ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

شەوی یەڵدا لە کوردەواری، ڕەسووڵ بۆسکێنی

yeldaشەوی یەڵدا یان شەوی چلەی گەورە درێژترین شەوی ساڵە، دەکەوێتە نێوان ٢٠ و ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی زاینی، ئەم شەوە ھەر لە خۆرئاوا بوونی ڕۆژی ٣٠ سەرماوەز تا دەگاتە ھەڵاتنی خۆر لە بەیانی ڕۆژی ١ی بەفرانبار دا درێژەی ھەیە، لەو کاتەدا ھەردوو بورجی کارژۆڵە و کەوان لەیەکتری تێدەپەڕن، لەنیوەی باکوری گۆی زەوی بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیەوە بەئاراستەی پێچەوانەی خۆر دەچەمێتەوە، بۆیە ماوەی بەریەک کەوتنی تیشکی خۆر دەکەوێتە ئەوپەڕی کەمی، لەدوای ئەمەوە چی تر شەو درێژ نابێت، بەڵکو دووبارە ڕۆژ بەرە بەرە درێژ دەبێتەوە و تیشکی زێڕینی بەسەر زەوی دا بەخش دەکات.

ئەمە ھاوکاتە لەگەڵ کودەتای زستان بەسەر پایزدا یان گۆڕانی کەش و ھەوا بەم ھۆیەوە ڕۆژ درێژتر دەبێت و شەو کورت تردەبێتەوە، لەلایەکەوە وەرزی خەزان و ماتەمینی سروشت بەسەر دەچێ، لەلایەکی تریش سەرەتا و دەرکەوتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، بەفر و کڕێوە، بەستەڵەک و سەھۆڵبەندانە، لەکاتێکدا مرۆڤ گیرۆدەی تووڕەیی سروشتە، چاوەڕێی وەرزی بەھار و گوڵ و گوڵزار و سەرلەنوێ ژیانەوەی سروشت و نوێ بوونەوەی ژینگە و گیانەوەرە، ھەر لە کۆنەوە ئەم دیاردە سروشتیە لەسەر خەڵکانی کەونارا و پێشینان کاریگەریەکی قوڵی داناوە و ئەو شەوەیان بەواتای زاڵ بوونی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا ئاماژە کردووە، پیرۆزی و سەرکەوتنی ڕووناکیان بەسەر تاریکیدا بە جێژن گێڕاوە، ھەتا سەرکەوتنی مێھر و تێکشکاندنی ئەھریمەن بەچاوی خۆیان ببینن، لەناو زۆر لەنەتەوەکانی ڕۆژھەڵات ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت، بەڵام ھەریەک لەنەتەوەکان لەژێر ناوی جیا و بەشێوەی جیاواز یادی دەکەنەوە.  

وشەی یەڵدا لەبنەڕەتدا لە زمانی ئارامی وەرگیراوە کە یەکێک لە زمانە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، و بۆ ماوەیەکی درێژ لای نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات زمانی لەیەک تێگەیشتنی گشتی بووە، (یەڵدا) واتە لەدایک بوون، لە وشەی (ولد، یولد) ھاتووە، دیارە مەبەست لە ناوی (یەڵدا) لە دایک بوون و درێژبوونەوەی ڕۆژە. چونکە یەڵدا یەکێک لەو جێژنانەیە لەڕەچەڵەکی ئاینی مێھردا ھەیە و زۆر لە لێکۆڵەران و ڕۆژھەڵاتناسان بەشەوی لەدایک بوونی “میترا”ی ناودەبەن و پەیڕەوانی میترایزم ئەم شەوە بەشەوێکی پیرۆز دادەنێن، بۆیە لەو شەوە دا کۆدەبنەوە و لەدەوری ئاگر کەسەرچاوەی ڕووناکی و وزەبەخشە ئاھەنگ دەگێڕن، میتراییەکان بەڕێوڕەسمی تایبەت شەوی یەڵدایان بەڕێ دەکرد، تا ڕۆژی ٢١ی ١٢ جەژن بگرن، چونکە لایان وابوو ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایک بوونی خۆرە.
لەڕۆژگاری ڕابردوودا دانیشتوانی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان ئەم یادەیان بەپیرۆز ڕاگرتووە و تا سەردەمانی دەسەڵاتی سیاسی و فەرھەنگی میرنشیینەکوردەکان لەھەموو کوردستان دا یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە، تائێستاش لەڕۆژھەڵاتی کوردستان دا یادی دەکرێتەوە و ھەندێ داب و نەریتی تایبەت بەخۆی ھەیە، لەو شەوە دا شەوچەرە و گوێزەبانە بۆ خواردن دابەش دەکرێت، بەڵام لەگەڵ بەھێزبوونی دەسەڵاتی عوسمانیەکان ئەم یادکردنەوەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی شکستی ھێنا و یادی بۆنە و نەریتە کۆنەکان بەناوی نەگونجان لەگەڵ ئاین قەدەغە کران و لەبیر خەڵک چوونەوە.
جاران لەھەموو کوردستان دا بەفراوانی یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە و لە ھونەر و ئەدەبی کوردیدا  ڕەنگدانەوەی خۆی بوو، شاعیرانی کلاسیکی کورد لەسەردەمی یادکردنەوەی شەوی یەڵدا بەشێعرەکانیان بەشداری ئەو شەوەیان کردووە، حەزرەتی نالی دەڵێ:
شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو……کە دیدەم، دوور لەتۆ بێ نوورە ئەمشەو
لەکەڵ سەرھەڵدانی ئایینی مەسیحی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان میترایی و مەسیحی سەری ھەڵدا بەتایبەت لەسەدەی سێیەمی زاینیدا مەسیحیان لە کوردستان تووشی ململانێیەکی ئایدۆلۆژی توند بوون لەگەڵ میتراییاندا، بەھۆی بوونی ھێزی بێزەنتیەوە وەک ھێزێکی مەسیحیان بارودۆخەکە بەقازانجی ئاینی مەسیحی کۆتایی ھات، بەڵام مەسیحیان بۆ ڕاکێشانی میتراییان بەلای خۆیاندا یادی لەدایک بوونی ئەو ڕۆژیان کردە یادی لەدایک بوونی عیسای مەسیح، دیارە بەتێپەڕ بوونی کات و دوای چەندین جار دەستکاری کردن و ڕێکخستنی ڕۆژمێر یادی لەدایک بوونی عیسایان لە نێوان ٢١/١٢ بۆ ٢٥/١٢ گۆڕی و خۆیان لەگەڵ ئاینی میترایی دا گونجاند، زۆر لە مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەھۆی نزیکایەتی ئایینی میترایی لە ئایینی مەسیحی دا شەوی یەڵدا بەشەوی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح دەزانن.
ئەگەر لەکوردستان ئاوڕێکی کورت لەمێژووی شەوی یەڵدا بدەینەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە لەبەرچاو بگرین، دەبێ بیگێڕینەوە بۆ سەر ڕەچەڵکی ئایین لە کوردستان و داب و نەریتی کوردەواری لەسەردەمی کۆن دا، وەک دەزانین بونیادەکانی ئایین لەمێژووی کورد دا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، ھەر لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی کورد و تێکەڵاوبوونی بە دیاردەکانی سروشت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی مرۆڤی کورد ئاینیش وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، دانیشتوانی کوردستان لەسەرەتاوە ھەوڵ و تەقەڵای خۆیان داوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکانی ژیان.
لە کوردەواری دا شەوی یەڵدا وەکو جەژنەکانی دیکەی کوردەواری وەک نەورۆز و چوارشەمەسووری و ئەوانی تر نەریتێکی کۆنە، لەم شەوەدا لە کوردەواری کۆبوونەوەی خێزان لەدەوری یەکتر دابەشینی شەوچەرەی نێو دیوەخان و بەسەربردنی چلەی زستان شەویان گوزەراندووە بەگێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکە کۆنەکان کە ئازایی و قارەمانی و لەخۆبووردوویی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، یان شکست و تێکشکان و نائومێد و تێھەڵچوونەوە و بەرگری کردن شەرمەشقی کارەکان بووە، زۆربەی جار قارەمانانی ئەو چیرۆکانە کچانی شۆخ و شەنگ و لاوانی قارەمانی نەتەوەکەمان بوون کە لە شۆخ و شەنگی و ئازایی و جوامێری دا نموونەیان دەگمەنە، بەرھەمی ئەو جوانی و چەلەنگی و لە خۆبوردوانە چەندان چیرۆکی وەک: خاتوون زین و کاکەمەم، شیرن و فەرھاد، قەڵای دمدم و دوانزەسوارەی مەریوان و چەندانی ترن.
شەوی یەڵدا ھاوکاتە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی گەڵاڕێزان و ماڵئاوایی دوایین ھەڵوەدابوونی سروشت بەرەو بەفرانبار و باوبۆران و کڕێوە و باکوت و سەھۆڵبەندان، وەک سروشت لە ناو مێژووی ئێمە دا لە خۆگرتن و دان بەخۆداگرتن بەئومێد و بڕوایەکی پتەوەوە چاوبڕینە داھاتوو، ئەمەش خەسڵەتێکە ھەمیشە مرۆڤی کوردی لە ھەڵخلیسکان و تەسلیم بوون و وابەستەیی بەگەورەیی پیشانداوە، ئیتر بەپشوودرێژیەوە لەداھاتوو ڕاماوە و بەو ھیوایەی بەھار ھەردێ بەبڕوایەکی بەھێزەوە ھەنگاوی بەرەو گەل ویستی و ژیاندۆستی ھەڵێناوە و بەچاوکراوەییەوە لەئاسۆی ڕوانیوە و ھەوڵی داوە بەھونەر و زانست و مرۆڤدۆستی کوانو و ئاگردانی زستانی نەتەوەکەمان بگەشێتەوە، نەتەوەی ئێمە کاروانێکی دوور و درێژی ناھەمواری تێپەڕاند و چەندین شەوی یەڵدای درێژی بەھیوای خەونە خۆشەکانی ڕۆژی کردەوە، ئیتر بەئومێدی ئەوەی تەزووی گەرمایی بەھاری ژیانەوەی داھاتوومان شادی و خۆشەویستی ببەخشێ.
تێبینی: سوود لە وتاری شاسوار ھەرشەمی-شەوی یەڵدا، ئەفراسیاب گرامی- تێڕامانێک لە شەوی یەڵدا وەرگیراوە.

زانیاری زیاتر سەبارەت بە شەوی یەڵدا

لێدوانێک بنووسە

ڕێنیشاندەر