ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

لە ساڵوەگەری شەهیدکرانی سمکۆی شکاکدا

هەواڵی کوژرانی سمکۆی شکاک لە ڕۆژنامەیەکی تورکیدا
ڕۆژنامەی “ڤاکیت” لە ژمارەی ١٨ی ٨ی ١٩٣٠دا کورتە هەوالێکی دەربارەی کوژرانی ڕابەری کورد سمکۆی شکاک بە وێنەی تەرمەکەیەوە بڵاو کردووەتەوە. 
دەقی هەواڵەکە:
(ئیسماعیل ئاغا سمکۆ! وێنەی ئەم کوردە سەرگەردانە کە لە ئێران کوژراوە، دادەنێین
ڕێبڕی بەناوبانگی کورد ئیسماعیل ئاغا سمکۆ کە لەلایەن سەربازەکانی ئێرانەوە کوژراوە، دوای مردنی، وێنەی گیراوە و لە تەبرێزەوە بۆ ڕۆژنامەکەمان نێردراوە و بڵاوی دەکەینەوە. 
ئەو ڕۆژنامانەی ئێران کە هەفتەی ڕابردوو و ئەم هەفتەیە گەیشتوون، فریای گێڕانەوەی ئەو تاوانانە ناکەون کە ئەو ڕێبڕە تا ئێستا ئەنجامی داون. سمکۆ لە “ئەشنۆیە” لەلایەن سەربازەکانی یاوەری سادق خانەوە کوژراوە.)

بەکر شوانی


سەد ساڵ پێش ئێستا، سمایل ئاغای سمکۆ لە نامەیێکی مێژوویی داوا لە گەڵواخییەکان دەکات لە پێناو ڕزگاری نەتەوەی کورد پێکەوە دەستی یەکبوون و برایەتی بدەن. نامەکەی سمکۆ کە بە زمانی فارسی نووسراوە، بەربێژەکەی “ئەمیر عەشایر” سەرۆکی هۆزە گەڵواخییەکانە و ڕێکەوتی نامەکە ١٣٤٠ی کۆچی مانگییە [١٣٠١ی کۆچی هەتاوی]. سمکۆ کە بۆ ولاتێکی سەربەخۆی کوردی شەڕ و خەباتی دەکرد و کاتێ دەگەڵ ئێران لە شەڕدا بوو، لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٠٩ [ ٢١ی جولای ١٩٣٠ ] جە داوێک کە لە لایەن ڕەزا خانی میرپەنج [ پەهلەوی] دانرا بووەوە ژە شاری شنۆ تیرۆر کرا، داوێک لە شێوەی تیرۆر کردنی ئیمیلیانۆ زاپاتا-ی مێکزیکایی لە ١٩ی ئاوریلی ١٩١٩.
٭٭٭
بۆ خاوەنشکۆ ئەمیر عەشایر سەرۆکی هوزی گەڵواخی
سەرکەوتن و پێشکەوتنی نەتەوە جۆراوجۆرەکانم بە چاوی خۆم دیتووە و باش دەزانم نەتەوە لاوازەکان کە تا دۆێنی لە ژیر پەت و زنجیری یەخسیری و کۆیلەتی ستەمکاران دەژیان، چلۆن بە یەکگرتوویی و یەکبوونەوە، ئەۆڕۆ خۆیان لە زێر چنگی زاڵمەکان و جە زلم و زۆری ستەمکاران، ڕزگار کردووە و بۆ سەروری نەتەوەکانیان بە هموو توانا و هێزەوە هەوڵ ئەدەن و تێدەکوشن.
بۆ وێنە جوولەکەکان کە ژە لاوازترین دانیشتووانی گوی زەوینن، دەبینین و دەی بیستین کە بە چ شێوەیک پێداگرن لە گرتنی مافەکانیان و چلۆن بە گیانفیدایی پارێزگاری جە مافی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و چۆن بۆ سەربەخۆیی تێدەکوشن.
بەداخەوە نەتەوەی کورد، گەورەترین نەتەوەیە کە وەدوا کەتووە. کورد هێشتا لە خەوی خۆخڵافاندایە و تا ئێستاش ناوی نەتەوەی کوردی بە زاری خۆی نەهێناوە، بیر و عەقلیەتی هەر لە سەد ساڵی پێشوو ماوەتەوە و هەر کامەیان خۆی داوەتە پاڵ هۆز و عەشیرەتێک و شەو و ڕۆژ لە بیری لە ناو بردن و تواندنەوەی ئەویتر دایە کە برای کوردی خۆیەتی و هەر تێشۆ لە ڕەگ و بنەچەی خۆی دەدات.
بەڵام ئێمە کە برای یەکترین و یەک میلەت و یەک نەتەوەین.
لەم نازانستی و نا مەدەنییەتە کەنگێ ڕزگار دەبین ؟ ئێمە کە مرۆڤین و ئافرێدی خودا، ئاخۆ ئێمە و منداڵان و داهاتووەکانمان پێویستییان بە ژیان نییە؟
تا چ ماوەیک شەڕی نێوماڵی ئێمەمان بن بڕ نابێت و تا کەنگێ ئێمە دەبێ لە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە، شەرمەزار و ئیدانە و مەحکوم بکرین؟
ئەم چەند بەرەکی و پەرتەوازەییە بە هۆی گێچەڵ و هەلپەرستی سیاسەتی دوژمنان پێک هاتووە. هەڵبەت ئێمە بە گشتی، هۆزەکانی نەتەوەی کوردین و برای یەکترین.
ئەۆڕۆ ئێمە هۆزەکانی کوردستان بە دڵ و بە گیان دەستی برایەتیمان گرتووە و دیسانەوە بە کوردایەتی خزمەت دەکەین. ئەگەر کوردەکان وەک یەهوود…
[ئەم بەشە ناخوێندرێتەوە]…
کوردستان وڵاتێکی گەورەیە و هۆزەکانمان خۆیان ئازاترین و بە غیرەت ترین جماوەری نەتەوەن.
ئەگەر دەستی یەکبوون و برایەتی پێکەوە نەدەین و بۆ بەختەوەری میلەت [نەتەوە] تێنەکوشین و خۆمان لە چنگی زۆرداران ڕزگار نەکەین، [ بەس دەبێ بلێن]
مردن لەم ژیانە زۆر باشترە.
ئەم دنیا تا سەر بۆ کەس نامێنیتەوە و هەموومان شەربەتی مەرگ دەچێژین. بەڵام بۆ کەسانێ کە ناو و شەرەف و بوێری هەبێ، بزانێت کە ئەورۆ تەواوی میلەتی کورد چاوی لە ئێمەی عەشایر کردووە و بە چاوی گریانەوە لە ئێمە داوای یارمەتی دەکات
کاتی پشوودان نییە، کاتەکە زۆر کورتە. ئەگەر ئەمڕۆ بۆ ڕزگاری نەتەوەکەمان قوڵ هەڵ نەکەین و تێنەکوشین، بەس ئیدی ناتوانین.
من وەکوو کوردێک ژیانی خۆم فیدای نەتەوەکەم کردووە و جگە خێر و پێشکەوتن بۆ میلەتەکەم مەبەستێکی دیکەم نییە. شەو و ڕۆژ خۆم ناخڵافێنم و لە خودا بە زیاد بێ، لەم ماوەدا کە خەبات و تێکوشانم بووە، سەرکەوتوویشم بەدەست هێناوە.
هەروەها کە دەبینن، ئەۆڕۆ لایەنی کوردستانی هەموویان یەکدەنگن کە بۆ بەختەوەری نەتەوەکەمان تێبکوشین.
بەداخەوە تا ئێستا لە لایەن جەنابتانەوە هەنگاوێکیش نەهاتوونەتە پێش. هەر بۆیە جەنابانی هەڵکەتوو خەلیفە سەراجەدین و عەینەلقوزات- مان ناردووتە خزمەتی جەنابتان. ئەوان وەکوو نوێنەر ئیزنیان پێ دراوە کە لە لایەن ئێمەوە وتوێژ بکەن و پێشنیارەکان ڕابگەینن.
دیارە بەو هەستە جوان و نیشتمان دۆستی تانەوە کە هەتانە لە فیداکاری جە ڕێگای نەتەوەکەتان پاشگەز نابنەوە و لە مێژووی بەختەوەری کوردستاندا بە یادگاری بەچێ دەمێنی. بە تایبەت پێویستە لە پتەوبوونی نێوانمان زۆرتر هەوڵ بدەین و درزی تێنەکەوێت و با لە یەکدی زۆرتر ئاگام هەبێ.
٭٭٭
دقی نامەکە لە کتێبی
فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان، نووسراوی خالید بەگ [خالید ئەحمەدی]دا هاتووە