ڕۆژپڕێس | Rojpress

هەواڵ، وتار، شێعر و پەخشان، زانیاری سەبارەت بە کوردستان

پەیمانی کۆمەڵایەتی و ڕووبەر و رێژەی کورد لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا – ڕۆژئاوا

سولەیمان چووکەڵی

لە رێکەوتی ١٢ دێسامبری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی گشتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیمانێکی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد. پەیمانەکە دەستوورێکی ١٣٤ مادەییە بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا و ئەو بەشە لە سووریا. لە بەشی دووەمی دەستوورەکەو لە دەستپێکی دەقی تایبەت بە مادەی ٩١ سەبارەت بە پانتای جوگرافیایی ئەو بەشە ئاوا هاتووە:
ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا [ ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک – هەسەدە] لە حەوت کانتۆن پێکدێت: جەزیرە، دێرەزوور، رەققە، فورات/شەهبا، مەنبج، عەفرین و تەبقا.
بە سەرنجدان و پشت بەستن بە کۆمەڵیک بەڵگە، دۆکومێنت و سەرچاوەی کۆن و نوێ، لە پێکهاتەکانی ئێتنیکی ئەو کانتۆنانە ورد بوومەتەوە ولە سەر ئەو بنەمایە ئە نەخشەیەم سەبارەت بە پانتا و رووبەری جوگرافیایی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە ئامادە کردووە. کورد، عەرەب،ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەس و چێچێنی بە جیاوازییەکانی ئایینییانەوە پێکهاتەکانی ئەو بەشە پێک دێنن.
پێشاندانیکی گرافیکیانەی جوگرافیایی، بۆ نموونە چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە پسپۆرێکی بابەتیانە و کەم تا کورت تێگەیشتنێک لە گۆڕانکارییەکانی مێژوویی و سیاسی ناوچەکە هەیە. کاتێک کە نێوی پارچەیەک لە کوردستان دێندرێ، دیارە مەبەست ئەو بەشەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردن. بەر لە دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک(٢٠١٥)، رۆژئاوا پێکدەهات لە کانتۆنەکانی جزیرە، کۆبانی و عەفرین کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردن. دوابەداوای ئەوە و بە بەرفراوانبوونەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو هێزانە و کۆنترۆڵکرانی بەشێک لە ناوچە عەرەبییەکان، نێوی رێوەبەری رۆژئاوا بۆ رێوەبەری ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا گۆڕدرا. بەڵام لە نێو رای گشتی دا تاکوو ئێستاش کورد وەک رۆژئاوا نێوی ئەو بەشەی هەر لە سەر زارانە.
ئەو نەخشەیە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی و وردبوونەوەیەکی مەیدانی نییە، بەڵکوو وردبوونەوە لە کۆمەڵیک بەڵگەی کۆن و سەرچاوەی نوییە. لەوان پڕۆژەگەلێکی وەک چۆنییەتی دابەشبوونی رەگەزی[ئێتنیکی] و ئایینی سوریا و لوبنان کە ساڵی ١٩٣٥ فەرانسەوییەکان لەرێگای ئەفسەرانی پسپۆڕی خۆیان ئەنجامیان داوە. یان بۆ نمونە “کوردستان و گروپە کوردە گۆشەگیرەکان” کە هەر بەم شێوەیەفەرانسەوییەکان لە چوارچێوەی نەخشەیەکدا لە ساڵی ١٩٤٧ دا ئاماژەیان پێکردووە. دیاریکردن و هەڵێنجانی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کارێکی ئاسان نییە و تەنیا پشت ئەستوور بووە بە دوو راپۆرت کە یەکەمیان سکرتاریەتی دەوڵەت بۆ کۆچبەران (سویسرا) لە ٢٠١٨و ئەوەی دیکە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩ ئەنجامیان داوە و کەڵکیان لێ وەرگیراوە.
پێکهاتەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە نەخشەکەی ساڵی ١٩٣٥ دا چۆناوچۆن دەبینرێن؟ لەو نەخشەیەدا کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی( بەودیوی سنووردا شاری جزیری باکووری کوردستانمان هەیە) سوریاوە هەتاکوو باکووری رۆژئاوای ناوچەکانی عەفرین درێژبۆتەوە. لە بەشی رێنمایی نەخشەکەدا کورد بە سیمبۆلێکی رەنگ سوری تۆخی خاڵ خاڵ نیشان دراوە. هەر وەک دەبینرێ کورد لە چەند کۆلۆنییەکی جیاواز، لە یەکتر دابڕاو و بێ ئەوەیکە لە هیچ شوێنێک لێک گرێدرابنەوە دەبینرێن. هەروەها لە نەخشەکەدا ئەوەش دەبیندرێ کە عەڕەب لە چواردەوری زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێن.
چەند شوێنی سرنجڕاکێش لەو نەخشەیەدا بەدی دەکرێن. لەوانە مەودای نێوان “سەرێکانی و گرێ سپی”یە کە بە درێژایی سنوورەکە کورددەبینرێ. یان ناوچەکانی دەوروپشتی “دێرک، گرکێ لەکێ و باشووری شاری قامیشلێ”یە.
حکومەتی سوریا بۆ تێکدانی دۆخی دێموگرافیکی ناوچە کوردییەکان کە درێژکراوەیەکی سروشتی دێمۆگرافێکی دەگەڵ باشوور و باکووری کوردستان دا هەیە، تەعریبی دەست پێ کرد. پشتێنەی عەڕەبی وەک پڕۆژەیەک دەبوو ئەو دۆخە سروشتییە تێک بدا. هەر بۆ ئەو مەبەستە لەساڵی ١٩٦٠دا، حکومەتی ئەوکاتی سوریا هێندێک لە هاووڵاتیانی عەڕەبی ناوچەکانی دەرعا، حەمما و ئیدلیب بۆ ناوچەکانی باشووری قامیشلی و ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا دەگوازێتەوە. لە قۆناغێکی دیکەدا و هاوکات دەگەڵ لێدانی بەنداوی تەبقا لە ساڵی ١٩٧٣دەبوو هەزاران بنەماڵەی عەڕەب کە ماڵ و زەوی و زاریان دەکەوتنە ژێر ئاو و لە دەورووپشتی بەنداوەکە هەڵ کەوتبوون ناوچەکە جێ بێڵن و لەناوچە کوردییەکان و لە سەر زەوی و زار و مڵک و ماڵی کورد نیشتەجێیان بکەن. “عرب الغمر” یان عەڕبە ژێر ئاوکەوتووەکان بەو عەڕەبانە دەکووتران کە جێگۆڕکێیان پێ کردرابوو. کوردکانیشان ناچار دەکرد بەرو باکووری باژێری حەسەکە یان “جنوب الرد” کۆچ بکەن. بە پڕۆژەی”لە نێوان دوو گوندی کورد گوندێکی عەڕەب یان خطو العشرا(؟)”کوردێکی زۆریان کۆچاند و باری دێمۆگرافێکی زۆربەی ناوچەکانی وەک دێرک، گرکێ لەکێ، چل ئاغا، ترپەسپێیە، قامیشلێ و… یان گۆڕی.
ژمارەی بنەماڵەکانی “عرب الغمر” ٤٠٩٠ بنەماڵە بوون. ئەوان بۆ ناوچەکانی نزیک سنوور و سەر سنوور گواسترانەوە بە جۆرێک کە ٣٣٥ گوندی کورد وەبەر ئەو هەڵمەتەی پشتێنەی عەڕەبی کەوتوون.
بەراوردکردنی نەخشە نوێیەکەی پشت ئەستوور بە زانیارییە نوێیەکان لەگەڵ نەخشەکەی ساڵی ۱۹۳٥، گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچانەمان بە باشی پێشان دەدا. ئەوەش دەکرێ دەرخەری ئەو راستییە بێ کە سیمای ئەنجامی پرۆژەی پشتێنەی عەڕەبی چۆناوچۆن بووە. بە چەشنێک کە دەبیندرێ دەوروبەری دێرک، گرکێ لەکێ، چل ئاغا، ترپەسپێ و قامیشلێ زۆر بە ئاشکرا گۆڕانکارییان بە سەر هاتووە و مەودای نێوان سەریکانی و گرێ سپی بە هێکجاری لە کورد چۆل کراوە. تا دواجار پڕۆژەی بە عەڕەبکردن بە هۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە تارادەیەک وەستا و دواجار شۆرشی رۆژئاوا پێشی پێگرت.
رووبەر و پانتای جوگرافیای رۆژئاوا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک:
باروودۆخی دوای ئاڵۆزییەکانی بەهاری عەڕەبی لە سوریا هەلێکی بۆ کورد رەخساند تاکوو بتوانێ دەسەڵاتێکی خۆجێیی بۆ خۆی دەستەبەربکات. لە ماوەیەکی کورتدا ناوچە کوردنشینەکانی دەوروبەری قامیشلێ، کۆبانی و عەفرینیان کۆنترۆڵ کرد و دوای شکەست پێهێنانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی داعش، وێڕای کۆمەڵێک هێزی میانەڕۆی عەڕەبی بەرهەڵستکاری حکومەتی سوریا و بە پشتیوانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان توانیان دەست بە سەر ناوچەیەکی بەرفراواندا بگرن. هەر ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەناوبانگە، بێجگە لە عەفرین و دەوروبەری. رووبەری ناوچەکە نیزیک بە ٥٥٠٠٠( پەنجاو و پێنج هەزار) کیلومەتری چوار گۆشەیە. هەر وەک لەنەخشە نوێیەکەدا دەردەکەوێ عەڕەب لە چاو کورد لە رووبەرێکی هێکجار زۆردا نیشتەجێن و بە دوای ئەواندا کورد و پێکهاتەکانی دیکەن. بەجۆرێک کە کورد تەنیا لە ١٦ لە سەتی دا( ٩٠٠٠ کیلۆمەتری چوار گۆشە) نیشتەجێن و لە سەتا ٨٤ چواریشی عەڕەب و ئەوانی دیکەی لێ نیشتەجێن. واتا رووبەڕی ناوچە کوردییەکان نیزیک بە ئەندازەی کۆی گشتی رووبەڕی هەر چوار شارستانی مهاباد، بۆکان، خانێ وسەردەشت دەبێ.
ژمارەی دانیشتوان:
بە پێی راپۆرتێک کە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩دا ئەنجامی داوە و ژمارەی دانیشتوانی کورد و عەڕەبیشی بە مەزندە باس کردووە، دەردەکەوێ کە ٢ ملیۆن و حەوسەد هەزار کەس لەو ناوچانەدا دەژین. لەو رێژەیە تەنیا ملیۆنێک وسەت و پەنجا و پێنج هەزار واتا لە سەتا ٤٣ی کوردن. واتا زۆرینە عەڕەب و لە سەتا چەندێکی کەم لە گرووپە ئێننیکییەکانی دیکەن. لەوراپۆرتەدا ژمارەی کورد لە چاو ئەوانی دیکە بە پێی هەر کەم لە کانتۆنەکان بەو جۆرە باس کراوە.
لە کانتۆنی جزیرە: لە حەشیمەتێکی ١ ملیۆنی، کورد ٦٠٠ هەزارە، واتا لە سەتا ٦٠ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێ.
لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا: لە حەشیمەتێکی ٣٠٠ هەزار کەسی، کورد ٢٧٠ هەزارە، واتا لە سەتا ٩٠ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێ.
لە کانتۆنی کۆبانی: لە حەشیمەتێکی ٢٥٠ هەزار کەسی، کورد ١٧٥ هەزارە، واتا لە سەتا ٧٠ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێ.
لە کانتۆنی مەنبج: لە حەشیمەتێکی ٤٠٠ هەزار کەسی، کورد ٦٠ هەزارە، واتا لە سەتا ١٥ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێ.
لە کانتۆنی رەققە و تەبقا: لە حەشیمەتێکی ٥٠٠ هەزار کەسی، کورد ٥٠ هەزارە، واتا لە سەتا ١٠ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێ.
لە کانتۆنی دێرەزوور: لەو کانتۆنە بە حەشیمەتێکی ٢٥٠ هەزار کەسیییەوە وا وێدەچێ کوردی تێدا نەژی، یان ئەوەندە کەم بێ کە نەگاتە لەسەتا یەکیش.
راستە کە پێکهاتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە رابوردووشدا زۆرینەی عەڕەب بوون بەڵام بە هۆکاری پرۆژەی تواندنەوە و ئاوارەکردنی کورد وکۆچی پێکهاتەکانی دیکەی ئایینی و ئتنێکی بۆ ناوەندی شارەکان و دەرەوەی وڵات، ناوچە کوردییەکانی بە تایبەتی دەوروبەری شارە گەورەکان تووشی گۆڕانکاری خێرا هاتوون. جوگرافیای لێکداپچڕاوی کورد لە رۆژئاوا، رووبەری بەرفراوانی ناوچە عەڕەبییەکان بە گشتی وپشتێنەی عەڕەبی بە تایبەتی و میکانیزمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان، هێز و ئیرادەیەکی لە رادەبەدەری پێویستیە تاکوو بتوانێ ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بگەیەنێتە ئەنجام.
سولەیمان چوکەڵی

لێدوانێک بنووسە