ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

تەشی ڕستن لە مێژووی کولتووری کوردەواریدا/ ئامادەکردنی: مامۆستا هێرۆ جەلال محەمەد


تەشی ڕستن

تەشی ڕستن: کارێکی دەستیە و پیشەیەکی دێرینی کولتووری کوردییە. ئەم پیشەیە تایبەت بووە بە کچان و ژنانی کوردستان کە بە لێهاتویی و کارامەیی کردوویانە، لەم کارەدا، سوود لە لۆکە و خوری مەڕ و مووی ئاژەڵەکانی دیکە وەرگیراوە و بەچەندین هەنگاودا تێپەڕیوە. لە وەرزی گەرمادا، ئاژەڵەکانیان بڕیوەتەوە و خوری و مووەکانیان، کۆدەکرانەوە و بۆ پاککردنەوەیان بەئاوی ڕووبار و کانییەکان شۆردراونەتەوە، ئینجا دوای وشکبوونەوەی، لە ئامێرێکی سادە دراوە و پێیوتراوە: شانە. تاوەکو ئەو گرێ و وردەخوری و مووەی تێیدایەتی، نەمێنێت و ئاسانتربێت بۆ ڕستن.

لە دواییدا، بە تەشی ڕستراوە تاوەکو بکرێتە دەز و و یەکبگرێت و چاکتر کەڵکی لێوەربگیرێت. ئەم کارەشیان هەر بە ئامێرێکی سادە کراوە، کە پێیدەوترێت: تەشی و پێکدێت لە: دارێکی باریک، لە سەرەوەیدا پارچەیەکی بچووکی بازنەیی لە تەختە و ئاسنێکی شێوە قولاپی بچووک، چەسپکراون. دارەکە بە جۆرێک سازکراوە، یارمەتیدەر و ئاسان بێت لەکاتی خولانەوەیدا، کاتێ بە پانایی دەست بەسەر ڕاندا جوڵەی پێدەکرێت. پارچە دارە بازنەیی و ئاسنە بچوکەکەش، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی کە ڕستراوە، هەڵنەوەشێتەوە و توندو تۆڵ بێت.

لەدوای ئەم کردارە: دەستدەکرا بە چنینی (ڕیس)ـەکە، واتە ئەوەی پێشتر ڕستراوە، بۆ دروستکردنی پێداویستیەکانی خۆیان و ناوماڵ وەکوو: پۆشاک و تەژگەبەڕە و ڕایەخ و … لەکۆندا بایەخێکی زۆر بەم ئیشە دراوە، بە تێکەڵکردنی ڕەنگی جیاواز و گونجاو ژنان و کچانی کورد سەلیقە و دەستڕەنگینی، خۆیان تێدا دەنواند بەشێوەیەکی هونەرکاری. وە بۆ ڕەنگدارکردنی بەرهەمەکانیان لە پێشدا ڕیسەکانیان دەبردە شوێنێک کە پێیوتراوە: خومخانە و ئەوانەشی خاوەنی بون پێیاندەوترا: خومچی.

بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا: بەهۆی هاتن و پێشکەوتنی ئامێرەکانی ڕستن و چنین، ئەم کارو پیشەیە بەرەو نەمان چووە، مەگەر تاکوتەرا لە گوندەکان هەبێت کاری تەشی ڕێسی بکات.

جیالەوە ئامێرێکی دیکەشمان هەبوە پێیدەوترێت: جۆڵە کە بۆ دروستکردنی قوماش بەکارهێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا: ئەم پیشە کلتوریە مێژویەکی دێرینی هەیە و ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی پێش زایینی. بە بەڵگەی ئەو تابلۆ شوێنەواریەی لەسەر ڕستنی تەشی بەجێماوە، تابلۆکە ڕستنی تەشی ژنانی کوردی هیتی پیشان ئەدات.

وە لەبارەی ئەم پیشە و کارەوە چەند پەندێکی پێشینانمان هەیە، لەژیانی ڕۆژانەماندا زۆرجار بەکاریان ئەهێنین، وەکو:
①ڕیسەکە بوەوە خوری.
یان ڕیسەکە مەکەوە خوری.
مەبەست لێی هەوڵ و ماندوبون بۆ کارێکە کە سەرینەگرتوە، یا کارەکەیان هەرەس پێهێناوە.
②هێندەی مەڕێسە.
بۆ یەکێک بەکاردێت زۆربڵێ بێت
③نە ڕسترایە نە پەشترایە، تەقە تەقی جۆڵایە.
ئەمەیان هێشتا ئیشێک، کارێک دەستیشی پێنەکراوە کەچی دانانی داناوە و پێش ڕوداو کەوتوە .
ئامادەکردنی: مامۆستا هێرۆ جەلال محەمەد