا دەرفەت ؟
یامن، یا زێروو.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەكن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زێروو برای یەكن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسیو چەنگاڵ،
مشك و جەواڵ،
دەست و چزوو برای یەكن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
پەت و گەردەن،
گوێزان و موو برای یەكن .
وەرن خەڵكە!
لە نێچیرو زام بپرسن،
بڵێن، توخوا،
خەنجەر هەیە زام تیماركا؟
راچی هەیە نێچیر نەخوا؟
دەخڵكە، لە كا بپرسن،
قەت ئاگری ساردی دیوە؟
لە هێلانەی مەڵ بپرسن،
بە نیازی ماچ ،
قەت مار دەمی تێ‌ ژەنیوە؟!
دە لەدار بەڕوو بپرسن،
تەوری دیوە دار بڕ نەبێ‌؟
دە لە كەرێكیش بپرسن،
گورگی دیوە كەر دڕ نەبێ‌؟!
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماری شیرین ژاریش هەیە.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
تەوری برای داریش هەیە.
من پشتێكی بریندارم،
لە قامچی خۆم راپەریوم.
من لافاوێكی لاسارم،
لەو كەنارانە هەلساوم
كەتەنگیان پێ‌ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە…نانوومەوە…
بێئارامم..
ئارامی من چرایەك بوو
رەشەبای دەورم خوێنی ڕشت.
بێ بەزەییم….
بەزەیی من زەریایەك بوو
بینیان پێوەناو هەلیانمشت.عەبدوڵڵا پەشێو 1981

1 comments on “سەدان ساڵە/ عەبدوڵڵا پەشێو

  1. پینگباک: سەدان ساڵە/ عەبدوڵڵا پەشێو « مەسعوود مەناف/ Masoud Manaf

لێدوانێک بنووسە

ڕێنیشاندەر