ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

قەیرانی حیزبی دیموکرات لە ڕوانگەیەکی دیکەوە/ ئەیاز سیاوەشان/ بەشی یەکەم

NNS ROJ/ پێشەکی:
ئەلف: ئەم وتارە لە چەند بەش پێکهاتووە کە هەوڵ دراوە هەم لە باری پێکهاتە و فۆرمەوە و هەمیش لە باری ناوەرۆکەوە چوارچێوەی تایبەتی خۆی هەبێت و دوورەپەرێزی بکات کە “من سرایی و من سالاری” و بێ لایەنانە رەوتی رووداوەکان بەو جۆرەی کە هەبووە، شرۆڤە و ئانالیز بکات و دوور لە حوب و بوغزی شەخسی و عاتیفی، ڕووداوەکان بە جۆرێکی دیکە و بە ئاراستەیەکی دیکە نیشان بدات. هەر بۆیە دەزانم کە کۆمەڵێک نەیار و فاڵانژ و دارەدەستم بۆ پەیدا دەبێت کە من وەڵامی هیچکامیان نادەمەوە و تەنیا وەڵامدەری ئەو کەس و لایەنان و گرووپانەم دەبم کە خاوەنی جیهانبینی و پارادایم و خوێندنەوەی تایبەتی خۆیانن و…

بێ: لەو وتارەدا نزیکترین و ئازیزترین کەسەکانی خۆم دەخرێنە بەر رەخنە و هێرشی تایبەتەوە(تەنانەت خۆشم) کە هیوادارم لێم عاجز نەبن و وەک جاران هەڵسوکەوتم لە گەل بکەن و ئەگەریش خاوەنی ئەو زەرفیەتە نەبن و لێم دڵگران بن، منیش بە دڵێکی ئاواڵەوە پێشوازی لە رۆشتنیان دەکەم و دەڵێم کە: وەزیفە و رەساڵەتی قەڵەم، دەرک‌کردن و درکاندنی ڕاستیەکانە و …

جێ: ئازیزانی خوێنەر لیم عاجز نەبن کە وتارەکەم درێژ بۆتەوە بەڵام ناچار بووم کە زۆر شت باس بکەم، هەر بۆیە داوایان لێدەکەم کە پشوو درێژ بن و چاوەرێی بەشەکانی دیکە بن و …

١_ پاش دووی جۆزەردان و پاش هاتنە سەرکاری خاتەمی، رۆچنە و دەرەتان و دەروازەیەکی بچووک لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و کولتووری و… لە ئێراندا کرایەوە. ئەو دەرفەت و هەلە رەخساوە، لە کوردستان زۆر بە جوانی خۆی نواند و دەنگی دایەوە و زۆربەی هەرە زۆری هێزە شاراوە و تا ڕادەیەک نادیارە سیاسی و فەرهەنگی و نەتەوایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ژێرخان و لە ژێر پێستی کۆمەڵگاوە، خستە روو و بە شێوازی جۆراو جۆر خۆی نیشاندا. هەر لە بزووتنەوەی خوێندکاری و گۆڤارە خوێندکاریەکانەوە بگرە تا سەرهەڵدانی گوڤار و حەوتەنامە و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەوە بگرە تا بزووتنەوەی ژنان و سەرهەڵدانی رێخراوە مەدەنیەکان و گرتنی فستیواڵی شانۆیی و ئەدەبی و… لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تا سەرهەڵدانی خەباتی جەماوەری و … بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆشتە قۆناغێکی تایبەتەوە کە تا ڕادەیەک توانی بە مێتودێکی سەردەمیانە و بە ئامرازی عیلمی و کەرەستەی مودێڕن و جیهان پەسەند، شرۆڤە و تاویل و پێناسەی خەون و ئامانج و داخوازیەکانی کۆمەڵگای کوردستان بکات.

ئەو کۆمەڵگایەی کە کەوتبوویە ژێر رکێفی پێکهاتەی پارادایمی جیهانی و ناوچەییەکانەوە و تووشی ئاڵۆگۆڕێکی بنەڕەتیی هەمەلایەنە لە هەموو رەهەندەکانی ژیاندا بو بوو. دەبینین کە نیمەی دووەمی دەیەی حەفتای هەتاوی، بزووتنەوەیەکی فەرهەنگی فرە رەهەند لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا کە لە لایەن کۆمەڵگاوە بە هێند وەرگیرا. شێعر و چیرۆک و بەرهەمی ئەدەبی پێکهاتەی سەلەفی و سۆنەتی و مەندی خۆی جێهێشت و بەرەو قۆناغێکی نوێتر هەنگاوی هاوێشت. رۆمان وەک دیاردەیەکی مودێڕن بە شێوازێکی دیکە هاتە گۆڕەپانی ئەدەبییەوە. رۆژنامەوانی لە روژهەڵاتی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی نوێتر و جددیتر و قووڵتر رۆییشت.

لە بواری شانۆ و سینەما و کورتە فیلمدا بناغەی سینەمای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دانرا و نە تەنیا بەرهەمی شانۆ و سینەمای کوردی لە ئێراندا دەنگی دایەوە بەڵکوو جوگرافیای ئێرانیشی جێهێشت و لە جیهاندا جێگایەکی بۆ خۆی موتوربە کرد. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەنجومەن و رێخراوی ژنان دامەزرا و نە تەنیا لاپەڕە و ستوونی گوڤار و حەوتەنامەکان ئاخنرا لە بابەتی ژنان و ئەدەبیاتی ژنان و هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی دۆز و قەیرانی ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا بەڵکوو خۆدی ژنان لە بەرێوەبردنی چاپەمەنیەکان شان بە شانی پیاوان خەباتیان دەکرد و تەنانەت خۆیشیان گۆڤاری ژنانەیان دەردەکرد و … خوێندکارە کوردەکان لە زۆربەی زانکۆکانی ئێراندا ئەنجۆمەنی کوردییان دانا و دەستیان دایە وەشانی گۆڤار و بڵاوکراوەی کوردی … لە بواری سیاسیشەوە باشووری کوردستان تا ڕادەیەک ئازاد کرابوو و دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆ هاتبوویە ئاراوە. چاپ و بڵاوکراوە کوردیەکان بە لێشاو لە باشووری کوردستانەوە دەهاتە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە و بە گەرمی پێشوازیی لێدەکرا و تەنانەت تەلەویزیونە ناوچەیەکانی باشوور بە ئانتینی سادە لە ناوچە سنووریەکان وەردەگیرا و دەبینرا.

رەوتی خەبات لە باکووری کوردستان خەریکی ئەزموونی قوناغێکی ئیجگار جددی و چارەنووس ساز بوو و یەکەم تەلەویزیونی ئاسمانی لە لایەن پارتی کرێکارانەوە هاتبوویە ماڵی کوردان و تا ڕادەیەکی زۆر لە بردنە سەرەوەی هەستی نەتەوایەتی نەخشو رۆڵی ئیجگار پوزیتیڤی دەگێڕا. هەر بۆیە لە باری سیاسیشەوە جم و جۆڵێکی هەمە لایەنە لە زۆربەی شارەکاندا سەریهەڵدا و تەنانەت هەوڵدرا حیزبی کوردی و قانوونی لە لایەن کوردەکانەوە دابمەزرێ و … لەم لایشەوە حیزبەکانی رۆژهەڵات(بە تایبەت دوو حیزبی سەرەکی واتە کۆمەڵە و دێموکرات) چەندین ساڵ لە ناوچەکەدا نەمابوون، جگە لە رادیۆیەکی سادە و جگە لە تەشکیلاتێکی سونەتی و رزیو و ناکارا، حوزوورێکی ئەوتۆیان نەبوو. ئەو رادیۆیەی کە یادگاری شەڕی چەکداری بوو و بە هەمان شێواز و بە هەمان مێتود و بە هەمان ئاراستەوە بەرنامەکانی خۆی پێشکەش دەکرد. لە یەک رستەدا: کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئاڵۆگۆڕێکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا بو بوو بەڵام کۆمەڵە و دیموکرات نە تەنیا رێڕەو و پێشەنگی کۆمەڵگا نەبوون بەڵکوو چەندین هەنگاو لە خەڵکی ئاساییش جێمابوون چ بگات بەو بزووتنەوە بەرفراوانەی کە ئاماژەی پێکرا.

٢_ ئەگەرچی ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیەی کە باسکرا و لە باری زەمەنییەوە پاش خاتەمی گشتگیر بوو بەڵام خاوەنی پێش زەمینە و بەستەری مێژوویی تایبەتی خۆی بوو کە لە دڵی گوڤاری سروە و ئەنجۆمەنە ئەدەبیەکانەوە چەکەرەی کردبوو، بەڵام ئەوەی راستی بێت پاش دووی جۆزەردان، بزووتنەوەکە بە میکانیزم و ئاراستەی نوێتر و تازەترەوە خۆی نیشان دا و خۆی نۆژەن کردەوە. منیش بە هۆی ئەوەی پێشتر هات و چووی ئەنجومەنی ئەدەبیم دەکرد و تا ڕادەیەک زۆربەی چالاکوانانی بوارە جیاوازەکانم دەناسی هەر بۆیە وەک هەر گەنجێکی کۆمەڵگای کوردی و جیلی نوێ، خوازیاری ئاڵوگۆڕی جددی و بنەڕەتی بووم و پێم خۆش بوو لەو رەوتەدا بەشدار بم. هەر بۆیە پاش دووی جۆزەردان هاورێیەتی و دۆستایەتیم لە گەل ئەو نووسەر و رووناکبیرانەی کە پێشەنگی رەوتەکە بوون و لە باری تەمەنیشەوە گەنج بوون، چڕتر و پڕتر کردەوە. ئەو نووسەر و رووناکبیر و گەنجانەی کە یان خوێندکاری زانکۆ بوون یان زانکۆیان تەواو کردبوو و لە یەکێک لە بوارە فەرهەنگیەکاندا چالاکی بەرچاویان هەبوو. هەر بۆیە زۆربەیانم دەناسی و لە زۆربەی کۆبوونەوە و چالاکیەکانیاندا بەشداریم دەکرد.

ئەگەرچی لە سەر رەوتی بزووتنەوەی فەرهەنگی و رەهەندە جیاوازەکان و بەستەر و زەمینەکانی، پێشتر بە نووسین باس و شرۆڤەم کردووە و تەنانەت بە شێوەی گشتی و رەخنەگرانە خەسارناسیم کردووە بۆیە نارۆمە ناو وردەکاریەکانەوە و دەمەوێ لێرەوە برۆمە سەر باسی پێوەندیدار بە وتارەکەمەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە من هەم لە مەریوان و هەم لە شارەکانی دیکەی کوردستان، هاتوچوویانم دەکرد، لە وازیەتی سیاسی و بێ بەرنامەیی حیزبەکانی رۆژهەڵات و نەبوونی بەرنامەیەکی توکمە و دیاریکراوی سیاسی بۆ هولومەرجی نوێ، گلەیی وگازەندەیان هەبوو. هەر بۆیە چەند روانگە سەریهەڵدا.

یەکەم ئەوەی کە: حیزبەکانی رۆژهەڵات بە هۆی دەیان هۆکاری جۆراوجۆر لە پەراوێز کەوتوون و هەر بۆیە دەبێ چالاکانی ناوخۆ چاوەرێی موعجزە لە حیزبەکان نەبن و خۆیان راستەوخۆ حیزبی سیاسی دامەزرێنن و هەر هیچ نەبێ وەک حیزبە قانوونیەکانی باکووری کوردستان، چالاکی سیاسی خۆیان دەسپێبکەن(زۆربەی ئەو کەسانەی کە دواتر بە ئیسڵاح تەڵەبانی کورد ناسێندران سەر بەو ڕوانگەیە بوون).

دووەم ئەوەی کە حیزبە سیاسەکانی کوردستان(بە تایبەت کۆمەڵە و دیموکرات) وێڕای هەموو کەم و کوڕیەکانیان هێشتا خاوەنی زۆرترین جەماوەرن و هەر چەشنە ئاڵترناتیڤێک، یان مەحکووم بە شکست دەبێ یان راستەوخۆ دژایەتیکردنە لە گەل رەوت و جووڵانەوەی دیموکراتیکی کوردستان و بە نۆعێک پاڵدان بە دەسەڵاتی ئێرانەوەیە. هەر بۆیە خوازیاری تەقویەت و حزووری دووبارەی حیزبەکان بوون(زۆربەی ئەندامان و لایەنگرانی سونەتی حیزبەکان سەر بەو ڕوانگەیە بوون).

ڕوانگەی سێیەم زۆرتر لایەنگران و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو کە بڕوایان وابوو: حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبگەلی سونەتی و پاسیڤ و دواکەوتوون و ئەگەرچی زەمەنگەلێک توانیویانە نەخش و رۆڵی باش بگێڕن بەڵام هەنووکە وەڵامدەری خواستی کۆمەڵگا نین هەر بۆیە دەبێ لە ژێر چەتر و ئاڵای پ. کا. کا دا هەوڵەکان و سیاسەتەکان و بەرنامەکان بڕواتە پێشەوە(ئەوانە هەم بە ئاشکرا چالاکیان دەکرد و هەم زۆر جدی و ئاکتیڤ بوون لە زۆربەی رێخراوەکان و زانکۆکاندا ).

ڕوانگەی چوارەم ئەو ڕوانگەیە بوو کە: دەبێ لە هەموو زەرفیەتەکان و هەموو میکانیزمەکان کەڵک وەربگیرێ و وێڕای ئەوەی بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری حیزبەکان بکرێت لە هەمان کاتدا هەوڵ بدرێ مەودای نێوان حیزبەکان و بزووتنەوەی فەرهەنگی و لە ئاکامدا کۆمەڵگا پڕ بکرێتەوە. یانی بە شێوەیەک پردێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان بزووتنەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵگای ناوخۆی کوردستان و حیزبەکان درووست بکرێت کە بە میکانیزمی نوێ و پارادایم و کەرەسەی مودێڕن و نوێوە، خەباتی جەماوەری و سیاسی ببەنە پێشەوە.

ڕوانگەی پێنجەمیش لە ئارادا هەبوو کە: رووناکبیر دەبێ سەربەخۆ بێت و تەنیا و تەنیا کاری ئافراندنی هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری و… بکات و نابێ بە هیچ شێوەیەک ئاوێتەی پرۆژەی سیاسەتی عەملی بێت و دەبێ لە دوورەوە هەمیشە وەک رەخنەگر سەیری هەم کۆمەڵگا و هەمیش ئەکتەر و پارتە سیاسیەکان بکات. من ئەگەرچی زۆر گەنج بووم و خاوەنی ئەزموونێکی ئەوتۆ چ لە نووسین و چ لە بواری سیاسیدا نەبووم بەڵام بە هۆی ئەوەی هەر لە سەرەتای گەنجیەتییەوە هاتوچووی هەندی ئەدیبی ناودارم دەکرد و باسی ئەزموونی شکستخواردووی خۆیان لە کاری سیاسی و تەشکیلاتی دەکرد بۆیە خۆم لە بەرە یان ڕوانگەی پێنجەمدا دەبینییەوە بەڵام بە هۆی هاتوچۆی زۆر نزیک و هەڵسوکەوتی رۆژانە لە گەل ڕوانگەی چوارەمدا و بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا لە قۆناغی شۆڕشدایە و بە هۆی ئەوەی کە ئەو دۆستانەی کە ئاڵاهەڵگری ئەو ڕوانگە بوون، لە زۆر بواردا جێگای حورمەت و ئیعتماد بوون هەر بۆیە بەرە بەرە خۆم لە ڕوانگەی چوارەمدا دۆزییەوە و عەمەڵەن بووم بە یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئەو ڕوانگەیە. لە چەندین کۆبوونەوەی ئیجگار خسووسیدا کە سەرەتا لە مەریوان دەستیپێکرد و دواتر کێشرایە شارەکانی دیکە، عەمەڵەن بووم بە ئەندامی فەرمی ئەو گرووپە کە راستەوخۆ پێوەندییان لە گەڵ حیزبی دیموکراتدا هەبوو. واتە ساڵی ١٩٩٧. لە زۆربەی کۆبوونەوەکان ئەو خاڵانە خۆیان بەرجەستە دەکردەوە:

١_ حیزبی دیموکرات لە باری عەمەڵییەوە پاسیڤ بووە و دەبێ خۆی بە میکانیزمی رۆژ تازە بکاتەوە(لە هەموو بوارەکاندا).

٢_ ئاڵوگۆڕە جددیەکانی کۆمەڵگا دەبێ راستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ ناو حیزب و حیزبیش دەبێ خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێ و بڕیاری یەکلا کەرەوەی هەبێ و نۆعێک باڵانس ڕابگرێ.

٣_ پابەند بوون نە تەعەهودی ئەخلاقی و ئینسانی کە رێبەرانی ئەو حیزبە(قازی، قاسملوو، شەرەفکەنی) گیانیان لە سەری داناوە. وەک: بڕوا بە ئەخلاقی شۆڕشگێری، پابەند بوون لە سەر پارادایمی دیالۆگ و لێک حاڵیبوون، قەبووڵی ڕوانگە و خوێندنەوەی جیاواز، پابەند بوون بە رێکار و رەوشی عیلمی و دوورەپەرێزی لە رەوشی عەشایری و عاتیفی و خزمی و… قەبووڵکردنی جیهان و پارادایم و فەلسەفەی رەخنەی عیلمی و پێداچوونەوە و …

٤_ هەر کەس لە ئەندامانی ئەم گرووپە بە هەر شێوەیەک(خوازراو و نەخوازراو)ئەگەر ژیانی کەوتە مەترسییەوە و رێگای کەوتە حیزبی دیموکرات و چالاکی ئاشکرای هەڵبژارد، دەبێ نوێنەر و حافزی ڕوانگە و جیهانبینی ئەو گرووپە بێت و دەبێ وەک باڵوێزێک دڵەڕاوکێ و ئامانخەکانی جیلی نوێ بە گوێی رێبەرانی حیزبدا بچرپێنێ و کار ئاسانی و میکانیزمی عەمەلی بۆ ئاڵوگۆڕی جددی و رێفورم لە حیزبدا پێک بهێنێ.

٥_ ….

ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە لە کوبوونەوەکاندا هاتە ئاراوە و ئاکامەکەی دیاری کردنی تەرح و گەڵاڵەیەکی گشتی بوو کە دەبا پێشکەشی حیزب کرابا. ئەو تەرح و گەڵاڵەی کە زۆر جیاوازی هەبوو لە پێکهاتە و فورمی سونەتی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات. گەڵاڵە و تەرح و رێکار و میکانیزمە عەمەلیەکان ئامادە کرا و پاش پێداچوونەوە و رەخنەی جددی و پاش ئەوەی وەک تەرحێکی توکمە و پوختە ئامادە کرا، لە لایەن هەندێ لە دۆستانەوە پێشکەشی رێبەرایەتی و دەفتەری سیاسی حیزب کرا و پاش چەند دانیشتنی تایبەت، تەرحەکە لە لایەن دەفتەری سیاسی حیزبەوە بە سەرۆکایەتی بەرێز عەبدوڵا حەسەنزادە پەسەند کرا و …

درێژەی هەیە.


لێدوانێک بنووسە