ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

شەوزستان، شەوچلە (یەلدا) دیاکۆ هاشمی

ئیمڕۆ ٣٠ی مانگی سەرماوەزە، دوا ڕۆژی پاییزە. سبەینێ زستان دەست پێ دەکات. ئیمشەو درێژترین شەوی ساڵە. ئەم شەوە ناوی جۆربەجۆری هەیە. لە کوردەواری لە کۆندا پێی وتراوە “شەوزستان” یان “شەوچلە”. هەرەها وشەی “یەلدا”ش کە لە ئێراندا باوە لە زمانی کوریدا بەکار هێنراوە. نالی کاتێک دووریی یارەکەی ئازاری دەدات و وەک شەوێکی ئەنگوستەچاو و تاریک و درێژە بۆی کە هەر تەواوبوونی نییە، بە “یەلدا” دەیچوێنێت:

شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟!

***

حەسەن زیرەک لە گۆرانیی “چاوت جوانە لەیلا”دا ئاماژە بە “شەوزستان” دەکات:
ئەمشەو شەوزستانە، بەفران گرد کۆڵانە
ئەمشەو شەوزستانە. بەفران گرد کۆڵانە
یاری من زۆر جوانە بۆ تۆ مردم لەیلا
چاوت جوانە لەیلا …

لەم بەستەردا گوێ لە گۆرانییەکەی حەسەن زیرەک بگرن:

لەم بەستەرەدا گوێ لە شیعرەکەی نالی بگرن بە دەنگی کاک ناسری سینا:
https://soundcloud.com/dana-57/hq2ihpz8tmwu…

ئەم شەوە لای زۆر کەس بووە بە نەریتێکی خۆش و جوان، پێکەوە کۆ دەبنەوە و شیعر دەخوێنن و شەوچەرە دەخۆن و شەوە تاریکەکەی ساڵ بەو جۆرە بەڕێ دەکەن. شەوزستان، شەوچلە (یەلدا) لە هەموو لایەک پیرۆز بێت.


ناسر سیناش لەمبارەوە نووسیویەتی:
ئەوەندەی من لێی بزانم:
🔸“یەلدا” وشەیەکی سریانی‌یە بە مانای لەدایکبوون و ئاماژەیە بە ڕۆژی لەدایکبوونی عیسای پێغەمبەر. هەر ئەوەی بە سویدی پێی دەڵێن “یوول” یا “یوولداگ”. ئەوەش دەکەوێتە ڕۆژی یەکەمی مانگی بەفرانبار کە سەرەتای وەرزی زستانە.
🔸ڕێوڕەسمی شەوانەی یەلدا (کە لە ڕاستیدا وەک جەژنێک بۆ بەڕێکردنی درێژترین شەوی ساڵ گیراوە، نەک بۆنەی ئایینیی عیساییەکان) بە فارسی دەبێتە “شب چلە”.
🔸کوردەکانیش لە کۆنەوە پێیان گوتووە “شەوزستان”. حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکدا دەڵێ: “ئەمشەو شەوزستانە … بەفران گرت کۆڵانە … یاری من زۆر جوانە … بۆ تۆ مردم لەیلا ….”

لێدوانێک بنووسە